Skip to Content

Wednesday, November 25th, 2020

شێوازی دیموكراسیه‌تی عه‌ره‌بی!

Be First!
by August 9, 2011 گشتی

     عه‌بدول نه‌بی عه‌كری له‌ كتێبه‌كه‌ی خۆیدا( مه‌سه‌له‌كانی چاكسازی و دیموكراتی و گه‌شه‌پێدان و مافه‌كان) دا ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ندێك سیسته‌می دیموكراتی جێگرو دۆخی دیموكراسی ته‌ندروست و به‌هێزبێت، ئه‌وه‌نده‌ش مافه‌كانی مرۆڤ پارێزراوتر ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ دیموكراتیش تێكشكاوبێت مافه‌كانی مرۆڤیش تێكشاو ده‌بێت).
د.باقر نه‌جاریش له‌كتێبی “دیموكراسی ئه‌سته‌م له‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بی”دا ده‌نوسێت ( ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ی له‌ هه‌ڵتۆقینی نه‌وته‌وه‌ له‌هه‌فتاكاندا گرتۆته‌وه‌، تاوه‌كو شۆڕشی ئێران و شه‌ڕه‌كانی عیراق، چه‌ندین ته‌نگه‌ژه‌ی ئابوری و سیاسی ناوخۆیی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی چاره‌سه‌ركردوه‌، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا ته‌نگه‌ژه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای ناوخۆدا قوڵتركردۆته‌وه‌، به‌دیاریكراویش له‌په‌یوه‌ندیدا له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمه‌ڵ و گروپانه‌ی كه‌ كه‌مترین به‌ختیان هه‌یه‌).
گه‌لانی عه‌ره‌بی بۆماوه‌ی ده‌یان ساڵ به‌هۆی چه‌ندین دروشمه‌وه‌ (له‌رێگای مایكرۆفۆن و ته‌له‌فزیۆنه‌كان)ه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ دیموكراتیه‌ت و په‌یوه‌ندی دروستی نێوان گه‌لان و رژێمه‌كان ده‌كرد زۆریان چه‌شت، به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موی وه‌ك سڕكه‌رێكی كاتی وه‌هابون كه‌ دواتر به‌ڵێنه‌كان به‌سڕكه‌رێكی دیكه‌ دواده‌خرا.
گه‌لانی عیراق بۆماوه‌ی نزیكه‌ی سی ساڵ له‌تاوانه‌كانی سه‌دام بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد، به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌لانی تونس و میسرو لیبیا (41ساڵ)  و یه‌مه‌نیش، هه‌روه‌ها چه‌ندین رژێمی دیكه‌ش كه‌ یارییان به‌ سۆزی خه‌ڵك ده‌كرد و به‌رگی دیكتاتۆرییه‌تیان له‌شێوه‌ی دیموكراتیدا به‌خه‌ڵك ده‌فرۆشت.
هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ ئازاری زۆریان چه‌شت به‌هۆی دواكه‌وتنی ئابوری و نه‌بونی نه‌خشه‌ی گه‌شه‌پێدان و بێ كاری و چۆڵكردنی نیشتیمان و گه‌ڕان به‌دوای پاروویه‌ك نان و فه‌سادی دارایی و كارگێڕی ، هاتنه‌ خواره‌وه‌ی ئاستی زانست و زۆربونی حاڵه‌ته‌كانی سه‌ركوتكردن به‌تایبه‌ت سه‌ركوتكردنی خاوه‌ن بیروڕا جیاوازه‌كان و زیندانیكردنیان به‌بێ دادگایی.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش وه‌هایانكردبوو كه‌ تاكی عه‌ره‌بی به‌ده‌ست ترسه‌وه‌ بناڵێنێ، زات نه‌كات سه‌یری ئه‌و په‌یكه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ بكات كه‌له‌هه‌موو قوژبن و سه‌ركۆڵانێكی پایته‌خته‌كاندا له‌به‌رامبه‌ریدا قوتكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ پێی بڵێت “من گوێم لێته‌ چی ده‌ڵێیت”.
زۆرمان بیست له‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ باسیان له‌ترسی پیاوه‌كان ده‌كرد له‌ژنه‌كانیان كه‌ نه‌وه‌ك سیخوڕی ده‌وڵه‌ت بن وه‌ك ئه‌وه‌ی هاورێیه‌كی عیراقیم بۆی باسكردم، یاخود ئه‌و گله‌یی و ره‌خنانه‌ی له‌قورسی ژیان كه‌ به‌دزییه‌وه‌ له‌چاخانه‌كانی قاهیره‌دا باس ده‌كران ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی رژێمی پێشوی میسر( كه‌ ئێستا سه‌رانی ئه‌و رژێمه‌ له‌لایه‌ن شۆڕشگێڕانه‌وه‌ دادگایی ده‌كرێن) به‌هۆی یاساكانی (گواری) ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 30 ساڵ چه‌ندین چاوو گوێی سیخوڕی بڵاوكردبویه‌وه‌.
ئێستاش ئه‌وه‌تا دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و گه‌لانه‌ راپه‌رین ، ئه‌و رژێمانه‌ یاساكانی (گواری) یه‌كانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، له‌سه‌ر ئاستی ئابوریش (به‌هۆی نه‌بونی دیموكراتیه‌تیه‌كی راسته‌قینه‌وه‌) ئه‌و گه‌لانه‌ زۆر دواكه‌وتوبون سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و داهات و ده‌ستكه‌وته‌ مادییانه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و وڵاتانی دۆسته‌وه‌ وه‌ده‌ست ده‌كه‌وتن كه‌چی زۆربه‌یان ده‌رۆشتنه‌ گیرفانی سه‌رۆك و ده‌ست وپێوه‌نده‌كانیانه‌وه‌ و به‌شێكی كه‌می بۆ پرۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌كان سه‌رفده‌كرا.
هه‌ر به‌هۆی نه‌بونی دیموكراسیه‌ته‌وه‌ له‌جیهانی عه‌ره‌بیدا ده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كان فشارێكی زۆریان له‌هاوڵاتیان ده‌كرد و ده‌یانترساندن، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌ ناهه‌موارترده‌بوو كه‌ ده‌زگایه‌كی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ نه‌بوو، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتیش له‌لایه‌ن تاكه‌ حزبێكه‌وه‌ به‌رێوه‌ده‌برا.
هه‌ر به‌هۆی نه‌بونی دیموكراسیه‌ته‌وه‌ تاكی عه‌ره‌بی نه‌یده‌توانی به‌ئاشكرا داوای شه‌فافیه‌ت بكات ده‌رباره‌ی سه‌روه‌تی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ تاوه‌كو شۆڕش هه‌ڵگیرسا هه‌روا به‌ناشه‌فافی مایه‌وه‌، ئێمه‌ بینیمان چۆن وڵاتێكی عه‌ره‌بی كه‌ چۆن له‌رووی پرۆژه‌كانی گه‌شه‌پێدانه‌وه‌ دواكه‌وتوبو و خاوه‌نی چه‌ندین گرفتی ئابوری بوو و ملیۆنه‌ها بێكاری هه‌بوو كه‌چی سه‌روه‌تی سه‌رۆك و خێزانه‌كه‌ی به‌ 70ملیار دۆلار مه‌زه‌رنده‌ ده‌كرا! . ئه‌مه‌ت له‌كوێ هێنا؟ ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ بوو كه‌ كه‌س به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ نه‌یده‌وێرا بیپرسێ!!هه‌ربه‌هۆی نه‌بونی دیموكراسیه‌وه‌ ده‌مه‌كان داده‌خران! درۆكان بۆ میلله‌ت زیاد ده‌كران، خاوه‌ن رای جیاواز له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا وه‌ك خائینی نیشتیمان حسابی بۆ ده‌كرا و چه‌ندین تۆمه‌تی دیكه‌ش..
ئێمه‌ بڕوامان وه‌هایه‌ دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌مامكی رژێمه‌ فاسده‌كانی نیشتیمانی عه‌ره‌ب كه‌وتن ئیدی كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك رژێمی عه‌ره‌بی به‌ فایلی مافه‌كانی مرۆڤدا بڕواته‌وه‌ ئه‌مه‌ش ده‌چێته‌ به‌رژه‌وه‌ندی دیموكراسیه‌ته‌وه‌، رێك ئه‌م دۆخه‌ش فرسه‌تێكی له‌بار ده‌ره‌خسێنێ بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی به‌دور له‌فشاری هیچ لایه‌ك له‌سه‌ر لایه‌كی تر چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و نه‌مانی په‌یوه‌ستی خێڵه‌كی و تائیفی.
من كاتێك ئه‌م قسانه‌ ده‌كه‌م دیمه‌نێكم بینی له‌یه‌كێك له‌به‌رنامه‌كانی كه‌ناڵێكی عه‌ره‌بیدا دوو میوان بو به‌شه‌ڕیان و چه‌ندین بۆكسیان  له‌یه‌كدا و چه‌ندین قسه‌ی ناشیرینیان به‌یه‌كتری وت كه‌ ئه‌مه‌ش رێزنه‌گرتنی راگه‌یاندن و بینه‌ری عه‌ره‌بی بوو، ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌ڵگه‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر شێوازی دیموكراسیه‌ت له‌جیهانی عه‌ره‌بیدا، ئه‌م شێوازه‌ش ئاره‌زوومه‌نده‌ بۆ توندوتیژی و سرینه‌وه‌،هه‌روه‌ها سه‌پاندنی تاكه‌ رایه‌ك به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا.

Hemnm1979@yahoo.com
ده‌ربه‌ندیخان

د.احمد عبدالملك
      و: هێمن مه‌حمود

* له‌ژماره‌ 86ی گۆڤاری نێوه‌ند بڵاوكراوه‌ته‌وه‌

 

 

* سه‌رچاوه‌:
رۆژنامه‌ی (الاتحاد)ی ئیماراتی

Previous
Next

Leave a Reply