Skip to Content

Saturday, January 23rd, 2021

شەدەلار … نەبەز گۆران

Be First!
by February 20, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

من لەمردن ئەچم

رێك لەمردن ئەچم

ئەوەندە بەوەفام 

لەهەرشوێنێبی ئاخری هەر دەتدۆزمەوە

لەهەر شوێنێبی ئاخری هەر دەتبەم بۆ خۆم !! 

 

وەك خۆمم بەتەنیا . لەتەنیایدا نام پرژێ‌ بەسەر هیچەوە. تۆ چەند حەزدەكەی بەدەنگی بەرز پێبكەنیت، منیش ئەوەندە حەزدەكەم بەبێدەنگی بگریم، عادەتم گرتوە بەوەوە، دڵتەنگیەكانم لە ژورەكەم بەجێ‌ بهێڵم و پێكەنینەكانم لەگەڵ خۆم ببەمە دەرەوە. دەڵێم نەكا ژیان پشتم تێكات و لەكۆڵانێكدا یان لە چایخانەیەكا بەجێ‌ بمێنم. تادێت لەخەڵك دورتر دەكەومەوەو لەخۆم نزیكتر. ژیان واخۆشە ئازاری نەدەیت. خۆ ئەگەر بەدەست من بوایە لەسەر لەپی دەستی هەموو كەس دەمنوسی” ژیان ماندوكەرە”.

 

هەمووشت وەك خۆی جوانە

دەبێ‌ باڵندەكان بەناو ئاسماندا بفڕن

دەبێ‌ مانگ بەناو گیانی شەودا بڕوا

دەبێ‌ تۆش دڵی من بشكێنی. 

 

هەستەكەم 

لەستەمكارێك دەچم

كاتێك لەسەر كورسی دڵی تۆ دادەنیشم

چاوم هیچ نابینێ‌..

 

هەستەكەم 

لەژەنەراڵێك دەچم

كاتێك دەكەومە ناو شەڕەكانی تۆوە

ئەو سەری دۆڕانم لێ‌ دیارە..

 

هەستەكەم

لەسەربازێك دەچم

لەجەنگی خۆشەویستی تۆدا

ناوم لەناو ونبوەكاندایە..

 

بڕێكجار مرۆڤ ئەوەندە خەمگین دەبێت. فڕینی چۆلەكەیەك دڵی دەبا. هێشتا نازانم ژیان ئێمە تەواو دەكات یان ئێمە ژیان تەواو دەكەین. لەهەموو حاڵەتێكدا ژیان بەبێ‌ خەمیگینیەكی قوڵ هێندەی نیشتیمان ناخۆشە. كەیفم بەوە نایەت بڵێم باشم. ناوئومێدیەكانی من لەخۆم گەورەترن. نائومێدیەكانم ئەوەندە بچوك نین لەگەڵ خۆم بیانگەرێنم، من نائومێدیەكانم ناگۆرمەوە بە پێكەنینی ئێوە. نایشی گۆڕمەوە بەو دڵخۆشیە بچوكانەی تا چاو دەكەیتەوە تەواو دەبن. دایم لەبەر خۆمەوە دەڵێم ” ئەگەر جارێكیش بەلاما تێپەڕی دڵیشم لەگەڵ خۆت بەرە. ناكا لەشوێنێكدا پێویستت پێی بێت”. 

 

هەموو جارێ‌ كە ئاسمان دڵی تەنگ دەبێت

هەورێك دێت، تا ببارێ

خۆزگە كاتێك منیش دڵم تەنگ دەبو تۆ دەهاتی.

 

دەڵێم …

لێگەڕێ‌ با ئەو خەڵكە بەسەر زەویدا بڕوا 

من حەزدەكە كە یار ڕۆیی بەسەر دڵی مندا بڕوا. 

 

تۆ.. 

هەرگیز گوڵدانێكت بینوە 

كاتێ‌ لەپەنجەرەوە بەردەبێتەوە؟

چۆن پارچە پارچە دەبێت؟

چۆن گوڵەكانی ناوی بەدڵشكاوی

دەكەون بەلادا…

من…

چەندین عاشقم دیوە

دوای رۆیشتنی یارەكانیان

وەك ئەو گوڵدانە پارچە پارچە بوون.

من…

چەندین عاشقم دیوە

دوای ئەوەی تەنیا ماونەتەوە

خەونەكانی ناخیان وەك ئەو گوڵانە

بەلادا كەوتون…

 

پیرێكم دی هەناسەی بۆنی دڵشكانی دەدا. تەمەنی واپژابوو بەگەنجی من كۆنەدەكرایەوە. دەستەكانی بەجۆرێك دەلەرزین وتم خودایا ئاگات لەزەوی بێت بەرنەبێتەوە. پیرێكم دی هێندە بەنەرمی دەرۆیشت بە رێگادا خەمی بوو زەوی راچڵەكێت. زەوی ئەگەر تۆزێك عاقڵ بوایە جارێك دەوەستا تابگەینە لای یار و پیرنەبین. 

 

ئەها..

دەبێت پێت بڵێم/ شتێك هەیە

هەرگیز نامرێ ، هەرگیز

وەك خۆشەویستی من بۆتۆ..

 

ئەها …

باپێت بڵێم/ شتێك هەیە

لەهەمووشت زوتر دەمرێت

لەهەمووشت زوتر 

وەك رقی من بۆتۆ…

 

ئەها ..

باپێت بڵێم 

شتێك هەیە لەنێوان ئەم دوانەدا

هەموو شت دەكوژێت

ئەویش نەهاتنی تۆیە…

 

كاتێك رۆیشت. ژورەكەی من تەم بوو. دەترسام ترپەكانی دڵم سەر لە ئاسودەیی دراوسێكەمان تێك بدات. رۆیشتن لەنزیك بونەوە دەچێت لە مردن. یان لەدوركەوتنەوە دەچێت لەژیان. هەمووشت خراپ دەبێت تەنانەت هاتن و چونی شەو ڕۆژ. كاتێك رۆیشت ووتی:

 

من دەرۆم ئاگات لە خەونەكانت بێت

وتم ئەگەر ئاگاشم لەخۆم نەبێت

وتم ئەگەر خەونیش ببینم 

وتم ئەگەر خەونیش نەبینم هەر دەروا

بۆیە من هەمیشە بە ئاگام …

خوات لەگەڵ…. 

 

 

                                                                   “ نەبەز گۆران

                                                          ” نیوەی زستانی دوری 2013 ” 

 

 

– شەدەلار. گۆرانیەكی هونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەكە.

 

Previous
Next

Leave a Reply