Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
شەری عەرب – کورد و فەقیرحالی کوردان  … فـازیـل شـەورۆ

شەری عەرب – کورد و فەقیرحالی کوردان … فـازیـل شـەورۆ

Closed
by December 5, 2012 گشتی

 

    مێژووی نەتەوەی کورد جکە لە درێژەپێدانی یاخی بوون و رووبەرووبوونەوەی داکیرکەرانی زێدو خاکی خۆی شتێکی ئەو تۆی لێهەڵناهێنجرێت شایانی تۆمارکردن و گێرانەوە بێ.  سەیرەکەش لەوەدایە بەدرێژایی ئەو مێژووە پڕکارەسات وزاڵمە ، زەحمەتە دوو ڕووداو قەیران بدۆزیتەوە دەست – درێژکەرەکە کورد بوو بێ. ئەمە راستییەکە دۆست و دۆژمن دەیزانێ. ئەوەی  بۆتە خەنجەری ناو پەراسووی کورد ئەوەیە:   هەمیشە شانەک لە سەری کورد شاکاوەتەوەو ئەوان بە خائن و دۆژمنکارو چەتەورێگر لەقەڵەمدراون. خۆ راستە هەر ئەو جۆرە مەدح و ستایشە لە دۆژمنان چاوەروانی لێدەکرێ وەلێ ئەوەی حەسرەتەو لە دڵان دەرناچێ ئەوەیە کە تا ئێمرۆشی لە گەڵ بێ ئەوە کوردە جارێ ڕانەپەڕیووەو حەق و حەقیقەتی کارەساتەکانی بە بەرچاوی خەڵکانی دونیا و پەرەزەردەکانی مێژوو دابداتەوە. تا ئێمرۆش لیرەو لەوی پەنجەی قەتل و عامی ئەرمەنەکان بۆ ئێمە درێژ دەکرێ هەرچەندە بەڵگەنامە زیندوەکان خۆیان هاوار دەکەن و تاوانکاران دەناسێنن. ئەوەتانی بە چاوی خۆتان دەبینن وڵاتانی رۆژئاوا بەرگرێ لە ناساندنی جینۆسایدی کورد دەکەن و ئەنفال و کیمیاوی بارانی کوردستان بۆتە وێردی سەرزاریان کەچێ رۆژێ جوامێرێ لە خوێنی خۆمان لە سەر سەکۆی بەرلەمانی بەغدا نەهاتە دەنگ و هەموو ئەوانە شەرمەزار بکات کە ئەو کارەساتە بێ وێنەنانەیان بەسەر کورد داهێناو تا ئێستاوش تاڵاو و ژەهراوی دەنۆشین. هەڵە یەکی گەورەو مێژووی بوو کە (رژێمی سەددام )روخاو چووینە سەر تەختی عەرشی بەغداو داوامان لە حکومەت و نەتەوی عارەب نەکرد داوی لێخۆش بوون لە نەتەوەی کورد بکەن. بۆچی جوولەکەکان  بەرۆکی ئەلمانییەکانیان بەرنەدا تا عوزریاننەخۆستەو لە کارەساتی هۆڵۆکۆست؟ بۆچی بەوا دوایە (پاپا) دێتە قسەو عوزر بۆ کوشتینی زانای فەلەکناس (گالیلۆ) دەخواستەوە کە بە تومەتی خوانەناسی و کوفرەو کلێسە ، پێنج سەد ساڵێك پێش ئێستا، ژەهرخواردی کرد.

 هەر چەند رۆژێکە، سەرۆکی حکومەتی عیراقی فەدراڵ( نوری مالکی) بە بەرچاوی هەر هەموو میدیایەکانی دونیاوە زۆر بە خورتی و بێشەرمان هەرەشی ئەوەی لە نەتەوی کورد کرد کە شەری داهاتوو، ( شەری کورد و عەرەب) دەبێ. بەمەیش سابیقەیەکی بێ نەزیری لە مێژووی  کوریس ڕاکێشانی نێوان نەتەوەی کوردو حکومەتە سەرکوتکەرەکانی عیراق تۆمار کرد. بەبێ ئەوەی کوردی فەقیرحال زمانی لە زاریدا بگەرێ و هەر دیفاعێکی شەرمنانە لە خۆێ بکات. ئەوانەی لە سیاسەت و کاری سەربازی شارەزاو بەخەبەرن تێدەگەن کە نوری مالکی  بۆمبێکی چەندە خەتەرو ترسناکی بە رووی کوردی بەستەزماندا تەقاندوە.

 من خۆم تا ساڵی (١٩٧٥) رانەگوێزرامەوە بۆ شاری( رومادی) نەمدەزانی کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردی لە سەرەتای شورشی ئەیلولەوە تا ئەو کات ، چەندە کارەساتی پڕ مەرک و شوومی بەسەر خێزانە عارەبەکانی ناوەندو خواری عیراق بەشیبۆوە. ماڵ نەبوو یەک یان دوو لە ڕۆڵەکانی لە (حەرەکاتی شیماڵ ) نەکوژرابێت ئەوا جگە لە پەککەوتەو برینداران. کەچێ ببڕای ببڕا رۆژێ برا عەرەبێک بە منی نەگووت تۆ براکەمت کوشتووە. ئەوان چاک دەیانزانی ئەوا حکومەتە چەنگ بەخوێنەکانە،  ڕۆڵەکانی ئەو عیراقە خێرلەخۆ نەدیووە وا دەهاڕن و بۆ مەراموو حەزو رابواردنی خۆیان دەیانکەنە سووتی جەنگ لە دوا جەنگکەکانیان. خۆ وەتە ئاگرینەکەی ( نوری مالکی) هەر سێ وشە بوو بەڵام بە سێ کتێب لێکدانەوەی تەواو نابێ. ئاخر ئێمەمانان تەجروبەی تاڵمان هەیە. بینیمان  چۆن لە سەرتای شەری عیراق و ئێراندا لە هەشتایەکان، (سەددام حوسێن) بە شیوازێکی دەروونناسانە،  کەوتە ئامادەکردنی عەسکەرو پیاوکوژەکانی خۆی بۆ ئەو جەنگە نەگریسە و دوو ملیون نەفسی لەم ناوچەیە بە کوشت دا. بەراستی بێباکی و غافل و فەقیرحاڵی کورد زۆر بەجوانی بەرانبەر ئەوە وتارە ئاگرینەی ( مالکی) بەدیار کەوت. چما پێاوێک قیت بۆوەو بە دوو  وتەی گەرم و حەقانی وەڵامی ئەو شەرخوازە بداتەوە؟

فەقیرحاڵی کورد لەوەدا بوو کە دەبووایە بەرپرسانی کورد لە هەر پایەو مەقامێک دا بن، بە تووندی دەمکوتیکەنەوەو راستییەکان بە خەڵک نیشانبدەن. دەبووایە ئەو شەرخوازە پەلکێش بکرابووایە بەرلەمانی  بەغداو وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە: بەڵگەت چییە شەری داهاتوو دەبێتە شەری ( کوردو عارەب)؟ كێن ئەوانەی بەرپاکەری ئەو شەرەن؟ کاردانەوەی ئەو قسەیە لەسەر باری دەروونی تاکێکی عەرەب و کوردێکی مسکینی مارانگاز چییە؟ بە چ حەقێک  برایانی عارەب لە ( رەباط و تونس و قاهیراو خەرتوم و سەنعاو عومان و حیجازو شام و کەنداو خێلەکانی بیبانی لێبیاو دەشتیەکییەکانی یەمەن و کۆچەریەکانی نیوە دورگەی عارەب ) لە کورد دەکەیە دۆژمن و هانی ( عەدنان قەحطان و جەبورو فرجان و سەعیدیان) دەدەی خۆێ لێهەڵکەن و بەرەو کوردستان بێن  بۆ قڕانکردنی کوردان، چونکە  جەنابی ( نوری مالکی) فەرمویەتی ( شەرو غەزای کوردانە)؟ بۆ باوباپیرانمان بەو جۆرە فەتوایانە نەبوون لەسێدارەداران و دەربەدەری شارو وڵاتان کران وتا ئێستاش هەر دەناڵێنن. ؟ كی ئەو هەموو کوردەی ئاوارەی شاری ( تەرابلوسی وڵاتی لیبیا کرد چوار سەت ساڵ پێش ئێمرو؟ کێ ئەو کوردانەی هەترەی وڵاتی فەلەستین و بەنگلادش و قۆقاز کرد؟

 چۆن دەبێ کورد بێ دەنگ بێ تا ( مالکی) لە میدیایەکان و بە زیندووی عوزر بۆ نەتەوی کورد نەخواستەو؟

 ئازیزان چاو پۆشی کوردان لەو تاوانە گەورەییەی ( مالکی) کۆبەندی گەورەی بەدواوەیە، جا مەرد بن و خۆتانی لێ بیدەنگ مەکەن ، نەچووە بچێ، مەیکەن بە ( سەددامە) نۆیەکەی بەغدا! ئەگەر بەرلەمانی عیراقی فەدراڵ  لەو قسانە نە پێچێتەوە ئەوا داگای فەدراڵ و دادگای نێونەتەوەیی هەیە دەتوانین شکاتی خۆمانی لێبکەین! بێدەنگی بەرانبەر ئەوە تاوانە تاوانێکی گەورەترە!

  Face book: fazil shawro

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.