Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

شەشی كانوون لەگەلی كورد پیرۆز بێت…نامق هەورامی

Be First!
by January 8, 2008 گشتی

 شەشی كانوونی هەموو ساڵێك لەمێژووی دەسەڵاتدارانی عێراقدا رۆژێكی پڕ شكۆیە و لەو بەروارەدا سوپای عێراق دامەزراوە ، ئەو سوپایەی هەمیشە بەدەست دەسەڵاتدارانەوە بووە بۆ سەركوتی ئازادیخوازانی عێراق بەگشتی و كورد بەتایبەتی.
 كێ هەیە ئەوە نەزانێت كەئەم سوپایە  لە شەشی ئەیلولی ساڵی 1930 دا  لە بەردەركی سەرای سلێمانی چ شاڵاوێكى خوێناوی خولقاند؟ هەر ئەم سوپایە بوو دواتر تا سەرەتای چلەكانی سەدەی رابردوو سەركوتی راپەڕینەكانی ناوچەی بارزانی كرد، دواتریش لە شەستەكان  لەسەردەمی زەعیم سدیقدا كە یەكێكە لە بڕیاردەرانى مێژووە رەشەكانی ئەو سوپایە لەدژی گەلی كورد سەدان لاوی كوردیان قەتڵوعام كردو بەدەیان گوندی كوردستانیان وێرانكرد.
 ئەم سوپا قارەمانەی عێراق لە24/4/1974 لەقەڵادزەو لە 26/4/1974 دا یاساغترین چەكی ئەو سەردەمە كە ناپاڵ و فسفۆڕی سووتێنەر بوو لەدژی خەڵكی سڤیلی ئەو دووشارە بەكارهێنا و بەدەیان ژن و منداڵیان كوشت.
 لەژێر دروشمی ( سوپاكەمان وەك شێرە ، هەر بەسەركەوتن فێرە ) هەزاران خێزانی كوردی فەیلی وڵات بەدەر كران و زیاتر لە چوارهەزار گوندیان خاپوور كرد.
 ناكرێت نكۆڵی لە ئازایەتی ئەم سوپا قارەمانە بكرێت، چونكە سەركەوتن و داستانە مەزنەكانی ئەم سوپایە بوونەتە هەوێنی سەدان چیرۆك و شعر و وتارو مەدح وسەنای هەندێك لە نووسەرو چیرۆكنووس و شاعیرانی كورد، بەم پێیە قارەمانیەتییەكانی سوپا دلێرەكەمان بوونەتە بەشێك لە سامانی ئەدەبیمان و ئەگەر ئەو دۆخە بمایە ئازادكردنی فاو دەچووە ریزی مەم وزین و قەڵای (دم دم)ەوە .
 لەڕووی وەفاوە دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت كەئەم سوپایە گێرەشێوێن و یاخیبوانی كوردی لەناو دەبرد بۆ ئەوەی كوردە "مولتەزیم"ەكان بەئاسوودەیی بژین ، ئەی ئەوە نەبوو بەو ناوەوە  ئەم سوپایە لەچركەساتێكدا لەئۆردوگاكانی قوشتەپەو حەریرو شوێنەكانی دیكەدا 8هەزار مرۆڤی سیڤیلی بارزانی راپێچی بیابانەكانی بوسەییە و عەرعەر كرد؟!
 گەلۆ پۆشتەو پەرداخی و سڵنەكردنەوەی لەتەڕو وشك و  پڕچەك و تفاقی ئەم سوپایەی بەوە ناسرابوو  كە ( سەربازی سەدام حسێن ، تۆپ وتەیارە شكێن ) بوون نەك بۆ عێراق بگرە بۆ نیشتیمانی عەرەبیش كە عێراق بەشێكە لێی، مایەی سەربەرزی بوو ، هەروا دەرچوو ئەوە نەبوو لە چركە ساتێكی كەمدا لەهەڵەبجە زیاتر لە پێنج هەزار تۆپ وتەیارەی دوژمنیان لەناوبرد ؟؟؟؟!!!!!
 سوپا موجاهیدەكەی عێراقی عروبە بەردەوام هێرشەكانی بەناوی ئایینەوە دەستپێدەكرد، لەیەكێك لەو "غەزا"یانەدا هەڵیانكوتایە سەر چی ئاوایی گەرمیان هەبوو بۆئەوەی لەدین وەرگەڕاوان و ئاگرپەرستەكان لەناوبەرن تا باوەڕ بهێنن بەخەلافەتی بەعس و بێنە ژێر  (ئاڵا سێ ئەستێرەو اللەاكبر)ەكەی ئەوانەوە .
 ئایا بەم ناوەوە ئەنفالی گەرمیان نەكرا، 182 هەزار مرۆڤ بەناوی ئەنفالەوە راپێچی تونی مەرگ نەكران، دەستیان لەبینەقاقای دەیان كانی نەنا؟!
 خودایە ئێمەش ئوممەتی تۆ بووین ، ئێمە بڕوامان بە سیادەی خاكی عێراق هەبوو، پاش ئەوەی تاریق هاشمی رازی نەبوو عەلی حەسەن مەجید و سوڵتان هاشمی قارەمانی ئەنفالەكان بەسزای یاسایی خۆیان بگەن، لەهەڵەبجە بەسەر ئێسك و پروسكی قوربانییەكاندا گێڕامان  و مەدالیای عومەری خاوەرمان دایە، ئیدی بۆ پێمان دەڵێن جوداخواز؟؟
 خودایە ئەم زوڵمە قبوڵ مەكە، ئەو هەموو بوختانەی پێمان دەكرێن هیچیان راست نین، ئەوە نییە ئێمە هەمووساڵێك لە شەشی كانووندا پشووی رەسمی رادەگەیەنین، كەچی نە16/3 ی یادی هەڵەبجەو نە 14/4 ی یادی ئەنفالمان نەكردووەتە پشووی خۆمان، هێندە ماوە لەم یادەدا پیرۆزبایی لەخۆ بكەین و لەهەڵەبجەو لەگەرمیاندا كەرنەڤاڵی بۆساز بدەین… !!
 namqjournalist@yahoo.co.uk
 
 

Previous
Next

Leave a Reply