Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

شەفافیەت یا گەوجاندن! … هێمن حەسەن

Be First!
by April 9, 2012 گشتی

بزوتنەوەی گۆڕان ئەیانەوێ وا نیشانی خەڵکی کوردستان بدەن کە ئەوان لەهەسارەیەکی تری دور لەم زەمینەوە هاتون وخاوەن کلتورو دابونەریتێکی جیای کۆمەڵایەتی و سیاسین لەو بارو دۆخە ڕیالیستیەی کە ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردیەی تیدا ئەژی. ئەم جۆرە مامەڵە و یاریە سیاسیانە بەلای خەڵکەوە نەک هەر جێی باوەڕ نیە بەڵکو مایەی گاڵتەجاڕیشە. بزوتنەوەی گۆڕان ئەیانەوێ لە ڕێگەی گەوجاندنی خەڵکەوە، بەناو شەفافیەتی دارایەوە لە ڕێگەی میدیاکانەوە بانگەشە بۆ داوێن پاکی خۆیان بکەن.
گەوجاندنی خەڵکی ئەگەر لە دزی و گەندەڵی قێزەونتر نەبێ ئەوا  کەمتر نیە! بزورتنەوەی گۆڕان لە سایتی سبەیدا راپۆرتی دارایی حیزبەکەیان بەم جۆرە بڵاو کردۆتەوە.
لە خشتەی یەکەمدا داهاتی دارایی خۆیان بۆ مانگی ئازاری ٢٠١٢  ئاوا ئەخەنە ڕو.

کەواتە داهاتی بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەر وەک خۆیان ئەڵێن بەس ئەم سەرچاوانە بن ئەوا تەنها لە مانگی ئازار ٢٠١٢ دائەکاتە بڕی  833 688 486 ملیۆن دینارە
لە خشتەی دواتردا خەرجیەکانی مانگی ئازاری ٢٠١٢ بەم شێوەیە ئەخەنە ڕوو

هەرچەندە سەرنج و تێبینی زۆر هەیە لەسەر داهات و خەرجیەکان. بەڵام ئەوەی زۆر بەلای منەوە سەرنج ڕاکێش بوو ئەو بەشەیە کە لەخشتەکە دا باس لە (خەرجی میوانداریەکان لەکاتی هاتنی لایەنە سیاسەکان وقونسوڵیەت و ڕێکخراوەکان) ئەکات بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان کە تەنها بڕی 2 440 000 (دوو ملیۆن و چوار سەدو چل) هەزا دیناری تێچوە. هەرچەندە ڕون نیە کە ئەمە بە دیناری سعودی هەژمار کراوە  یا بە دیناری عێراقی؟
ئەگەر بڵێن بە دیناریی عێراقی هەژمارکراوە، ئەوا شەفافیەتیش وەک گەندەڵی ئەمیان لە قوڕبەسەری ئەویان لە گەوجاندنی خەڵکی شتێکی کەیان لە هەگبەدا نیە بۆ ئێمەی کورد.
من لە کوردستان ناژیم لەبەر ئەوە ئاگاداری باری ئابوری کوردستانیش نیم! تەنها ئەوەندە نەبێ کە لە ڕێی هاوڕێ و کەس و کار و میدیاکانەوە باس لە هەڵاوسانی ئابوری ئەکەن لە کوردستان. هەڵاوسانی ئابوریش واتە گرانی. جا ئەگەر بێت و لە ووڵاتێکدا کە گرانی یا هەڵاوسانی ئابوری تێدا بەرقەرابێت و هاوکات حیزبیکی زول و زەبەلاح بۆ مەسرەفی میوانداری سەدان کەس لە مانگێکدا کە سەردانیان ئەکەن تەنها  بکاتە نزیکەی دوو ملیۆن  دیناری عێراقی ئەوا لێرەدا بەرەو ڕوی دوو بۆچون ئەبینەوە.
یەکەم/
 کوردستان ووڵاتێکە دورە لە هەڵاوسانی ئابوری. بۆیە خەڵک ئەتوانن بە خۆشگوزەرانی بژین، کەواتە دەسەڵاتی سیاسی کورد لە ماوەی ڕابوردودا خزمەتێکی گەورەیان بەخەڵکی کوردستان کردوە. کە ئەمەش جێی ستایشە پێویستە خودی بزوتنەوەی گۆڕانیش ستایشی دەسەڵاتی سیاسی کورد بکات کە هەلومەرجێکی ئابوری وایان ڕەخساندوە کە حیزبەکەیان بتوانێ بە بڕی تەنها دوو ملیۆن دیناری عێراقی دەیان و سەدان میوانانی بارەگاکانیان بەڕێ بکەن. ئەمەو لەکاتێکدا لە زوربەی ووڵاتانی تری دونیادا خێزانێکی میواندار ناتوانێ بەو بڕەپارەیە خەرجیەکانی دەستەبەر بکات.
دووەم/
گۆڕان نەک هەر شەفاف نیە بەڵکو ئەیەوێ بەم جۆرە بانگەشانە خەڵکی کورد بگەوجێنێ و خوێ بکاتە چاوی خەڵکەوە کە گوایا ئەوان لە حیزبەکانی تری ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان زیاتر خەم خۆری خەڵکن و داهات و دارایی خەڵکی کوردستان بە فیڕۆ نادەن. کە بێگومان ئەم جۆرە بانگەشەو پڕوپاگەندە درۆیانە لەدنیای عەولەمەی ئەمڕۆدا هەر زوو ڕیسوا ئەبن.
لەبەشی داهاتەکانی ڕاپۆرتە درایەکەی مانگی ئازاری ٢٠١٢ ی گۆڕاندا هاتوە کە نزیکەی 833 (هەشت سەدو سی وسێ) ملیۆن دینار داهاتیان بوە، بەڵام خەرجیەکانیان نزیکەی 302 (سێ سەدو دوو) ملیۆن دینار بوە کەواتە نزیکەی 500 پێن سەد ملیۆن دینار ماوەتەوە لە خەزێنەی گۆڕاندا. ئالێرەدا یەک پرسیاری جەوهەری سەر هەڵ ئەدات کە برادەرانی گۆڕان ڕەنگە لە ڕاپۆرتەکەیاندا لە بیریان چوبێ ئیشارەی پی بدەن یاخود نەیان ویستوە باسی بکەن چونکە باس کردنی ئەم جۆرە شتانە بڤەیە. یا هەر باسکردنی ئەم جۆرە شتانە خۆی لەخۆیدا لە دەرەوەی بازنەی شەفافیەتە، بۆیە هەر پێویست ناکات ئیشارەیشی پێ بدرێ. ئەویش موچە و خەرجی لێپرسراوان و سەرانی گۆڕانە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئیشارەی پێ نەدراوە. تۆ بڵێی ئەو 500 ملیۆنە زیادەیە حەپەلوشی گیرفانی لێپرسراوان و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بێت؟ یاخود لە کۆتایی ساڵدا لە ڕاپۆرتێکی دورودریژدا  بە ڕونی و شەفافیەتەوە هەموو دارایی خۆیان ئاشکرا ئەکەن. تا سەری ساڵ ماڵ ئاوا!
Hemen7@gmail.com
هێمن حەسەن/ سوید

Previous
Next

Leave a Reply