Skip to Content

Saturday, April 17th, 2021

شەوێك لە دۆزەخ دا…. ناڵە حەسەن

Be First!
by November 14, 2008 ئەدەب

 
 شەوێك لە دۆزەخ دا…. ناڵە حەسەن
              1         
 
 سەفەرێك لەو سەفەرانەی
 بەدوای خۆم دا دەگەڕام       
 خۆم لە خۆم وون ببووم
 خەونەكانم لێ وون ببوون
 منداڵیم لێ وون ببوو
 بەدوای خۆم و منداڵیم دا دەگەڕام
 بە دوای زەردەخەنەكانی سەرسیمام و
 وشە فێنكەكانی عەشق .
 لە نێو وون بوونەكانی
  خۆم و منداڵیم و خەونەكانم دا
 دەرگای غەریزە چەپێندراوەكانم بەسەردا داخرابوو
 پەنجەرەكانی هەستە بێئاگاییەكانم  ,
 ژەنگیان هەڵێنابوو , نەدەكرانەوە .
 هێندەی دەمكرد ,
 نەمدەتوانی گوڵ و پەپوولەكانی ناوەوەی خۆم
 وەقسە بهێنمەوە .
 خۆم لە نێو خۆم دا ,
 تابڵۆیەكی نامۆ و پڕ لە ڕەنگی پەرش و بڵاو بووم
 خۆم لە نێو خۆم دا ,
 كاتژمێرێكی حەپەساو بووم ,
 
 لە نێو ئۆقیانووسەكانی زەمەن
 مانگێكی سەرگەردان بووم 
 لە نێو بیابانەكانی شەو
 خاچێكی داتاشراو بووم
 بە قەد دیوارەكانی چارەنووس دەگەڕام و
 لە نێو شەوەكانم
  مۆمێكم پێ نەبوو بۆ بینین
 وشە و ئاوازێكم پێ نەبوو بۆ گۆرانی
 دەگەڕام و ببووم
 بە نیشتیمانێكی تاریك
 گەڕەك و شەقام و ڕێگاوبانێكی تاریك
 ڕۆح و جەستە و ناخم : نامۆ بوون بە ڕوناكی
 دەگەڕام و ببووم
 بە كیشوەرێكی بێناونیشان
 بە دەریاچەیەكی خەوتوو
 بە سروشتێكی یاخی
 دەگەڕام و دەگەڕام و دەگەڕام
 خۆم لە نێو گۆڕستانێك دا بینیەوە
 گۆڕستانێكی تاریك تاریك …
 لەوێندەرێ ,
 مرۆڤەكان بە مردوویی
 پیاسەیان دەكرد و گۆرانیان دەگوت
 شەپۆڵەكانی دەریا بە مردوویی دەڕۆیشتن
 باڵندەكان بە مردوویی دەفڕین
 باران بە مردوویی مەمكەكانی گیای ماچ دەكرد
 هەموو شتێك مردوو بوو .
  كاتژمێرەكان , وەرزەكان , سەدەكان , ڕووبارەكان ,
 باخچەكان , شەقامەكان …
 لەوێدا
 
 لە نێو ئەم گۆڕستانە تاریكەدا
 منداڵی خۆمم دۆزییەوە
 لە نێو ماڵێكی تاریكی نێو گەڕەكی مردووەكان
 بەڵام ,
 هێندەی بەدوای خۆم دا گەڕام
 خۆمم نەدۆزییەوە
 هێندە بەدوای ڕوناكی دا گەڕام
 ڕوناكیم نەدۆزییەوە
 هێندە بەدوای زمانێك دا گەڕام
 تا قسە لەگەڵ خۆم و مردووەكان دا بكەم
 نەمدۆزییەوە و نەمدۆزییەوە و نەمدۆزییەوە .
 
 
                 2
 
 سەفەرێك لەو سەفەرانەی
 بەدوای خۆم دا دەگەڕام
 خۆم لە خۆم وون ببووم
 شەوێكیان ,
 ڕێم كەوتە دووڕگەكانی دۆزەخ
 وەكو ئاگر لە نێو شەوەكانی ڕوناكی دا
 كڵپەم دەكرد .
 لە ژێر كەپرێكی پڕ لە گەڵا لێی ڕاكشام
 ژنێكی ناسكۆڵە و جوان
 وەك نەمامە بڵێسەییەكانی هەتاو
 وەك سروشتە بەهەشتیەكەی
 نێو چاوەكانی خودا
 خۆی خزاندە نێو جێگاكەم
 هەڵم لە چاوەكان و
 لە پەنجەكان و لە كانیەكانی ڕۆحم هەڵدەستا
 
 ماچەكانی پڕبوون لە بەفر
 گۆنا و دڵ و سیەكانمی فێنك دەكردەوە
 لەژێر ئاسمانێكی شینی ئاوریشمینی
 لەگەڵ , ڕەنگەكان و سەمفۆنیاكانی ئەڤینی
 تا بەیانی ,
 نەرم نەرم دەیشێلام .
 دەیشێلام و نەرم نەرم ,
 چیڕۆكی وەرزەكانی نێو دۆزەخی خۆی
 بۆ دەگێڕامەوە .
 دەیشێلام و نەرم نەرم .. ئاوێزانم ببوو .
 وەك ئاوێزانبوونی بەفر و گەڵا
 ئاوێزانم ببوو
 هەموو جەستەم ببوو بە مەشخەڵێكی شین شین
 بە ماچ
 وەڵامی ڕوانینەكانم و پرسیارەكانمی دەدایەوە .
 بە ماچ
 سەمای بۆ نیگەرانیەكانی نێو چاوەكانم دەكرد .
 ئەو پرسیار و نیگەرانیانەی
 جەستە و ڕۆح و خودێكی سەرشێت و وونی
 ڕەسم دەكرد .
 ئەو پرسیارانەی نامۆ بوون
 بە تخوبەكانی كات و
 بە كتێبە ڕۆشناییەكانی شەو
 بە مەرگی كۆڵانە ئاوێنەییەكانی خەون  .
 ئەو پرسیارانەی پڕاوپڕ بوون
 لە سەفەر و گەڕان بەدوای خودێكی وون .
 پراوپڕ بوون
 لە مەستبوونەكانی ئاو
 لە سەمای مانگەشەوەكانی خۆكوشتن
 
 ماچ ماچ ماچ ماچ ماچ
 ئەوە چ دۆزەخێكی
 ئیرۆسی و ئەڤینی و سیحراوییە ئەی خودا … ؟
 كە مەوداكانی لە دایكبوونەوە و فڕینەكانم
 پڕدەكات لە باران .
 ئەوە چ جووتە مەمكێكی لیمۆییە ئەی خودا … ؟
 كە دەمارەكانی ڕۆحم و
 نێو دەمم پڕدەكات لە لیك .
 لیك لیك لیك لیك لیك
 من لەمەودوا
 وەك خودێكی وون و یاخی
 وەك عاشقێكی سەوداسەر
 دۆزەخ دەكەم بە ماڵم و بەهەشتیش بە جێگەی ژووان .
 هەر ئەو شەوە
 ئەو شۆخەژنەی تا بەیانی نەیهێشت
 بۆ یەك چركەش چاوەكانم بچێتە خەو
 بەر لە ڕۆیشتن ,
 زەردەخەنەكانی خۆی
 وەك چەند ماسیەكی ووردیلە
 لە نێو لیكی نێو دەمم ,
 ماچەكانی لە نێو نیشتیمانی هەناسە و
 مەمكەكانی لە نێو
 باخچەكانی تەنیاییم , جێهێشت … !
 
         كەنەدا : ئاداری 2008
 

Previous
Next

Leave a Reply