Skip to Content

Thursday, May 6th, 2021

شەپۆلی سێیەمی شۆڕش لە بەهاری عەرەبیدا

Be First!
by December 19, 2012 گشتی

 

 

 

 

 

دایکی بوعەزیزی لە دووەمین ساڵڕۆژی خۆسوتاندنی کوڕەکەیدا…گەنجان هەروا بیکارن، ووڵات شێواوتە یەکترا، ئەحسابە سەلەفیەکان هەڕەشە دەکەن

 

daykiBoaziz_999498214.jpg

تێبینیەکی پێویست

((ئەم  نووسینە بۆ ئۆکتۆبەر ،بڵاوکراوەی  نیو مانگی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری  کوردستان نوسراوە، ژمارە ١١٢ کە  لە ١٥.١٢.٢٠١٢ بڵاوبوەوە، بەلام بەهۆی هەلەیەکی تەکنیکی لەکاتی خۆیدا نەگەیشت،  هەرچەند لە سایتی  فەرمی هەمان حزبدا دانرا.بەڵام وەهام پێباشتر بوو کە هەندێک داڕێژراوتر بیخەمەوە بەر دەستی خوێنەران , هەر چەند نووسین بۆ سایت جیاوازی هەیە لەگەڵ بڵاوکراوە وپێشم وانیە جێگای دی گونجاو بێت بۆ ئەم  بابەتانە. تکاش لە بەرێوەبەرانی سایتەکە دەکەم کە ئەم دەقە دابنین)).

مێژووچەیەکی کورت 

ئەگەر  بگەڕێینەوە بۆ ئەو هۆکارە مێژووییانەی شۆڕش لە ووڵاتە عەرەبیەکاندا  بەرپابوون، بایەخێکی یەکجار گرنگ دەدات بە تێگەیشتن بە دڕێژە وشەپۆلەکانی شۆڕش وە بەتایبەت   بە هەڵسوڕانی چینەکان و بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان و حزبە سیاسیەکانیان و ئەو پرۆسەیەی کە ئەمڕۆ لەمیسرو تونس بەڕێوەن.

ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئەم ووڵاتانەدا هاتوون “پاش ساڵانی سەربەخۆیی لە کۆلۆنیالیزم دەیەی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو” هەموو پێشبینیەک دەبوو بکرایە کە ئەم شۆڕشانە ڕووداوێکی پێویست و ناچاری بوو. فەیلەسوفێکی فەرەنسی لە ساڵی ٢٠٠٩ دا کتێبێکی نووسی بە ناوی شۆڕشی داهاتوو، کە ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیرییانەی لێکدەداتەوە کە لەناو خودی کۆمەڵگا ودەوڵەتدا ، روویانداوە، بەئاکامیك دەگات کە دەبێت ئەم کۆمەڵگایە لە ڕێگای بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدا بتەقێتەوە.  ئەو فەیلەسوفە لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیدا ساڵی پار ئەنجامیدا کە بەداخەوە لەبەردەستمدا نیە، چەند فاکت دەهینیتەوە. یەک لەو فاکتانە رێژەی مناڵبوونە لە تونس، کە %٢.١ وەک فەرەنسا، دووەم  هاوسەرگیرییە کە نیوان گەنجان کە بنەمای خوێن وئامۆزا نەماوە.پەیدابوونی نەوەیەکی نوێ کە تەواو نامۆن بە پێكهاتەی سونەتی کۆمەڵگا. ئەگەر چاوێك لە پێکهاتەی تەمەن بکەین لە م  ووڵاتانە، ژمارەی خوار ٣٠ ساڵ لە میسروسعودیە  %٦١ ، لە تونس %٥١ لە ئوردن وجەزائر %٦٥ ، وەتەنانەت لە یەمەن %٧٣ یە. وە نەوەکانی ئەم نیو قەڕنە  ژمارەیەکی زۆرییان  شەهادەی زانکۆوپەیمانگایان هەیە و ئاسۆی ژیانێکی تریان هەیە وتەواو نامۆن بە سونەت و نۆرمەکانی تەقلیدیەکانی کۆمەڵگای کۆن.هەر بۆیە یەکجار زوو ئەو تێڕوانیانەی کە شۆڕشەکانیان بە ڕووخانی دیواری بەرلین و داتەپینی بلۆکی ڕۆژهەڵات چواند کەوتنە لاوەو  ئاسۆی لە لێکۆڵەرەوانی لیبرالیزم بە  شەپۆلی هەلسانی ساڵانی ١٩٦٨ یاند چوواند رەواجیکی پتری پەیداکرد. لە بونیادی پرۆسەی گەشەی  کۆمەڵایەتی و جیاوازییە چینایەتیەکاندا ، تەواوی سەرخانی کۆمەڵگاکان ناتەبا وریگرو خنکێنەری میکانیزمی خودی کۆمەڵگا بوون.  دەولەتە دیکتاتۆر ودیسپۆتەکان ، دامەزراو لەسەر دەزگای زەبەلاحی  ئەمن و سەرباز وحزبی قائد و ناسیۆنالیستێکی کۆنەپەرست و تێکەڵ بە ئایدنتتی ئیسلامی ودەسەڵاتی بۆ ماوەیی وجینۆکراتی   تەواوی جومگەکانی دەوڵەتی داگرت بوو. تەواوی کۆمەڵگای خسبووە ژێر مەنگەنەی خۆیەوە.چینی سەرەوە ی کورتکردبۆوە  لەخۆیدا وکۆمەڵگا ی عەرەبی لەنزمترین ئاستی گەشەکردندا راگرتبوو.وە ىێمافیەکی موتڵەق و هەژارییەکی کوشندەی داسەپاندبوو بەسەر چینی کرێکارو زەحمەتکێشاندا.  بە مانای تەواوی ووشەکە ئەم شۆڕشانە، شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو. وە ئەگەر بەزمانی لینین بدوێین شۆڕشی دیموکراتیگێڕانە یە .

ڕۆلی ئیسلامی سیاسی  وئەخوان موسلمین  

exwan_367987196.jpg

دروستبوونی ئەخوان موسلمین، وەک بزوتنەوەیەکی ریفۆرمیستی دژی کۆلپنیالیستی کۆنەپارێز لە ساڵی ١٩٢٨دا، لە نێو پزیشکەکان و، مامۆستا و خاوەنی دەرمانخانەکان وئەندازیارەکاندا و هەندێ لە پارێزەرەکاندا کە ئەودەم بە ئەفەندییەکان دەوترا، تا ئێستا ش رەگی جەماوەی لە نێو ئەم توێژەدا درێژەی هەیە.  ئەخوان لە ژیانی سیاسی خۆیدا هەمیشە بەڵایەک بووە بۆ کۆمەڵگای میسری و بەشێک بووە لە هێزە سیاسیە هەرە کۆنەپەرست ودواکەوتوەکانی کۆمەڵگا ودژی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان وکرێکاران وژنان  بووە. چ حەسەن بەنا  کە دامەزرێنەری ئەخوانە وو دواتر چ سەید قوتب  تیۆرسیۆنی ئەخوان بووە، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیاری شاخە تیرۆریستیە چەکدارەکانیان کردووە و .و کردەوە تیرۆریستیەکانیان  دژ بەدوژمنانیان ئەنجامداوە، وە بەردەوام چ بە ئاشکرا و چ  لە ژێرەوە لەگەڵ دەزگای سەربازی و ئەمنیەکانییشدا دەستیان تێکەڵاو کردووە. سەرکردەکانی وەک جەمال عەبدولناسر وسادات کە دواتر تیرۆریان کرد ، بازاری سیاسیان  گەرمڕاگرتووە. بەکار هێنانی هێزی چەک وزەبروزەنگ وتیرۆروفریودان و پاشقولگرتن وهەڵخراندنی هەستی کۆنەپەرستی  لە دژی ئازادیخوازان ونوسەران وچەپ و کۆمۆنیستەکان وکرێکاران ، ناوەڕۆکی واقعی کلتووری سیاسی مێژووی ئیخوان بووە. وەک ئاشکرایە کە پاش ئەوەی لە ٢٨.١٢.١٩٤٨ دا سرۆکوەزیرانیان تیرۆرکرد ((محمود پاشا)) ، حەسەن بەنا وویستی ئیخوان موسلمین هەڵبوەشێنیتەوە. بەڵام درەنگ بوو لە ١٢،٢.١٩٤٩ دەستڕێژی لەلایەن دەزگای ئەمنەوە لێدەکریت و دەکوژرێت. بەڵام چەند ساڵ دواتر لە ٢٣.٧.١٩٥٢ کە سەربازانی ڕزگاری  ئینقلاب دەکەن عەبدولرەعمان بەنا  باوکی حەسەن بەنا داوا لە ئەخوان موسلمین دەکات لە تەنیشت سوپاو جەنەرالەکانەوە بوەستن وپیرۆزبایی لە خەڵک ولەسوپا دەکەن بە ((بەیانی سوری نەتەوە)) ناویان برد. ژەنەرەلەکانیش حەسەن بەنایان وەک قارەمانی نەتەوە نێونا. جەمال عەبدولناسر کە لەنێو سوپاوە هاتبوو، نەیدەویست ئیخوان موسلمین وەک شەریکی دەولەت بەشدار بکات، هەرچەند وەزارەتی ئەوقفیان وەرگرت. لە نێو ئیخوانیشدا یەک هەڵوێست نەبوون، ئەوەبوو سەید قوتب ئاڵای جیهادی بەرزکردەوەو داوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و جێبەجێکردنی مەرجەکانی خودای کرد ودەستیکرد بە دامەزراندنی خانەی تیرۆریستی و جێبەجیکردنی پلانەکانی تا لە سالی ١٩٦٦ دا ئیعدامکرا. 

ئیخوان موسلمین بەشێک نەبوون لە پرۆسەی هەلسانی جەماوەری، تەنانەت کە گەنجەکانیان  لە خۆپیشاندانی جەماوەری لە گۆرەپانی ئازادی لە قاهیرە بەشدارییان کرد، رابەرەکانیان داوایان لێکرد، بکشێنەوە، بەڵام کاتێک دلنیابوون کە خەڵک لە رووخاندنی موبارەک یەکللایی بۆتەوە. ووتیان ئێمەش لەگەڵ داواکانی خەڵکداین. من پێم وایە تەنانەت ئەگەر دەستپێشکەری هەڵگیرساندنی مەشخەڵی ناڕەزایەتی و ڕووخانی حکومەتی موبارەکیشدا بوبێتن، ئەوان پەیوەندییان بە خودی شۆڕشەوە نیە، پەیوەندییان بە چەوسانەوەیەکەوە نیە کە شۆرش دەیەوێت کۆتایی پێبهینیت.ئیخوان موسلمین خۆییان بەشێک بوون لە و ستەم وسیستەمەی کە شۆرش پیویستە بیانگۆڕێت.

سەلەفیەکان، باسکی چەکداری ئیخوانەکانن

 ڕاشد غنوشی ،سەرۆکی حزبی نەهزەی تونسی کە باڵی ئیخوان موسلمینە ، لە هەموو چاوپیکەوتنەکانیدا، پێداگری دەکرد لەسەر ئەوەی کە ڕیز لە مەدەنیەتی کۆمەڵگای تونس دەگرێت، ژنان و پیاوان یەکسانن، وە ئازادی ڕادەربرین مافی دانیشتوانی تونسە. بەڵام ئەوەی کە لەتونس ڕوودەدات تەواو پێچەوانەیە.  لەدژی مافە سەرەتایی وبنەڕەتیەکانی خەڵکە. بەترس و تۆقاندن و بەتیرۆرو ئیغتیلات، بە هێزی چەک و بە پشتیوانی دەوڵەت بەئیسلامیزەیکردنی کۆمەڵگاو داسەپاندنی شەریعەتە پیش ئەوەی هەر دەستوورێک بخرێتە بەردەم رەئیدانی خەڵکی. تونس یەکێک لە هەرە دەوڵەتە پێشکەوتووە کانی دونیای عەرەب بوو .ژنان لە مافە سەرەتاییەکانیان بەهرەمەند بوون، ئازادی بیروڕا هەبوو، خوێندن ئیلزامی بوو، .وە لەبارەی جوگرافیەوە  یەکەمین  دەوڵەتی نزیک لەئەوروپا یە. بەڵام هەر کە شۆڕش دەستیپێکرد بەتایبەت سەرەتایی مانگی دووی ساڵی ڕابردوو، سەلەفیەکان کەوتنە گیانی ژنان وروناکبیران و کۆمۆنیستەکان و ئازادیخوازان و زانکۆکان. لە مانگی ٤ دا  بە ئاسن دەکێشن بەسەر دەرهێنەرفلمی سینەمایی نوری بۆزید ، بەهۆی ئەوەی کە لێدوانی داوە بۆ دەستوورێکی عەلمانی، چەند هەفتە  دواتر  سەرەتای مانگی شەس  بە کۆمەڵێک چەکدار  هەڵدەکوتنە سەر سینەمای (هونەری ئەفەریکا))  کە ویستبووی فلمێک لەروانگەی ڕەخنەگرانەوە لە ەسەر ئیسلام پیشانبدات، پاش ئەوەی تاڵانی دەکەن وهەپرونی دەکەن، بەجێدێڵن، لەو دەمەوە داخراوە.لە ئۆکتۆبەری٢٠١١ سەد کەس هەڵدەکوتنە سەر تەلەفزیۆنی نسمە و دەیانەوێت گری تێبەردەن و وە لەمانگی ٦ ی ئەمسالیشدا دەچنە سەر پێشەنگای ((بەهاری هونەر)) پیشانگاکە تێکپێکدەدەن وبەشیکی زۆر لە ڕەسمەکان دەشکێنن. سەدان  سمینار ئیلغکراونەتەوە، فستیفاڵی هاوینە ومۆسیقا ی رۆک نەهێڵراون. لە زانکۆکان مەڵبەندی بیروڕای چەپ وئینسانین، دەچنە سەر مامۆستایانی زانکۆو هەڕەشەیان لێدەکەن. لەیەكیک لە بەناوبانگترین زانکۆکاندا پاش ئەوەی پرۆفیسۆرەکە ڕێگا دەگرێت لە دوو قوتابی کچ کە  بەنقابەوە هاتبوون ، بە کۆمەڵیک چەکدارەوە کە جلی ئەفغانیان لەبەردا بووە، سەرەڕای هەڕەشە لە گشتیان، بوارانەوەی ژنە یارمەتیدەرەکەی پرۆفیسۆرەکە ، ئاڵای خەلافەتیان بەسەر زانکۆوە هەڵکرد. پاش نارەزایەتیەکی زۆر لەلایەن خەڵکەوە بۆچی دەوڵەت ، کۆمەڵگا لەم دەستدرێژیانە ناپارێزێت،ئەگەر خودی حزبی نەهزە بەشێک نیە لەوان. غەنوشی ڕایگەیاند کە ئەوان  “مناڵی تونسن ” و (باسکی چەکداری ئێمە نین وئیمە پیوستمان بە هیزی چەکدار نیە)). فلمی فیدیۆیی هەیە  دانیشتنی غەنووشی لەگەڵ ئەم تیرۆریستانە.

لە خۆپیشاندانی دژی فلمی ((ئیسلام بێتاوانە))، لە قاهیرە کە ١٢٠ کەس بریندار بوون ، محمەد میسری ماوەی ٢٤ کاتژمیر هیچی نەوت، تا چرای سەوز بۆ سەلەفیەکان وئەندامانی حزبەکەی خۆی نیشانبدات کە ئیوە ئاژاوە بنێنەوە، خەڵک  چاوترسێن بکەن، مانۆڕ بنوێنین،…پاشان ڕایگەیاند کە مافی خەڵکە خۆپیشاندان بکات بەڵام لە دژی قونسالخانەکان نەبێت باشترە.

بەباوەڕترین وئیمانترین  مەلا کە محەمەد میسری لە پشتێوە نوێژ دەکات ، ووتاری  هەینی دەدا(( ئەوەی رەخنە لە سەرۆکی میسر، محمەد میسری  بگرێت، لەو کافرانە خراپترە کە هێرشیان کردە سەر پێغەمبەر لە  مەککە)). پاشان محەمەد میسری خۆی بۆ نەوەی موسڵمانان لێدوانی دا. چواندنی سەرۆکی دەوڵەت بە پێغەمبەر وسێبەری خودا لەسەر ئەرز، ئیدی تێپەڕینە لە مەلا عومەر ولە حکومەتی تالیبان و سعودی عەرەبی یە. 

دەستوور 

دەستووری نوێ ی میسر کە بڕیارە لە ١٥.١٢.٢٠١٢ دەنگدانی لەسەر بکرێت. نا دەستوورییە، چونکە لە ڕوانگەی  دونیابینیەکی پیاوسالاری ئیسلامی وناسیۆنالیستیەوە داڕێژراوە. تەنها دیباجەکەی لێوان لێوە لە کەمگرتنی دانیشتوانی تری سەر زەمین .وفاشستیە وئەمەش ڕێگاپێدراو نیە. بەندەکانی مافە بنەڕەتی وسەرەتاییە جیهانیەکانی لە خۆ نەگرتووە. ئازادییەکانی لە چوارچێوەی نۆرمە دواکەتووەکانی خێزان و بەشی تەقلیدی و کۆنەپارێزو کۆنەپەرستی کۆمەڵگای میسرەوە داڕشتووە.تاکە سەرچاوەی  هەڵێنجانی بەندەکانی لە شەرع وئایەتە قورئانیەکانەوەیە.دەستی حکومەتی ئاوەڵا کردووە بۆ سەر سەرجەم بوارەکانی ژیان ودەستی پەرلەمانی گرتوە لە کۆنترۆڵی بودجەی عەسکەر ووەزیری بەرگری تەنها پێویستە لە نێو هێزە سەربازییەکانەوە بیێت. دەستوور ژیانی کۆمەڵگا وعەقڵی بیرکردنەوەی پەکخستووەو ڕەخنەگرتنی کوشتووە. دەستوور تەمکینەکەی حەسەن بەنایە وئەگەر سەید قوتب بینوسیبا هەر وای دەنووسی.  عومەر کەریم بلۆگەری بەناوبانگی میسر ، ئیمەیلێکی بۆ لیژنەی داڕشتنی دەستوور نارد بوو، کە لیژنەکە داوای لە هاوڵاتیان کردبوو بۆ هەمان مەبەست، کە تیایدا داوای یەکسانی ژن و پیاو کردبوو، وە پاراستنی ژنان لە  دەستدرێژی جنسی، پاش یەکچارەک رەدکرایەوە. پاش ئەوە هاوڕێ کچەکەی عومەر ، عەڵائ، خۆی  رووتکردەوەو دەم ومەمک و بەشی خوارەوەی خۆی داپۆشی وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو ستەمانەی کە لەسەر ژنانە. پرۆسەی داڕشتن وپرۆسەی پەلەپەلکردن وتێپەڕاندنی بە زووترین کات، ئامانجێکی ستراتیژی ئیسلامیەکانە بە پێوەلکاندنی مۆرک وخەسڵەتی بونیادی دەوڵەت. کات گرنگترین چەکی دەستی ئیسلامی سیاسیە  لەم گوزەرەیدا. کە ئاشکراشە سەڕەرای مێژووییان، تاکە هێزی ڕێکخراوو بەتوانای ماددی پەترۆدۆلاری قەتەرو سعودیەوە.

دەستوور، خۆی دەتوانێت ببێتە گرنگترین مەیدانی خەبات، وە ببێتە ڕاکێشانی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بۆ ستراتیژی واقعیان. وە ببێتە بلاجکتۆری رۆشنایی بۆ سەر تەواوی پێکهاتەی چێنایەتی و مەوقعی کۆمەڵایەتیان. بەڵام ئەم دەستوورە خۆی نادەستووریە و پێویستە بەتەواوی بەلا بخرێتەوەو تووڕ بدرێت. دەستوریكە  چاککردن و دەستپێداهێنانی لەگەڵ ناکرێت.  بەرەی ئینقازو باڵی لیبراڵەکانی نێو ئەو بەرەیە ، دەستورێکی ئالتەرناتیفیان  نیە، دەستکارییان دەوێت یان داوا دەکەن بگەڕێینەوە بۆ دەستووری ساڵی ١٩٧١. ئەمەش ناشۆڕشگێرییە . جێکردنەوەی هەر ئاڵوگۆڕیک لە نێو ئەم مەنتقەدا، خاڵیە لە هەموو ناوەڕۆکێکی ئینسانی و شٶڕشگێڕانە.پێویستە دەستوور لانی کەم جیایی دین لە دەوڵەت و پەروەردەی تیا بێت.دەوڵەت نابێت هیچ کۆمەکێک بە دامەزراوەی ئاینی بکات و کۆنترۆلی مالی و چالاکیەکانیان بکات، یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان وپیاوان لەهەموو بوارەکانی ژیاندا. مافە بنەرەتیەکانی خوێندن وتەندروستی وگوزەرانی شایستە دابین بکات، ئازادی سیاسی بێقەید وشەرت، ئازادی بیروبۆچوون وئازادی دین وبێدینی، بیمە کۆمەڵایەتیەکان. 

ئایندەی شۆڕش و کاری کۆمۆنیستەکان

 

ئەمەریکا ،١٠ساڵ لەمەوبەر ئیخوان مسلمینی لە ریزی تیرۆردا ریزدەکرد. پیرۆزبایی باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا بە بۆنەی سەرکەوتنی محمەد میسری بۆ سەرۆکی دەولەت، مانای ئاڵوگۆڕێکی قووڵ نیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا،بەڵکە تەنها جێکۆڕكێی موبارەکە بە محمەد میسری. وە ئەوەش  دڵنیاکردنەوەیە کە بەمانای پەیڕەوکردنی  هەمان سیاسەتی پێشووە لە پشتیوانی مالی وسیاسی دا. دەوڵەتانی ئەوروپا هیچ بایەخێک بە مافی هاوڵاتیان و بە دەستوورو تەنانەت بە لیبرالیستەکانیش   نادەن بۆ مەسەلەی  قەرزەکانی بانکی نێو دەوڵەتی بەمیسر. وەک هەندێک لە ژورنالیستەکان داوای بەکار‌هینانی کارتی قەرزییان کرد بۆ گوشار خستنە سەر محمەد مسری  .لە ڕاستیدا دەولەتانی ئەوروپا وئەمەریکاش  داوای پێشمەرجە ئابووری وسیاسیەکانی خۆیان  دەکەن بەر لە هەر شت، ئەمەش زامنکردنی قازانجی قەرزەکانە وهیچی ترنا.  تێکرای پێشمەرجەکانیش  لە دژی چینی کرێکارو باشبوونی هەلومەرجی ژیان و مافەکانی کۆمەڵگایە.

میسر بایەخی گرنگی هەیە ، نەتەنها لەبەر ئەوەی کە بە مەڵبەندی ئیخوان موسلمین دەناسرێت و شکستی ئیسلامی سیاسی لە میسر ، ئیدی لە دەبلەوە دەکوژێنەوە،  نەتەنها لەبەر ئەوەی %٢٥ سەرجەم  دانیشتوانی عەرەب پێکدەهێنن، بەڵکە ووڵاتیکی پیشەسازیی گەورەیە وچینی کرێکاری میسری ئامادە ترە وهۆشیارترە بۆ مەیدانی سیاسی وڕێکخراوەیی و ناڕەزایەتی .

ئێمە لەسەرەتای شەپۆلی سێیەمی شۆڕشەکەداین وپێناچێت  بەمزوانە بتوانێت بۆرژوازی بتوانێت خۆی  یەکدەستبکات. ئەوەی لە میسر دەگوزەرێت، جیاوازییەکی بنەرەتی هەیە لەگەڵ عیراق. بۆرژوازی لە میسر ئاسانتر دەتوانێت خۆی سازبداتەوە. وە ساڵی  ١٩٧٩ ی ئیرانیش نیە. محمەد میسری و ئیخوان لەگەڵ ژەنەراڵەکان ڕێککەوتوون لەسەردەستوورو بودجەو مەوقعیەتی سوپا لە دەوڵەتی ئیخواندا وبەئاگاداری ئۆباماش بووە. سوپا بێلایەن نیە و لە چوارچیوەی ڕێککەوتنەکاندایە ئەگەر دەست ببات بۆ کردەوەی سەرکوت . گەڕانەوە بۆ سەردەمی خنکاندنی سیاسی کۆمەڵگا بەسەر چوو. کۆمەڵگای میسر ناگەڕێتەوە بۆ کۆماری ئیسلامی ئیران نەک ئیخوان ، هیچ هێزێک ناتوانیت زیندانی بکات لە ناو خۆیداو بە پێوانەی ئەمرو نەهی مامەڵەی بکات.  مەترسیەکی جددی کە ئەبێت بەکەمنەگیرێت ، تیرۆرو تۆقاندنی کۆمەڵگایە  لەلایەن سەلەفیەکان، سێبەروباسکی چەکداری ئیخوانەکانە لەلایەک بە تایبەت ڕوو بە خودی کۆمۆنیستەکان وڕۆشنبران و هەلسوراوانی بزوتنەوەی یەکسانی ژنان وپیاوان  و لەلایەکی دییەوە  قورسترین کێشە کە بێتە پێشمان، لەو ناوەدا، کە بەشێک لە کۆمەڵگا وەک قوربانی عەقڵی خۆمان لێکدانەوەی بۆ بکەن. ئەمەش سیاسەتێکی داڕێژراوە کە  شەڕێکی کلتووری یەکجار سەختە.پێویستە بەووردی لەسەری بدوێین.  

 سروشتی بنەڕەتی ئەم شۆڕشە لە قۆناخی ئێستایدا دیموکراتی شۆشگێڕانەیە. ئەرکە دەستبەجێکانمان لەم هەلومەرجەدا یەکجار گرنگن ،رێكخستنی جەماوەری چینی کرێکار  بە پشبەستن بەکۆبونەوەی گشتی لە پشت لانی کەمی داواکارییە ئابووری و سیاسیەکانیدا،دامەزراندن وپەرەدان بە ڕێکخراوەی مارکسیستی کرێکاری و بەشداری چالاکانە لەئازادی ومافەگشتیەکاندا وبەتایبەت لەبواری ژنان ومناڵان ونازادی سیاسیەکانداو توانایی پەیداکردن بۆ بەرگریکردن لە خۆمان لەبەرامبەر هێرشی چاوەڕاوانکراوی تیرۆریستی و سەرکوتی دەسەڵاتدا و دامەزراندنی بنکەی چاپ وڕادیۆوتەلەفزیۆن و کارکردنی لۆکاڵی  لە گەڕەک و شاروژیانی خەڵکداوپشتیوانی و یارمەتی دانی بزوتنەوەی هەژاران لە داواکارییەکانی نان وجێگاو خوێندن دا. ….

 

خاڵێکی دی کە یەکجار بە پێویست دەزانم کە بینووسم، نابیت تاکتیکی تێپەڕاندنی دەستوور بێبایەخ تەماشا بکەین. وەک لەسەرەوە ئامانجە سەرەکیەکەم بە بۆچوونی خۆم خستەڕوو، دەستکەوتێکی هەنووکەیش کە ئیخوان وسەرجەم ئیسلامی سیاسی دەیانەویت بیچننەوە. وە گەڕ کەوتنەوەی شەمەندەفەرەکەیە بە خودی شۆڕش وسەرنشینەکانیەوە. نابێت مۆڵەتیان پێبدرێت. لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا ،دوو رۆژی تر ڕەنگە هاوار بکەن دەتانەوێت وەک یۆنانمان لێبێت، ئابووری دەڕوخێت و رەنگە هاوار بکەن خەڵک دەنگیدا وبچنەوە سەرکارو چالاکی سیاسی تا کاتێک ڕێگاپێدراوە  کە پەکی ژیانی هاوڵاتیان نەخات و …بۆیەکا دەرکەوتنی سیاسیمان وەک بلۆکێکی ئینسانی وسۆشیالیست ، وەک بلۆکێک کە دڵی شۆڕش و زیندوویی شۆرش بەکۆمەڵگا ببەخشێت. بۆ ئەم خەباتە بزوتنەوەی نیونەتەوەیی وهاوپشتی جیهانی چینی کرێکار ئعتمادیکی مەزن بە شۆڕشگیران دەدات.

 

 

 

جەمال کۆشش

١٣.١٢.٢٠١٢

 

 

Previous
Next

Leave a Reply