Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
شەڕ لەگەڵ دۆزەخ … یوسف خەلیل

شەڕ لەگەڵ دۆزەخ … یوسف خەلیل

Closed
by February 22, 2013 هۆنراوە

 

ئەم شەو
لە هیچەوە هاتمەوەو پەپوولەكانیش
هەواڵم دەپرسن و شەوچەرەی میوانی سەرەڕێم
پێ‌ ئاشنا دەكەن
پریاسكەیەك لە پێكی فەل لەگەڵ شەرابێكی پەمەیی
دەكەنە هەناومەوەو بەرەو سەراب بەڕێم دەكەن
منی بێ‌ نەواش بێ‌ پەروا ئێشكگری خەونەكانم و
لەگەڵ نەورەس دا لە شەقەی باڵ دەدەم
ڕۆدەچمە نێو دەریا و لەگەڵ دۆلفیندا دەبینە كاندێش و
گڵكۆكانی سیمای ئەفسانەت
دەكەمە توێشوی ڕێ‌ و وێڵ بوونی تنۆكی دیدە
چبكەم دڵۆچكەم بێ‌ سینەی وەهمت ئارام ناگرێ‌
فرمێسكم بێ‌ پەروا
وەك ژنانی ئێرە … چۆڕاوگەی بەستووە
ئامێزم وەك جەستەی سۆزانیەكان خرۆشاوە
چۆن ئاوێزانت ببم و دووا دڵۆپی هەناوم ڕۆكەمە
نێو هەنسكی گەرم و گوڕ و قڵیشاوەكانت
تا ئارام بگرم لە كەنارت
هەناسەكانم .. هەنسك ناكەنە كانیاوو
چاوێلكەی هزرم نابنە ڕووبار و
دڵەی شەیدام بەبەركوڵی یەكەم ماچ ئاشت نابنەوەو
خورپەكانم دەبنە زەریا و هەمیشە چڕ دەبنەوە
بەڵكو پەی بە نهێنییەكانی گومان ببەن و
بەیەقینی شتەكان بگەم و
بەركوڵ شێتم كاتەوەو ئارام بگرم
منی مردوو بێ‌ گیان شەپۆل دەم با و
تاڤگە دەمهێنێتەوە بەرەو كەناری خۆزگە
لە خۆشم بە گومانم
دەڵێن گڕت گرتووە .. دەتاوێ‌ سەربنێ‌ بە دڵمەوە
بزانم دەتوانیت لە سۆزم بگەیت .. چۆن بڵێسەی سەندووە
تا لێوەكانت بێ‌ ماچ نەبن و
بە سوراوی دەستكرد لە خشتەم نەبەیت
لێم مەگرە
گەر سەنگی بڕوام هاوسەنگ نابێ‌
دەمەوێ‌ هەمیشە ئێوارەكانی پاییز
لەگەڵ سەمای بەفردابن
تا لەگەڵ پڕوشەی خواستەكاندا تێر شەونمی
ڕۆژگار بنۆشم و چاوێك لێك نێم
بەڵكو بگەمەوە جوانی ژییان و
تاوێ‌ ئۆقرە بگرم
هەمیشە شەپۆل لە شۆڕشدایە و دەریای
لە خامۆشی ڕزگار كردووە تا نەمرێ‌
وشەی هزریش .. دەبێ‌ لە باڵەفڕێدابێ‌
تا لەگەڵ هەورەكان ئاشنا ببێ‌ و بە باران
گەرما لە خشتە بباو دەرونی بەتاو هێور كاتەوە
بەڵكو شەماڵ لە دایك بێ‌ و زوڵفت بژاكێنێ‌
لەنجە و لار سەرتاپای باڵات لە خۆ بگرێ‌ و شاگوڵی جوانیت
منی بەندە بتاسێنێ‌
ئێدی لەگەڵ ئاوازی پەپوولە گوڵەكان بەسەر دەكەمەوەو

بە ماچ دەیانلاوێنمەوە
بە ڵكو هەڵاڵە كانیان ببەخشنە تۆو
دووا نامەی دێوەرەیەك
بگەیەننە ژێر ساباتی هەنسكی بێ‌ پەروا ئاڵت

Yousif_kazh@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.