Skip to Content

Monday, November 30th, 2020

عه‌لی باپیر له‌ كوردستان شه‌به‌كه‌ی نیه‌

Be First!
by July 7, 2009 گشتی

هۆشمه‌ند جه‌لال / هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید

عه‌لی باپیر له‌ كوردستان و له‌ ناو ئیسلامیه‌كاندا به‌وه‌ ناسراوه‌، كه‌ چه‌ندین جار  و له‌ شوێنه‌ جیاوازه‌كاندا هه‌ڵوێستی جیاوازی پێشانداوه‌ و هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بووه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات. ئه‌وه‌تانی رۆژێك ده‌چێته‌ خزمه‌تی شێخ عوسمان عه‌بدولعه‌زیز و به‌ دونیایه‌ك مه‌كره‌وه‌ خۆی ده‌خاته‌ سه‌ر زه‌وی پێی ده‌ڵێت: كه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) هاتوه‌ته‌ خه‌ویی و له‌ خه‌ویدا پێی راگه‌یاندوه‌، پێویسته‌ به‌یعه‌ت بداته‌ رابه‌ری گشتی ئه‌و كاته‌ی بزوتنه‌وه‌ و ببێته‌ موجاهیدێكی ئه‌و. رۆژێكی تریش ده‌بێـته‌ وه‌سیتی حزبی به‌عس و گروپه‌ تیرۆریستیه‌ ئه‌فغانی و عێراقیه‌كان له‌ ناوچه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌وراماندا ئه‌م وه‌ساته‌شی به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لمێنراوه‌ "هه‌ركه‌سێك ئاره‌زووی لێی بێت ده‌توانین به‌ شێوه‌یی فایلی (pdf)  بۆی ره‌وانه‌ بكه‌ین"  ئه‌و جاسوسی و خۆهه‌ڵواسینه‌شی به‌ بنه‌ماڵه‌ی شێخ عه‌بدولعه‌زیزدا ته‌نیا بۆ له‌ ناوبردنی ئه‌وان و ته‌ختكردنی گۆڕه‌پانه‌كه‌ بوو بۆ خۆی تاوه‌كو بتوانێت جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. كه‌ سه‌رئه‌نجامیش توانی ئه‌و كاره‌ بكات ئه‌مه‌ش به‌ خۆ خستنه‌ باوه‌شی باوكێكی ئێرانی و دایكێكی له‌ دنیا ده‌رچووی عێراقی سه‌رئه‌نجام له‌ 3/5/2001    خۆی وه‌ك گروپێكی نوێ‌، كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی جیابوویه‌وه‌ راگه‌یاند و گه‌یشته‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵ بوو ئاره‌زووی بینینی ده‌كرد، له‌ لایه‌ك دڵی نه‌یارانی رابوونی ئیسلامی خۆش كردوو و له‌ لایه‌كی تر ئاره‌زووی كه‌سی یه‌كه‌م، كه‌ هه‌ر ده‌م له‌ مێشكیدا كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ده‌كرد، بووه‌ راستی. هه‌ر ئه‌م ئاره‌زووه‌ نه‌گریسه‌یه‌، كه‌ ئێستا رابوونی ئیسلامی به‌و ده‌رده‌ بردوه‌، چونكه‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی دروستبوونی رابوونی ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ ئه‌م ڤایرۆسته‌ مێشك و جه‌سته‌ی كاره‌كته‌ركانی ئه‌م ره‌وته‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، وه‌ك بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدولعه‌زیز و كوڕه‌زاكانیان خۆیان به‌ خاوه‌نی رابوونی ئیسلامی ده‌زانن و به‌ ته‌نیا مافی كه‌سی یه‌كه‌م و خه‌لیفه‌ی  موسڵمانان ده‌ده‌نه‌خۆیان، له‌وانه‌ش "(شێخ عوسمان و شێخ عه‌لی) خوالێخۆشبوان و مه‌لا سدیقی برایان و مه‌لا عومه‌ری برازایان و عیرفان و ئیحسان و ته‌حسینی كوڕانی مه‌لا عه‌لی) "، له‌ بواری كاری ده‌عوه‌ و گه‌یاندنی ئیسلامی وبرایانی موسڵمان، هیچ كات سه‌لاحه‌دین به‌هائه‌دین ئاماده‌ نییه‌، كه‌ كورسی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌ی ئیخوان موسلمینی كوردستان كه‌ ئێستا خۆی له‌ له‌ یه‌كگرتووی ئیسلامیدا دبینێـته‌وه‌ چۆڵ بكات و به‌ قودره‌تی قادر پاش پێنج كۆنگره‌ به‌ڕێزیان ئه‌مینداری گشتیه‌. هه‌رچه‌نده‌ باس له‌ دیموكراسی و ئاشتی و برایه‌تی نێوان موسڵمانان ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ته‌نیا خۆیان رابه‌ر و سه‌روه‌ربن. ئه‌وه‌شی په‌یوه‌ندی به‌ مه‌لا كرێكاره‌وه‌ هه‌یه‌ روون و ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ سه‌ر ده‌می ئینشیقاقه‌كانی ناو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیدا مه‌لا كرێكار سه‌رپه‌رشتی خه‌تێكی ده‌كرد به‌ ناوی خه‌تی اصلاح ، ئه‌و بێلایه‌ن مایه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ كاته‌ی وه‌ك كه‌سی یه‌كه‌م و ئه‌میری ئه‌نسار و ئیسلام قبوڵیان كرد، واته‌ له‌ لایه‌نی ده‌روونیه‌وه‌ نه‌یتوانی كه‌سی دووه‌م و سێیه‌م قبوڵ بكات بێجگه‌ له‌ ئه‌میرایه‌تی. جێگای گومان نییه‌ كه‌ شینی هه‌لیسه‌كه‌ی عه‌لی باپیریش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ببێته‌ ئه‌میر. ئه‌وه‌شی به‌ كرده‌یی ئه‌نجام داو بوویه‌ ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، هۆكاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌یده‌ویست له‌ پشت سه‌ری شێخ عه‌لی خوالێخۆشبوو و مه‌لا كرێكار و مه‌لا سه‌لاحه‌دینه‌وه‌ نوێژ بكات، به‌ڵكو ته‌نیا ئاره‌زووی ئیمامه‌ت و رابه‌ری و ئه‌میرایه‌تی ده‌كرد. مه‌لا سدیق عه‌بدولعه‌زیز به‌ ده‌یان جار داوای لێكرا كه‌ بچێته‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵ، به‌ڵام به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌ پۆستی یه‌كه‌م شاغر نییه‌ و خاوه‌نی پۆسته‌كه‌ش ئاماده‌ نه‌بوونی ئه‌و پۆسته‌ چۆڵ بكات بۆیه‌ به‌ ناچاری به‌ بزوتنه‌وه‌ی لاوازی نه‌خۆشی له‌سه‌رمه‌رگدا رازی بوو، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سی یه‌كه‌م بێت. له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی بزوتنه‌وه‌ بۆ لای كۆمه‌ڵ پاش گرژیه‌كانی نێوانیان، مه‌لا سدیق  وه‌ك رابه‌ر ته‌شریفی برده‌ لای ئه‌میر عه‌لی باپیر و له‌ په‌یامێكی كورتدا پێی راگه‌یان ئه‌وه‌تانێ‌ هه‌رچه‌نده‌ تۆ رازی نه‌بووێـت، به‌ڵام من وه‌ك رابه‌رێك هاتمه‌وه‌ لات نه‌ك وه‌ك جێگر یان به‌رپرسی باڵێكی (نه‌هزه‌) ناو بزوتنه‌وه‌. لێره‌دا ناكرێت هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی ئه‌وگۆڕانكاریانه‌ باس بكرێن، چونكه‌ ئه‌و مێژووه‌ هه‌نده‌ ته‌مه‌نی نییه‌ كه‌ پێویست به‌ رۆچون و لێكدانه‌وه‌ بكات دوور ترین ته‌مه‌نی له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ له‌ ئۆردوگای ده‌ربه‌ند دزڵی له‌سه‌ر ده‌ستی كۆماری ئیسلامی بۆ مه‌لا عوسمان و مه‌لا عه‌لی پێكهێنرا.  هه‌رچه‌نده‌ خۆیان ئه‌و مێژووه‌ بۆ ساڵی 1978 درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هیچ بنه‌مایه‌كی زانستی نییه‌ و ناكرێت ئه‌وه‌ بسه‌لمێت كه‌ له‌و ساڵه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ رابوونێكی ئیسلامی كارا له‌ كوردستاندا بوونی هه‌بووبێـت. بێجگه‌ له‌ چه‌ند ده‌رس و ده‌وره‌یه‌كی لاواز و په‌رش وبڵاو له‌ ناو مزگه‌وته‌كانی كوردستان به‌ تایبه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌ و خورماڵ و سیروان كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند مه‌لا یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دران له‌وانه‌ (مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود و مه‌لا حه‌بیب و …هتد).
یه‌ك لیستی ئێستاشیان له‌گه‌ڵ عه‌لمانی نا ئیسلامیه‌كاندا هه‌مان هه‌وڵیانه‌ بۆ كورسیه‌كه‌یان به‌رنه‌دانی شوێنه‌كه‌یان. خوای گه‌وره‌ له‌ كاره‌كانیان خۆش نه‌بێـت كه‌ ئه‌م رابوونه‌ ئیسلامیه‌یان كرده‌ قوربانی مه‌رامه‌كانی خۆیان و كورسیه‌كانینا. ئه‌گینا كورد به‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی راهاتبوو هاوكات دنیایه‌كێش قوربانی بۆ دابوو، بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ده‌یان مامۆستای ئایینی و له‌ خواترس به‌ دیدێكی ئیسلامیانه‌وه‌ ده‌یانڕوانیه‌ كێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد و له‌به‌هاری 1991 به‌رهه‌مه‌كه‌مان بینی كه‌ بێگومان به‌رهه‌می ئه‌و یه‌كریزیه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ خۆماڵیه‌ بوو له‌گه‌ڵ خه‌باته‌كه‌ی، نه‌ك رابوونێكی ئیسلامی له‌ ده‌ره‌وه‌ دروستكراوی میسر و سعودیه‌ و ئێران.
له‌ نوێترین هه‌ڵوێسته‌كانی مامۆستا عه‌لی باپیردا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ به‌ په‌له‌ پروزه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی چوار حزبه‌ كه‌ چووه‌ ئێران و به‌ موبایلێكی فول ئێرانی له‌ تارانی پایته‌خته‌وه‌ قسه‌ی ه‌گه‌ڵ كۆنه‌ هاوڕێ‌ و دوژمنه‌ نوێكه‌ی كرد بۆ هێور كردنه‌وه‌ی گرژی نێوانیان، نه‌ك له‌ پێناو پرسی ئیسلامیه‌كان، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی مه‌لا كرێكار هێرش نه‌كاته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و رابه‌ره‌كانیان نه‌وه‌كو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دوچاری شكست ببن و كورسیه‌كانیان بكه‌وێـته‌ مه‌رسیه‌وه‌. ناوبژیوان و دڵسۆز و رێكخه‌ری ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش دڵشاد گه‌رمیانی بووه‌، كه‌ گوایه‌ كه‌سێكی یاساغ و داواكراوه‌ له‌ئێران، به‌ڵام ئه‌مجاره‌شیان عه‌لی باپیر به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌چێته‌ وڵاتێك، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی  و شاراوه‌ كه‌سێكی قاچاغ ده‌بینیت، بێگومان كه‌س به‌م دوعایه‌ ناڵێت ئامین. فارس گووته‌نی(شتر دیدی ندیدی). ئایا له‌ كوردستانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردن به‌ ئه‌وروپا هه‌نده‌ سه‌خت و گرانه‌، كه‌ بچینه‌ ئێران بۆ په‌یوه‌ندی كردن. یان شتی تر؟ ئایا دڵشاد گه‌رمیانی هه‌نده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ عه‌لی باپیر گوێڕایه‌ڵی بكات یان ته‌كلیفه‌كه‌ی ئێرانه‌؟ مه‌لا كرێكاریش هێنده‌ ساده‌یه‌، كه‌ به‌ دوو قسه‌ی عه‌لی باپیر هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێت و گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ عه‌لی باپیر چۆڵ بكات و عه‌لی باپیریش پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌مان هه‌ڵوێسته‌كه‌ی به‌رانبه‌ر شێخ عوسمان دووپات بكاته‌وه‌ به‌ خه‌ونێكی تر مه‌لا كرێكار بكاته‌وه‌ به‌ تیرۆریست؟ 

sarbast_1976@yahoo.de
hoshmanjalal@yahoo.com

 

Previous
Next

Leave a Reply