عومه‌ر خاوه‌ره‌كه‌ی سه‌رده‌شت
داخوا ده‌ڤه‌ری سه‌رده‌شت چه‌ند چیرۆكی كپكراوی وه‌ك چیرۆكی به‌سه‌رهاتی قادری مه‌ولان پووری ته‌مه‌ن63 ساڵه‌ی تێدا بێت, كه ئازاره‌كانی خۆی تا ئێستا له هه‌ناویدا به كپكراوی هه‌ڵگرتبێت و به ئازاره‌وه له كۆڵی نابێت, چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێك گونجاو , چركه ساتێك , ڕۆژگارێك , هه‌لێكی له‌بار بكات پڕ به دڵی خۆی هه‌ڵیانڕێژێت و هه‌گبه‌ی دڵی به توانای خۆی بۆ هه‌مووان بكاته‌وه؟, ئازار و ده‌ردی قوربانیانی شاری سه‌رده‌شت به بارستایی چیا سه‌ركه‌ش و سه‌ربه‌رزه‌كانی گیاڕه‌نگ و زه‌نزیران باڵا به‌رزه و وه‌كو ئه‌وانیش سه‌ری به‌رزه .
ئه‌م چیرۆكه‌ی لێره‌دا بۆتان ده‌گێڕمه‌وه, چیرۆكی ناو ئه‌فسانه‌كانی به‌ر ئاگردانه‌كان و سیناریۆی ناو فلیمه خه‌یاڵییه‌كان و فه‌نتازیای ناو ڕۆمانه‌كان نییه , به‌ڵكه به‌سه‌رهاتی كوردێكی لادێی نه‌خوێنده‌واره كه ناتوانێت سه‌رجه‌م ئازار و لایه‌نه پڕ له ترایژیدیاكانی تاوانه‌كه وه‌ك خۆی به خه‌ڵك ڕابگه‌یه‌نێت, چیرۆكه‌كانی ژیانی سنووری خه‌یاڵدانی رۆمانووسان و شاعیرانی به‌زاندووه , ئه‌و مام قادره‌ی خێزانه‌كه‌ی ده‌بێت به قوربانی چه‌كی مۆدێرنه و تراژیدیای چیرۆكی مه‌رگه ساته‌كه‌شی كه‌سێك نییه بۆ نه‌وه‌كانی داهاتووی بگێڕێته‌وه, نه‌خوازه‌لا بنووسرێته‌وه, ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگایه نه‌بوایه (( دادگای بازرگانی چه‌كی كیمیاوی هۆڵه‌ندی فرانس ڤان ئانرات )) له‌گه‌ڵ خۆیدا مه‌رگه ساته‌كانی ده‌برده گۆڕه‌وه , كه‌سێك گوێبیستی ئاهو ناڵه‌ی ئه‌م پیاوه خاكییه به ویقاره سه‌ربه‌رزه نابوو .
پیاوێكی به‌خۆ به به‌رگی كوردی و كڵاو جامانه‌ی سه‌ره‌وه, ده‌گاته شاری لاهای بۆ ئه‌وه‌ی سكاڵای خۆی پێشكه‌ش به دادگا بكات , ئه‌و بارێك تاوانی له ویژدانیا هه‌ڵگرتووه هێناوییه‌تی له لاهای شاری دادپه‌روه‌ری جیهانی له به‌رده‌م دادگا هه‌ڵیڕێژێت , ڕاستگۆیی و دڵ پاكی كوره‌واریانه‌ی لادێیانه له سیمای ده‌باری, به‌رائه‌تی ده‌موچاوی له دوره‌وه هاواری ده‌كرد راستییه‌كان لێره‌ن, ئه‌وه‌ی له یه‌ك چركه سات به دیداری بگه‌یشتایه بۆی ده‌رده‌كه‌وت ئه‌م پیاوه له ڕاستی زیاتری پێ نییه‌و له ڕاستگۆیی زیاتر له سیمای ده‌رناكه‌وێت , له‌به‌ر ده‌م دادوه‌ری گشتی و دادوه‌ركان دیكه و ستافی دادگای دۆسیه‌ی فرانس ڤان ئانرات له به‌رواری 1-12-2005, به دورایی مه‌ترێك له فرانس ڤان ئانراتی تاوانبار بازرگانی چه‌كی كیمیاوی, له‌سه‌ركورسییه‌ك دانیشت .
كاتێك دادوه‌ری گشتی لێی پرسی: به كوردی قسه ده‌كه‌یت .
له وه‌ڵامدا وتی: له كوردی زیاتر زمانی دی نازانم گه‌وره‌م, ته‌نها كوردی ده‌زانم.
دادوه‌ری گشتی : كارت هه‌یه.
وه‌ڵام : كارگه‌ری ڕۆژانه ده‌كه‌م .
ڕاوه‌ستایه سه‌ر پێ و دوو په‌نجه‌ی ڕوو له ئاسمان به‌رز كرده‌وه, به دوای دادوه‌ردا وتی: خودا یارمه‌تیم بدات له حه‌قیقه‌ت زیاتر ناڵێم .
ئاخۆ ئێوه‌ش وه‌ك من له نزیكیه‌وه بونایه , ئاوا بتان بینایه له چركه ساته‌كانی یه‌كه‌م نیگاوه ده‌تان زانی ئه‌م پیاوه سه‌رده‌شتییه هه‌رگیزاو هه‌رگیز درۆ نازانێت , ئه‌مه له‌و مرۆڤه په‌پوله‌ییانه‌یه ئاورێشم ئاسا نه‌رم و نیان و بێگه‌رده , ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ دوژمنه‌كه‌شی به ڕاستی دێته گۆ , فرت و فێڵ له گه‌ڵ جه‌لاده‌كانیشی نازانێت .
لێره‌وه ده‌چینه ناو چیرۆكه پڕ تراژیدیاكانی قادری مه‌ولانا پوور , ئه‌و ڕۆژه ساماڵه‌ی ئاسمانی گوندی ره‌شه هه‌رمێ و شاری سه‌رده‌شت له‌به‌ر تیشكی به‌هێزی خۆره‌تاو سه‌یركردنی ئاوی چاوی داده‌هێنا, چاوه تیژه‌كانیش نایانتوانی ڕوو له ئاسمان پێلو بجوڵێنن و خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه, نیگا بخه‌نه سه‌ر ڕوپه‌ڕی ئاسمانی شینی بێگه‌رد, شار و ده‌وروبه‌ری سه‌رده‌شت به بنار و شاخه‌وه‌وه به بێده‌نگی ڕۆژه ڕه‌شه‌كانی شه‌ڕیان به‌ڕێ ده‌كرد , كاك قادر به‌هۆی باری گرانی خێزانه‌كه‌یه‌وه كه یه‌ك مانگ بوو له پێشمه‌رگایه‌تی گه‌ڕابوه‌وه بۆناو ماڵ و منداڵه‌كه‌ی ,خه‌ونه‌كانی خه‌باتی چه‌كداری له خه‌یاڵی خۆیدا زینده به‌چاڵ كرد, ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت سه‌ربه‌رزانه منداڵه‌كانی بژێنێت, هه‌ر له‌و مانگه‌دا برایه‌كی كه پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیموكرات بوو له چیای قۆچی پشت گوندی مارۆغانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت شه‌هید ببوو , به ناچاری و له ژێر باری گرانی ڕۆژگاردا, درێژه‌ی به ڕێبازی براكه‌ی نه‌دا, خۆی ته‌حویل ده‌داته‌وه به ڕژێم , بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی و 3 منداڵه‌كه‌ی سه‌ربه‌رزانه به‌خێو بكات , بۆ ئه‌وه‌ی له سۆزی باوك بێبه‌ری نه‌بن .
ده‌وروبه‌ری كاتژمێر 4 ی پاش نیوه‌ڕۆ , له به‌رواری ڕۆژه ڕه‌شه‌كه‌ی 28-6-1987 دا و كاتژمێر نزیك 4:30 سه‌ر له ئێواره, له وه‌رزی پڕ به‌ره‌كه‌تی دره‌وو دورینه‌وه‌ی گیا‌و گۆڵه, 4 فڕۆكه‌ی عێراقی له ئاسمانی شاری سه‌رده‌شت وه‌ك وێشومه‌ی سه‌ره خۆره ده‌رده‌كه‌ون , ده‌نگێك نزم له گوندی ڕه‌شه هه‌رمێوه دێت , ئه‌و گونده 22 ماڵیه‌ی ده‌كه‌وته په‌نا ده‌ست و بن هه‌نگڵی شاره‌وه, كه ته‌نها 1 كم به‌لای ڕۆژئاواوه له سه‌رده‌شته‌وه دووره, مام قادریش دوای زرمه‌كه‌ش له كاره‌كه‌ی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت ,وه‌ك ئه‌وه‌ی مێش میوانی نه‌بێت, ئاخر ئه‌و كوڕی ناو كوڕانی گیا ڕه‌نگ و مه‌لا ئاواره بوو, به ده‌نگی وا ڕا ناچه‌ڵه‌كێ .
له‌و كاته‌ی خێزان و منداڵه‌كانی له ده‌م چه‌م و له بن دارگوێزێك خه‌ریكی شی‌و لێ نان ده‌بن, بۆ ئه‌وه‌ی ئێواره هه‌موو پێكه‌وه له گه‌ڵ مام قادردا له ده‌وری سفره‌یه‌ك دابنیشن و بیخۆن, ئه‌ویش له گوندی مه‌ره‌غان كاری خۆی ده‌كات , فڕۆكه مه‌رگ هێنه‌ره‌كان به به‌رچاویه‌وه ڕقی فاشستانه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ڕه‌شه هه‌رمێ و شاری سه‌رده‌شتدا داده‌بارێنن, ده‌ست له هیچ ناپارێزن , ئه‌و تاوانه‌ی تا ئه‌و چركه‌ساته هیچ چاوێك نه‌یبینیوه ده‌خولقێنن , تاوانێك مه‌گه‌ر ته‌نها زاره‌كانی مام قادر بتوانێت مافی گێڕانه‌وه‌ی هه‌بێت به مافی خۆی بزانێت, ئه‌و زرمه‌یه‌ی ئه‌و رۆژه سه‌رده‌شتی هه‌ژاند ده‌رگای بۆ هه‌ڵه‌بجه كرده سه‌ر پشت .
قادر له‌و چركه‌یه قه‌ت دڵی بۆ ئه‌وه نه‌چوو بوو ئه‌و زرمه‌یه هێواشه كۆتایی هێنابێت به هه‌موو خۆشی و ئاوات و ئامانجێكی, ژیانی خۆشه‌ویستانی لێسه‌ندبێته‌وه, ببێته هۆی گۆڕینی سه‌رتاپای ژیانی, ئه‌و له‌حزه‌یه دوا چركه‌ی خۆشی ئه‌و بوو بێت له هه‌موو ژیانی, ڕۆژه‌كانی دیكه هه‌موو به ئاواتی گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌رخی ڕۆژگاربێت بۆ پێش ئه‌و چركه ساته, ڕۆژانه ئه‌م خه‌ونه ده‌بینێت و ده‌بینێت و تا ئێستا ئه‌وه 25 ساڵه به‌رده‌وام ده‌یبینێته‌وه .
له گه‌ڵ ده‌نگه‌كه ناخۆشییه‌كانی ئه‌ویش باڵا ده‌كه‌ن , منداڵه‌كانی ئه‌و چركه ساته به‌ر كیمیابارانی فڕۆكه‌كانی به‌عس ده‌كه‌ون , هیچیان ڕزگاریان نابێت, بۆ نه‌گبه‌تی ڕۆژگار و مانه‌وه‌و تلانه‌وه به ده‌م ئازاره‌وه ته‌نها خۆی ده‌رده‌چێت, ئه‌و له كاركردنه‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت , تا له ناكاو هاووڵاتیانی گونده‌كه به‌سواری وڵاخ منداڵه‌كانی به برینداری بۆ ده‌هێنن بۆ گوندی مه‌راغان , لێره‌وه چیرۆكی نه‌هامه‌تی كاروانی ئازاره‌كانی مام قادر ده‌ست پێده‌كات و شۆڕ ده‌بێته‌وه بۆ ناو سه‌رتاپای مێژووی مانی , لێره‌وه ئیتر داستانی ئازار و جه‌هه‌نه‌م ده‌رگای ده‌خرێته سه‌ر پشت , عومه‌ر خاوه‌ر ئاسا په‌لاماریانی دا بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌رگ بیان شارێته‌وه, وه‌لێ ئه‌مان نه یه‌ك نه دوو نه سێ چووار بوون , چركه ساتی شاردنه‌وه‌شیان له وێشومه‌ی مه‌رگ تێپه‌ڕیبوو , فریای ئه‌و چركه ساته‌ش نه‌كه‌وت , پڕ به گه‌روی بۆنیانی ده‌كرد , بۆنێك ئه‌وه‌نده درێژ به ئه‌ندازه‌ی ڕێگای خۆشه‌ویستی دوو دڵی باوك و نه‌وه‌یه‌ك له گیانه‌لای مردن‌دا, ڕێگایه‌ك ئه‌وه‌نده ته‌لیسماوییه هیوادارم كه‌س نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌وه , ئه‌می هه‌ڵده‌گرت ئه‌وی دی دا ده‌نایه‌وه ,ئه‌می بۆنده‌كرد ,ژه‌هری ئه‌وی دی قوتده‌دا ڕ به هانوو به ئه‌ندازه‌ی بۆنی خۆشه‌ویستان بۆنیانی ده‌كرد, یه‌ك به یه‌ك ده‌یانی نا به هه‌ناسه‌یه‌وه, كه ژه‌هری هه‌ناویانی هه‌ڵده‌مژی خۆشییه‌كی شه‌ماڵانه ته‌سكێنی به دڵ و ده‌روونی ده‌دا , به په‌له په‌ل و خێرا , ده‌ترسا له له‌حزه‌ی گۆڕینیان یه‌كیان ماڵئاوایی لێ بكات و فریای مژینی هه‌ناسه‌ی ژه‌هراوی نه‌كه‌وێت, چركه ساتێك ژه‌هر خۆشی ده‌به‌خشێت به مرۆڤ , بۆ دایكان و باوكان بۆنی زاروك ئه‌گه‌ر ژه‌هراویش بێت له هه‌موو بۆنێك خۆشتره , عومه‌ر خاوه‌ر فریای ئه‌و له‌حزه‌یه نه‌كه‌وت بۆنی كوڕه تاقانه و 8 كچه‌كه‌ی بكات و ڕزگاری بوو ,ئازاره‌كانی بۆ گه‌له‌كه‌ی به‌جێ هێشت, به‌ڵام مام قادر وا له‌ناو ئه‌و له‌حزه‌یه‌دا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات , پڕ به گه‌روی بۆنیانی ده‌كرد, هه‌ناسه پڕ له ژه‌هراوییه‌كه‌یانی پڕ به گه‌روی هه‌ڵده‌مژی و قووتی ده‌دا , بۆن و تامێكی خۆشی ده‌دا به جه‌سته په‌ككه‌وته بێ ئاواته‌كه‌ی , ده‌یه‌ویست بۆنی ژه‌هری جه‌سته‌یان هه‌ر له‌ناو سینه‌یدا تێكه‌ڵ به هه‌ناو و دڵی ببێت و ده‌رنه‌چێت ,ده‌یه‌ویست به ژه‌هره‌كه بڵێت ئه‌وان نا من , له‌م گفتوگۆ بێ ئه‌نجامه‌دا بوو له‌گه‌ڵ مه‌رگ و خۆی ,نایه‌زانی چۆن هه‌ناسه‌یان هه‌ڵمژێت بۆ ئه‌وه‌ی بۆنه‌كه‌ی له لوتی و ئاواته‌كانی له زاكیره‌و خۆشییه‌كه‌ی له جه‌سته‌یدا تاكو دوا چركه‌ی ژیان بمێنێت , تاكو ئێستاش به عه‌زره‌تی ئه‌و گازه ژه‌هراویه‌وه‌یه, نه‌بوه مرۆڤ كۆیله‌ی گازی كوشنده بێت , خۆشترین چركه له‌و ساته‌دا ئه‌وه بوو مه‌رگی خۆی پێش منداڵه‌كانی ببینایه , ئه‌مه پاڕانه‌وه‌ی هه‌موو دایك و باوكێكه , مام قادر بۆ مه‌رگیش ئاواتی نه‌هاته دی .
ئاخر ئه‌و سه‌ربه‌رزانه‌ترین و به‌خته‌وه‌رترین كاری خۆی, كه پێشمه‌رگایه‌تی بوو واز لێ هێنا, ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی نان بۆ منداڵه‌كانی په‌یدا بكات ( ناسر و ماڵ ماڵ ی ته‌مه‌ن 8 ساڵانه‌ی جمكانه, شاهێنی كچه گه‌وره‌ی 9 ساڵانه, ژنه‌كه‌شی زگی پڕ بوو له‌سه‌ر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو), وه‌لێ حه‌زو و ئاواته‌كانی له ژیاندا ئه‌و ئێوارانه‌یه هه‌موو چوون به ئاسمانا, رژانه ناو خه‌یاڵدانی تاوان و مه‌رگه‌وه .
دوای یه‌ك مانگ له گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌خێو كردنیان, وا ئێستا وا به كۆمه‌ڵ به برینداری له باوه‌شیدان, هه‌موو بوونه به جه‌سته‌یه‌كی هه‌نجن هه‌نجن كراوی گه‌رمی بێ‌گیانی ژه‌هراوی, ته‌نها به هه‌ناسه ماون به جه‌سته هه‌موو گۆڕاون و له دوا كات و چركه‌ی ژوانه‌كانی ماڵئاوایدان له ژیان . كه ده‌گه‌نه لای به‌مشێوه‌یه كه ده‌یانبینێت وه‌ك بۆی گێڕاینه‌وه و وتی : تووشی (( سه‌ره‌گێژه ,ڕشانه‌وه ,به‌لادا ده‌هاتن )) ببوون .
ئاگری جه‌رگ باڵی پێ ده‌گرێت, به په‌له ده‌یان بات بۆ شاری سه‌رده‌شت, له‌وێوه ده‌یانگه‌یه‌نێته شاری بانه و دواتر به سه‌فه‌ری مه‌رگدا درێژه به گه‌شته‌كه‌ی ده‌دات بۆ تاران, له هه‌موو وێستگه‌كان پزیشكان هیوای پێ نابه‌خشن .
له بانه داوای لێ ده‌كه‌ن له گه‌رماو بیان شوات, ئه‌ویش بێ پارێز و گوێگرتن له ڕێنوێنی پزیشكی , به ده‌ستی خۆی ده‌یان شوات, به‌هۆی مناڵه‌كانییه‌وه نه‌خۆش ده‌كه‌وێت به گازی كیمیاوی, چاوی ده‌كه‌وێته ئێشان و گیانیش ده‌كه‌وێته خوران , لێ جه‌رگ حه‌ژمانی لێ بڕیبوو گوێی نه‌دا پێی, به ناچاری به دوای سه‌فه‌ری چاكبونه‌وه‌ی مناڵه‌كانی درێژه به‌گه‌شتی مان و نه‌مانی ژیان ده‌دات بۆ شاری ته‌برێز , له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شارێكی كوردی نییه له‌و كوردستانه , كه شوێنی مرۆڤ چاككردنه‌وه‌ی تێدا بێت , بۆیه مام قادری زمان نه‌زان به ناچاری هانا بۆ شاری ته‌بڕێز و دواتریش شاری تاران ده‌بات .
ناسر له ته‌برێز ماڵ ئاوایی ده‌كات و ژیان كچیشی ئه‌نفال ده‌كرێت و لێی ده‌شارنه‌وه
تا ده‌گه‌نه شاری ته‌برێز , به‌رده‌وام پێستی جه‌سته‌یان ئاوی مه‌رگی لێ ده‌چۆڕێته‌وه وه‌ك خۆی گێڕایه‌وه, هه‌موو ببوو به بڵقی گه‌وره گه‌وره و ڕه‌نگی خۆیان له ده‌ست دابوو, له‌به‌ر ئێشی جه‌سته‌و چاویان هاوارو ناڵه ناڵیان بوو , ئه‌ویش به دیاریانه‌وه مات و مه‌لول و جه‌رگ ده‌قرچایه‌وه و هه‌ناو بوو بوو به ئاگر , نایه زانی چی بكات هانا بۆ كوێ ببات , ته‌نها ئه‌وه‌نده ده‌یووت: ئێش و ئازارتان بۆ من بێت ,قه‌زاتان له باوكتان كه‌وێت .
له ته‌ورێز پزیشكه‌كان دڵیان سار ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن : چاره‌سه‌ریان لێره نییه!, ئه‌مه چ ئومێدێكه, چ ڕۆژه ڕه‌ش و چاوه‌نواڕییه‌كه له ژیان, چ ده‌رگا داخستنێكه له ئاوات , پێش مه‌رگی خۆشه‌ویسته‌كانت ,ئاوات و هیواكانت بكوژێننه‌وه‌و, هه‌واڵه‌كه‌یت بده‌نێ .
مام قادر بۆ خۆشی تلۆقی سه‌ر ده‌سته‌كانی هه‌ر له بانه‌وه ده‌ستی كرد به گه‌وره بونه‌وه, لێ گوێی پێ نادا , ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وه‌وه گرنگ بوو ته‌نها مانی منداڵه‌كانی بوو, خۆی ده‌كرد به قوربانی هه‌ناسه‌یه‌كیان .
لێره‌وه تراژیدیا ده‌ست پێده‌كات, ژنه‌كه‌ی له ته‌ورێز ژان ده‌یگرێت, نازانێت بۆ ئێشی جه‌سته‌ی هاوار بكات یان ژانی منداڵه‌كه‌ی, ده‌ڵێن ژانی ژن دیاری خوایه بۆ ژنان, ئه‌دی دوو ژانی ئه‌م ژنه دیاری كێیه ؟ سه‌دام و خوا پێكه‌وه؟, پاش ئێش و ئازارێكی زۆر منداڵه‌كه‌ی سكی له دایك ده‌بێت.
مام قادر ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانی ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌كرد, به ژنه‌كه‌ی ده‌ڵێت چیمان بوو ؟ .
ئه‌ویش له وه‌ڵامیدا : كچێكمان بوو .
هه‌ر له‌وێ ناوی ده‌نێن ژیان !.
ژیان له ڕۆژگاری مه‌رگدا چ ئاسۆیه‌كه ,ته‌نها پیاوه مه‌زنه‌كان له ناخۆشییدا بێ ئومێد نابن و له به‌رامبه‌ر ناشرینی مه‌رگ ده‌جه‌نگن, ئه‌و پیاوه مه‌زنه‌ی هێشتا چیرۆكه‌كان نه‌یاندۆزیوه‌ته‌وه .
په‌رستیاره‌كان له‌وێ پێیان ده‌ڵێن: بڕۆن بۆ تاران, 10 ڕۆژی دیكه منداڵه‌كه‌تان بۆ ده‌نێرینه‌وه .
مام قادر به قورگی پڕِ له گریانه‌وه ده‌تووت دوێنی كاره‌ساته‌كه ڕویداوه, پاش 18 ساڵ و نیو له‌و ڕۆژگاره وتی : ئه‌و منداڵه‌م به‌جێ هێشت بۆیان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی دیكه‌م ڕزگار بكه‌م , چوین بۆ فڕۆدگا بۆ ئه‌وه‌ی بچین بۆ شاری تاران , ژیانیشمان ته‌سلیم به‌و چاره‌نوسه نادیاره كرد, ژیان و مه‌رگ له‌و چركه ساته‌دا تێكه‌ڵ به‌یه‌كتر ببوون.
دادوه‌ری گشتی وته‌كانی پێ ده‌بڕێت و لێی ده‌پرسێت : قه‌ت منداڵه‌كه‌ت نه بینییه‌وه .
وه‌ڵام : نا به‌خوای نه‌مبینیه‌وه قه‌ت به ئێستاشه‌وه , هه‌ر نه‌مبینی به چاو, ته‌نها وتیان كچێكتان بووه, به بێ بینین ناومان لێی نا, دوایی دووجاری دیكه‌ش به تایبه‌ت چوومه‌وه بۆ شاری ته‌برێز بۆ ئه‌وه‌ی بیدۆزمه‌وه‌و بیهێنمه‌وه, هه‌ر نه‌متوانی بیدۆزمه‌وه , ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌مبینییه‌وه‌و نه‌مدۆزییه‌وه , چۆن ڕۆیشت ئاوا نه‌هاته‌وه .
له‌سه‌فه‌ری مه‌رگدا له فڕۆدگا ناسر داوای ئاوی كرد, پێش ئه‌وه‌ی ئاوی بده‌ینی تا ده‌می ته‌ڕ بكات له‌وێ ته‌واو بوو, له دوا چركه‌ی ژیان ئاویشی ده‌ست نه‌كه‌وت , به په‌له ناسرمان له ته‌برێز له ناو یه‌خچاڵ به جێ هێشت و ڕۆیشتین بۆ ڕزگاركردنی ئه‌وانی دی, فریای شاردنه‌وه‌شی نه‌كه‌وتین .
له كورده‌واریدا ده‌ڵێن مردووان ڕۆژیان ته‌واو ده‌بێت چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تاكو منداڵێكی دی شوێنیان بگرنه‌وه, ناسر كیژۆڵه‌یه‌ك شوێنی گرته‌وه, ئه‌ویش یه‌كسه‌ر ئه‌نفالكرا ببڕای ببڕا نه‌بینرایه‌وه .
ماڵماڵ و شاهێن و دایكیان له تاران هه‌موو مردن
مام قادر ئاوا درێژه‌ی پێدا: كه گه‌یشتینه شاری تاران, به‌من بوایا فڕۆكه‌كه له بان نه‌خۆشخانه‌كه بنیشتایه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی فریای چاره‌سه‌ركردنیان بخه‌م , وه‌لێ ڕۆژی دواتر له تاران ماڵماڵیش ته‌واو بوو, به‌ڵام ئه‌و به ئاواتی چۆڕه ئاوێك سه‌ری نه‌نایه‌وه, به‌ڵكه هه‌ر فریای داوا كردنیشی نه‌كه‌وت .
ئاگام له خۆم نه‌مابوو , نامزانی هانا بۆ كوێ به‌رم , تاكو سوڕاینه‌وه هه‌فته‌ی دی شه‌هێن و دایكیشی هه‌موو به دوای یه‌كدا مردن , نازانم چۆن نۆره‌یان وا به دوای یه‌كدا هات, فریای ئه‌وه ناكه‌وتم پڕ به دڵ بۆ یه‌كیان بگرێم ئه‌وی دی ده‌هاته سه‌ری , من له چاوه‌ڕوانی مه‌رگدا بووم له گه‌ڵیان نه‌ك به ئاواتی چاكبوونه‌وه, هه‌رسێ ته‌رمه‌كه‌م له تارانه‌وه هه‌ڵگرت و بێ‌ئومێد بێ‌ئومێد گه‌ڕامه‌وه بۆ ڕه‌شه هه‌رمێ .
ته‌رمه‌كان ده‌هێنێته‌وه ڕه‌شه هه‌رمێ
ته‌رمی 2 منداڵ و خێزانه‌كه‌ی له تارانه‌وه ده‌هێنێته‌وه بۆ شاری سه‌رده‌شت , ته‌رمه‌كه‌ی ناسریش له شاری ته‌برێزه‌وه بۆی ڕه‌وان ده‌كه‌نه‌وه بۆ سه‌رده‌شت , لێ كچه زیندووه‌كه‌ی لێ زه‌وته‌كه‌ن و ده‌یشارنه‌وه, مردوی ده‌ده‌نه‌وه, زیندووش بۆ خۆیان ده‌به‌ن.
4 ته‌رمه‌كه ده‌هێنێته‌وه له ڕه‌شه هه‌رمێ ده‌یان نێژێت, ئێستاش دوایی 25 ساڵ له‌و كاره‌ساته جه‌رگبڕه, هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك مام قادر غه‌م و ئازاره‌كانی له‌سه‌ر گۆڕی ناسرو ماڵماڵ به بادا ده‌دات , له گریان زیاتر هیچی دی له ده‌ست نایات بۆ شه‌هێن, عه‌زره‌تی بینینه‌وه‌و گریانیش بۆ ژیان , دوعای به‌هه‌شتیش بۆ خێزانه‌كه‌ی .
ئه‌و پیاوه به شه‌هامه‌ته ئازایه , ده‌یان جار له مه‌رگه‌وه به موو دور بووه, له‌به‌رده‌م دادوه‌ر ده‌ستی كرده گریان , هه‌موو ئاماده‌بوانیش له گه‌ڵیدا به دادوه‌ریشه‌وه دایان له قولپه‌ی گریان, ئاخر ئه‌م ناسر و ماڵماڵه‌ی مام قادر ئه‌فسانه‌ی هه‌ڵبه‌ستراو نییه, چیرۆكی ناو حه‌یران و ئه‌فسانه‌كانی به‌ر ئاگردان نییه, منداڵه‌كه‌ی عومه‌ر خاوه‌ریش نییه ته‌نها وێنه‌كه‌ی به‌جێ مابێت , ئه‌مه عومه‌ر خاوه‌ره برسییه زیندووه‌كه‌ی ئه‌وڕۆیه ئێستا مات و مه‌لول و بێكه‌س له قوژبنێكی ئه‌و كوردستان هه‌ژارانه ژیان به‌سه‌ر ده بات و كه‌سیش نییه ببێت به شه‌ریكی خه‌م و ئازاره‌كانی , ئه‌مه چیرۆكی ڕیالیستی دیرۆكی نوێی كوردییه, كێ هه‌یه چیرۆكه ڕاستییه‌كانی ئه‌م گه‌له سته‌مدیده بێكه‌سه ببیستێت نه‌گرێت .
له‌و گونده 22 ماڵییه بچوكه‌ی ڕه‌شه هه‌رمێ , كه له‌سه‌ر هیچ نه‌خشه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه دیار نییه, ئه‌و دوا نیوه‌ڕۆیه , به چه‌كی ڕۆژئاوا‌و به ده‌ڵاڵی ئه‌نرات ئاساكان كه له دووری یه‌ك مه‌ترییه‌وه گوێی قوڵاخ كردبووه‌وه بۆ ئه‌م چیرۆكه تراژیدیایه‌ی مام قادر , جگه له 3 منداڵ و خێزانه‌كه‌ی مام قادر , 3 قوربانی دیكه‌ش هه‌بوو له هه‌مان گونددا بوونه قوربانی,كه ئه‌مانه‌ن :
-مه‌وله‌د زینێ .
-قادر زینێ .
-مه‌لا حوسه‌ین .
مام قادر چییه‌تی و چۆن ده‌ژێت
ئه‌م پیاوه سیما كوردی چاو شینه ددان شاش و واشه سه‌رو جامانه له‌سه‌ره تێكسمڕاوه به‌هێزه, له شاری لاهای ناوه‌ندی دادپه‌روه‌ری جیهانی سیمای كوردییانه‌ی خۆی نه‌گۆڕی , یه‌كه‌م كورد بوو له مێژوودا له‌م شاره , به به‌رگی كوردییه‌وه شایه‌دی له سه‌ر تاوانبارێك بدات و سكاڵای لێبكات .
ئێستا مام قادر دوای هاوسه‌رگیری دووه‌می 6 منداڵی هه‌یه, هه‌رچه‌نده تا هه‌نووكه ته‌نگه نه‌فه‌سه‌و گیانی ده‌خورێت ( به وته‌ی خۆی خورشتی هه‌یه) , ده‌ستی به ته‌واوی كاری پێ ناكرێت, لێ بۆ په‌یدا كردنی نانی خانه‌واده‌كه‌ی, ده‌بێت ڕۆژانه هێزی كاری له بازاڕدا به هه‌رزانترین نرخ بفرۆشێت, سه‌ر هه‌موو هه‌فته‌یه‌كیش چه‌ند ساتێك ته‌رخان بكات بۆ گریان بۆ ڕومه‌تی ئاڵ و واڵی ناسر و ماڵماڵ و شاهێن و خێزانه‌كه‌ی, ئه‌وه‌شی ئاشقی چیرۆكی ناسر و ماڵماڵه با گوێ له‌و بگرێت, بزانێت چۆن ڕوحی منداڵه‌كانی ده‌كات به به‌ردا , چۆن قایمترین جه‌سته خۆی له‌به‌رده‌م ئاوازی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كانی ناگرێت .
وتی: كار نه‌كه‌م نان نییه ماڵ و منداڵه‌كه‌م بیخۆن, مه‌جبورم هه‌موو ڕۆژ بچم بۆ سه‌ر كار.
ئه‌و شوێنه‌ی كه منداڵه‌كانی تێیدا به‌ر گازی كیمیاوی كه‌وتن , هیچكه نه سه‌وزایی لێ ڕوایه‌وه , نه قه‌بوڵی ژیانیش ده‌كات , دار گوێزه‌كه‌ش كه ڕۆژانه هه‌موو ژوانیان له‌گه‌یڵدا هه‌بوو , له‌تاو مه‌رگی هاوڕێكانی ناسرو ماڵماڵه‌كه‌ی قادر ڕه‌شی پۆشیووه و بڕیاری ئازییه‌تباری هه‌تا هه‌تایی داوه.
كاتێك له‌به‌رده‌م دادگا له‌ناو په‌رتووكی قوربانیانی شاری سه‌رده‌شت وێنه‌ی منداڵێكیان پێی نیشاندا .
دای له پڕمه‌ی گریان و وتی: ئه‌مه شاهێنه چی ده‌كات لێره ؟.
دادوه‌ری گشتی ڕوی له ئاماده بووان كرد و وتی: كه‌س پرسیاری هه‌یه؟.
كه‌س پرسیاری نه‌بوو ئاخر چ شه‌یتانێك ده‌توانێت گومان له‌وه بكات ئه‌م چیرۆكه ڕاست نییه .
دادوه‌ر له كۆتاییدا وتی: چی داواكارییه‌كت هه‌یه ؟.
قادر: داواكارم له دادگا تاوانبار به سزای خۆی بگات .
دادوه‌ری گشتی: ئێمه‌ش ئه‌م داواكارییه‌مان هه‌یه .
عه‌لی مه‌حموود محه‌مه‌د