Skip to Content

Tuesday, December 1st, 2020

عێراق جێگای گومانه‌

Be First!
by June 15, 2009 گشتی

عێراق جێگای گومانه‌
هه‌ندرێن شێخ راغب

 

له‌ ساتی ئێستادا ناكۆكی له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقدا هه‌یه‌، كاتێك مالكی گوتی: پێویسته‌ كار به‌ سیسته‌می زۆرینه‌‌و كه‌مینه‌ بكه‌ین‌و سیاسه‌تی ته‌وافوقی له‌ ده‌سه‌ڵات دابه‌ش كردن نه‌مێنێت.. ئه‌وا تاڵه‌بانی له‌وه‌ڵامدا گوتی: هێشتا عێراق پرۆسه‌ی ئاشتیه‌وایی نیشتمانی تێنه‌په‌ڕاندوه‌‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌ له‌ ئاشتیه‌وایی نیشتمانی، بۆیه‌ پێویسته‌ دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵاتی عێراق له‌سه‌ر ته‌وافوق بێت. بێگومان ئه‌مه‌ جیاوازیه‌كی ئاشكرا‌و به‌ كه‌له‌به‌ره‌ له‌نێوان هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی كۆمار‌و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. نكۆڵًیش له‌وه‌ ناكرێت توندوتیژی تایه‌فی‌و هێزه‌كانی ناو عێراق كێرڤی به‌رزبۆته‌وه‌‌و گومان له‌ پێكه‌وه‌بون‌و ئاشتیه‌وایی‌و رێككه‌وتنه‌كان ده‌كرێت. كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت عێراق جارێكی تر بكه‌وێته‌وه‌ ناو گێژاوێكی سیاسی پڕ ناكۆكی‌و ته‌نگه‌ژه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌ندێ رووداوی ئێستا بكه‌ین ده‌بینین ئاڵۆزیه‌كان‌و ته‌نگه‌ژه‌كان ده‌ركه‌وتونه‌ته‌وه‌، بۆ نمونه‌ هه‌وڵی لێ پێچینه‌وه‌ی عه‌دنان دلێمی، كه‌ راگه‌یاندنه‌كان رایانگه‌یاند عێراقی به‌جێ هێشتووه‌.. كاتێك لێ پێچینه‌وه‌ له‌گه‌ڵا كاره‌كته‌رێكی وه‌كو عه‌دنان دلێمی بكرێت، مانای وایه‌ عێراق له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی تازه‌ دایه‌..ده‌ست پێكردن به‌م هه‌وڵه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراق‌و به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی لێ پێچینه‌وه‌، ره‌نگ بێت ماوه‌یه‌كی كورت نه‌خایه‌نێت‌و سه‌ر بگاته‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی تری ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی عێراق.. كه‌واته‌ داهاتوو عێراق ده‌بێته‌ شانۆی سه‌رهه‌ڵدان‌و له‌دایك بونی روداو‌و پرۆسه‌ی سیاسی تازه‌‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌‌و جێگای گومان.. كه‌ ده‌كرێت له‌ ئێستاوه‌ حسابیان له‌سه‌ر بكرێت. گومان كردنیش له‌ هه‌نگاوه‌ سیاسیه‌كانی ناو عێراق زۆر شه‌رعیه‌ له‌ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا بێت، چونكه‌ راده‌ی متمانه‌ به‌یه‌كتر ئاشكرایه‌ كه‌ چه‌نده‌ لاوازه‌، له‌هه‌موش جێگای مه‌ترسی تر، دوباره‌ بونه‌وه‌ی پلان‌و جه‌نگی نا دیموكراسی‌و نا قانونیه‌ كه‌ له‌ناواخنی بیركردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی عێراق به‌رێوه‌ ده‌به‌ن جێگای ده‌وڵه‌مه‌ندی خۆی هه‌یه‌.
ئێستا گۆڕانكاریه‌كانیش خێران‌و زوو ده‌گه‌نه‌ سه‌ر شانۆی نمایشه‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌له‌ی ناوێت ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ وه‌ربگرین.. چونكه‌ گومان هه‌یه‌ له‌ ئاراسته‌كردنی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌. بۆیه‌ ده‌بینین ناكۆكی ناو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی عێراق سه‌ری هه‌ڵداوه‌‌و كورده‌كان‌و شیعه‌كان‌و سوننه‌كان لێدوانه‌كانیان ناكۆكه‌ له‌گه‌ڵا یه‌كتر، راسته‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ تازه‌ نین‌و نامۆ نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای تێبینیه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا زۆر گه‌رم‌و راسته‌وخۆیه‌ له‌ ناو راگه‌یاندنه‌كان‌و پرسه‌كاندا. كه‌واته‌  عێراق جێگای گومانه‌‌و ده‌بێت بزانین ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ به‌ره‌‌و كوێ مل ده‌نێت، چی پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی كولتوری سیاسی له‌روی دیموكراسی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین‌و بزانین كه‌ پێكه‌وه‌ ژیانێك هه‌یه‌، كه‌ جێگای مه‌ترسی نیه‌. ئایا ئه‌وه‌ پێویستی به‌ كاركردنێكی زۆرنیه‌؟ بێگومان زۆر پێویستی به‌كاركردن هه‌یه‌، به‌ڵام چۆن بكرێت‌و كێ ده‌یكات؟ ئه‌وه‌ گومانه‌كه‌یه‌، وه‌ك چۆن خودی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ خۆی جێگای گومانه‌. 
ته‌قینه‌وه‌كان وامان لێ ده‌كات، كه‌ گومانی خراپ له‌سه‌ر به‌ره‌‌و پێشه‌وه‌چونی پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌تا ده‌بینین چۆن خوێن رشتن به‌رۆكی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ی گرتۆته‌وه‌. رۆژانه‌ هه‌واڵی ته‌قینه‌وه‌كان ده‌مانخاته‌ به‌رده‌م ترس‌و دڵه‌راوكێ كه‌ هێشتا هێزی مرۆڤ كوشتن له‌ هێزی ئازادی مرۆڤ به‌ هێز تره‌. له‌گه‌ڵا ده‌نگی هه‌ر ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ عێراقدا، سیاسیه‌كان‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌كان دێنه‌ به‌رده‌م راگه‌یاندنه‌كان‌و پێ له‌سه‌ر ئاشتیه‌وایی نیشتمانی داده‌گرن. ئه‌و كاته‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان دێت هه‌ستی ئاشتی نیشتمانی دێته‌وه‌ بیری ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، به‌لام كاته‌كانی تر خه‌ریكه‌ یه‌كتر ده‌كه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌م وڵاته‌‌و وه‌كو نه‌یارێكی دوژمنكارانه‌ ده‌ڕواننه‌ یه‌كتر. ئه‌مه‌ش ئه‌و هاوكێشه‌یه‌یه‌ كه‌ له‌كاتی ته‌قینه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌رچه‌نده‌ ناكرێ هه‌موو شتێك ره‌د بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ده‌وڵه‌ته‌دا تاقی ده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام كاتێك سه‌یری ئه‌و دڕه‌نده‌ییه‌ ده‌كه‌ین له‌ یه‌كتر كوشتن‌و ته‌قینه‌وه‌‌و ماڵا وێران كردنه‌ی ناو عێراق، ئه‌وا ناچارین بیر له‌ دۆزه‌خ بكه‌ینه‌وه‌‌و هه‌تا راده‌یه‌كی زۆر گومان‌و ترس داگیرمان بكات له‌ ژیان به‌سه‌ربردن له‌ عێراق. بۆیه‌ گومان كردن له‌ عێراق، ده‌شێت ئه‌و هێزه‌ بێت كه‌ وره‌مان پێ بدات بۆ ئه‌وه‌ی توند به‌رگری له‌ مافی مرۆڤ‌و ئازادی‌و جوانیه‌كانی خه‌ونی داهێنان‌و دنیایه‌كی ئارام بكه‌ین. چونكه‌ ئازادی‌و مافی مرۆڤ‌و جوانیه‌كان ده‌توانن ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ پته‌و به‌هێز بهێڵنه‌وه‌، ئه‌گینا چوارچێوه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ له‌رزۆك ده‌بێت‌و ناكرێت داوام لێ بكه‌یت له‌ناو شوناسی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا بژیم. ئه‌وكاته‌ خۆم مافی خۆمه‌ بڕیاری له‌ مافی چاره‌نوسی خۆم بده‌م. چونكه‌ ژیان له‌ناو دۆزه‌خی خوێن رشتن تاكه‌ی‌و من بۆچی به‌دیار ئه‌و هه‌موو ژیانه‌ پڕ گومان‌و دڵه‌راوكێیه‌ بوه‌ستم. 

Previous
Next

Leave a Reply