Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
عەبدوستار تاهیر شەریف…. دوا وەسیەت.. یان بەرگری كردن لە وتن

عەبدوستار تاهیر شەریف…. دوا وەسیەت.. یان بەرگری كردن لە وتن

Closed
by March 18, 2008 گشتی

هەردی مەهدی میكە…

 نامانەوێت لەسەر قۆناغ و ژیانی سیاسی ئەو پیاوە بوەستین و لەم چەند دێرەدا تێبینی خۆمان باسبكەین لەسەر هەڵسوكەوتی سیاسی، ئەوەندەی دەمەوێت قسە لەسەر ئەو زەینە بكەم كە ناتوانێت و نازانێـت لەگەڵ نوسین و وتن و رەخنەدا مامەڵەبكات، ئەوەش بڵێین كە تیرۆر تارماییەكە و لەناوماندایە و چەندین بەرگی هەیە كە جاری واهەیە لە شێوەی خۆماندا خۆی دەنوێنێت، ئاگاداركردنەوەیەكیشە كە ئازادی و ئازادی رۆژنامەوانی سەرەتایەكی خراپی هەیە و هیچی جیاواز نییە لەگەڵ تەكفیركردن و تۆقاندنە بەردەوامەكانی میسر، و كە دڵی پێخۆش نەكات تا ساردنەكرێتەوە.
 ئەو رۆژەی چوینە چاوپێكەوتنی د.عەبدوستار لە گەڕەكی رەحیماوای كەركوك (كە تارادەیەك لە هەر جێیەكی تری ئەو شارە ئارامترە) وەك هەر رۆژێكی تری سەرگەرمی كارە بەردەوامەكانی بوو، دیار بوو لەو تەمەنەشدا هەرگیز نایەوێت بێ ئیش بێت، ئەو پیاوێك بوو وشەكانی بەبەرپرسیارێتیەوە دەدركاند، وشە لەدوای وشە بە وردیەوە ریزی دەكردن، كەمێك پەلەی دەكرد لەوەڵامدانەوەدا وەك بڵێیت لە مردنەوە نزیك بێت و چەندان چاوپێكەوتن فریای قسەی ناخی ناكەون، ئەو تەمەنی سیاسی چەندێك بوو ئەوەندەش قسەو باس لەسەر ژیانی هەبوو، بەڵام بۆ هەموو تۆمەتێك پاساوێك و بۆ هەموو پرسیارێكیش وەڵامێكی هەبوو، هەرگیز ترسی لە مردن نەبوو تەنیا ئەوەندە نەبێت تەكلیفی بچوكی ئەو لە مردن بە چاوانیدا وادەخوێنرایەوە ئەوەبوو رێگەی بدات چی كردوە بە پاساو و تەفسیركردنەوە بیگێڕێتەوە، بۆیە لە دوا بەشی ئەو چاوپێكەوتنەی گۆڤاری لڤین-دا (كە بەداخەوە خۆی نەیبینی) و لەم چەند رۆژەدا بڵاودەبێتەوە، لە دوا دێڕیدا پێیوتین "لە چی بترسم عومری پیرە مەڕێكم ماوە بمرم و بكوژرێم وەك یەك وایە، ئامادەم بمبەنە بەردەم دادگا تا هەمووی بسەلمێنم" چونكە گێڕانەوەی مێژوو لای ئەو، پێی وابوو لەوێوە تاكی كورد خۆی لەبری خۆی دەتوانێت بێ چەواشەكاری و بێپەردە  روداو و شۆڕش و خائین و شۆڕشگێڕ و جاش هەڵسەنگێنێت، گەر لەمردنیش بترسایە هەرزوو دەیتوانی لە فنلەندا نەگەڕێتەوە بۆ كەركوكێكی پڕئاڵۆزی و دەشیتوانی وەك بەرپرسە كەركوكیە كوردەكان ئەویش لە سلێمانی و هەولێر بە چەند پاسەوانێكەوە ژیان بەرێتەسەر.
 دوا پرسیاری من و هاوڕێكەم و دوا وەڵامی ئەویش، پێشبینیەكی چاوەڕێكراو بوو چونكە ئەو هەموو راشكاوی و بەهێزیە لە "گێرانەوە" و بەڵگە هێنانەوە لە وتندا و بەرپرسیارێتی لە وشەكاریدا، دەسبردن بۆ مێژوویەك كە هێزگەلێك هەن نایانەوێت پەردەی لەسەرلابەرن، جێی وردبونەوەیە هەربۆیە خێرا لێمان پرسی "ناترسی لەهەڕەشە و كوشتن و گێرانەوەی مێژوو؟".جگە لەوەش لە دوا ماڵئاواییمان لە ماڵە خاكییەكەی د.عەبدوستار تاهیردا بەڵێنی ئەوەی لێوەرگرتین كە "تكایە وەك خۆی و بە ئەمانەتەوە بڵاوی بكەنەوە و لە هەموو وشەیەك بەرپرسم".
 بەهەرحاڵ پێناسەكردنی تیرۆری د.عەبدوستار و "ناساندنی بكوژ وەك تیرۆریست" ئەوا گۆمەلێڵەكە لێڵتر دەكات، ئیدی نیگەرانی ئێمە زیاتر دەبێت و بازنەی ئەو "پاسە بێشۆفێرە"ی كە پێی دەڵێن "تیرۆر" فراوانتر دەبێت و پێمان دەڵێت كە تیرۆریست تەنیا ئیسلامی ئسوڵی نییە و هەندێجار ئەوانەن نایانەوێت دوێنێ ببینین و ئەوانەشن كە لەسەر "وتن"و "گێڕانەوە" و "قەڵەم" ئامادەن بە فیشەك وەڵامی هەزاران بابەت و رستە و قەڵەم بدەنەوە، ئەوانەشن كە رێگەدەدەن لەكەناڵەكانەوە هەزاران قسەی پڕوپوچ و سەدان تریاكی و سەدان پیاوكوژ بەسەر شەقامەكاندا بە پیاسە بسوڕێنەوە.
 شێخ ستار دووشتی وت لە كۆتاییدا یەكێكیان راست بەڵام ئەویتریانی نەیپێكا، سەبارەت بەوەی كە عومرێكی كەمی ماوە و خۆشی گریمانەی مردنی دەكرد راستی كرد، بەڵام لەوەدا بەهەڵەدا چوو كە دەیوت "گەربمبەنە بەردەم دادگا تا هەمووی بسەلمێنم"، چونكە ئەو زۆر گەشبین بوو بە زەین و گەشەكردن و كۆویژدانی كۆمەڵگە، وایدەزانی ئەوانەی باوەڕ بە قسەكانی و مێژوەكەی ناكەن دەعوای لەسەر تۆماردەكەن و لەبەردەم دادگادا زۆر مەدەنیانە راستی و دروستی مەسەلەكان یەكلادەكەنەوە، بێئاگا لەوەی زۆرمان ماوە تا لەوە تێبگەین قەڵەم بەقەڵەم و ناهەقی لە دادگادا یەكلابكەینەوە.
 وەك رۆژنامەنوسێك لەدوای تیرۆركردنی شێخ ستار لای خۆمەوە بڕیارمدا لە هەر چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیمدا دواپرسیارم ئەوەبێت "دوا وەسیەتت چییە؟!" وەك ئەوەی بەرێكەوت پرسیمان، ئەویش لەبەرئەوەی نەبادا كوشتنێكی تریش بۆ ئەوانەی كە ماون و دەیانەوێت چاوپێكەوتن ئەنجامبدەن بەڕێوەبێت.
 ئەوەی لێرەدا نوسرا بەرگری نەبوو لەوەی كە شێخ ستار لە سیاسەتدا چی كردوە، باشی كرد یان خراپ، ئەوەندەی ویسترا بوترێت مرۆڤ هەرچی بێت مرۆڤە بە وتەی ماركیز دروست بووە بۆ ئەوەی بگێڕێتەوە، ئازادی و وتن لەو بەهایانەن كە سازشیان لەسەر ناكرێت هەر مرۆڤێك لە ژیاندا شیاویەتی، سەبارەت بە كوشتنیشی ئەوا تەنیا شتێك دەبێتە پاساوی كوشتنی "گێرانەوەی دیوە نادیارەكانی مێژوو" چونكە ئەو رەهەندێكی دەگێرایەوە كە "نەوتراو" بوو، بە لێكدانەوەی ئەرنۆڵد توینبی تێۆرسێنی بواری فەلسەفەی مێژوو، هەر هێزێك لە كۆمەڵگەدا داهێنان و خزمەتی هاوڵاتیەكانی پێنەكرا، ئەوا تەنیا بە مێژوودا هەڵدەدات و ئەوەی لێیماوەتەوە مێژووە، لەم لێكدانەوەیەوە ئەكرێ ئەو دەرئەنجامەش دەركەین كە گەرهاتوو ئەو مێژووەی پێشووش لەو هێزە سەنرایەوە ئەوا ناچاردەبێت هەڵچێت رێك لەشێوەی ئەو مناڵەی بێ بیركردنەوە كاردانەوەی نائەقڵانی هەبێت، رێك وەك ئەو فیشەكەی كە شێخ ستاری لە رەحیماوای كەركوكدا ساردكردەوە.
 
hardi_mahdi@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.