Skip to Content

Wednesday, December 2nd, 2020

عەبدولی حەمە جوان یان جەنابی موفەتیش

Be First!

 

 

 

 

 

 

کاتێ ئەکتەرێک لای جەماوەر بە ناوی ئەو کارەکتەرەوە دەناسرێتەوە، کە لەسەر شانۆ یان لە فیلمدا نمایشی کردووە، ئەوا تەنیا مانای ئەوەیە ئەو ئەکتەرە بە قووڵی تەعبیری لەو کارەکتەرە کردووە و نهێنییەکانی ناوەوەی دەرخستووە. (جەنابی موفەتیش)، کە لە سەرەتای حەفتاکانەوە تاکو ئەمڕۆ (عەبدولی حەمە جوان)ی پێ دەناسرێتەوە، ئەوا بەر لە هەر شتێک توانای داهێنانی ئەو هونەرمەندەمان بۆ دەردەخات. ئەو پارادۆکسە چییە ئەکتەرێک لە ڕێگای نمایشکردنی کەسایەتییەکی نێگەتیڤەوە لای جەماوەر خۆشەویست دەبێت، بگرە گەورەترین دەنگدانەوە دروست دەکات؟ بێگومان لێرەدا چەند فاکتەرێک هەن، لەپێش هەموویانەوە کۆمیدیا. کۆمیدیا هەمیشە ئاڕاستەیەکی دیکەی بیرکردنەوەمان دەخاتە بەردەم و وامان لێ دەکات پشت لەو تێگەیشتنە باوەی خۆمان بکەین، بەو مەبەستەی لاکەی دیکەی ئەو بابەتە ببینین، کە تاکو ئێستا لامان شاراوە بووە. ئەگەر لە چەمکی (موفەتیش) ورد ببینەوە، ئەوا بەر لە هەموو شتێک کۆنتڕۆڵ و پشکنینمان بیر دەخاتەوە، کە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی نەک حەزیان لێ ناکات، بەڵکو تووڕیان هەڵدەدات، بەڵام کاتێ چەمکی (موفەتیشی ساختە) جێگای چەمکی یەکەم دەگرێتەوە، ئەوا ئەو ئاڕاستە دژە دەست پێ دەکات، کە دەتوانێت پرسیارمان لا بورووژێنێت. واتە یادەوەریی کۆمەڵایەتیمان تێک دەشکێنێت، بەوەی ئێمە لەو یادەوەرییەدا تەنیا یەک تێگەیشتنی چەسپاومان لەبارەی (موفەتیش)ەوە هەیە، بەڵام ئەوەتا ئەو چەمکە بۆ (موفەتیشی ساختە) دەگۆڕێت. کۆمیدیا چ لای ئەو هونەرمەندە و چ لای هونەرمەندانی تری نەوەکەی شتێکی ڕووکەش و کاتی نییە، بەڵکو قووڵبوونەوەیە لەو بابەتەی بووەتە چەقی کۆمیدیا. بە مانایەکی دی کۆمیدیا حاڵەتێکی ئۆنتۆلۆجییە و تێیدا ئەکتەر پرسیارە وجوودییەکانی خۆی ئاڕاستە دەکات، بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵام بێت. بەم شێوەیە کۆمیدیا بۆ کردنەوەی زیاتری ناخی کارەکتەر و ئازادکردنیەتی لەوەی زۆرترین ڕووبەری جەستە و دەنگی خۆی بە کار بهێنێت، کە ئەمە ڕێگای دەدات کۆنتڕۆڵی کات و شوێن نەهێڵێت، کە ئەم پرۆسێسە بە ئیستاتیکای گه‌یاندن ناسراوە. واته‌ ئه‌کته‌ر چۆن له‌ ڕێگای زمانی جه‌سته‌وه‌ هه‌سته‌ شاراوه‌کانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ بینه‌ر و هاوکات وا ده‌کات ئه‌وانیش له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌دا کاردانه‌وه‌یان هه‌بێت. ئەگەر سەرنج لەو نمایشە و بە تایبەت لە ڕۆڵی (عەبدولی حەمە جوان) بدەین، دەبینین دایەڵۆگ، کە سیمایەکی کۆمیدییانەی هەیە، بەسەر شوێندا زاڵە. بە مانایەکی تر لەوێ شوێنی جیۆگرافی بۆ شوێنێکی گریمانی گۆڕاوە، بەوەی ئێمە وەک بینەر هەست ناکەین ئەوان لە ڕووبەرێکی بچووکدا هەڵدەسووڕێن. بەم شێوەیە جۆرێک لە ئیمپرۆڤیزەیشن (ارتجال) لە نواندنی جەستە و گوتندا هەیە، کە نەک هەر دوورە لە کڵێشە، بەڵکو نازانین، یان ناهێڵن لە بیرمان بێت شتێک هەیە بە ناوی تێکست، ئەنجام ئەمە ڕێگای هەر ئەکتەرێکی داوە زیاتر لە ناخی ئەو کارەکتەرەدا قووڵ ببێتەوە، کە نمایشی دەکات، بە تایبەتی (عەبدولی حەمە جوان) وەک گوتمان بە جۆرێک ڕۆڵی (موفەتیشی ساختە)ی دیوە، کە دوای چل ساڵ هێشتا دیمەنەکەیمان لە بەرچاو ماوە.

دەبێت ئەوەیش بزانین، نووسەری ئەو شانۆگەرییە، کە (نیکۆڵای گۆگۆڵ)ە یەکێکە لە داهێنەرە گەورەکان، بە تایبەتی لە بواری کۆمیدیادا. چ (پشکنەری گشتی) و چ ئەوانی دیکەی وەک (پاڵتۆ)، (لووت)، (گیانە مردووەکان) و زۆری تری توانای ئەو نووسەرە لە پێشاندانی ناخی مرۆڤدا دەردەخەن. (پشکنەری گشتی)، کە باس لە بیروکراسی و گەندەڵی دەکات، یەکەمجار لە ساڵی 1836 لە پێتەرسبۆرگ نمایش دەکرێت، تزاری ڕوسیا ئامادە دەبێت و زیاترین چەپڵە ئەو بۆی لێ دەدات، وەک بڵێی گەندەڵی و بیروکراسی دوو شتی ئەزەلی بن و پێوەندییان بە دەستەڵاتەوە نەبێت، کە (گۆگۆڵ) خۆی هەمیشە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو ڕەخنەیەی گرتووە، بێ ئەوەی (وەک هەندێ لە ڕەخنەگران دەڵێن) ئەو نووسەرە پێچەوانەی زۆربەی نووسەرانی هاوزەمانی هیچ پێوەندییەکی دوور و نزیکی بە بیروباوەڕی سیاسییەوە هەبووبێت. ئەگەر (ماکس ڤیبەر) لەسەر ئاستی سۆسیۆلۆجیدا چەمکی بیروکراسی دەکاتە یەکێک لە تێزە گرنگەکانی تیۆرییەکەی و پێی وایە بیروکراسی کۆمەڵگا و دامودەستگاکانی دەوڵەت لە یەکتر دادەبڕێت، ئەوا (گۆگۆڵ)یش پێشتر لەسەر ئاستی ئیستاتیکادا ئەوەی پێشان داوە چۆن بیروکراسی مرۆڤی دووفاقی و تەڵەکەباز بەرهەم دەهێنێت. (گۆگۆڵ) کاتێ ئەو شانۆگەرییەی نووسیوە، تەمەنی بیستوپێنج ساڵ بووە، (عەبدولی حەمە جوان)یش وەک خۆی لە سوێد بۆی باس کردم لە تەمەنی بیستودووساڵیدا ئەو ڕۆڵەی بینیوە. بە ڕاستی کاتێ ئەوە لە بەرچاو دەگرین گەنجێک لە ناوەندێکی هونەریی هەژاردا ئەو ڕۆڵەی بەو توانا گەورەیەوە بینیوە، دەبێت لانی کەم دوو پرسیار بورووژێنین: یەکەم، بۆچی بواری هونەریی کوردی نەیتوانیوە وەک پێویست سوود لە توانای ئەو گەنجە وەربگرێت و دووەم، بۆچی بواری ڕۆشنبیریمان لەبارەی ئەو داهێنەرەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی نەکردووە؟

ئێمە لە سەرەتای هەشتاکان کۆمەڵێک گەنج، یان هەرزەکار بووین لە هەولێر، کە ئارەزووی هونەریمان هەبوو و دەمانویست ببینە هونەرمەند. هەستمان دەکرد لە دەوروبەری ترادیشنەڵی وەک دەوروبەری ئێمەدا مرۆڤ زۆرترین وزە لەوەدا بە کار دەهێنێت، کە بتوانێت کۆتوبەندی کۆمەڵگا تێک بشکێنێت و ببێتە هونەرمەند. ئینجا ئەو وزەیەی بۆی دەمێنێتەوە لە کارە ڕاستەقینەکەی خۆیدا دەخاتە گەڕ. بەڵێ، کۆمەڵگای ترادیشنەڵی وەک کۆمەڵگای ئێمە نەک هەر هیچ وزەیەک بە هونەرمەند نابەخشێت، بەڵکو بە شەڕێکەوە خەریکی دەکات، کە هیی ئەو نییە. دوای ئەو شەڕە، یان کۆڵ دەدات و یان شەکەت و ماندوو دەست بە کارەکەی دەکات. دەمانگوت مرۆڤ کاتێ لە دەوروبەری ئاوادا دەبێتە هونەرمەند وەک ئەوە وایە دووکانێکی دانابێت و پارچەی فڕۆکەی تێدا بفرۆشێت، لە کاتێکدا نە یەک کەس فڕۆکەی هەیە و نە ڕێگایش دراوە کەس فڕۆکەی هەبێت. ئەو گوتەیەمان بەردەوام دەگوتەوە، کە ڕەنگە هەندێک زیادەڕۆییی تێدا بێت، بەڵام هیچ لەوە ناگۆڕێت، کە هونەرمەندی ئێمە لە چ ناوەندێکی سەختدا دێتە دنیاوە و پێ دەگات. ناکرێت نەپرسین (عەبدولی حەمە جوان) و هونەرمەندانی هاوڕێی چۆن لەناو ئەو دەوروبەرەی لە ڕووی هونەرییەوە نەک هەژارە، بەڵکو وەک نەبوو وایە، ئەو داهێنانە گەورانەیان کردووە؟ لەو پرۆگرامەی بۆ (گەزیزە)ی هونەرمەند کرابوو و من تێیدا بەشدار بووم، ئەوەندەی کات ڕێگای دام ویستم ئەو پرسیارەی سەرەوە بورووژێنم. لەوێ من ئەوانەم بە دامەزرێنەر ناو برد. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ئەو هونەرمەندانە‌ بۆ یه‌که‌مجار هه‌وڵ ده‌ده‌ن بنه‌ماکانی نواندن دابمه‌زرێنن. کۆمەڵێک خه‌سڵه‌ت لەو نەوە دامەزرێنەرەدا کۆ بوونەتەوە و وایان کردووە لەو سەردەمەدا بە توانای گەورەوە دەربکەون. ئه‌وانه‌ وه‌ک که‌سانی خۆبه‌خش کاریان ده‌کرد. هه‌وڵیان ده‌دا له‌ ڕێگای هه‌ندێک ته‌کنیکی زۆر سادەوە، مه‌به‌ستم کامێرا و ئامێره‌کانی دیکه‌ی ئه‌و بواره‌یه‌، به‌رهه‌می گه‌وره‌ پێشکه‌ش بکه‌ن. له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌ر ئه‌کته‌رێک ده‌یویست ته‌مسیلی خۆی بکات وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ واقیعدا هه‌بوو، به‌ڵام به‌ هه‌ندێک ئیزافه‌ی هونه‌رییه‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ گوته‌کانیان ده‌بوونه‌ ئیدیۆم، به‌رده‌وام ده‌گوترانه‌وه و تاکو ئه‌مڕۆیش ده‌گوترێنه‌وه‌. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ شتێک نه‌بوو به‌ ناوی هونه‌رمه‌ندی پله‌یه‌ک و پلەدوو، به‌ڵکو هه‌موویان هه‌ر پێشه‌نگ و دامەزرێنەر بوون. بۆ نموونه‌ سەرجەم ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ی به‌شدارییان له پژمین،‌ خوله‌ چه‌خماخه‌، لانه‌وازان، جه‌نابی موفه‌تیش، مه‌ره‌زه‌، بەهاری دزراو، چڵپاو، پیری ئاخرشەڕ، پیسکەی تەڕپیر، مەسەلەی شارێک، فیلەکەی خاوەنشکۆ، فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە، مۆڵەت و زۆری تردا کردووه،‌ پێشه‌نگن. ئه‌وانه‌ به‌ هه‌موو مانایه‌ک داهێنه‌ری یاخین، که‌ ده‌یانەوێت له‌ نه‌بوونه‌وه‌ هونه‌رێکی گه‌وره ‌دابمه‌زرێنن. ئه‌گه‌ر تیۆره‌که‌ی (ئارنۆڵد تیونبی) له‌ به‌رچاو بگرین، که‌ به‌ په‌لاو و وه‌ڵامدانه‌وه (Challenge and Response) ناسراوه ‌و پێی وایه‌ شارستانی به‌رهه‌می شوێنی سه‌خته‌، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین ئه‌و هونه‌رمه‌نده ‌دامه‌زرێنه‌رانه‌ی ئێمه‌ له‌ شوێنێکی وشکوبرنگ، له‌ ده‌وروبه‌رێکی سه‌ختدا پەلاو (ته‌حه‌دا)یان ده‌کرد و ده‌یانویست به‌ هێزێکی گه‌وره‌وه‌ هونه‌ری شانۆ و نواندن دابمه‌زرێنن. من لێره‌دا (نه‌زیهـ شابه‌نده‌ر)ی ده‌رهێنه‌ری داهێنەری سوریم بیر ده‌که‌وێته‌وه‌، که‌ له‌ سییه‌کان و چلەکان له‌ میسر بووه‌ و ویستوویه‌تی بچێت له‌ وڵاته‌که‌ی، واتە له‌ سوریا، سینه‌ما دابمه‌زرێنێت، ئه‌وان گاڵته‌یان لێ هاتووه‌ و پێیان گوتووه ‌تۆ ده‌چیت له‌ بیابان سینه‌ما داده‌مه‌زرێنیت، به‌ڵام ئه‌و پەلاوی کردوون و گه‌ڕاوه‌ته‌وه ‌هه‌ر به‌ ڕاستی بنه‌مای سینه‌مای له‌ سوریا دامه‌زراندووه‌، که‌ پێشتر چه‌ند هه‌وڵێکی که‌م هه‌بوون. من خۆم ئەوەم لە گفتوگۆیه‌کیدا بیست، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر لە یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌کانی فره‌نسا پەخش کرا و هەر ئەو شەوە هەندێک فیلمی ئەو هونەرمەندەیان پێشان دا. به‌ هه‌رحاڵ ئه‌کته‌ره‌کانی ئێمه‌یش، کە (عەبدولی حەمە جوان) یەکێکیانە، له‌ حه‌فتاکان له‌ بیابان ده‌یانویست بنه‌مای شانۆ و نواندن دابمه‌زرێنن. (عومەر عەلی ئەمین)ی هونەرمەند له‌ کتێبی (کامێرای چاوەکانم)دا باسی ئه‌وه‌ ده‌کات چۆن له‌گه‌ڵ (که‌مال سابیر)ی هاوڕێیدا به‌ جێبێکی شڕ له‌ سلێمانییه‌وه‌ چوونه‌ته‌ به‌غدا، به‌و مه‌به‌سته‌ی پڕۆژه‌ی فیلمێک پێشکه‌ش بکه‌ن، به‌ڵام دواجار به‌ دڵشکاوی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ هه‌ر خۆی بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر ته‌حه‌داکردن به‌رده‌وام ببن. ئێمه ‌باسی ئه‌وه‌ ناکه‌ین پێش ده‌رکه‌وتنی ته‌مسیلی کوردی له‌ ته‌له‌ڤزیۆن چه‌ند به‌رهه‌می شانۆیی و هیی نواندنمان لە دەرەوە هه‌بووه‌، بەڵکو ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌بێت قسه‌ی لێوه ‌بکه‌ین ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌کته‌ری ئێمه‌یه، که‌ بۆ یه‌که‌مجار له‌ ڕێگای وێنە (ئیمەیج)ه‌وه ‌کۆنتاکت له‌گه‌ڵ بینه‌ردا ده‌کات، که‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وێنە هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌بوو‌، به‌وه‌ی وێنه‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی واقیع بوو، که‌ له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا وێنه‌ ده‌سته‌ڵاتی به‌سه‌ر بینه‌ردا هه‌یه‌ و کۆنتڕۆڵی ده‌کات. (دیارە ئەمە باسێکی سەربەخۆیە و لێرە بواری ئەوەمان نییە تێیدا قووڵ ببینەوە)، بەڵام مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ‌له‌ سه‌ره‌تای حه‌فتاکان، که‌ سه‌رده‌می ده‌رکه‌وتنی ئه‌کته‌ره‌ له‌ ته‌له‌ڤزیۆن، وێنه‌ به‌شێک بوو له‌ واقیع. واته‌ ئێمه‌ کاتێک سەیری ئه‌کته‌رێکمان ده‌کرد ڕۆڵی شوان یان مامۆستای ده‌بینی، وه‌ک شوانێک یان وەک مامۆستایەک دەهاتە بەر چاومان و نه‌مانده‌زانی ئه‌و وێنه‌یه‌ شتێکی دروستکراو و کاتییه‌، به‌ڵکو وامان ده‌زانی ئه‌و ئه‌کته‌ره‌ هه‌ر به‌ ڕاستی ئەو پیشەیەی هەیە‌. بۆ نموونە (گه‌زیزه)‌ لای ئێمه‌ی بینه‌ر ئه‌و منداڵه ‌ئێسکسووک و قسه‌ڕەوانه‌ بوو، که‌ وامان ده‌زانی به‌ ڕاستی ڕۆڵی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له‌ واقیعدا ده‌بینێت، نه‌وه‌ک بۆ ماوه‌یه‌کی کاتی و بۆ به‌رهه‌مێکی ته‌له‌ڤزیۆنی. ئەمەیش وای دەکرد کاریگەریی وێنەکەی لای بینەر گەورەتر ببێت و گوتەکانی ببنە مایەی سەرسامی. یان کاتێ (شادان فوئاد) لەگەڵ گۆرانیی (دوا سەرنج)ی (شەماڵی عەبە ڕەش)ی هونەرمەنددا فرمێسکی هەڵدەڕشت، ئێمە فرمێسکەکانمان دەبینی و دەبووایە لەناو حاڵەتەکەدا بژین، بۆ ئەوەی بەشدار ببین. لە‌و سە‌رده‌مه ‌هیچ به‌ربه‌ستێک له‌نێوان هونه‌رمه‌ند و خودی خۆیدا نه‌بوو، تاکو ببێته‌ ڕێگر له‌وه‌ی ته‌عبیری ڕاستگۆیانه‌ له‌ خۆی نه‌کات. ئه‌وان بیریان لای پاره‌ و پله‌وپایه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو خۆبه‌خش کاریان ده‌کرد و ده‌یانویست به‌ شێوه‌ی قووڵ و سه‌رنجڕاکێش ته‌عبیر له‌ خۆیان و کۆمه‌ڵگاکه‌یان بکه‌ن. ئازاد بوون و هیچ حزب و لایەنێکی سیاسی هەڵینەدەسووڕاندن. ئینجا چونکه‌ کۆمه‌ڵێک ئازاری گه‌وره‌یان به‌ ده‌ست داموده‌ستگاکانی ڕژێمێکی دیکتاتۆر و ده‌وروبه‌رەکه‌یانه‌وه‌ هه‌بوو، ئه‌وان خاوه‌نی خودی بیرکه‌ره‌وه‌ بوون و بیرکردنه‌وه‌یان قووڵ بوو، بۆیه ‌کاتێ خۆیان ده‌کرده‌وه‌ بینه‌ر یان گوێگر هه‌ستی به‌ ئازاره‌کانیان ده‌کرد و خۆیشی ئازاری دەچەشت، کە ئازار سەرەتای بیرکردنەوەیە لە خود و ڕێگایە بۆ داهێنان. وەک ئەوەی هەمیشە لە (جەنابی موفەتیش)دا دەیبینین. داهێنان به‌وه‌ ناپێورێت ئاخۆ له‌ ئاستی داهێنانی جیهانیدایه‌ یان نا، به‌ڵکو پێوه‌ری داهێنان ئه‌وه‌یه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک کاری لەو واقیعه‌ی خۆی کردووە و تا چ ئەندازەیەک هەوڵی داوە ئەو واقیعە تێبپەڕێنێت، ئەنجام تا چ مەودا‌یه‌ک توانیویه‌تی واقیعێکی نوێ و جیاواز دابهێنێت و بیخاته‌ شوێنی ئەو واقیعه‌ی هه‌بووە، بە تایبەتی لە بواری شانۆ و سینەمادا، کە تاکو ئەمڕۆیش کۆمەڵگای کوردی وەک زۆربەی کۆمەڵگاکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی بە پارێزەوە لێیان دەڕوانێت‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری واقیعی حه‌فتاکان بکه‌ین، که‌ (عەبدولی حەمە جوان)‌ی تێدا ده‌رکه‌تووه‌، هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ وەک زۆربەی هاوڕێ دامەزرێنەرەکانی شتی نوێی هێناوه‌ته‌ ناوی، بە تایبەتی لە (جەنابی موفەتیش)دا. هەمان تێکست لە لایەن (تەحیە کاریوکا)، (ئیسماعیل یاسین)، (مەحموود ملێجی) و زۆر ئەکتەری گەورەی تر لە میسر و دواتر لە لایەن (دورەید لەحام) و (نیهاد قەلعی) و کۆمەڵێکی ترەوە لە سوریا دەکرێتە فیلم. من کە لە منداڵییەوە خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ سینەمای میسری هەیە، بەڵام ڤێرژنە کوردییەکەم بە لاوە جوانترە، لانی کەم لەبەر ئەوەی کوردییەکە کۆتاییی نایەت، بەوەی گەندەڵی، بیروکراسی و فریودان بەردەوام دەبن، بەڵام لەوەی میسرییەکەدا شۆڕش ئەوانە بنەبڕ دەکات و دنیایەکی پاکوبێگەرد دەهێنێتە کایەوە، کە ئەمە فریودانی بینەرە و خەسڵەتی سەرەکیی سینەمای میسری بووە لە سەرەتاوە تاکو ئەمڕۆ، بەڵام دەرهێنەرانی وەک (یوسف شاهین)، (حەسەن ئەلئیمام) و یەک دووانێکی دیکە بە ئاڕاستەی جیاواز لەو ئاڕاستە ستانداردە ئیشیان کردووە. ئەو ئاڕاستە ستانداردە هەمیشە کێشەکان بە سەرکەوتنی خێر و گەڕانەوە بۆ ئایین کۆتایی پێ دەهێنێت. بێگومان ڤێرژنە کوردییەکە زۆر لە سەرووی سوورییەکەیشەوەیە. ئەگەر لە مێژووی سینەمای میسری ورد ببینەوە دەبینین لەگەڵ هیی ئەمریکا و ئەورووپا جیاوازییەکی گەورەی نییە. مەبەستم ئەوەیە ماوەیەکی کەم دوای ئەوان دەستیان پێ کردووە. دەیان ستۆدیۆ و کۆمپانیای بەرهەمهێنانیان هەبووە. ڕۆژێک لە ڕۆژان نەک هەر گرفتی ئەکتەری ژنیان نەبووە، بەڵکو ژنان لە بیستەکان و لە زووتریشەوە پێشبڕکێیان لەسەر ئەوە کردووە کامیان لەو بوارە وەربگیرێت و زۆریان لەسەر داهاتی کارەکانیان ژیاون. ژنێکی وەک (عەزیزە ئەمیر) لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا خەریکی دەرهێنانی فیلم بووە. لە شارەکەی (عەبدولی حەمە جوان)دا، کە لە هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان پێشکەوتووترە تاکو ناوەڕاستی حەفتاکانیش لەبەر نەبوونی ژن لە بواری شانۆ و نواندندا پیاو ئەو ڕۆڵەی بینیوە. دیارە (بەدیعە دارتاش)، (گەزیزە)، (دایکی ئاریان)، (ئەختەر کەریم)، (شادان فوئاد) و یەک دووانێکی تری ئەو سەردەمەم لە بیر نەچووە، بەڵام ئەو ژمارەیە بە داخەوە زۆر زۆر کەمە. من لە خۆم ڕادەبینم بڵێم ڤێرژنە کوردییەکە هاوشانی ئەمریکییەکەیە، کە تێیدا ئەکتەری فرەبەهرە (دانی کەی Danny Kaye) ڕۆڵی موفەتیشی ساختە دەبینێت. فیلمەکە ساڵی 1949 (هێنری کۆستەر) دەریهێناوە و من بۆ یەکەمجار ساڵی 1993 لەگەڵ (ئاراس وەهاب)ی هاوڕێم لە ڕۆژگاری کەمپی پەنابەران لە دانمارک بینیم. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کوردییەکە شانۆگەرییە و ئەمریکییەکە فیلمە. دیسان بۆ ئەو شوێنە دەگەڕێمەوە، کە تێیدا گوتم (عەبدولی حەمە جوان) و هاوڕێکانی ویستوویانە لە ژینگەیەکی وشکوبرنگدا گەورەترین وزەی خۆیان بخەنە کار، تاکو پەلاوی هەموو بەربەستێک بکەن و بەرهەمی گەورەمان پێ ببەخشن. ئه‌گه‌ر (عەبدولی حەمە جوان) و زۆر ئەکتەری تر ‌له‌سه‌ر ئاستی میللیدا هێنده‌ بەناوبانگن‌ و‌ که‌م که‌س هه‌یه‌ له‌ خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار نه‌یانناسێت، ئه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئەوانە هونه‌رمه‌ندی میللین‌، به‌ڵکو له‌ لایه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ زۆر به‌ وردی ته‌عبیریان له‌و خه‌ڵکه‌ میللییه‌ کردووه‌ و له ‌لایه‌کی تر ڕه‌خنه‌ی هونه‌ریی ئێمه‌ وه‌ک هه‌موو بواره‌کانی تر لاواز بووه‌ و نه‌یتوانیوه ‌نهێنییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ دەربخات‌. نووسین ئه‌و ڕێگایه‌یه‌، که‌ ئێمه‌ ده‌توانین جیاوازییه‌کانی خۆمانی لێ بدۆزینه‌وه‌ و جیاوازیی دیکه‌ی لێ به‌رهه‌م بهێنین، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ڕۆشنبیریی ئێمه‌ تا ئه‌م ساته‌یش هه‌ر زاره‌کییه‌. من له‌ دانمارک له‌ کتێبخانه‌ کارم ده‌کرد. به‌شێکی تایبه‌ت له‌باره‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ندانه‌وه هەبوو. بۆ نموونە کۆمەڵێک کتێب لەبارەی ژیانی (مارلین مۆنرۆ)، (سەلڤادۆر دالی)، (ماریا کالاس)، (ئێڵڤیس پریسلی) و زۆری دیکەوە هەبوون. ئەوانە هەوڵیان داوە نەک هەر کۆمەڵێک نهێنیی ئەو هونەرمەندانە بدۆزنەوە، بەڵکو وایان لە خوێنەریش کردووە بە شێوەی دیکە لێیان بڕوانێت و خۆیشی بە دوای کۆمەڵێک نهێنیی دیکەیاندا بگەڕێت. کەواتە نووسین وا دەکات‌ هونه‌رمه‌ند بە شێوەی جیاواز لەوەی لە ئاستی میللییدا بینراوە، ببینرێت و بیری لێ بکرێتەوە، به‌ڵام کوا ئه‌و کتێبانه‌ی، نه‌خێر، کوا ئه‌و گوتارانه‌ی له‌باره‌ی (به‌دیعه‌ دارتاش)، (گه‌زیزه)‌، (شادان فوئاد)، (ئەختەر کەریم)، (نیگار حەسیب قەرەداغی)، (میدیا بێگه‌رد)، (فرمێسک مستەفا)، (شلێر کۆیی)، (ڕووپاک عەبدولقادر) و زۆری تره‌وه‌ نووسراون؟ وەرە (هەزار!!)ت پێشان بدەم، ئەگەر سڕینەوەیانت دەوێت. من بۆیە تەنیا ناوی هونەرمەندە ژنەکان دەهێنم، چونکە شەڕی ئەوانە لەم کۆمەڵگا ترادیشنەڵەی ئێمەدا زۆر لە هیی هونەرمەندە پیاوەکان سەختترە.

لەو گفتوگۆیەی (دانا فایەق) لەگەڵیدا کردووم و لەژێر ناونیشانی (مناڵێک بە دزییەوە کتێب دەخوێنێتەوە)دا چاپ کراوە، یەکێ لە پرسیارەکانی ئەوەیە، ئاخۆ لەپاڵ کتێب و نووسەراندا چیی دیکە کاریگەریی لەسەر من هەبووە. لەوێ باسی ئەو شانۆگەری و تەمسیلیانەم کردووە، کە تێڕوانینی منیان لەبارەی خۆم و دنیاوە گۆڕیوە. لەبارەی (عەبدولی حەمە جوان)ەوە گوتوومە: ((ڕاستییەکەی عەبدولی حەمە جوانی هونەرمەند، کە لە هەولێر بە کوڕە جوانەکە ناسرابوو، ئەوەندە ڕۆحسووک و خوێنشیرین بوو ڕێگای نەدەدام ڕقم لە کەسێک بێت، کە فێڵ لە شارێک دەکات، یان ڕەنگە هەر خۆی فێری ئەوەی کردبێتم، کە گوناهی ئەو نییە، بەڵکو دەستەڵاتی گەندەڵ خۆی موفەتیشی ساختە دروست دەکات. لەوانەیە پێی گوتبێتم ئەو فێڵی لەو فێڵبازانە کردووە، کە شار بە ڕێوە دەبەن)).

 

10.08.2012

کاروان کاکەسوور

 

* بۆ ئەو تەوەرەیە نووسراوە، کە (شۆڕش محەمەد)ی ڕۆژنامەنووس لەبارەی (عەبدولی حەمە جوان)ەوە ئامادەی کردووە.

Previous
Next

Leave a Reply