Skip to Content

Tuesday, January 26th, 2021

عەزاب …. نەوزاد بەندى

Be First!

 

 

 

-1-

سنور

لە هەندێ وڵات ئەبێ بە مقەڵى ،

مناڵەکانیان بۆ ئەکا بە پشکۆ ..

میللەتێ ئەبێ بە ژیلەمۆ ..

 

-2-

بە تەنیاییدا خۆت هەڵواسە ،

هێواش –هێواش پاک ئەبیتەوە ..

لە خەم

لە ئازار ..

لە دڵەڕاوکێ ..

وەک میکانۆیەکى ڕوخاو ،

بەرە – بەرە چاک ئەبیتەوە ..

 

-3-

میللەتێ ژمارەى پێوانەیى بشکێنێ لە موچەى سەرۆک کۆمارا ..

ژمارەى پێوانەییشى شکاندووە لە ژمارەى ماڵوێران و

دەردەدارا ..

لە ڕادەى نەخۆشى شێر پەنجە و

تیرۆر و

خەڵکى هەژارا ..

( لە تەنیشت هەر کۆشکێکى مەڕ مەڕ و مینا ،

هەزاران بێ دەرەتان ،

ئەچن بە ناخى زەمینا ..)

 

-4-

ناوێرم بیر بکەمەوە ..

لاپەڕەکانى مناڵى و هەرزەکارى هەڵدەمەوە ..

ناوێرم بڕوانم بۆ دوور

ئەترسم وەکو نالى ،

دڵ ببێ بە چۆڕێ ئاو و .. لە چاوەکانمەوە بکا عوبوور ..

 

-5-

جێى ئاگردان ،

پەنجە مۆرى کوڕە شوانە ،

بە لاپەڕەى سروشتەوە ..

( ڕوخسارى یارم دێتە یاد..

لە باڵکۆنەیەکى دوورى ..

نیو بلۆک و .. نیو خشتەوە ..)

 

-6-

ئەوسا پشکۆى وشکەساڵى ،

پشت ملى داخ نەکردبووم ..

( بە هەورم ئەوت : مەبارە ..

ئەم شینە هەڵگرە بۆ شەو ..

ئەم عەسرە نۆبەتى یارە ،

بێتە سەربان ،

خۆى و کتێبەکەى بێن و 

بچن وەک  کەو .. 

بە قسەى نەئەکردم ئەو ..

هەر ئەبارى و

هەر ئەبارى ..

منیش تا تاریک دائەهات ،

چاوەڕوان بوم ..

بەڵکو هەور وچانێ بات ..

بەڵکو یار یادێکم بکات .. )

 

-7-

دراوسێیەکمان هەبوو دەوڵەمەند ..

ماشێنێکى مۆسکۆفیجى شین –شینى ڕاوەستاندبوو ..

ژن و سێ –چوار مناڵى تێ پەستاندبوو ..

لەگەڵ سندوقێ بیرە و

چەرەسات و 

گۆشت و

خەڵوز ..

ئێمەیش مناڵانى گەڕەک ،

بە پێڵاوى لاستیکەوە ..

بە ڕوخسارى عارەقاوى و

پشت ملى یەکپارچە خوێوە ..

دیقەتمان ئەدا ، بزانین چۆن لێى ئەخوڕێ ..

ستێرنەکەى چۆن خول ئەدا ..

یان لە کوێوە ، لائەدات و

ون ئەبێت و ..ئەتوێتەوە

کەى دێتەوە ..

لە ناخماندا وەک وێًنەیەکى زۆر شیرین ،

ئەمانخستە ناو چوارچێوە ..

(ئێستا دواى نزیکەى چل ساڵ ..

کە ئەچمە ناو ماشێنەکەم ،

هەمان سەرنج ،

لە چاوى هەندێ مناڵى هەژارا ئەخوێنمەوە ..

ژەهرێکى تاڵ و کوشندە ،

سەر ئەکاتە ناو خوێنمەوە ..

تەنانەت گریانیش ،

نە ڕامئەگرێ و

نە  ژیریشم ئەکاتەوە ..

عەزابی عومرێکى قورس و

تاریکم بیر ئەخاتەوە )

 

-8-

پەرلەمانتارێک و

بێژەرێ ،

ڕێککەوتون لەسەر کوتینەوەى

سەر و پۆتەڵاکى لایەنێ ،

لە لایەنە نەیارەکان ..

ئیتر بۆ ماوەى یەک سەعات ،

بێژەر دەستى نەیارەکە ئەجەڕێنێ و

ئەوى تر تێى ئەسرەوێنێ ..

ناوى بەرنامەکەیش :

لە ساباتى دیموکراسیەوە چەند پەیڤێ ..

یان 

لە ئاسمانى ئازادییەوە تاقە هەیڤێ .. )

 

–9-

ئەمڕۆ لە ماڵى ئێمە بوو بە شەڕ ..

چونکە جیاواز لە ڕۆژەکانى تر ،

سێ – چوار عەلاگەى پڕ لە  کتێبم بردەوە ..

( نان و تەماتە و گۆشتم عاجز کرد ..

پیاز و

پەتاتە و

پرتەقاڵم لە بیر بردەوە )

 

-10-

ئەمڕۆ ڕۆژێک قەتعە راتب کرام ،

چونکە لە جیاتى بڕۆم بۆ فەرمانگە ،

چووم بۆ کتێبخانەى مەرکەزى ..

ئەزانن بۆ ؟

 لە ترافیک لایتێک بینیم ،

سواڵى بە کتێبەکانى ئەکرد ،

دوو چاوى شک نەئەبرد بۆ خوێندنەوە ..

هەموو کتێبەکانى قەیرە کەوتن ..

پشتى ڕەفەکانى چەمانەوە ..

هاوارى ئەکرد :

من کتێبخانەم ،

یان گۆڕى بەکۆمەڵى کتێب ..؟؟

خۆزگە کتێب ببرژایە ..

یان بخورایە بە نانەوە !!

خۆزگە کتێب مەمکى هەبوایە بۆ گرتن

نەوتى هەبوایە بۆ دزین

تەلەفریکى هەبوایە بۆ سواربوون ..

(لە تەنیایى و

گۆشەگیریدا ، داڕزین ! )

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply