Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
عەشق كوفرى دواى فاریزەیە….عومەر جەلال

عەشق كوفرى دواى فاریزەیە….عومەر جەلال

Closed
by February 13, 2009 ئەدەب

 عەشق كوفرى دواى فاریزەیە
  عومەر جەلال

 
 بە چاوى پەپولەیەك نیگام لێكردى
 خەرەندێك لە تەنیایى ونى كردم
 لە پشتى ئۆتۆمبێلێكى منداڵانەوە هاتمەوە
 عەشق دەرگاى لێ نەكردمەوە
 ژیانم لە نامەیەكى پێچراودا بۆ ناردى
 ئەفسوس -با- كردییەوە و بێ هۆش بوو
 عەشق كوفرى دواى فاریزەیە
 منداڵێك لە شەقامێك دەیدۆزێتەوە
 پیرێك بە گۆچانى دەكات
 عەشق لە پیاسەى شێتێك دەچێت
 بە نێو دەریادا بڕوات
 ئەى عەشق
 چەند بە ئازارەكانتەوە جوانیت
 كە دێیت بێ ئاگا
 ئێمە تاڵ  دەچینەوە كە نایەیت
 شكستەكانمان لە بێدەنگیدا دەنێژیین
 تۆ ئازیزم ئەى سەماى تەنیایی
 یادت جگەرەیەكە بەدەستمەوە
 هەرگیز ناكوژێتەوە
 لەودیوى مردنەوە دێمەو نامبینیت
 كۆتر لەسەر شانەكانم رواوە
 گیا لە رووخسارم چەكەرە دەكات
 رەنگى منداڵى لە كتێبەكانى دەستم دەچۆڕێت
 بۆنى عەشق لە رۆحم دێت
 تۆ نازانیت گەمە لە تەك مردن چەند ئەستەمە
 بە بوونى تۆوە هەمیشە
 دەتوانم شیعر بنووسم
 گۆرانى بۆ سرووشت بڵَێم و
 دەست لە نهێنییەكانى ئاو بدەم
 تۆم هەبێت ئازیزم
 چۆلەكەكان هاوڕێتیم دەكەن
 دەست بەسەر كوكوختییەكاندا دێنم نافڕن
 پەپولە لەسەر دەستەكانم دادەنێم
 دەچمە قوڵایى بێدەنگییەوە و
 ناكۆتا  راڤە دەكەم
 شارێك لە خەون دروست دەكەم
 تۆ دەبیتە وێنایى
 من لە خەوێكى قوڵى منداڵانەیا بووم
 سێبەرى باخچەم دەنووسیەوە
 مژۆڵى جوداكردنەوەى رەنگەكانى نێرگز بووم
 عەشقى تۆ  بە دەنگى تەنیایى بە ئاگاى هێنامەوە
 نەزۆكێك بووم لە هزر
 دەستم گۆى نەدەكرد بە نووسین
 رامان بە ئەندازەى نا كۆتا لێم دوور بوو
 عەشقى تۆ
 لەتێكى بردم و لەتێكى ون كردم
 دەرگایەكى لێكردمەوە و دەرگایەكى لێ داخستم
 مردنى پیشان دام و ژیانى لا خۆش كردم
 عەشق
 گوێگرتنە لە مۆزیك تەنیا جارێك
 فرینە  بێ نیشتنەوە بەرەو هەسارەیەكى دى
 گومانە لە هاژەى ئاو
 دۆزینەوەى خودە لە نائاگایدا
 
 omerjelal@yahoo.com
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.