Skip to Content

Tuesday, October 26th, 2021

غازی سروشتی، كارتێكی بەهێز لەدەستی كوردان….هوشیار حوسێن برایم

Be First!
by January 22, 2009 گشتی

 غازی سروشتی، كارتێكی بەهێز لەدەستی كوردان
   هوشیار حوسێن برایم

 
 ماوەیەكە به‌هۆکاری غازی سروشتی له‌نێوان رووسیا و ئۆکرانیا گیروگرفتێکی گه‌وره‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئەو گرفتە ئەگەر چارەسەری كاتیشی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەوا بەمانای دامركانەوەی گرفتەكە نیە، بەڵكو وەك بۆمبێك وایە كاتی تەقینەوەكەی دیار نییە.
 
 شایه‌نی باسه‌، رووسیا سێ یه‌کی غازی سروشتی ئه‌وروپا دابین ده‌کات، بێگومان ئه‌و غازه‌ش به‌تاکه‌ رێگایه‌ک تێده‌په‌ڕێت ئه‌ویش وڵاتی ئۆکرانیایه‌.
 
 قه‌یرانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا که‌ به‌هۆکاری؛
 1. نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی رووسیا له‌لایه‌ن ئۆکرانیاوه‌ له‌کاتی خۆیدا.
 2. تۆمه‌تبارکردنی ئۆکرانیا له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ به‌وه‌ی که‌ رێژه‌یه‌کی یه‌کجار زۆری غازی رووسیای له‌و بۆڕیانه‌ دزیوه‌ که‌ به‌نێو خاکه‌که‌یدا تێده‌په‌ڕێ.
 بۆیه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ گه‌یشته‌ ئاستێک که‌ رووسیا هه‌نارده‌ی غازه‌ سروشتییه‌که‌ی خۆی بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ رابگرێت که‌ به‌ناو خاکی ئۆکرانیاوه‌ تێده‌په‌ڕێت.
 مەسەلەكە تەنیا ئەو هۆكارانە نین، بەڵكو وڵاتی روسیا غازە سروشتیەكەی خۆی، وەك كارتێكی سیاسی بەهێز لەبەرامبەر وڵاتانی ناوچەو بەتایبەتیش ئەوروپا بە شێوەیەكی زۆر كاریگەر بەكاردێنێت.
 
 تورکیا یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ له‌نێوه‌خۆیدا پشت به‌غازی سروشتی ده‌به‌ستێت، هه‌م بۆ دابینکردنی پێداویستی رۆژانه‌ی هاوڵاتیانی و هه‌میش بۆ به‌گه‌ڕخستنی زۆرێک له‌کارگه‌ پیشه‌سازییه‌کانی، له‌هه‌مان کاتدا به‌شێکی زۆری کاره‌بای تورکیا له‌رێگای به‌کارهێنانی غازی سروشتییه‌وه‌ وه‌به‌ر ده‌هێنرێت.
 تورکیا غازه‌ سروشتییه‌که‌ی خۆی زۆر که‌مه‌و به‌شی وڵاته‌که‌ی ناکات، بۆیه‌ له‌ دوو وڵاته‌وه‌ غازی سروشتی هاورده‌ ده‌کات، ئه‌وانیش رووسیا و ئێرانه‌.
 
 پارساڵ له‌دروستبوونی قه‌یرانی که‌مبوونه‌وه‌ی غازی سروشتی تورکیا، ئێران زۆر به‌زه‌حمه‌ت رێژه‌ی فرۆشتنی غازی زیاد کرد بۆ تورکیا.
 
 به‌ڕاگرتنی هه‌ناردنی غاز له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌، ئەم جارەش تورکیا که‌وته‌ ره‌وشێک که‌ ته‌نیا بایی یه‌ک هه‌فته‌ غازی یه‌ده‌گی بمێنێت، ئه‌گه‌ر بێت و ئێران وه‌ک ئالته‌رناتیڤێک پێداویستییه‌که‌ی بۆ زیاد نه‌کات، ئه‌وا تورکیا په‌کی ده‌که‌وێت، وادیار ده‌بێت ئێران بڕێک له‌و غازه‌ بۆ تورکیا زیاد بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ چاره‌سه‌رییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ده‌ردی تورکیا ده‌رمان ناکات.
 
 هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ غازی سروشتی له‌ رووسیا ده‌کڕن به ‌ئه‌وروپاشه‌وه‌ له‌چاره‌سه‌رییه‌کی به‌دیل ده‌گه‌ڕێن که‌ هه‌میشه‌یی بێت و تووشی ته‌نگه‌تاوی نه‌بن له‌داهاتوودا.
 
 کارته‌ سیحرییه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان؛
 
 کاتێک ئه‌و رووداوانه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ و شیرۆڤه‌ی ده‌که‌ین، بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌و غازه‌ سروشتییه‌ی له‌هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه‌و تا ئێستا به‌پێی پێویست سوودی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌، چه‌نده‌ رۆڵی هه‌یه‌ له‌رێکخستنه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه‌ ئابووری و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌کانیش له‌ناوچه‌که‌دا.
 غازی سروشتی هه‌رێمی کوردستان ده‌توانرێت بکرێت به‌فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی ئه‌منی قه‌ومی کوردیش، ئەگەر‌ ئه‌و غازه‌ له‌کوردستاندا به‌گه‌ڕ بخرێ و سوودی لێ ببیندرێت، ده‌توانێت نه‌ک ته‌نیا پێداویستییه‌کانی تورکیا، به‌ڵکو به‌شێکی زۆری پێداویستییه‌کانی ئه‌وروپاش دابین بکات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆکارێک بۆئه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌ سوود له‌م غازه‌ ده‌بینن، له‌خه‌می پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستاندا بن و ببن به‌فاکته‌رێکی بنه‌ڕه‌تیش بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواسته‌کانی دیكەی هه‌رێمی کوردستان هه‌م له‌به‌رامبه‌ر به‌غدا و ته‌نانه‌ت گەر كاری باشی بۆ بكرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ و تاران و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ش.
 
 
 
 

Previous
Next

Leave a Reply