Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

غەزەب…. حەمە سەعید كەلارى

Comment
by March 10, 2008 ئەدەب

 سەفەر مەكە
 ئاسمان سایەقەى ساماڵە و
 هەور بەرى رۆژى گرتوە
 زەوى ئێڵنجى خوێن ئەدا ،
 مەڕۆ غەزەب دائەبارىَ .
 *
 ئێوارەیەو
 سەرم چەمى  پۆلە باڵندەى نامۆیە
 مەكۆى هەنسكى خەمەكانە وژەى دىَ
 هەراسانم
 هەراسان
  ئەم  شەو بەفرە خەم دائەكا
 تۆفە تۆف
 لەسەر قەتانى لێو دەنگى ماچ ئەمەىَ
 سبەى دار و بەرد ئەیبەسىَ
 رۆحم ئەڕچىَ
 ئەقلم
 فامم
 لە ساردو سڕیى زریانى قسە و باسا
 هەڵەوەرىَ
 دەتۆ سەفەر مەكە و ئەم شەو
 بە غەزەبى خۆت دامپۆشە
 غەرقمكە غەرق
 *
 دەغەرقمكە ،
 لەم بێدەنگیى زیكرە گەرمە
 لە ناو بڵێسەى سۆزمدا
 وەك برێشكە هەڵە قرچێم
 ناسكە لەزەتىَ بەلەشما تێئەپەڕىَ
 بەدەروونما بروسكە گومان
 هەڵەقرچێم تا دەرەجەى غەیب و سووتان
 لە تەك سووتانى رۆحما
 گوڵ ئەسووتىَ
 عەشق عەترى لێئەڕژىَ
 عەترى غەزەب
 غەزەبى تۆۆۆۆ
 دە تۆش سەفەر مەكەو ئەم شەو
 غەرقمكە غەرق
 بمدوێنە و ئازیز دامشۆرە لە گومان
 *
 ئەم شەو شەوى سوتانمە
 بۆڵە ترێى خەمەكانم
 شەرابى رەشى موعەتەقى لێئەتكىَ ،
 ئەمجارەیان نۆرەى هەستى بێدەنگیمە
 ساتە وەختى سەداى شیعرى بێزاریمە
 من و ناخم
 دەفى داخم
 دوا زریكەى لىَ هەڵئەسىَ
 ئیتر شیعر من و منیش
 شیعرى خوێن گەرمم خۆش ئەوىَ
 شیعرێك پرچى رەشى بە خەم سپى بكا
 دانە رێزەى تەرزە ئەشكى هەڵوەرێنىَ و
 وەك زەنگیانە
 بەتاڵى تیشكى زەردەپەڕ بیهۆنێتەوە .
 *
 ئەم شەو شیعر داڵدەم نادا
 لە ژێر سایەقەى ساماڵ و
 كڕێوەى بەفرە خەمێكا بەجێم دێڵىَ
 خەمێكى قورس
 بە لەپى میراتە ترسێك
  نم نم لەرۆحم ئەپرژىَ و
 وەك گوڵۆڵە بەنێكى موو
 ئەمنێتە یەك
 كرژ  كرژم ئەكاتەوە
 بچووك بچكووك
 بەقەد نقێمى سەر دڵ و
 شەوەى نێوان دوو مەمكۆڵەى
 ئەو كچۆڵەى
 ئەفسەرە پۆستاڵ سوورەكە
 لە غەزاى دەشتى ئەنفالا یەخسیرى كرد
 بە قەبارەى پاڕانەوەى ئەو منداڵەى
 لە " گاتا " یان پێچایەوەو
 لە تەك كۆڵىَ عەیب و عار و
 لە پاڵ غەزێمە و خڕخاڵ و
 لە تەنشتى قڵم و قاز و
 جەستەى رزیوى "عەبلە"دا
 بە زیندوویى لە چاڵیان نا .
 *
 ئەى كائینى دوانەى رۆحم
 لەم زەمەنە شەو كوێرەدا
 بەم زریان و تۆفە….مەڕۆ 
 جێم مەهێڵە
 لەم شەوەدا
 گڤەى باڵى رەوە سوێسكەى رەشى خەم دىَ و
 لە سەر پێڵوى هەردو چاوم هەڵئەنیشىَ
 هاژە دىَ و ترسم لێنشتوە
 هاژەى با دىَ
 باهۆزى شەڕ
 دەنگى تەسبیح و تەلیلەى شەڕ ئەبیسم
 شەڕ بە "سەجەرە" ، بەدەوەن
 بەخاك
 بە بەرد
 شەڕ بە مێژوو
 شەڕ بە زەردەشت و بە مەسیح
 بە پیپَغەمبەر
 شەڕ بە شیعر
 شەڕ رەشمارێكى ژەهرینەو
 لە رۆحیانا پەپكەى داوە ،
 شەڕ و ئاشووب
 ئەوەڵ سەحەر خەمخۆر مان بوو
 ئەو سەحەرەى
 ئێمە رۆحمان لە دۆزەخا سپیى راگرت
 ئێمە لە ئاشە تەنوورەى فریشتەكانا ئەسووتاین
 گەنمى سوورى گوڵە چنەى مناڵانمان ئەكرد بە ئارد
 ئەكرد بەنان
 بە سەر گۆڕى تەتكەو مورووى مناڵەكان
 سوێندمان بە بەرد
 بەدار بە خاك
 سوێندمان بە سەر ئەوان ئەخوارد
 كەچیى ئەوان
 سەریان جانتایەكى گەورەى پڕلە
                                هیچ بوو
 تەهریب ئەكرا بۆ هەندەران
 *
 شەو درەنگە
 دنیا كپە
 لەو دیو دیوارەكانەوە
 تارمایەكان ئەجوڵێن و
 خرمە دىَ خرمە
 ترپەى پىَ
 ناخ لۆكەیە و
 چاوەڕوانى و بێدەنگیى شى ئەكاتەوە ،
 هەڵبجەش
 ئۆۆۆۆفففف هەڵەبجە
 دە سەیركەن چۆن لێو ئەكرۆژىَ
 ئەچێتە یەك
 بچووك بچووك ئەبێتەوە
 بچووك بە قەد چاوەزارێك
 بچووك بەقەد نوشتەى قەڵەى مەلایەكى نوورانى
 بە قەد نوورى هەردوو چاوم
 شیرین ئەبێ و
 خوێنى برین ئەچۆڕێنىَ .
 *
 ئاسمان سایەقەى ساماڵە و
 بەسەر شووشەى سپیى رۆحما
 دۆرنجە خەم دائەبارىَ
 پەنجەكانم تاوێكى تر لە گۆ ئەچن
 پرچى شۆڕى خەمم بەدەم هەناسەى ساردى شیعرەوە
 شى ئەبێتەوەو پەخش ئەبىَ
 هەورى پەژارە باوەش بە سەرما ئەكا
 سات لە دواى سات چڕتر ئەبىَ ،
 شەو كابووسەو
 هەنگاو هەنگاو
 راپێچمە كا و
 ئەمخواتەوەو
 مێشكم ئەگوشىَ
 ژانى سەفەر دامئەبێژىَ .
 *
 بەر لەوەى ئەم شەوە زەنگە
 شیعر لە رۆحم بچنىَ
 خۆم و دەفتەر و قەڵەمم ئەپێچمەوە
 تۆزىَ هۆشم لە لا ماوە
 وردە وردە لە كابووس خۆ ئەدزمەوە
 پەنا ئەبەم بۆ پەیكەرى مامۆستاى وون
 ئەو پەیكەرەى
 لە دووڕیانى پەژارەى ئەم شەوم دا راوەستاوە
 ئەو چركەى لە خۆ بڕیوە
 دەم ئەنێمە كوێچكەیەوە :
 ورتەى تەریو
 چپەى نامۆى دواى نیوە شەوت بینیوە ؟
 قاقاى خوێن و
 سەماى فرمێسك
 شمڵى شەڕ و
 عەشقى شێت و
 پیادادانى سەختى ئەم ناوەختەت دیوە؟
 چلوورە خەمم هێناوە بۆت
 شەكرە خەم
 ئەشكى هەدەر
 من نوقڵە خەمم هێناوە
 رازى تەڕچك
 تامى ماچێكى تامەزرۆى زۆر بە پەلەم بۆت دزیوە !!
 دە سەیرمكە ،
 تەماشاكە
 گوژاڵكە رازت بینیوە ؟؟
 خەمى شیعرم دابەشانیا و
 پشتم لێكرد ،
 زەڕە زەڕە
 دڵى بەردى ژانى تێزا و
 هەر ئەو شەوە
 پەیكەر لە داخا شەقى برد .
 
 

Previous
Next

Leave a Reply