Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

فاشیلترين کۆنفرانسی زمانی کوردی

Be First!
by September 25, 2011 زمان

لەنیوان ڕۆژانی ١٩ـ٢٢ ئەم مانگەدا، بەسەرپەرشتیی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کۆنفراسی زانستیی زمانی کوردی لە هەولێری پايتەختدا ساز کرا، بە ( ١٤) يان (١٥) ڕاسپاردە کۆتايیی بە کارەکانی هێنا.
ئەوەی سەرنجڕاکیشە لەو ڕاسپاردانە، ئەوەيە، بەهیچ کلۆجێک خۆی لە قەرەی زمانی يەکگرتوو نەداوە. تەنانەت وەک داوا و داخوازی و خۆزگەيەکیش بۆ هەوڵدان بۆ داڕشتنی پڕۆژەيەکی دواڕۆژیی کە سەنگ و ڕەنگ بە کورد ـ وەک گەل و وەک خاک ـ دەبەخشێ، باسی لێوە نەکراوە. نوکتە لەوەدايە، کاتێ خەبەرەکە لە کەناڵی ڕەسمییەوە باسی لێوە دەکرێ، وا دەفامرێتەوە ئامانجی بەرزی کۆنفرانسەکە چارەی کێشەی زمانی ستاندارد بووە، کەچی باس باسی جووتەئەلفوبێ و زاراوان بووە و چیتر.
ڕاسپاردەکان ئەوەندە مەعلانانە نووسراونەتەوە، پیاو زەينی بۆ ئەوە دەچێ کاتوساتی کۆنفرانسەکە جەنابی وەزیرکاوە یان لە ماڵ لێی ڕاکشابێ، یاخود لەوێ لەسەر کورسييەکەی بەنج کرابێ، دەنا هەر لەبەر لۆمەی عەبدی ناوێکی زمانی یەکگرتووی تێدا دەهات، یان بڕياری ئاوا پەڕپووت و ناپێويستی دەخۆ نەدەگرت، کە ئەسڵەن کوردستانی فيدڕاڵ ئەو کێشەيەی نییە، ئاخر کەی ئێمە گرفتی ئەلفوبێمان هەيە، هەتا پەنا وەبەر لاتينیی ئەتاتۆرک ببەين ؟!. هەڵبەت من باسی ئەو بێسەروبەرييە ناکەم کە تەنانەت لە بواری ئەلفوبێی دێرينیشماندا بەرپا کراوە، وەک هەر بوارێکی ژیانی کوردەواری.
خاڵی يەکەم  کە بەوە دەست پێ دەکا ( کۆنفرانس داوا لە لايەنە پەيوەنديدارەکان دەکات پڕۆژەی ( ياسای زمان ) ئامادە بکات و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی بکات بۆ پەسندکردنی و پیادەکردنی ) هاوکات بەخوێندنەوەی سەرلەبەری ڕاسپاردەکانی ديکەيش، یەکسەر دەکرێ بگوترێ ئەو ياسا پێشنیازکراوە وەرامێکی نەرێنییە بۆ هەر نیاز و کەڵکەڵەيک کە بەلای ( زمانی یەکگرتوو ) دا بڕوا، هەروابێتەوە هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ برەودان بە لەهجان و دابەشکردنی کوردستان بەسەر شێوەزاراندا و خنکاندنی هەر دەنگێک بۆ( يەکزمانی ).
خاڵی دووەم کە دەڵێ (  داناني جڤاتی باڵای زمانی کوردی  لە هەرێمی کوردستان لە ديالێکتەکانی زمانی کوردیی پارچەکانی کوردستان کە لە ٢٠ ئەندام پێک هاتبێت و ئەمە بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی زانکۆکانی کوردستان و ئەکاديمیای کوردی و ئەنستيۆتەکانی زمانی کوردی پێک بێت ) و خاڵی سێیەم کە دەڵێ ( دامودەزگا ئەکاديمی و زانستی و ڕۆشنبیرييەکان زەمینەيەکی لەبار بڕەخسێنن بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵێنەوەی زانستی لە ديالێکتەکانی زمانی کورديدا ) تەنیا  بۆ بەهێزکردنی خاڵی يەکەمن و سەرەتايەکن بۆ ئەوەی ياسای زمان بريتی بێ لە  ( ياسای شێوەزاران ) نەک  ( ياسای زمانی یەکگرتوو)، پاشان بکرێنە پاساوێکی ـ گوايە زانستی ـ بۆ پیادەکردنی، ئەوجا بگوترێ کار و بڕياری لەهجەبازی، بەری لێکۆڵینەوان بوون، نەک تەئسيراتی سياسی یان عەنعەناتی لەهجەگەری.
هەروەک ئاماژەم پێ کرد، جەختکردن لەسەر ئەلفوبێی لاتینی کە ئەویش سێ خاڵی دەخۆ گرتووە، یەکێکیان کە خاڵی دەيەمینی ڕاسپاردەکانە و دەڵێ ( میدیا کورديیەکان بەرنامەی تايبەت بە زمان بە هەردوو ئەلفوبێ ئامادە و پێشکەش بکەن، بەو مەرجەی ڕێنووسەکانیان يەک بخەن ) ئەمەشيان شێوەيەکە لە ناشيرینکردن و سەرقەڵەباڵغکردنی دەزگاکان، لە سەردەمێکدا هەموو شتێک کورت دەکرێتەوە، جگە لەوەی بەڵگەيەکە لەسەر خۆبەکەمزانیی کورد و خۆفريواندن بەوەی بە پیتی تورکی پێشکەوتنی ژیاری وەدەست دەهێنن. هەڵەی گەورەی توێژێکیش لەوەدايە وا دەزانن بە ئەلفوبێی لاتینی کورد زووتر لەيەکدی دەگەن، کە ئەگەر وا بووایە ئەڵمانییەک بە چەند مانگێک فێری تورکی دەبوو و عەرەبێکیش بە سێ مانگ فێری فارسی و ئۆردوو دەبوو. بەسەرێک، وەختە بڵێم ئەو کۆنفرانسە ئەسڵەن بۆ چاندنی تۆوی لاتینیی تورکی بوو.
نهێنییەک لەو نێوەندەدا هەبوو، سەرم لێی دەرنەکرد، ئەويش ئەوە بوو دوو دانە ڕاسپاردە بڵاو کرابوونەوە، يەکێکیان ١٤ خالی بوو و ئەويديکە ١٥، خاڵە زێدەکەی پازدە خاڵییەکە دەڵێ ( بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاییی زاراوەکانی کوردی لە دهۆک، دەتوانێ ئەو هەرێمە ببێتە ناوەندێک بۆ کار و خەباتی گشتیی زمانەوانیی کوردی) ئەوەیش ئاماژەيە بۆ ئەوەی ئەو شارە بکرێتە مەڵبەندی دابەشکردنی خەڵات و بەراتی شێوە زاران و لە گۆڕنانی هەموو هیوايەک بۆ يەکمیللەتیی کورد. من فکرم بۆ ئەوە دەچێ ئەو خاڵە بەدزی نووسرابێتەوە، واتە پاش ئەوەی بەشداربووانی هەولێر و سلێمانی و کەرکووک پایدۆسیان لێ کردبێ، خاڵەکانی ديکەش پێش ئەوەی چووبێتنە نێو کۆنفرانسەوە؛ پێدزەیان کردبێ. چونکە ماقوول نییە کۆنفرانسێکی ئاوا زل و زەبەلاح، دەپازدە ئەختيار و موختاری دنیاديتەی زمانناسیان تێدا نەبووبێ تا بیانگوتايە ئاخۆ ئێمە بۆ زمان هاتووين، یاخود بۆ ئەوە هاتووين بە پەتکی شێوەزار و زاری کووچە و کۆڵان و ئەلفوبێی تورکی زمانەکەمان لە قەنارە بدەين؟!
کە لە ڕاسپاردەکان ورد بوومەوە، قەناعەتەم لا پەيدا بوو کە کاوەی وەزیر، تەشیی زمانی پێ ناڕێسرێ، ئەو کۆنفرانسەيش کڵاولەسەرنانێک بوو، دەستێکی لەهجەپەرستی، ئەتاتۆرکويستی، زمانی يەکگرتوونەويستیی بەهێز لەپاڵ کارەکانيدا هەبووە، چونکە هەر يەکێک بەهۆشیارييەوە بیانخوێنێتەوە؛ دەزانێ بايەخی ئەو ڕاسپاردانە لە نرخی ئەو مەرەکەبەی لە نووسینەوەیان خەرج کراوە؛ کەمترە. هەڵە و شەرم و کەمزانیی گەورەیش لەوەدايە پەرلەمانی کوردستان، یان هەر لايەنێکی زانستی، پێشوازی لە هیچ ڕاسپاردەيەک بکا کە لەو کۆنفراسەوە سەرچاوەی گرتبێ.
 مخابن بۆ میللەتێکی خودان سەدەيەک خەبات و هەزاران پیاوی بەئەزموون، وڵاتەکەی بکرێتە بازاڕی لەهجان و خۆی بەرەو داهاتوويەک ببا، ئاخرەکەی بە زمانێکی سێیەم لە يەکدی بگەن و لافی کوردبوونیش لێ بدەن. بەدووریشی نازانم جەهلی کورد وا بکا کۆمەڵێک بێن بەسەروباڵی ئەو فشە ڕاسپاردانەدا هەڵبڵێن، وەک خووی هەمیشەییی کەسانی بێمەعريفەت.
ئەگەر بەرژەوەنديی کورد بويسترێ، پێم وابێ دەبێ هەموو دەزگە و لايەن و پیاوی زانا و ئەديب و شاعیر و زمانەوان و زمانزان، هەروەها ئەکاديمیای زمانی کوردی و وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، پیاوانی خەمخۆری سۆران وبادينان، قاوی ئەو هەنگاوە بدەن و ئیدانەی ئەو پیلانەزلەی بەرانبەر هەبوون و فەرهەنگ و زمانی يەکگرتوو، بەدەستی کەسانێ کە گەرەکیانە گەلانی نوێ لە ڕەحمی کورددا دروست بن، بکەن و بەر لەوەی زمانی يەکگرتوو یان پڕۆژەی زمانی يەکگرتوو تەڵاق بدرێ، ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی زمانی کوردی سێبەردەیان لە مست بنرێ، بە لاتینییەکەیشەوە، چونکە ئەو بۆچوونانە ـ نەک هەر قسەی هەلەقومەلەقن ـ بگرە بەرماوەی قێزەونترين و فاشیلترين کۆنفرانسی زمانەوانین.

mohsinjwamir@hotmail.com
م. جوامێر

 

Previous
Next

Leave a Reply