Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فرمێسكى هەڵەبجەو مەرگى رۆژانە

فرمێسكى هەڵەبجەو مەرگى رۆژانە

Closed
by March 15, 2008 گشتی

عومەر جەلال…..

 بەر لە (20)  ساڵ لەمەوبەر لەلایەن رژێمە نەگریسەكەى بەعسیزمەوە بە شێوازێكى زۆر نامرۆڤانەو بە بەرچاوى سەرجەم نەتەوە بەناو دیموكراسییەكانەوە زامێكى سەخت بەر جەستەى سوتماكى كورد كەوت و لەئەنجامى ئەو كارە دڕندانەیەو دوور لە مرۆڤایەتى (5000 ) پەپولەى بێگوناه بوونە قوربانى و تا هەنووكەش ئەو جۆگە خوێنە بەردەوامە و رۆژانە بەركەوتەى ئەو كارەساتە گیان لەدەست دەدات,بەدەر لەوەى چەندین كەسى ئەو كاتە لە ژیاندا ماون ئەو رووداوە كاریگەرى دەروونى و تەندروستى جەستەیى هەبووە بە رۆح و جەستەى ئەو بەركەوتووانە,
 لەوەش كارەسات و ناخۆشتر پاش (17) ساڵ لە گرتنەدەستى دەسەڵاتى كوردى زۆرینەى ئەو ماڵە رووخاوانە وەك خۆى ماون ئەگەر وێران تر نەبوبێتن ئەمە لە لایەك و بەدەنگەوە نەهاتنى دەسەڵاتى كوردى بۆ ناردنە دەرەوە و كردنەوەى سەنتەرێكى تەندروستى تایبەت بەو كەسانەى كەبەدەست نەخۆشی و قەرزكردنى هەناسەوە دەژین لە لایەكى دى.
 ئەگەر سوتاندنى مۆنمێنت هێمایەك بێت بۆ ناڕازى و وەڕسی خەڵكى هەڵەبجە لە سیستمى دەسەڵاتى كوردى لەبەرێوەچوونى خزمەت گوزارییەكانى و گرنگى نەدان بەو شارە ئەوە بێگومان داواكردنى یاد نەكردنەوەى ئەو كارەساتە یەكێ ى دییە لەو فاكتەرە هەڕەشانەى كە چیدى خەڵكى ئەو شارە نایانەوێت زامەكانیان بكولێتەوە و چاوەڕوانى بەڵینە تراویلكەییەكانى ئەم دەسەڵاتە بن,هەڵە دەكەین ئەگەر بڵێین هیچ بۆ ئەو شارە نەكراوە وەلێ هەرگیز  لەئاستى ئەو هەموو قوربانى ژیانە ناخۆشەدا نەبووە ,گەورەترین هەڵەى دەسەڵاتى كوردى ئەوەیە ئەوەندەى گرنگى دەدات بە بۆنە و خۆسازدان بەیادكردنەوەى كارەساتەكان نیو هێند گرنگى نادات بەشەقامە لەت و پەتەكانى ئەو شارە و بەختەوەرى ناگەرێنێتەوە بۆ خاوەنى  قوربانییەكانى ,ئەگەر  ئەو بۆنەو شیوەنەى بۆ ئەو شارە دەكرێت هونەرێكى بازرگانى لەپشتەوە نەبێت ئەوا هەرگیز ناچێتە چوار چێوەى كاروچالاكى حیزبەكانەوە,هەڵەبجە ئەو شارە بریندارەى كە هەستى مرۆڤایەتى ورووژاند رۆژ لەپاش رۆژ بەرەو كاڵبوونەوە و گرینگى نەدان دەچێت لەوەش بترازێت ئەو هەوڵ و ناساندنەى كە چەندین رێكخراوى ناحیزبی دەیكەن زۆر بەرهەم ترو بە هێز ترە لەو فرمێسكانەى كە دەسەڵاتى كوردى بۆى دەرژێت,لەهەموو كولتوورێكدا ساڵ لە دواى ساڵ زیاتر گرنگى بەكارەساتى نامرۆڤانە دەدرێت كەچى دەسەڵاتى كوردى سەد دەر سەد پێچەوانەى ئەو رەهەندەى یادەوەرییە كە لەبرى رێزگرتن لەكارەساتەكان زیاتر خەڵكى خاوەن قوربانییەكان غەمبار دەكات و چەواشەیان دەكات.
 لەم چەند رۆژەدا لەتەك نزیك بوونەوەى یادى (20) ساڵەى شەهیدبوونى ئەم شارەدا یەكێك لەتووشبوانى ئەو كارەساتە گیانى لەدەست دا ,من دڵنیام ئەگەر دەسەڵات مەبەستى بووایە ژیانى ئەو كەسانەو ئەوانى دى كەلەماوەى ئەم (17)  ساڵەدا گیانیان لەدەست دا دەتوانرا چارەسەریان لەدەروەى وڵات بۆ بكردایە,ئەشێ گەڕانەوەى ژیان بۆ كەسێكى بەركەوتەى چەكى كۆكوژ لە روانگەى مادییەوە زۆر لەوە كەمتربێت كە بەرپرسەكان لە شەوێكدا لەسەر مێزێك بەمەستى دەیبەنە سەر , بێگومان هەر بەركەوتەیەك كە لەسایەى دەسەڵاتى كوردیدا ژیانى لەدەست دابێت بەهۆى ئەو كارەساتەوە وەكو ئەوە وایە دەسەڵاتى كوردى بەرەو مەرگى بردبێت, وەلێ بێدەنگ بوون لەو شارەو خاوەنى قوربانییەكان بەرەو كارەساتێكى ترسناكمان دەبات كە نزیكمان دەكەنەوە لە چاوەڕوانى وەڵامى ئەوپرسیارەى كا ئایا تا چەند دەسەڵاتى كوردى تواناى هەیە بەدەر لەوەى خزمەتى خۆى بكات خزمەت بەو شارەو كەسانى بریندارى ئەو كارەساتە بكات؟
 ئەركى گرینگى دەسەڵاتى كوردى ئەوەیە چۆن خزمەت بە ئەندامى حیزبەكانى خودى خۆى دەكات بەهەمان ئەندازەش ئەو ئەركەی لەسەرە كە بەدەنگى ئەو كەسانەوە بێت  تاهەنووكەش بەدەستى ئەو كارەساتەوە دەتلێنەوەو پێویستیان بەناردنە دەرەوەى وڵاتە بۆ چارەسەكردن و جوانتركردنى ژیان لە لایەن دەسەڵاتەوە جگە لەوەى پێویستیەكى رەهایە كە دەبێت چیدى لە پاش 17 ساڵ ئیدى پاشماوەى ئەو كارەساتە بە رۆح و جەستەى خەڵكى ئەو شارەوە نەمینێت جگە لەوەى كەمافێكى سادەى ئەو شارەیە كە دەسەڵاتى كوردى كارو چالاكییەكانى خۆى چڕبكاتەوە و ئیش بۆ ئەوە بكرێت هەڵەبجە چیدى خوێنى لەبەر نەڕوات و هیچ نەبێت هەڵەبجە ببێتە ئەو شارەى كەهیچ جوداییەكى لەتەك نەكرێت وەك سەرجەم شارەكانى دى لە رووى خزمەت گوزارییەوە (هەرچەندە ئەو شارانەى كە زۆرترینى قوربانییان هەیە كەمتر گرینگى پێدەدرێت ئیدى نازانین ئەم هونەرەى دەسەڵاتى كوردى لە چیدایە؟ ؟)
 
 
 
omerjelal@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.