Skip to Content

Sunday, January 24th, 2021

فرمێسکی عێراقی .. لە چاوەکانی کچە کوردێکدا

Be First!
by May 29, 2013 گشتی

 

 

 

 

 ناتوانین عێراق ، لە تایفەیەکدا ، یا لە ئایینێکدا ، یان لە کەسانێکی دیاریکراودا ، لە هەر ئایینێکدا بن ، یا سەر بە هەر تایفەیەکدا بن .. کورت بکەینەوە .

عێراق وڵاتی هەموو کارچاکان و خێرخوازانە .. عێراق بۆ کەسانی دڵ پڕ لە خێر و خۆشەویستییە .. ئەم باشییە و .. ئەم خۆشەویستییەش .. لە چاوی کچە کوردێکدا ـ کە بە باشی زمانی عەرەبی نازانێ ـ خۆی دەنوێنی و گوزارشتی لێکراوە . 

بەڵام وەکو کچە کوردێکی عێراقی ، لە میانەی فرمێسکەکانیدا ، کە بە دڵنیاییەوە ، لە باکوورەوە تا فاو ، هەموو عێراقییەکانی جووڵاند و هێنایە گریان . 

ئەم کچە کوردستانیە عێراقییە ، لەگەڵ برا عەرەبەکەیدا ، لە بەرنامەی کێبڕکێی گۆرانیدا ( عەرەب ئیدول ) بەشداری کرد .. کە باشترین نوێنەری وڵاتەکەیانن .. وەکو کچە کوردێک کە لە زمانی کوردیدا باشە .. تا بتوانێ درێژە بە توانای خۆی بدات لە گۆرانی وتندا ، هەوڵی ئەوەش داوە کە عەرەبییەکەشی باشتر بێت .. هەندێ لەو گۆرانییانەی کە ئەم کچە کوردە وتی ، تەنانەت گۆرانیبێژە ژن و پیاوە بە تواناکانی عەرەبیش ، وتنی ئەو گۆرانییانەیان بەلاوە زەحمەتە .. بەڵام ئەم بە سووربوون و بە خۆشەویستیی  بۆ هونەر .. بە دەنگە ناسک و خۆشەکەی توانی زۆر بە باشی و سەرکەوتوویی ئەو گۆرانییەی گۆرانیبێژ ( ئوم کەلسووم ) بڵێت . 

برا لاوە عەرەبەکەشی ، ئەگەرچی ناگاتە ئاستی توانای کچە کوردەکە ، بەڵام تا ئەو قۆناغەی پێی گەیشت خۆی راگرت و هەوڵیدا .. بەڵام بە پێی پێوەر و هەڵسەنگاندنی لیژنەی سەرپەرشتی و ، شێوازی بەرنامەکە ، دەبێ هەر هەفتەی بەشداربوویەک لە بەشداربووان لە بەرنامەکە دەربکرێ ، ئەوەبوو ئەو لاوە عێراقییە ، بەخت یاوەری نەبوو ، رێژەیەکی کەمی دەنگی جەماوەریشی بەدەستهێنابوو ، سەرنەکەوت و ، لە كێبڕکێکەدا دەرکرا .. بێ ئەوەی خۆی تێکبدا و دڵگران ببێ .. بە رووح و رەوشتێکی وەرزشییەوە ، بڕیار و ئەنجامەکەی قبووڵ کرد و .. بەرنامەکەی بەجێهێشت . 

بەڵام لەو هەموو شتە ، ئەوەی سەرنجی منی راکێشا ، فرمێسکەکانی کچە کوردستانییە عێراقییەکە ( پەرواز حوسێن ) بوو .. کاتێ کە گوێی لە راگەیاندنی بڕیاری دەرکردنی برا عەرەبە عێراقییەکەی ( موهەنەد ئەلمەرسومی ) بوو .. خۆی پێنەگیرا و هۆن هۆن فرمێسکەکانی دەهاتنە خوارەوە .. کە خوشکە سوورییەکەشی باوەشی لێدا و ، دڵی دایەوە .. بەڵام هەر نەیتوانی کۆنترۆڵی فرمێسکەکانی بكات و رایان بگرێ . 

لە میانەی فرمێسکەکانیدا ، یەکەم  ، گوزارشتی لە برایەتی رەسەنی کورد و عەرەب دەکرد ، دووەمیش ، شکۆداریی ئافرەتی عێراقی سەلماند ، کە بە دڵتەنگییەوە ماڵئاوایی لە برا عراقییەکەی کرد ، کاتێ کە ئەو بەرنامەکەی بەجێهێشت . 

ئا لێرەوە داوا لە هەموو ئەقڵییەتە عێراقییەکان دەکەم ، ئەم فرمێسکانە وەربگرن و تێکەڵی خاکی عێراقیان بکەن .. زۆر بە دڵنیاییەوە ، عێراقێکی نوێیان لێدێتە کایەوە .. کە دەبێتە ماڵێک بۆ هەمووان لە باکوورەوە تا باشوور .. دەبێتە ماڵێک بۆ کورد و عەرەب و مەسیحی و ئێزیدی و سوبی . 

هیوادارم سیاسەتمەداران سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیەیە بکەن ، تەنانەت داوا لە پیاوانی ئایینیش دەکەم ـ ئەگەرچی ئەوان ئەم چەشنە بەرنامانەیان حەرام کردووە ـ با ئەوانیش سەیری ئەڵقەکانی ئەم بەرنامەیە بکەن .. بەڵکو لە فرمێسکەکانی ئەم کچە کوردستانییە عێراقییەوە ( پەرواز ) ، فێری واتای خۆشەویستی عێراق و ، برایەتی عێراقییەکان و،  رەسەنایەتی عیراقی ببن . 

لێرەوە سڵاو بۆ ئەم کچە عێراقییە کوردستانییە دەنێرم .. پێی دەڵێم : فرمێسکەکانت ، خۆشەویستین بۆ عێراق و ، بۆ برایەتی عێراقییەکان و ، بۆ گەلەکەت و ، بۆ هەموو ئەوانەی کە عێراقیان خۆشدەوێ .. فرمێسکەکانت عێراقییەکان یەک دەخات . 

بەڵکو سیاسەتمەدارانمان ، لە فرمێسکەکانی ئەم کچەوە فێربن و پەند وەربگرن .

سڵاوت لێبێ ئەی کچە کوردستانییەکە .. سڵاو لە لاوی عێراقی موهەنەدیش بێ.

 

(*) ئەم نووسینەی (العنابي فاضل) رۆژی دووشەممە ( ٢٧/ ٥ / ٢٠١٣) لە ماڵپەڕی (کتابات) دا بڵاوکراوەتەوە .. لە عەرەبییەوە گۆڕیوومە بۆ کوردی .  

 

Previous
Next

Leave a Reply