Skip to Content

Sunday, May 9th, 2021

فرمێسک بۆ کوڕه‌کانیان ده‌ڕێژن و چه‌قۆش‌ بۆ کچه‌کانیان تیژ ده‌که‌ن

Be First!
by May 20, 2009 گشتی

 

ڕۆژی 27 / 2 / 2009  له‌ دادگای یه‌کێک له‌ شاره‌کانی دانیمارک به‌ناوی ( کۆڵدن ) دادگایکردنی چوار گه‌نجی عێراقی به‌ڕێوه‌چوو ، به‌هۆی ئیغتیساب کردنی کچێکی دانیمارکی خوارو هه‌ژده‌ ساڵ ، هه‌ر یه‌کێک له‌و گه‌نجانه‌ به‌پێی به‌شداریان له‌تاوانه‌که‌دا سزای زیندانیکردنیان بۆ بڕایه‌وه‌ ، من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه ئه‌م تاوانه‌ وه‌ک ڕووداوێک یان هه‌واڵێک ڕابگه‌یه‌نم ، یان خوێنه‌ری لێئاگادار بکه‌مه‌وه‌ ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی من لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ باسی بکه‌م و هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌م هه‌ڵسوکه‌وتی به‌شێک له‌ خێزانی ئه‌و گه‌نجانه‌یه‌ له‌ ڕۆژی دادگایکردنه‌که‌دا ، که‌ دیاره‌ هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و خێزانانه‌ش هه‌ر له‌خۆوه‌ نه‌هاتووه‌ ، به‌ڵکو به‌رئه‌نجامی کاریگه‌ری بیرکردنه‌وه‌ی زاڵی کۆمه‌ڵگا ، مه‌زهه‌ب ، قه‌وم ، عه‌شره‌ت ،که‌لتور ، پیاوسالاریه‌‌ ، خێزانه‌کان به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسک و به‌ دڵێکی ته‌نگی پڕ له‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ئاماده‌ی دادگایکردنه‌که‌بوون و گوێیان له‌ سزای زیندانیکردنی کوڕه‌کانیان ده‌گرت ، سزای هه‌ر‌که‌سێکیان زۆرتربوایه‌ خێزانه‌کانیان زیاتر ناڕه‌‌زایه‌تیان پیشانده‌داو  فرمێسکی گه‌رمی به‌ کوڵیان زیاتر بۆ کوڕه‌کانیان هه‌ڵده‌ڕشت . من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ برای یه‌کێک له‌و گه‌نجانه‌ قسه‌م کرد که‌ ئه‌م تاوانه‌یان ئه‌نجامداوه‌ ، برای گه‌نجه‌که‌ پێیوابوو که‌ ئه‌مه‌ ئه‌زموونێکی باشه‌ بۆ براکه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا عاقڵبێت و تۆزێک بیر بکاته‌وه‌ و ئه‌م زیندانکردنه‌ بۆی ببێته‌ قوتابخانه‌ ، کێشه‌که‌ لێره‌دایه‌ ئیغتیساب و زیندانی بۆ کوڕان ده‌بێته‌ ده‌رس و ته‌جروبه ، به‌ڵام خۆشه‌ویستی و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی ئازادانه‌ له‌لایه‌ن کچانه‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ستدانی ژیان و به‌ردباران کردنیان ، بۆ سزای ئیغتیسابکردنی کوڕه‌کانیان  فرمێسک ده‌ڕێژن به‌ڵام بۆ هه‌واڵی عیشقکردنی کچه‌کانیان چه‌قۆ تیژ ده‌که‌ن بۆ سه‌ربڕینیان ، ئه‌و پێوه‌ره‌ دوو فاقه‌ی به‌دوو تێڕوانینی جیاوازه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ کچان و کوڕانی کۆمه‌ڵگا ، کچان و ژنانی غه‌رقی نه‌هامه‌تی و ناعه‌داله‌تیه‌کی سه‌راپاگیر کردوه‌ . له‌یه‌کێک له‌زیندانه‌کانی تکریت ژنێکی به‌ندکراو به‌ناوی ( ده‌لال ) له‌لایه‌ن ئه‌و پۆلیسیانه‌ی که‌ پاسه‌وانی به‌ندینخانه‌که‌بوون سکی پڕکراوه‌‌ ، له‌کاتی سه‌ردانی برایه‌کی ( ده‌لال ) بۆ به‌ندیخانه‌که‌ به‌ده‌مانچه‌ ( ده‌لال ) ده‌کوژێت سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕوانه‌ ( ئاوێنه‌ ڕۆژی 28/4/2009 ) ، هه‌رکه‌سێک زۆر به‌ئاسته‌م سه‌یری ئه‌م نموونه‌و ڕووداو کاره‌ساتانه‌ بکات ده‌زانێت له‌ کۆمه‌ڵگا‌دا چ تاوانێک به‌رانبه‌ر ژنان ئه‌نجام ده‌درێت و چۆن هه‌ر ڕۆژه‌و جه‌سته‌یان خۆراکی ناعه‌داله‌تیه‌که‌ ، ژنان و کچان بوونه‌ته‌ ده‌سته‌مۆترین نێچیر به‌ده‌ست پیاوسالاری و نایه‌کسانیه‌وه‌ ، مه‌رگی ئینسانێک به‌حیساب بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی سه‌ری شه‌ره‌فی که‌سێکیتر گه‌وره‌ترین تاوانه‌ .  میدیاکانی نه‌رویج هه‌واڵی ( 41 ) حاڵه‌تی ئیغتیسابیان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌ساڵی ڕابوودا دادگا بڕیاری له‌سه‌رداون ، کورد له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌دان ( سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ بڕواننه‌ ئاوێنه‌ ڕۆژی 23 / 4 / 2009 ) من دڵنیام کاتێک ئه‌م هه‌واڵه‌ بڵاو ئه‌بێته‌وه‌ یه‌ک خێزان نیه‌ له‌ کوردوستان که‌ دڵی ڕاچڵه‌کێت و بڵێت ئاخو کوڕه‌که‌ی ئێمه‌ ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجام نه‌دابێت ، یه‌ک خێزان نیه‌ بڵێت باشه‌ ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌ی ئێمه‌ ئه‌م کاره‌ی کردبوو شه‌ره‌ف و که‌رامه‌تی عه‌شره‌ت و بنه‌ماڵه‌ له‌کوێ بهێنینه‌وه‌ ، یه‌ک خێزان نیه‌ که‌ بیرله‌وه‌ بکه‌نه‌وه‌ که‌ چۆن کوڕه‌ ئیغتیسابکه‌ره‌که‌یان بگێڕنه‌وه‌و تۆڵه‌ی ناوزڕاندنیانی لێبکه‌نه‌وه‌ ، که‌ دیاره‌ من مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ بڵێم‌ چۆن کچان ده‌کوژن و شه‌ڵاڵی خوێنیان ده‌که‌ن کوڕانیش به‌و ده‌رده‌ به‌رن ،  چونکه‌ کوشتنی هه‌ر ئینسانێک تاوانه‌و هیچ ته‌بریرێکی نیه‌ ، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ جێگاوڕێگای کچان و ژنان له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا پیشانبده‌م که‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه‌و پله‌ دووبوونیان له‌ مه‌رگیشدا ئاماده‌یه‌ ، لێره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێوه‌ره‌ دژی ئینسانیانه‌یه‌ که‌ هه‌میشه‌ کچانی کردۆته‌ دیلی بیری کۆنه‌په‌رستی و ، هه‌ر بڕیارێکی ئازادانه‌ی ئه‌وان باجه‌که‌ی کوشتنه‌و شاردنه‌وه‌یانه‌ له‌ناو جانتایه‌کداو زینده‌به‌چاڵکرنیانه‌ له‌ باخچه‌که‌ی ماڵه‌وه‌دا ، یاخود په‌لکێش کردنه‌وه‌یانه‌ بۆ خاکی نیشتمان و کوشتنیانه‌ له‌ ئاهه‌نگی گێڕانه‌وه‌ی غیره‌ت و شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه‌ به‌ ئاماده‌بوونی باوک و براو خال و مام و ئه‌وانیتر ،  کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ هه‌موو ڕۆژ له‌ ژێر ناوی شه‌ره‌ف و ناموسدا قه‌لاچۆی ژنان و کچانی تێدا بکرێت ، کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌رده‌وام ڕمی تیروکه‌وانه‌که‌ی ئاڕاسته‌ی سنگی سه‌ره‌تایترین مافه‌کانی کچه‌کانی بێت ئاشکرایه‌ که‌ ڕۆژانه‌ ده‌یان کاره‌سات و ڕووداوی جه‌رگبڕ ڕووده‌دات ، سووتان ، خۆخنکاندن ، به‌کارهێنانی ماده‌ی ژه‌هراوی بۆ کۆتایهێنان به‌ ژیان ، شروب و حه‌ب و ده‌رمانی بواره‌کانی ته‌ندروستی ، خۆکوشتن به‌ چه‌ک ، ڕۆژانه‌ داهێنان ئه‌کرێت له‌ چۆنیه‌تی کوشتنی کچان و ژناندا ، به‌جۆرێکی لێهاتووه‌ کاتێک گوێبیستی چیرۆکه‌کان ده‌بیت پێتوایه‌ باسی خه‌یاڵت بۆ ده‌که‌ن به‌ڵام هیچی خه‌یاڵ نییه‌ به‌ڵکو هه‌مووی چیرۆکی واقیعی ژیانی کچان و ژنانه‌ ، ژنان و کچان ده‌بێت ببنه‌وه‌ به‌ ئینسان ، ده‌بێت پله دوو نه‌بن ، ده‌بێت له‌کۆمه‌ڵگادا وه‌ک ئینسانی خاوه‌ن بڕیارو ئازاد سه‌یربکرێن ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگای کۆتایهێنانه‌ به‌و دۆزه‌خه‌ی که‌ ده‌رگاکه‌ی له‌هه‌موو لایه‌که‌وه‌ کراوه‌یه‌ بۆیان .                  

 هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی                                       

Previous
Next

Leave a Reply