Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

فریشته‌كان فایلیان ئاشكراده‌بێ‌‌و شه‌یتانه‌كان ون ده‌بن….عومه‌رمحمه‌د

Comment
by December 31, 2008 گشتی

 فریشته‌كان فایلیان ئاشكراده‌بێ‌‌و شه‌یتانه‌كان ون ده‌بن.
 عومه‌رمحمه‌د

 كه‌ باس له‌بنێشتی‌ كوردی‌ یان ڕۆنی‌ كوردی‌ ده‌كه‌ین، هه‌ر له‌خۆمانه‌وه‌ هه‌ست به‌ئاسوده‌یی‌‌و جۆره‌ شانازیه‌ك ده‌كه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ده‌زانین باشترین جۆری‌ خواردنن بۆ ته‌ندروستی‌ مرۆڤ، بریا ئه‌وانه‌ خراپترین ده‌ست‌ومه‌قامی‌ كوردبونایه‌و سیاسه‌تمان كه‌مێك باشبوایه‌، چش له‌رۆن‌و هه‌نگوین‌و بنێشتی‌ كوردی‌، خوابكه‌م سیاسه‌تی‌ كوردیمان ده‌رخوارد نه‌ده‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی‌ سیاسه‌تمان سنوری‌ هه‌موو معقولیه‌تێكی‌ به‌زاندووه‌..ئاخر به‌بیری‌ كێدا ده‌هات له‌دوای‌ ڕاپه‌رین كه‌ فریشته‌كانی‌ ئازادی‌ دێنه‌وه‌ بۆ نیشتمان، ده‌ست له‌گه‌ڵ شه‌یتانه‌كان تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن‌و نیشتمان كلك‌وگویى ده‌كه‌ن‌و ده‌یكه‌ن به‌ وێنه‌یه‌ك له‌ دۆزه‌خ، به‌بیری‌ كێدا ده‌هات ئه‌وشه‌یتانانه‌ی‌ ڕاوی‌ فریشته‌كانیان ده‌كرد، له‌ هه‌موومان به‌حورمه‌ت تربن؟ قه‌ت بووه‌ كه‌سێك خوێن ببه‌خشێ‌‌و یه‌كێكیش خوێن بڕێژێ‌، نه‌ك هه‌ر به‌چاوێك ته‌ماشابكرێن به‌ڵكو خوێن رێژه‌كه‌ سه‌روه‌رترو قسه‌رۆیشتووتربێ‌..!!  ئاخر لۆژیكێك هه‌یه‌ له‌دنیادا ئه‌وه‌ی‌ دیوارێك هه‌ڵده‌چنێ‌‌و ئه‌وه‌ی‌ دیوارێك ده‌ڕوخێنێ‌، به‌یه‌ك چاو ته‌ماشابكرین.. چجای‌ ئه‌وه‌ی‌ روخێنه‌ره‌كه‌ باشتر بژی‌..؟ پێم شكنایه‌ مه‌گه‌ر ئه‌مه‌ هه‌ر لۆژیكی‌ سیاسه‌تی‌ كوردی‌ بی‌..!   ئه‌وه‌ی‌ زۆر مایه‌ی‌ نیگه‌رانیه‌ ئه‌وه‌نیه‌ باره‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌لار‌وماڵ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ وێرانه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ سنوری‌ غه‌دریشی‌ به‌زاندووه‌، له‌پاڵ ئه‌م خواروخێچیه‌شدا هێشتا به‌ ڕووقایمیه‌وه‌ باس له‌دیموكراسیه‌ت‌و هه‌ندێك جار به‌ولاوه‌تریش ده‌رۆن‌و ده‌م له‌ئازادی‌‌و یه‌كسانیش ده‌كوتن..؟!  نه‌گبه‌تی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ له‌وه‌دایه‌ شۆرشگێره‌كان فایلیان ئاشكراده‌بی‌‌و تاوانباره‌كان له‌یاسا وون ده‌بن..كه‌چی‌ وه‌ك هیچ روینه‌دابێ‌ !! ئه‌مه‌ چ مه‌ته‌ڵێكه‌ یاران..؟! عه‌زاوی‌ دان به‌تاوانه‌كه‌یدا ده‌نێ‌‌و ده‌ڵێ‌ به‌ڵی‌ من به‌شداری‌ تاوانی‌ كۆمه‌ڵكوژی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌مكردووه‌، كه‌چی‌ خۆمان ده‌ڵێین حه‌یفت نه‌كرد چۆن كاری‌ وا له‌تۆ ده‌وه‌شێته‌وه‌..؟!  خۆی‌ ده‌ڵێ‌ ده‌چمه‌ دادگاو هه‌موو راستیه‌كان باس ده‌كه‌م، كه‌چی‌ خۆمان ده‌ڵێین نا به‌سه‌ری‌ تۆ، ناچیته‌ به‌رده‌می‌ ئه‌و دادوه‌ره‌ زاڵم‌و دڵره‌قه‌، ئه‌ی‌ نه‌تبینی‌ پێشه‌وا بێتاوانه‌كه‌شتانی‌ له‌هیچی‌ خۆرایی‌ سزادا..؟ مه‌گه‌ر سولتانی‌ به‌سته‌زمان چی‌ بوو؟ چی‌ كردبوو جگه‌ له‌كوشتنی‌ موخه‌ریبه‌كان‌و ئه‌نفالكردنی‌ جافه‌كان..؟ نا نه‌خێر ئه‌مه‌یان كاری‌ كردن نیه‌و تۆ میوانی‌ له‌لای‌ ئێمه‌ چما خۆ قه‌ره‌ج‌و دۆم نین، ئه‌مه‌ له‌ ئێمه‌ی‌ كورد ناوه‌شێته‌وه‌ دوژمنی‌ خۆمان به‌رینه‌ به‌رده‌می‌ دادگا…راسته‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ خۆمان توند ڕه‌وو مڵۆزمین.. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئێوه‌ دڵفراوان‌و دڵنه‌رمین چونكه‌ ئێوه‌ له‌ئێمه ‌پیرۆزترن..بائه‌نفال‌وكیمیابارانیشتان كردبین. 
 

Previous
Next

Leave a Reply