Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
فرەژنی دیاردی پر لەشەرمەزاری کۆمەلگای پیاوسالارییە!

فرەژنی دیاردی پر لەشەرمەزاری کۆمەلگای پیاوسالارییە!

Closed
by November 24, 2008 ژنان

 فرەژنی دیاردی پر لەشەرمەزاری کۆمەلگای پیاوسالارییە!    
 سەرکەش

                                                 
     a_sarkash@hotmail.com

 لەم چەند رۆژانەدا سەبارەت بە گفتوگۆی هەموارکردنی یاسای باری کەسی و گرفتی فرەژنی لە دانشتنەکانی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان، قسە و باسی زۆر لە ناوەندە رۆشەنبیرییەکان، ناوەندەکانی میدیا و شەقامی رووناکبیری کوردی هاتۆتە گۆرێ. زۆربەیەک تەنیا بۆ ئەوەی بە بێدین و بێ باوەر لە قەلەم نەدرێن، پاشای کۆر ئاسا تەلاقیان* نەکەوێ، بەرگرییەکی کوێرانە لە دیاردەی کۆنەپەرستانەی زۆرژنی دەکەن، وەک بەرگریکارێکی ئەم کلتورە ناشارستانیەش چەند بەلگە و بەهانەیەکی یەکجار پروپوچ و بێ بناخە، بۆ ئەم کاروکردە نا لەبارە دێننەوە، کە لەراستیدا تەنێ بۆ گەپجاری دەشێن، بەنموونە ئێژن، ژنێکی زۆری شەهیدانی شەری چەکدارانە، ژنی ئەنفالکراوەکانی گەرمیان و هۆزی بارزانییەکان بێ مێرد و هاوسەر ماونەتەوە، دەلێن زۆرژنی (شەرەف و نامووسی) ئەو بێوەژنانە دەپارێزێ، دووریان دەخاتەوە لە کاری خراپە(مەبەست کاری سێکسە) کە لە راستیدا پێچەوانەکەی ئەمە راسترە، ئیتر دەلێن و دەلێنەوە وەک ئەوەی دیاردەی فرەژنی  دەرمانی حەوت دەردان بێ وهۆکارێکی چارسازانەی کێشەو گرفتاری ئەو چارەرەشی و لێقەوماویە بێ، وەک ئەوەی ئەم دیاردەیە داهێنان و دۆزینەوەیەکی نرت و نوێ ی تازە پەیدا بێ.
 هاوکات زۆر مەکر بازانە خۆیان لە باس و بابەتی تێنووێتی سێکسی و ئاگری هەوەسبازانەی پیاوانی ئەم پەیرەوە دەدزنەوە، دواتریش پشت لەهەموو ئاکام و ئەنجامە نێگەتیڤ و ترسناکەکانی دەکەن.
 لێرەدا وا چاکە وەک وەلام و وەبیرهێنانەوەیەک، بە بانگەشەی ئەم بەرێزانە بلێین ئاخر مالتان نەشێوێ خۆ لێقەوماوی ژنانی بێ هاوسەرماوی شەهیدان، ئەنفالکراوەکان، بارزانییەکان و کارەساتەکانی شەری هەشت سالە و نەگبەتیەکانی تر و مەرگی ئاسایی ئازیزان، رۆژێک و دوان نییە! مێژووێکی هەس، مێژوو!! ئەم دیاردە ناشارینەش کە ئەمرۆ خەرییکە بەگژدا چوونەوەی دەگاتە ناو کۆر و کۆبوونەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان، ئەویش هێندەی میژووی باوک سالاری کۆنە! ئەگەر پەیرەوانی ئەم دیاردەیە، کەمۆکەیەک ویژدانی مرۆ دۆستانەیان هەبوایە، ئەگەر بەراستی ئامادەبووان بێوەژنانی ئەم کارەساتە مرۆی، نەتەوەیی، نیشتمانی یانە بخوازن و چاو و مێشک و هەستی تێنووی سێکسیان تەنیا و تەنیا نەخستابایە سەر کیژلە و کچانی خوارتر لە 18سال، ئەوا دەکرا (قسەیەکی خێر بۆ گورگ بکەین).
 بەلام کورد گوتەنی تەقە تەق تەرۆزی خۆشە!!.
 فرەژنی و درۆی دکتۆر!
 ئەم قسە و باسانە بابەتێکی رۆژنامەونی وەبیر خستمەوە، کە لەژێر ناوی (درۆی دکتۆر) لە هەشتاکان لە گۆڤارێکی عەرەبی بە ناوی (تەبیبوکە) بلاو کرابۆوە.
 نووسەری بابەتەکە خۆی دکتۆر بوو، رووداوەکە بەسەرخۆی هاتبوو، نووسینەکەی وەک ئەزموونێکی پیشەی دکتۆری بلاوکردبۆوە.
 لێرەدا پربە پێستی خۆیەتی جارێکی تر بیخەمە بەرچاوان. ئەو بەرێزە** ئاوهای دەگێرایەوە.
 لە ئەفریقا کارم دەکرد، لەناو ئەو هۆزانەدا فرەژنی کلتورێکی باو بوو، پیاو بۆی هەبوو ژمارەیەکی ئێجگار زۆر ژنی هەبێ.
 رۆژێ لە شوێنی کارکردنم، پیاوێک لەگەل کۆمەلێک ژن هاتنەلام، دوای پێشوازی کردنم لێیان، پیاوەکە هاتە گۆ ئەمانە خێزانی منن، لەراستیدا من سیانزە ژنم هەیە. لە ناوهەموواندا تەنێ چوار دانەیان مندالیان دەبێ، ئەم نۆیەش هیچیان مندالیان نابێ، هاتووین ئەگەر چارەسەرێکمان بکەیت.
 منیش بیرم کردەوە، تا ئەوەی نۆ ژنەکە بپشکنم واچاکترە لە پیاوەکە دەست پێبکەم، کاتێ پشکنینی ووردم بۆ کابرا کرد بۆم دەرکەوت کە کابرا هەر لە بنەرەتدا نەزۆکە و مندال و وەچەی لێ ناکەوێتەوە.
 تووشی رێگایەکی داخراو، بارێکی دەروونی ناهەموار بووم، بیرم کردەوە ئەگەر راستی بەکابرا بلێم ئەوا هەر چوار ژنە مندالدارەکان دەکوژرێن، ئەمەش تاونە و من دەبمە هۆکاری کوشتنیان، خۆ ئەگەر درۆشبکەم ئەوا، گیانی ژنەکان دەپارێزم دەبمە رێگر لەبەر دەم هەتیوو کەوتنی مندالەکانیشیان.
 بۆیە درۆکردنەکەم بەپەسەندتر زانی، هەلسام هەندێک ئامۆژگاری و دەرمانی ئاساییم پێدان.
 دوای بورینی چەند مانگ، کابرا خۆی و چەند ژنێکی هاتنەوە لام بەدلێکی خۆشەوە، کابرا گوتی دکتۆر زۆر سوپاست دەکەین خواکردی ئەم چەند ژنەشم ئێستا زگیان هەیە، منیش لە بەر خۆم پێدەکەنیم، پیرۆزباییم لێ دەکردن، هەندێ ئامۆژگاری ترم بەکابرا دا بۆ ژنە داماوەکانی تری،  زانیم ئەم چەند ژنەش هەمان رێی چوار ژنەکەی پێشوو تریان گرتووە، کابرا نەیدەزانی بەچی پێدەکەنم، لەگەل ناخی خۆما کەوتمە ململانەیەکی توند، نەمدەزانی درۆکەی من تاوان بوو یا کردەی فرەژنی ئەو!؟ لەم چرکە ساتەدا نەم دەتوانی تاوانباری و بێ تاوانی، داوێن پاکی و داوێن تەری، راست و چەوت، داد و بێ دادی لێک جودا بکەمەوە.
                                                    سەرکەش/ئوپسالە/سوید
                                                           12.11.2008 
 ……………………………………………………………..
 *پاشای کۆر لەترسی ئەوەی نەک تەلاقی بکەوێ، شەری رزگاری و ئازادی میرنشینەکەی لە رووی داگیرکەرە عوسمانلییەکان راگرت، بە قسەی مەلای خەتێ، ئەو مەلا کۆنەپارێزە، بەکرێگیراوە فەتوای دابوو هەرکەسێک شەر لەگەل خەلیفەی موسلمانان بکا تەلاقی دەکەوێ.
 ** بەداخەوە ژمارە و رۆژ و مانگ و سالی گۆڤارەکە و ناوی نووسەری بابەتەکەشم لە یاد نەماوە، ناکرێ ئەمە بە وەرگێرانی دەقەکە بزانرێ بەلکو گێرانەوەیەکی بابەتەکەیە بە کەمێ هوردە دەسکاری زۆر ساکارەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.