Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

فرەژنی مەلهەی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان!

Be First!
by March 30, 2012 ژنان

 

وشەکانم لێ ونن یان خۆیان ون دەکەن و شەرمەزارن لەوەی کە قەباحتی نابود کردنی ژنێک نمایش بکەن کە یەکێکە لە  قوربانیەکانی یاسا دژی ئینسانیەکانی ئیسلام کە یاسای فرە ژنیە، ژنێک کە سەر بە هەوێ مێرد دەکات. ئەم ژنە لە پاش مێرد کردنیشی هەر وەکو ئەوەی کە مێردی نەکردبێت بەردەوام لە ماڵی باوکی دەژی و هەمو پێداویستیەکانی هەر لەوێ دەبن، ملکەچانە چاوەروانی سەری حەفتەکان دەکا بۆ ئەوەی برواتەوە بۆ ماڵی مێردەکەی، چونکە هەمو سەری هەفتەیەک سەرەی ئەوە کە لەگەڵی بخەوێت.
ئیسلام و حکومەتی پیاوسالار و مەلاکان بە فەرمانی اللە و یاسا بەناو ئاسمانیەکان توانیویانە خەڵکی چەواشە بکەن و ئەم بارە نا ئینسانیە بەسەر کۆمەڵگاکان و بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردیدا بسەپێنن، وە فرەژنی بە ناوی زەواج یان هاوسەرگیری لە زیهنی موسوڵماناندا بچەسپێنن و ئاسایی بکەنەوە. دیاردەی فرەژنی لە راستیدا هیچ پەیوەندیەکی بە مانا و پێوەرەکانی زەواجەوە نیە. دیاردەیەکی ئاوەها قیزەون و دزێو نەک تەنها سوکایەتیە بە بون و بە کەرامەتی ئینسانی ژن، بەڵکو ئیهانەیە بە خودی پیاوانیش کە قبوڵیانە خوشک و کچیان وەکو کۆێلەیەکی سێکسی چاوی لێ بکرێت و بەکار بهێنرێن بە ناوی زەواج.
زەواج لە روانگا ئینسانیەکەیەوە پەیوەندیەکی سروشتیە لە نێوان ژنێک و پیاوێکدا بە مەبەستی پێکەوە ژیان و پێکهێنانی خێزان. وشەی زەواج لە زەوجەوە هاتوە کە بە مانای پێکهاتنی دو کەس واتە ژن و پیاوێک. پێ زیاد بونی کەسی سێهەم وشەکە ماناکەی خۆی لە دەست دەدات، چونکە ئیتر جوت نیە و بووە بە سێ. هاتنی کەسی سێهەم بۆ ناو ئەو پەیوەندیە، ئیتر گرفت و خۆشیەکانیش دابەش دەبێت و بەرژەوەند و داهاتووشیان تێک دەچێت  مانای زەواجەکە لە ناو دەبات. هەر وەکو لە قورئاندا هاتوە دەبێتە پەیوەندیەکی دیکە کە هیچ رەبتێکی بە بنەماکانی زەواجەوە نییە و دەبیتە تەنها پەیوەندییەکی سێکسی و هیچی تر.

ئیسلام بە دو شێوەی جیاواز زەواج و فرەژنی پێناسە دەکا. بۆ نمونە، لە ئایەتی ٢١ ی سورەتی الروم دا دەڵێ.
وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ.

 ئەم ئایەتە باس لە پێکەوە ژیان و خۆشەویستی و رەحم لە نێوان ژن و مێرددا دەکات. بەڵام لە ئایەتی فرە ژنیدا ئەم ڕێز و خۆشەویستیانەی نێوان ژن و مێرد نابینرێت و بە شیوەیەکی دیکە باسی دەکا و هیچ مانای خۆشەویستی و پێکەوە ژیانی تێدا نیە. تەنها چەغت لە سەر هۆکاری سەرەکی پەیوەندیەکە دەکات کە ئەویش سێکسە. چونکە تەنها لەبەر سێکسە کە پیاو بە دوای فرە ژنیەوەیە. ئەمەش بە رونی لە ئایەتی ٣ی سورەتی النساء دا دەردەکەوێ کاتێک اللە لە قورئان دا بە موسوڵمانان دەڵێت:
 وَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تُقْسِطُواْ فِي الْيَتَامَى فَانكِحُواْ مَا طَابَ لَكُم مِّنَ النِّسَاء مَثْنَى وَثُلاَثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلاَّ تَعْدِلُواْ فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلاَّ تَعُولُواْ.

 ئەگەر ئەم ئایەتە بە بێ جوان کاری و وەکو خۆی تەرجومە بکرێ بە کوردی، دەبینین کە اللە لەحاڵەتی فرە ژنیدا وشەی زەوج بە کار ناهێنێت، بەڵکو وشەی نیکاح بە کار دێنێت و دەڵێت (فانکحوا). زەواج و نیکاح  دو وشەی زۆر جیاوازن و دوو مانای جیاوازیان هەیە. وشەی نیکاح واتە سێکس کردن یان بە زمانی پەتیی کوردی واتە گان کردن. فانکحوا یانی بیگێن. کەواتە اللە بە موسوڵمانان دەڵێ:  هەر چەندە ژن و کامەتان پێ خۆشە  بگێن، دوو، سێ و چوار.
بەکارهێنانی وشەیەکی سوکی وەک فانکحوا کە باسمان کرد یانی سێکس کردن، بۆ شەرعییەت پێدان بە فرەژنی، ناوەرۆکی نائەخلاقی و وەحشیگەری دیاردەکە و ئاستی بێ ڕەوشتیی پەیڕەوانی دەخاتە روو کە هیچ جێگای سەرسورمان نیە، چونکە پەیوەندی فرەژنی بریتیە لە هەمان وشەی فانکحوا.
کورد بە هۆی ئەوەی کە زمانی عەرەبی نەزانیوە هیچ کات لە قورئان تێنەگەشتوە و بێ ئاگایانە پەرەستویانە و پەیرەویان کردوە. بۆ وەڵامی هەر پرسیارێکی ئایینی رویان لە مەلاکان کردوە. مەلاکان ئەم خاڵەیان قواستوەتەوە بۆ بەرژەوەند و دەسەڵاتی خۆیان. بەردەوام تا رۆژی ئەمڕۆ بەکاریان هێناوە بۆ شاردنەوەی ناوەڕۆکی نا ئینسانیی و جوان کردنی رووی ئیسلام. چونکە تێگەشتن لە مانای وشەکان و ئایەتەکانی قورئان وەکو خۆی، دەبێتە هۆی لە ناوچونی رێز و سامی خەڵک بەرانبەر بە قورئان و لە دەستدانی دەسەڵاتی سەران و رێبەرانی ئیسلام.
لە ئایەتی ٣ی سورەتی النساء دا، اللە هیچ رون کردنەوەیەکی لە بابەت هۆکار و سودی یاسای فرەژنی باس نەکردوە. بەڵام موسوڵمانان مەسەلەی فرەژنی بە یەکێک لە موعجیزەکانی ئاینی ئیسلام ناودەبەن وەک رێگا چارەیەکی لە ناوبردنی یەکێک لە کێشە کۆمەڵایەتیەکان پاساو دەکەن کە بریتیە لە کێشەی ژنان و منداڵانی بێ سەرپەرەست. ئیدعای ئەوە دەکەن کە گوایە پیاوان ژنانی بێ مێرد دەهێنن و ئاگایان لێ دەبن و خەرجی خۆیان و منداڵیان دەکێشن. ئەم ئیدعایە زۆر دورە لە راستیەوە، کردەوە و کرداری ئەوانەی کە سودمەندن لەم یاسایە پێچەوانەکەی دەسەڵمێنن. هەر وەکو اللە ئاماژەی پێ کردوە کە سێکس ئەساسی پەیوەندیی فرەژنیە. ژنانی بەتەمەن و خاوەن منداڵ گرفتاری کۆمەڵێک کێشەن کە بەهۆی ئەم کێشانەوە پێیان ناکرێت هەمیشە لە خزمەتی ئەمرەکانی پیاو دا بن. ناتوانن بە شێوەیەکی پێویست حەزەکانی پیاوان پڕبکەنەوە. پیاوانی خۆ پەرەست کە لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و نوێ کردنەوەی ژیانی سێکسییان دا، نەک هەر حەوسەڵە و خەمی منداڵی خەڵکیان نیە بەڵکو ژن و منداڵی خۆشیان پشت گوێ دەخەن و بە دوای حەزەکانی خۆیان دەکەون. پیاوانی دەوڵەمند و کار بەدەست کە بە زەبری پارە سودمەند دەبن لە یاسای فرەژنی و بە زەبری پارە دەتوانن سێ تا چوار ژن بێنن، کاتێک بریاری هێنانی ژنی دیکە دەدەن بێ گومان کچانی گەنج و جوان دەهێنن کە حەز و نیازە جنسییەکانیان پڕبکاتەوە، نەک ژنانێک کە کێشە و سەرئێشەی زیاتریان  بۆ دروست بکات.
پێناسە کردنی ژنان بە کێڵگەی پیاوان، دروست بونی ژن لە پەراسوی پیاو، ناوهێنان و دانانیان لە ریزی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات لە قورئاندا، هۆکاری لە گۆرنانی ویژدانی پیاوانە و بروا هێنانی ئەوان بە ئەوەیکە رەگەزی ژن تەنها ئامێرێکی سێکسی بێ هەست و کەرامەتە بۆ رابواردن و خۆشی ئەوانە. ئەمە وای کردوە کە پیاوان بە بێ هیچ بەزەییەک و بە کەڵک وەرگرتن هەم لە یاسای فرەژنی و هەم لە تەڵاق کە ئەویش بەدەستی ئەوانە، دەتوانن هەمیشە چوار ژنیان هەبێت و بەردەوام ژنی دیکەش بهێننەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە موسوڵمانان دەڵێن، ئیسلام تەنها ئایینێکە کە کەرامەتی ژن دەپارێزێ و کۆمەڵگا دور دەخاتەوە لە کاری فەحشا و نا ئەخلاقی. بێ گومان مەبەستیان لە کاری فەحشا و نائەخلاقی تەنها خۆشەویستی و پەیوەندیی دڵخوازی نیوان ژن و پیاوە بە بێ فانکحوا. یاسایەکی وەکو یاسای فرەژنی کە لە قورئاندا هاتوە و حەڵالە، لە خۆیدا هەم هۆکاری بێ سنور کردنی حەزە چڵێسیەکانی پیاوانی هەوەس بازە و هەم زاڵ بونی شەهوەتە بە سەر هۆش و بیر و ویژدانیاندا.
یاسا ئاسمانییەکان بە پێی روداوەکان و پێویستیەکانی سەردەمی خۆی داڕێژراوە. ئیسلام هیچ بەرنامەیەکی نەبوە بۆ چارەسەرکردن و لەناو بردنی کێشە و دیارەدە نائینسانییەکانی ناو کۆمەڵگا و هیچ بایەخێکی پێ نەداون. کێشەکانیی منداڵ بە شوو دان، کۆیلە و بەکارهێنانی ژنانی کۆیلە بۆ سێکس، ئاڵو گۆر کردنی ژنان و فرە ژنی و هتد، نەک چارەسەری نەکردون، بەڵکو بە زیادیشەوە وەک ئامرازێک لە پێناو بەرژەوەند و ئامانجی سەرەکی ئیسلام کە داگیر کردن و تاڵان کردنی وڵاتان بوە، بەکاری هێناونەتەوە. بایەخی سەرەکی و گەورەی ئیسلام دراوە بە شەڕ و پیاوانی شەڕکەر. بە پێچەوانەوەی ئیدعای موسوڵمانان، ئیسلام ژنان و کچانی منداڵی وەکو دەستکەوت و پاداشت بۆ پیاوانی شەڕکەری موسوڵمان داناوە. هەموو ئەو تاوانە بەڕبەڕیانەی کە لە لەو سەردەمەدا دژ بە کچان و ژنان دەکرا، حەڵاڵی کرد و بو بە شەریعەتی ئیسلام و سەپێندرا بەسەر کۆمەڵگادا.
حەڵال کردنی ئەو دیاردانە لە لایەن ئیسلامەوە هیچ لە نائینسانی بونیان ناگۆڕێت و نەفس نزمیی پەیرەوانی ناشارێتەوە  و هیچ لە گەورەیی تاوانەکان کەم ناکاتەوە. بۆ نمونە، بە کردار و کردەوە چی جیاوازییەک هەیە لە نێوان فرەژنی و خەوتنی پیاوێکی دیکەی ناموسوڵمان لە گەڵ چوار ژنی جۆراو جۆر لە دەرەوەی زەواج بەرانبەر بە پارە لە خانەی لەش فرۆشیدا؟ بێ گومان وەکو کردەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نیە. لە هەردو حاڵەتدا مەبەستی سەرەکی لە چونی پیاو بۆ لای ئەو هەموو ژنە تەنها بۆ پرکردنەوەی حەزە و خەوتنە لە گەڵیان. بە هیچ شێوەیەک مانای خۆشەویستی و رەحم و پێکەوە ژیانی تێدا نیە و لە هەر دو حاڵەتدا قوربانیەکان هەر ژنانن کە  پیاوان بە زەبری پارە دەیان کڕن بە تایبەتی ژنانی گەنج و جوان. ئەگەر جیاوازییەک هەبێت، ئەوەیە کە پیاوی موسوڵمان بە ئەمری اللە و پشت بەستن بە شەریعەتی ئیسلام، بە بێ کۆنترۆلی دکتور و بەکارهێنانی وەسیلەکانی پاراستن لە نەخۆشی دەچێتە لای ژنەکانی و دەبێتە هۆی هەڵگری میکرۆبی ئەو نەخۆشیانەی کە ژنەکانی جاروبار توشی دەبن و دەیگوازێتەوە بۆ ئەوانیتر.
ئەگەر کۆمەڵگا خەوتنی پیاوێک لە گەڵ زیاتر لە یەک ژنی قبوڵ نیە و نەفرەت لە پیاوانێک دەکەن کە لە گەڵ ژنانی زۆر دا دەبن، کاری لەم جۆرەیان پێ فەحشایە و مەحکومی دەکەن، دەبێ بە هەمان شێوە گۆرینی ژنان و خەوتنی پیاوێکی موسوڵمان لە گەڵ چوار ژن بە ناوی فرە ژنیەوە، کە لە خۆیدا (مەلهەیەکی تایبەتیی ئیسلامە بۆ پیاوانی موسوڵمان) بە فەحشا بزانێت و مەحکومی بکات. چونکە خەوتنی پیاوێک لە گەڵ چوار ژن چی بە حەڵاڵی یان بە حەرامی بێت، هەمان کارە و هەمان کاریگەری هەیە لە سەر خەڵک و کۆمەڵگا. فرەژنی هۆکاری دابەزاندنی ڕەوشتی خەڵک، تێکدانی شیرازەی پرنسیپ و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، سەرلە شێواندنی منداڵان و سوکایەتی و بە کۆیلەکردنی زیاتری ژنانە. 
مەرجدار کردنی فرەژنی لە کوردستاندا هیچ ڕێگرێک لە ژن هێنانەوەی دوهەم و سێهەمی پیاو ناکات و ناتوانێ کۆنترۆڵی ئەو دیاردەیە بکات. چونکە مەرجدار کردنی یاساکە قەدەغە کردنی دیاردەکە نیە، بەڵکو لە باری قانونیەوە ئەنجامدەرانی هیچ سزایەکیان بۆ دیاری نەکراوە. ئیتر پیاوان دەتوانن بە ئاسانی و بە پشتوانی خودی یاسای فرەژنی، بچن بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و لەوێ ژن مارە بکەن. لە لایەکی دیکەوە مەرجی رەزامەندی ژنی یەکم یان ژنانی پێشوو مایەی گاڵتەجارییە. چونکە ئەگەر ژن ئازاد بێت و خاوەنی خۆی بێت لە هیچ حاڵەتێکدا و بە هیچ شێوەیەک پێی خۆش نییە و قبوڵی ناکات هاوسەرەکەی خۆشەویستی لەگەڵ ژنێکی دیکە دا بکات. ژن هەرچی لەدەستی بێ و تابتوانێ ڕێگا نادات شەریکێکی دیکەی بۆ پەیدا بێت. هەروەها ژنان لە کۆمەڵگای کوردیدا نامۆ و سەرگەردان و بێ وڵاتن. هەمو مافێکیان لە سەندراوەتەوە و هیچ دەسەڵاتێکیان نیە. تەنانەت خاوەنی لەشی خۆشیان نین و ناتوانن بریاری لە سەر بدەن. کاتێک پیاو بریاری ژن هێناوە دەدات، بە ئاسانی دەتوانێ رەزامەندی ژنی یەکەم یان ژنانی پێشوو بەدەست بێنی. چونکە پێش وەخت دەزانێ کە خێزان و کۆمەڵگا و یاسا دوژمن و جەلادی ئەوانن و دڵنیایە لەوەیکە هیچ شوێنێک نییە رووی لێ بکەن و هیچ لایەن و یاساێەک نیە دیفاعیان لێ بکات یان بیانپارێزێت.
نوسەری بەناو بانگی میسر دکتۆر تەها حوسێن لە وتەیەکیدا دەڵێ: قورئان باشترین ئاوێنەیە کە ژیانی بەڕبەڕی و جاهێلی دەنوێنێت. ئەگەر قورئان ژیانی وەحشیگەری ١٤٠٠ ساڵەی پێش ئێستا و نائینسانی کۆمەڵگایەک پەرش دەکاتەوە کە شوێن و جێگای سەرهەڵدان و دروست بونی دینی ئیسلامە، لە دونیای ئەمڕۆدا  کۆمەڵگای کورد لە سایەی حکومەتی کوردی و شەریعەتی ئیسلام دا، بە سوکایەتی و لێدان وکوشتاری ژنان، خەتەنەی کچان، خەوتنی پیاوان لە گەڵ چوار ژن لە خانەی سێکسی تایبەتی ئیسلامیدا بە ناوی فرە ژنیەوە، بوە بە ئاوێنەیەک و ژیانی وەحشێگەری و ناشارستانی ئەم سەردەمە ئەنوێنێت بۆ جیهان. شەرمەزاریە میللەتی کورد بە ژن کوژ بناسرێت و کۆمەڵگای کوردی نمونەی ژیانی بەڕبەڕی بێت لەم سەردەمە دا. ئیسلام گەورەترین کارەساتێکە کە توشی میللەتان هاتوە و شەریعەتی ئیسلام دڕندەترین یاسایە دژ بە مرۆڤایەتی. پەیڕەوی کردن لە شەریعەتی ئیسلام گەورەترین تاوانە دژ بە میللەتی کورد و کولتوری کوردەواری.
مەرجدار کردنی یاسای فرەژنی لە لایەن حکومەتی کوردستانەوە، لە خۆیدا دانپێدانانە بە نائینسانی و ناعەدالەتی و ناتەندروستیی دیاردەکە. بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی ئەم ناعەدالەتییە دەبێ یاسای فرەژنی لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێتەوە و هەمو رێگایەک لە هەوەسپەرەستانی نەفس نزم و پەرەپێدەرانی بەڕبەڕییەت بگیرێ. چیتر رێگا نەدرێت بە شەریعەتی ئیسلام و یاسای فرەژنی میللەتی کورد چەواشە بکرێن و سوکایەتی و بێ کەرامەتی قبوڵ بکەن و رێگا بدەن کە ژنان بە سێ و چوار لە تەلارەکاندا مەلهەی تایبەتی ئیسلامی بۆ پیاوانی موسوڵمان پێک بێنن.

 


بەهار نەسرەدین
٢٨/٣/٢٠١٢

Previous
Next

Leave a Reply