Skip to Content

Monday, January 25th, 2021

فرە خراپ رۆیشتی * … نەبەز گۆران

Be First!
by January 24, 2013 ئەدەب

 

 

 

برێ‌ خۆشەویستی هەیە

كتومت لەمەرگ ئەچێت 

یەكجار دێت و ئیتر نایەتەوە.

 

خراپ رۆیشتی

فرە خراپ 

بەجۆرێك رۆیشتی

هەموو تەمەنم برژێنمە بەرپێت

نایەیتەوە.

كەلێرە بویت

فرەشتم لێ‌ شاردیتەوە 

لێم شاردیتەوە پێت بڵێم

” هەرچی تاڵی ئەم دونیایە هەیە

لەو دەم و لێوەی تۆ بێتە دەر

لای من، هەر شیرینە، هەر شیرینە”**

ئەها… من ئێستە 

لەسەربازێك ئەچمم

لەپێشی پێشەوەی، بێ‌ وەفای تۆ

كەوتوم و هەڵناسمەوە.

 

بڕێ‌ ئازیز هەیە

لەخەون ئەچێت

كە ڕاچڵەكیت ئیتر نایبینیتەوە. 

 

فرە خراپ رۆشتی 

فرە خراپ 

دوای تۆ، لەسەر بانێژەی تەنیایی

پاڵكەوتم و تائێستاش هەڵنەساومەتەوە.

 

برێ‌ دۆست هەیە

لەمنداڵی ئەچێ

لەچاوشاركێكدا

تاچاوت ئەكەیتەوە وندەبێ‌

كە لەدەستت چوو، تائەمری

خەون بەگەڕانەوەیەوە دەبینی 

وەلێ‌ ئەو، هەرگیز نایەتەوە…

 

كە بیر لەتۆ ئەكەمەوە

حەوشەكەمان پر ئەبێت لەچۆلەكە

كە بیر لەخۆم ئەكەمەوە

چرای ماڵەكەم ئەكوژێتەوە.

لێرەوە تاو سەری ژیانم لێ‌ دیارە

هەمووشتێك دەبینم

جگە لە تۆ و

ئایندەی خۆم!!.

 

من

ئیتر نەدەرگام هەیە و

نە پەنجەرە.

من

ئیتر نەماڵم هەیە و

نە كۆڵان.

پیاوێك لەخەونا بژی

ماڵی بۆچیە؟.

پیاوێك لەخەونەكاندا

بۆ ژیان بگەرێت/ دەرگای ناوێ‌

پەنجەرەی ناوێ‌/ كۆڵانی ناوی.

من ئیتر

پیاوێكم لەخەوەن

ئەوەی دەیەوێ هەواڵم بپرسێ‌ بابچێت خەون ببینێت.

 

فرە خراپ رۆیشتی

فرە خراپ

دەبوایە بزانی، دەنگی كەوتنە خوارەوەی مەرگ

خۆشترە لەدەنگی درۆیەك.

من سێ‌ ساڵە

بەدیار درۆیەكی تاریكەوە

خۆم داگیرساندوە.

من دوانزە وەرزە

بەدیار هەڵكردن جۆگەیەك ئاوەوە

قاچم هەڵكردوە.

من عومرێكە پەنجەرەكەم كراوەتەوە

تا شنەبایەك بێت ئەم تەنیایەم ببات

ئەما، نەمانگ هەڵهات و نەرۆژ بەربویەوەو

نە با هات.

من ئیتر

باوەرم بەهیچ نەما

ژیان پیاوێكی بە ئەدەبە، ژنێكی درۆزن فریوی ئەدا.

 

خاستكرد رۆیشتی ***

نەیەیتەوە

ئەگەرچی هەموومان دەزانن

ئەم قسەیەم درۆییە

وەلێ‌، نەیەیتەوە

دوای تۆ

هەمووشتێك باشە

جگە لە من!!…

 

                   ” نەبەز گۆران

 

پەراوێزەكان

• فرە خراپ: ئەم دەستەواژەیە هەورامیە، یانی : زۆر خراپ

** ئەم بەیتە شیعرە سود بینینە لە شیعرێكی، مەولەوی شاعیر, پێشوتریش بێ‌ ناو دامنابوو.

*** خاس: وشەیەكی هەورامیە. یانی باش. خاستكرد، یانی باشتكر

 

Previous
Next

Leave a Reply