Skip to Content

Wednesday, January 20th, 2021

فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی له ئازادییدا

Be First!
by June 14, 2011 گشتی

کۆمپلێکێشه‌ی من له‌گه‌ڵ دیموکراتییدایه، چونکه دیموکراتیی چیدی ناتوانێت ڕۆڵێکی ته‌ندروست له ژیانی تاک و کۆدا ببینێت. ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تیی به گشتیی پێویستیه‌تی بریتییه له ئازادیی و هیچ شتێکی تر نا. ئازادییش چه‌مکێکی هێند کسه، که تاک ناتوانێت هه‌رئاوها ئاسان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکات، باشتر بڵێم مامه‌ڵه‌ی پێبکات. ئازادیی توانایه‌که، که به گشتیی کۆی هه‌موو مرۆڤایه‌تیی نییانه، لێبه‌ڵێ مرۆڤ ده‌توانێت ببێته خاوه‌نی توانای ئازادیی، ئه‌ویش به گه‌ڕانه‌وه بۆ خودی خۆی، بۆ سروشت و سروشتی خۆی له سروشتدا، نه‌ک له کولتووردا، که کردوویه‌تی به سروشتی خۆی. هه‌ندێکجار ده‌شێت بڵێم: که ئێره‌ییم به مه‌یموونێکی ناو جه‌نگه‌ڵه‌کانی ئه‌فریکا دێت، ئه‌و جه‌نگه‌ڵه‌ی، که ده‌ستی مرۆڤی پێناگات، یاخوود هیچ نه‌بێت مرۆڤ لێیگه‌ڕاوه وه‌ک خۆی بمێنێته‌وه. مه‌یموونێک وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه، ئه‌و خودی خۆی وه‌ک بوونه‌وه‌ره‌که‌ی له‌کیس نه‌داوه. به ئینستینکت ده‌ژیی، خاوه‌نی سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیه‌تی له سروشتدا، توانای هه‌ستکردنی به ئۆرگۆن وه‌ک وزه‌ی ژیان هه‌یه، لێبه‌ڵێ ئێمه وه‌ک مرۆڤ هه‌میشه له گه‌ڕانداین به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی شتێکدا، که ڕاستیی بوونی خۆمانه و نایدۆزینه‌وه. وزه‌ی ژیانمان ناو ناوه خودا، یان ڕه‌تیده‌که‌ینه‌وه و دژ به‌و که‌سانه‌ش ده‌جه‌نگین، که بیر له‌م تێزه‌ ده‌که‌نه‌وه. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه توانای ئازادیی نییه، ئاماده‌ش نییه ئازاد بێت. ئه‌ڵمانه‌کان له جه‌نگی جیهانیی دووهه‌مدا، په‌ڕتووکه‌کانی ڤیلهێلم ڕایشیان سووتاند، جه‌نگ کۆتاییهات و چه‌ند ساڵێکی نه‌برد له ئه‌مێریکادا له ژیانێک له دیموکراتییدا، سه‌رله‌نوێ په‌ڕتووکه‌کانی ڤیلهێلم ڕایشیان کۆکرده‌وه و بۆ جاری دووهه‌م سووتاندیان. ڕایش بۆی نه‌بوو ئازادانه بیروڕای خۆی ده‌رببڕێت، بۆی نه‌بوو ڕاستیی ڕووت و ڕاسته‌قینه‌ی بوون و گرفته‌ ده‌روونیی و فیزیکییه‌کانمان ئاشکرا بکات. له دیموکراتییه‌تی ئه‌مێریکادا ڕایش له‌سه‌ر بیروڕای ئازاد و ئێکسپه‌ریمێنتکردنی به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیی بووندا، به سزای دوو ساڵ کرایه زیندانه‌وه و پاش نزیکه‌ی هه‌شت مانگ له سه‌ره‌تای نۆڤێمبه‌ری ساڵی ١٩٥٧ دا له زینداندا مرد و هه‌تاوه‌کوو ئێستاش هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیی له‌سه‌ر هۆکاری مردنه‌‌که‌ی نه‌خرایه به‌رده‌ست، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت له به‌یانییه‌کدا له خه‌و هه‌ڵنه‌ستاوه و له خه‌ودا مردووه. کاره‌سات لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که له دیموکراتییدا دادوه‌رێک به‌ربه‌ره‌کانێی زانایه‌ک ده‌کات، زانایه‌ک، که ده‌توانێت بوونی ئۆرگۆن بسه‌لمێنێت و دادوه‌رێکیش هیچ شتێکی له‌وه‌ زیاتر پێنه‌بێت، که پێیبڵێت: ڕێزی یاسا و دادگا بگره. دادوه‌رێک ناتوانێت له دیسکۆسی زانستی سروشتدا به‌شداربێت، چونکه هیچی لێنازانێت، ده‌شا زانایه‌کی تری سروشتیان بهێنایه هه‌تاوه‌کوو ململانێی ڕایشی پێبکه‌ن، ئینجا یان ئه‌وه‌تا ئه‌م زانایه کاری له ئازادبوونی خۆیدا ده‌کرد و چاوی بینینی ئه‌و ڕاستییانه‌ی ده‌بوو، که ڕایش ده‌یخاته به‌رده‌ستی یان ئه‌وه‌تا، وه‌ک پۆلیسی سیستێمێک کاری له وه‌رنه‌گرتنی ڕاستییدا ده‌کرد. یاسای سروشت وایه، بوونه‌وه‌رێکی نائازادا توانای ژیانی له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاددا نییه، پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته. واته بوونه‌وه‌رێکی ئازاد توانای ژیانی له‌ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی دیلدا نییه، توانای ژیانی له‌ناو قه‌فه‌ز و زینداندا نییه، ده‌مرێت. مه‌رگی ڕایش له زینداندا ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه، که ئه‌و وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی ئازاد چیدی به‌رگه‌ی قه‌فه‌زی نه‌گرتووه، ئه‌گه‌ری دووهه‌م ئه‌وه‌یه، که ده‌شێت له ڕێگای مێتهۆدێکی ده‌روونییه‌وه کووشتبێتیان، ئه‌گه‌ری سێهه‌م که‌وتنه‌خواره‌وه‌یه بۆ ناو تاریکیی، واته توانای دۆزینه‌وه‌ی هیچ ڕاستییه‌ک له‌سه‌ری نه‌بێت.
من ئه‌م کورته چیرۆکه‌ی ڕایشم بۆیه هێنایه‌وه، چونکه که‌ره‌سته‌یه‌کی به‌هێزه بۆ تێڕوانین له گرنگیی بوونی ئازادیی و مه‌ترسیی دیموکراتیی. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه، که هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا له نائاگاییدا ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵن به ئازادییه‌وه سه‌رقاڵ نین به دیموکراتییه‌وه. من ئه‌مه به گه‌نجینه‌یه‌کی گه‌وره ده‌زانم، که له ئاینده‌دا بتوانرێت کاری له‌سه‌ر بکرێت. ده‌شێت بتوانم بڵێم: که ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌م وزه‌یه له قوڵاییی نائاگایی ئه‌م تاکانه‌وه هه‌ڵبکێشینه‌سه‌ره‌وه بۆ ڕووبه‌ری ئاگایی، ئه‌وا ده‌توانم بڵێم: گۆڕانی ڕاسته‌قینه له‌م ڕووبه‌ره‌وه ده‌په‌ڕێته‌وه بۆ ئاینده‌ی کورد له باشووردا. له‌نێوانی ئه‌مان و به‌شه‌که‌ی تری چ ناو یه‌کێتیی و چ ته‌واوی کۆمه‌ڵگاش دروستکردنی پردێک پێویستییه‌کی چاره‌نووسسازیی ده‌بێت، هه‌ر تاکێک توانای کردنه‌وه‌ی خۆی، مه‌به‌ستم قوڵایی بیرکردنه‌وه و جیهانی ده‌روونیی خۆی بۆ تاکی به‌رانبه‌ر هه‌بێت، ئه‌وا توانای په‌ڕینه‌وه‌شی ده‌بێت، ئینجا چ له‌مبه‌ره‌وه بروات بۆ ئه‌وبه‌ر چ له‌وبه‌ره‌وه بێت بۆ ئه‌مبه‌ر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت.
بۆچیی به‌‌رده‌وام ته‌واوی ئه‌و گرۆیانه‌ی بۆ ئازادیی تێده‌کۆشن له کۆتاییدا یان ئه‌وه‌تا هیچ جیاوازییان نییه، له‌گه‌ڵ ڕژێمه‌که‌ی پێشتردا یان ئه‌وه‌تا له ڕێگای دیموکراتییه‌وه وه‌ک ڕژێمه‌که‌ی پێشوو فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ده‌که‌ن؟ وه‌ڵام: چونکه هیچ کام له تاکه فه‌رمانڕه‌واکان و ته‌واوی ئه‌و تاکانه‌ی تریش، که له شۆڕشێکی ئاوهادا به‌شدارن توانای ئازادییان تێدا نییه. ئیمڕۆ له ڕێگای په‌روه‌رده‌وه ده‌توانین شێرێک له جه‌نگه‌ڵه‌کانی ئه‌فریکاوه بهێنین و فێری ژیانی له دیموکراتییدا بکه‌ین، هه‌موو مرۆڤێک توانای ئه‌وه‌ی ده‌بێت له دیموکراتییدا بژیی، لێ هه‌موو مرۆڤێک ناتوانێت له ئازادییدا بژیی. دیموکراتییه‌ت پاڵنه‌ره بۆ زاڵبوون یان کۆنترۆڵکردنی ده‌روونی کۆ. من سوورم له‌سه‌رئه‌وه‌ی، که حه‌ڤده‌ی شووبات هیچ نه‌بوو بێجگه له ڤانداڵێک، بێجگه له جوڵه‌یه‌ک بۆ کووشتن و ڕادیکاڵیتێت، ته‌نها پیاوه بچکۆلانه‌کان به خاڵی وه‌رچه‌رخان و به سه‌ره‌تای شۆڕشێک ده‌یناسێنن.
کێشه‌ی چه‌مکی فاشیست له ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییدا ئه‌وه‌یه، که به‌رده‌وام چ له‌لایه‌ن ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندنه‌وه و چ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک نووسه‌ره‌وه مۆری ڕادیکاڵیه‌تی ڕژێمه تۆتالیتارییه‌کانی وه‌ک مۆسۆلۆنیی، هیتله‌ر، سه‌ددام و به‌عس …هتد.ی لێدراوه و له‌وانیشه‌وه ده‌یگوێزنه‌وه بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ئێستای کورد. ئێمه پێویسته جیاوازییه‌کی گه‌وره‌ی نێوان دیکتاتۆریه‌تێک له تۆتالیتاریه‌تدا و دیکتاتۆریه‌تێک له ئاوتۆریتێتدا ببینین. ده‌سته‌ڵاتی کوردیی له ڕێگای هه‌ردوو گه‌وره پارتی ده‌سته‌ڵاتداره‌وه خاوه‌نی سیستێمێکی ئاوتۆریتێرین. ئه‌م ده‌سته‌ڵاته ئاوتۆریتێرییه نه‌ک ته‌نها له ڕێگای میلیتێر و سووپاوه، به‌ڵکوو له ڕێگای کۆمه‌ڵیشه‌وه ده‌پارێزرێت، واته سڤیل ده‌یپارێزێت، چونکه ویستی گوێڕایه‌ڵیی ئه‌م سیستێمی ئاوتۆریتێته‌ی هه‌یه، هه‌روه‌کوو چلۆن نه‌خۆشێک گوێڕایه‌ڵی وته و داواکانی پزیشکێکه، چونکه پزیشکیش لێره‌دا که‌سێکی ئاوتۆریتێته. سه‌رانی گۆڕان و نووسه‌ره‌کانیان له نه‌زانیه‌وه هه‌ڵه ده‌که‌ن، نه‌ک خوێنه‌ر هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنن. گیۆڤانی ئامندۆلا وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی لیبڕاڵ له ئیتالیادا ساڵی ١٩٢٣ سیستێمه‌که‌ی مۆسۆلۆنیی وه‌ک وه‌ک سیستێمێکی تۆتالیتار پێناسکرد، که خاوه‌نی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌کی ئابسۆلوتیزمه و کۆنترۆڵ ناکرێت، واته چینێک ده‌یبات به ڕێگاوه، که ڕێگا به کۆنترۆڵکردنیان نادرێت. ئه‌م پێناسه‌ی ئامندۆلا قازانجێکی گه‌وره‌ی به فاشیسته‌کانی ئیتالیا گه‌یاند، واته فاشیسته‌کان ئه‌م چه‌مکه‌یان وه‌رگرتوو خستیانه سیستێمه‌که‌ی خۆیانه‌وه واته فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌کی ده‌رچوو و بێ کۆنترۆڵ. به هه‌موو ئه‌و زیانانه‌وه‌، که له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه له ڕێگای یه‌کێتیی و پارتی دیموکراته‌وه به کورد گه‌یه‌نراوه، سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی له باشووری کوردستاندا ده‌کرێت بڵێین سیستێمێکی ئاوتۆریتێته، لێبه‌ڵێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نه فاشیسته و نه تۆتالیتار. له سیستێمێکی ئاوهادا مرۆڤ پێویسته فونکسیۆنی فاشیست و تۆتالیتار بدۆزێته‌وه ئه‌وسا به فاشیست و تۆتالیتار پێناسی بکات.

ده‌سته‌یه‌ک نووسه‌ر به‌رده‌وام له بۆنه‌یه‌کی سیاسییدا فاشیستانه ده‌رکه‌وتن و کاردانه‌وه‌یان ده‌بوو، ئه‌م ده‌سته‌یه ئاماده نین بچووکتریین هێز له خۆیان بکه‌نه‌وه دابه‌شی خه‌ڵکانێکی تری بکه‌ن، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه، که به‌رده‌ر له خۆیان هیچ که‌سێکی تر بۆی نییه له‌و گورزه‌یه‌دا له‌و چه‌پکه‌دا بێت، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌وانه‌ی، که ویستیانه به‌شێکی ئه‌و گورزه یان ئه‌و چه‌پکه بن، ئه‌وا ته‌نها له ده‌ره‌وه‌ی گورز و چه‌پکه‌که‌دا مافی ڕاوه‌ستانیان هه‌یه. “ئه‌مجۆره ده‌ستانه هه‌مانشێوه خاوه‌نی سیستێمی دیکتاتۆریه‌تێکی ئاوتۆریتێتانه‌ن، خاوه‌نی سیمپتۆمی فاشیستانه‌ن”. فاشیست واته گورز، چه‌پک. ئه‌م چه‌مکه ڕه‌گه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌‌رده‌می “ڕۆم” له ئیتالیادا „Fasces“، چه‌مکه‌که لاتینییه و به واتای گورز یان چه‌پک دێت. ئه‌م چه‌پکه خاوه‌نی گه‌وره‌تریین ده‌سته‌ڵاتن و ڕێگاناده‌ن هیچ که‌سێک یان گرۆیه‌ک له ده‌سته‌ڵاتیان که‌مبکاته‌وه، ئیدی لێره‌وه چۆنێتیی به‌رگرییکردن له هێشتنه‌وه‌ی گه‌وره‌تریین ده‌سته‌ڵاتیان ده‌چێته سه‌ر سکه‌ی “تێکۆشان له‌پێناوی مانه‌وه‌دا له‌سه‌ر ده‌سته‌ڵات”. ئه‌‌زموونی ئه‌م تێکۆشانه له‌ سه‌رده‌می پاشاکانی ڕۆمه‌وه، به گه‌یشتن به مۆسۆلۆنیی و هیتله‌ر پێمانڕاده‌گه‌یه‌نێت، که به‌رده‌وام ڕادیکاڵیتێت ئامڕازی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌پکه „Fasces“ بووه. تێگه‌یشتنی من بۆ دیموکراتی ڕه‌شبینانه‌یه، ئه‌زموونی سه‌ده‌ی بیست و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، ده‌ڵێت: که دیموکراتیی ئامڕازی کۆنترۆڵکردن و به‌ڕێوه‌بردنه له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی چه‌پکدا. نه‌ک به‌ته‌نها کورد له باشوورد، به‌ڵکوو جیهان پێویستی به ژیانه له ئازادییدا. تاک له ڕێگای ئازادییه‌وه ژیانێک ده‌ژیی، که ژیانی خۆیه‌تی له بڕیارێکی ئاوتۆنۆمییدا.

له سه‌رده‌می ڕۆمی کۆندا ئه‌و که‌سانه‌ی پاسه‌وانێتیی پاشا یاخوود کایسه‌ریان ده‌کرد پێیانده‌گووتن لیکتۆر „Liktor“ ئه‌مانه له‌گه‌ڵ کایسه‌ردا ده‌رده‌که‌وتن ڕۆڵی پاسه‌وانیان ده‌بینیی. له ڕۆمی کۆنه‌وه به تێپه‌‌ڕبوونی مێژوو ڕۆڵی لیکتۆر دابه‌شده‌کرێت به‌سه‌ر داموده‌زگاکانی حکومه‌تدا، ئه‌نجوومه‌ن و پارێزه‌رانی ده‌وڵه‌ت وه‌ک یه‌کێتیی وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مێریکا. له سه‌ده‌ی بیستدا فاشیزمی ئیتاڵیی ئه‌وانه‌ بوون، که ته‌نها سه‌رنج و تێڕوانینیان بۆ خودی خۆیان بوو، ئه‌م چه‌پکه به ڕابه‌رایه‌تی بێنیتۆ مۆسۆلۆنیی گه‌یشتن به فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردن و ماوه‌ی بیست و یه‌ک ساڵیان خایاند، واته له ١٩٢٢ هه‌تا ١٩٤٣. جوڵانه‌وه‌یه‌کی ڕادیکاڵانه‌ی ڕاستی وه‌ک جوڵانه‌وه‌که‌ی مۆسۆلۆنیی و هیتله‌ر له هاواریانه‌وه بۆ “نان و ئازادیی بۆ گه‌ل” ده‌ستیپێکردووه. کۆڵانی میونشن نه‌ماوه هیتله‌ر داوای نان و ئازادیی بۆ گه‌ل تێدانه‌کردبێت. چه‌پکه‌که‌ی هیتله‌ر که‌سی تری وه‌رنه‌ده‌گرت، هه‌ر تاکێکی ئه‌ڵمانییش ویستی بوونی له‌م چه‌پکه‌دا هه‌بوایه، ئه‌وا ته‌نها ده‌یتوانی به‌شێک له فونکسیۆنی “کارکردن”ی سیستێمی نازییه‌ت بوایه. تێکۆشان له‌پێناوی مانه‌وه‌دا تێکۆشانێکی ڕادیکاڵانه بوو، که هه‌موو تاکێکی نازیی پڕاکتیزه‌ی ده‌کرد. له نۆڤێمبه‌ری ١٩٣٩ دا یۆهان گیۆرگ ئێلزه‌ر له شاری میونشن بۆمبێکی بۆ کووشتنی هیتله‌ر دانابوو، لێ سه‌رنه‌که‌وت. گریمان ئێلزه‌ر ئه‌م هێرشه‌ی به سه‌رکه‌وتووی به‌جێده‌گه‌یاند و له‌دوای هیتله‌ر ڕژێمێکی تر به‌رهه‌مده‌هات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه گه‌ره‌نتیی له ڕژێمێکی ئاهاودا بۆ ژیان له ئازادییدا چییه؟ یاخوود چییده‌بوو؟ هه‌موو ئه‌و تاک و گرۆیانه‌‌ی له ڕێگای تووندوتیژیی و کووشتنه‌وه هه‌وڵی گۆڕیینی ڕژێمێک ده‌ده‌ن له ئاینده‌دا خۆیان له ڕژێمی پێشوو باشتر نابن. حه‌ڤده‌ی شووبات له سلێمانییدا سیگناڵێکی ترسناک بوو بۆ هاتنه‌کایه‌وه‌ی ڕژێمێک، که سه‌ری زۆربه‌ی تاکی کوردی پانده‌کرده‌وه. ده‌شێت بپرسرێت بۆچیی؟ وه‌ڵام: چونکه ته‌وای تاکه‌کانی ئه‌م چه‌پکه „Fasces“ خه‌ڵکانێکن توانا و به‌هره‌ی ئازادییان نییه. ئه‌مانه خه‌ڵکانی دیموکراتن، که له ڕێگای “ماسه‌وه،Mass ” کۆنترۆڵی ده‌روون ده‌که‌ن، له ڕێگای دیموکراتییه‌وه عه‌شام ده‌که‌ن به ماریۆنێت و داوای نان و ئازادیی بۆ گه‌ل ده‌که‌ن. کێشه‌ی چه‌پک یاخوود فاشیست بریتییه له ئیدیۆلۆگیی و مامه‌ڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردنی تاک یاخوود نه‌ته‌وه‌. له گرووپدا مامه‌ڵه و ئیدیۆلۆگیی تاک هه‌مانشێوه له فه‌رمانڕه‌واییکردندایه، فاشیستیه‌تی گرووپ هیچ جیاوازییه‌کی له‌گه‌ڵ فاشیستیه‌تی پارتێکی فه‌رمانڕه‌وادا نییه، ئه‌وه‌ی لێکیان جیاده‌کاته‌وه پیشه‌که‌یه نه‌ک سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردن. هاوکارییکردنی سۆسیال له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ته‌نها ڕووکه‌شی کۆمه‌ڵی گرۆته‌وه به‌بێ په‌یوه‌ندییه‌کی چڕوپڕی بیۆلۆگییانه‌ی تاک. ئه‌م هاوکارییه له چینی دووهه‌می که‌ڕاکته‌ری تاکه‌وه یاخوود چینی ناوه‌ندی که‌ڕاکته‌ری تاکه‌وه گوێزراوه‌ته‌وه بۆ کۆمه‌ڵ. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ هه‌ڵسوڕێنه‌ری ئه‌م چینه‌ی دووهه‌م یان ئه‌م چینه‌ی ناوه‌ندی که‌ڕاکته‌ری تاک (که به‌شێکی هه‌ره‌ زۆری که‌ڕاکته‌ری تاکی کورد ده‌گرێته‌وه) چییه؟ یاخوود به‌هۆی چ فونکسیۆنێکه‌وه (کاکردن)نێکه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه پێکه‌وه؟ وه‌ڵام: تووندوتیژیی، ئاره‌زووه سێکسییه سادیستییه‌کان، ئێره‌یی، هێرش و شکاندنه‌وه …هتد. هه‌موو هه‌رایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی له شه‌قام و ژیانی ڕۆژانه‌ی کورد له باشووردا هۆکاره‌که‌ی سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه‌ک نییه، که ئه‌زموونی بیست ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی هه‌یه. هۆکاری هه‌ره سه‌ره‌کیی هه‌موو ئه‌م کێشانه ناته‌ندروستیی که‌سایه‌تیی تاکی کورده به گشتیی. له ڕێگای دۆستێکه‌وه چه‌ند کورته ڤیدیۆیه‌کی مۆبایله‌کانی گه‌نجانی کوردم پێگه‌یشت، ئه‌م ڤیدیۆیانه هاوکارییه‌کی باشی بۆ خوێندنه‌وه‌ی تێکچوونی که‌ڕاکته‌ری تاکی کردم. چوار گه‌نج، که باوه‌ڕم نییه ته‌مه‌نیان گه‌یشتبێته بیست ساڵ، خاوه‌نی مامه‌ڵه‌ی پێڤێرزانه و ئاره‌زوویه‌کی سادیستانه‌ی سێکسوال، که هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی دڕندایه‌تیی چێژ له تووندوتیژییه‌کدا ده‌بینن، که به‌هۆیه‌وه ده‌گه‌ن به لوتکه‌ی ئاره‌زوو “ئۆرگازم”. ئه‌و کچه‌ی تووندوتیژیی به‌رانبه‌ر ده‌کرا هه‌مانشێوه ته‌مه‌نیی به ڕووخساریدا ده‌رده‌که‌وت، که بیست ساڵی پڕ نه‌کردبێته‌وه. بێده‌سته‌ڵاتیی و نه‌بوونی ئاره‌زووی سێکسوال و خه‌مۆکیی ژیانی ئه‌م کچه‌ بوو له‌و ماوه‌یه‌دا، که چوار کوڕ چێژی تێدا وه‌رده‌گرن. ئه‌م کچه له ڕووخسار و ده‌نگیدا، به‌خته‌وه‌ریی له پراکتیزه‌کردنی سێکسدا نه‌ده‌گه‌یاند، لێبه‌ڵێ ڕووخساری خه‌مبار و ده‌نگی لاواز و بێده‌سته‌ڵاتی کچه‌که هێز و توانا و به‌خته‌وه‌ریی زیاتر ده‌دا به کوڕه‌کان، به‌تایبه‌ت ئه‌و کوڕه‌ی، که ئێستا و لێره‌دا سه‌ره‌ی بوو له پراکتیزه‌کردنی سێکسدا. کوڕه به‌خته‌وه‌ر بوو به‌وه‌ی، که له ڕێگای بێهێزیی و بێده‌سته‌ڵاتیی کچه‌که‌وه هه‌ستی به هه‌بوونی ده‌سته‌ڵاتێکی گه‌وره له خۆیدا ده‌کرد. سادیست بوو له ڕێگای ئه‌و به‌خته‌وه‌ریی و هه‌وه‌سه‌وه، که له ڕێگای ئازاری کچه‌که‌وه وه‌ریده‌گرت. کوڕه ناوه‌ستێت هه‌تا دواچرکه‌ی خاڵییبوونه‌وه پاشان به قاقا  و پێکه‌نینێکی گه‌وره‌وه ده‌کێشێت به پشته سه‌ری کچه‌که‌دا و ده‌ڵێ: بچۆ خۆت پاکبکه‌ره‌وه. کچه‌که به‌پێچه‌وانه‌ی کوڕه‌که‌وه، ناتوانێت پێبکه‌نێت، به‌ڵکوو فرمێسک به چاویدا دێته‌ خواره‌وه و سه‌ری نه‌وی ده‌کات. کچه‌که هه‌ست به هه‌بوونی خه‌تا له خۆیدا ده‌کات و خۆی پێ خه‌تاباره. مۆڕاڵ لێره‌دا ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌بینێت له دروستبوونی هه‌ستی خه‌تادا، لێبه‌ڵێ ئه‌م کچه له کولتوورێکدا گه‌وره بووه، که مۆڕاڵ تێیدا واتای خۆی نییه، به‌ڵکوو کار له‌سه‌ر ڕه‌وشت ده‌کرێت، که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ مۆڕاڵدا یه‌کناگرنه‌وه. ئه‌م ڕه‌وشته‌ی، که کچه‌که تێیدا گه‌وره بووه، ده‌سته‌ڵاتی زۆرتری داوه به کوڕه‌کان و کچه‌که‌ش تێیدا بێده‌سته‌ڵاته. ئه‌م ڕه‌وشته‌ی ئه‌م کچه تێیدا گه‌وره‌ بووه، بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر هه‌بوونی ئابڕوو داناوه، که تێیدا کچه‌که به هۆی مامه‌ڵه‌کانییه‌وه له ده‌ستیداوه. کچه‌که لێره‌دا ئازار ده‌چێژێت و خۆشیی لێوه‌رده‌گرێت، چونکه له ڕێگای هه‌ستی خۆتاوانبارکردنه‌وه به‌خته‌وه‌ریی له‌و ئازاره ده‌بینێت، که پێیده‌گات. من شیاوی ئه‌م ئازاره‌م چونکه خه‌تابارم. من نرخم نییه، هه‌ربۆیه شیاوی ئه‌م ده‌ستدرێژییکردنه سه‌ره‌م. من ئابڕووم له‌ده‌ستداوه، که‌واته من شیاوی ئازارچه‌شتنم. کچه‌که لێره‌دا تاکێکی ماسۆشیسته، له‌گه‌ڵ کوڕه‌کاندا جیاوازیی نییه، چونکه هه‌ردووکیان مافێکیان به خۆیانداوه، ئه‌میان ئازار ده‌خاته‌وه و به‌خته‌وه‌ره، ئه‌ویان ئازار ده‌چێژێت و به‌خته‌وه‌ره. “له‌سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه تاوانباری گه‌وره ئه‌و سیستێمی په‌روه‌رده‌کردنه‌یه، که هه‌ستی خه‌تا له‌ناو کچاندا دروستده‌کات، که ده‌سته‌ڵات له کچه‌کان ده‌ستێنێته‌وه و زیاتریش ده‌دات به کوڕه‌کان.”. سێکس خۆشه‌ویستییه، که سه‌رچاوه‌ی ژیانه وه‌ک کار و زانین، به تێڕوانینه ڕایشیه‌که‌ی (Wilhelm Reich)، پێویسته فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی ژیان بکه‌ن، نه‌ک فه‌رمانڕه‌وایه‌تییبکرێن. زۆر به‌داخه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی من سه‌رنجی ژیان تاکی کورد له ژیانی ڕۆژانه‌یاندا ده‌ده‌م، ژیانێکی بۆگه‌نکردووه، تاوانباری یه‌که‌م و دواهه‌مین له‌م بۆگه‌نکردنه‌دا دایک و باوکه نه‌ک حکومه‌ت. ئه‌و چوار کوڕه و ئه‌و کچه نه‌وه‌یه‌کن له ڕاپه‌ڕییندا یان له‌دوای ڕاپه‌ڕییندا له‌دایکبوون، کاره‌ساته که‌ڕاکته‌ریان به‌وشێوه سادیستانه تێکچووه. تاکی که‌ڕاکته‌ر شێواو تاکی سادیست، تاکی نارسیست به‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌رییه‌وه به‌شداری له تووندوتیژییدا ده‌کات، به‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌رییه‌وه به‌شداریی له فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردنی پرۆسه‌یه‌کی مۆڕاڵانه‌دا ده‌کات، چونکه تێیدا شانسێکی گه‌وره‌ی پراکتیزه‌کردنی ده‌سته‌ڵاتی خۆی هه‌یه. هه‌موو ئه‌و مه‌لایانه‌ی به‌رده‌رکی سه‌را و خۆپیشاندانه‌کان به نموونه. هه‌ندێک تاکی ئێمه ماسۆشیستن سوود له هه‌موو هه‌لومه‌رجێک وه‌رده‌گرن، که تێیدا ده‌ستدرێژیی بکرێته‌سه‌ریان، تێهه‌ڵبدرێن و سووکایه‌تییان پێبکرێت، چونکه له ڕێگایه‌وه بێده‌سته‌ڵاتیی خۆیان له‌به‌رده‌م که‌ڕاکته‌رگه‌لێکی سادیستدا ئه‌نالیزه ده‌که‌ن. له چه‌ند ساڵی ڕابوورددا چه‌‌ندیینجار نموونه‌ی ئاوهامان له‌ناو جیهانی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردییدا هاته به‌رچاو. ئه‌مانه به‌خته‌وه‌رن به‌وه‌ی، که ئازار ده‌درێن، له‌وه‌ش به‌خته‌وه‌رترن، کاتێک له ڕێگای میدیاوه باس له ئازاره‌کانی خۆیان به ده‌ستی پۆلیس و خه‌ڵکانی نه‌ناسراوه‌وه ده‌که‌ن. ئه‌و مرۆڤه‌ی له سێکسوالیتێتدا چێژ له ئازاردانی خه‌ڵکیی وه‌رده‌گرێت، فرۆید گووته‌نیی هه‌مانشێوه چێژ له‌وه وه‌رده‌گرێت، که له کاتی پراکتیزه‌کردنی سێکسدا ئازاربدرێت. واته تاکێکی سادیست له هه‌مانکاتدا ماسۆشیستیشه، ئیدی به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که ئه‌م تاکه ڕۆڵێکی پاسیڤ یان ئه‌کتیڤ له پێرڤێرسیتێتدا ببینێت.

شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێ له‌سه‌ر هه‌بوونی ئازادیی داده‌گرێت، ئازادییش وه‌ک گه‌وره‌یی چه‌مکه‌که خۆی له سروشتدا نه‌ک بچووککردنه‌وه‌ی له فۆڕمێکی کولتوورییدا. گۆڕان و نوێبوونه‌وه خۆی له‌سه‌ر ئیدیۆلۆگییه‌کی سیاسیی دروستناکاته‌وه، به‌ڵکوو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سروشتی خودی خۆی له ئازادییدا، به‌بێ ده‌ستکارییکردن. ئازادکردنی کورد خۆی له‌ناو ئیدیۆلۆگییه‌کی سیاسییدا نابینێته‌وه، به‌ڵکوو وا له‌ناو به‌رهه‌مهێنانی که‌ڕاکته‌رێکی ته‌ندروستدا. هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی، که له ئێستاوه له‌دایک ده‌بن، ده‌شێت شانسی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له‌لایه‌ن دایک و باوکه گه‌نجه‌کانه‌وه ڕێگایان پێنه‌درێت وه‌ک خۆیان که‌ڕاکته‌ریان تێکبچێت، به‌ڵکوو هاوکار و یاریده‌ده‌ریان بن، که ببنه خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی ته‌ندروست. که‌ڕاکته‌ری مرۆڤیش له ته‌مه‌نی سێ ساڵیدا ده‌چه‌سپێت و هه‌تا مه‌رگ له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت. که‌واته له بیست ساڵی ئاینده‌دا له دوو هه‌زار و چل و یه‌کدا ده‌شێت، ئه‌گه‌ر دایک و باوکه گه‌نجه‌کان ئه‌و شانسه بده‌ن به ئاینده نه‌وه‌یه‌ک بخه‌نه‌وه له که‌سمان نه‌چن، واته خاوه‌نی که‌ڕاکته‌رێکی ته‌ندروست بن. له‌به‌رئه‌وه بمبوورن نه‌وه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیین ئێوه‌ش وه‌ک ئێمه‌ی نه‌وه‌ی پێش ڕاپه‌ڕیین شێواون. شێواوبوونتان چاره‌سه‌ری نییه، به‌ڵکوو ده‌توانن ته‌نها تۆله‌ریزه‌ی دوودڵیی و خه‌مه‌کان و ناخۆشییه‌کانتان بکه‌ن، که کاریگه‌ریی نێگه‌تیڤتان له‌سه‌ر دانه‌نێت. بڕۆن ڤیلهێلم ڕایش بخوێننه‌وه و بژیین بۆ ژیان له ئازادییدا (خۆشه‌ویستیی، کار و زانین سه‌رچاوه‌ی ژیانمانن، ئه‌وانیش پێویسته فه‌رمانڕه‌وایی بکه‌ن). کچی کورد، تۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی خوێنت دێت ژنیت، نه‌ک ئه‌و ڕۆژه‌ی کوون ده‌کرێیت، سکت موڵکی خۆته نه‌ک دایک و باوک، برا و خۆشه‌ویست و کۆمه‌ڵ.

من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئیدیۆلۆگییه‌کدا ئه‌و کاته هه‌یه و ئه‌و کاته ئیدیۆلۆگییه‌ک به مه‌ترسیی بۆسه‌ر تاک و کۆ ده‌زانم، که ده‌بینم ئیدیۆلۆگیی ناوبراو به ڕاستیی چ هه‌وڵی گۆڕیینی که‌ڕاکته‌ری ته‌ندروستی تاک ده‌دات و چ به ڕاستیش ده‌یگۆڕێت. هه‌ر به‌م شێوه‌یه ئیدیۆلۆگیی ئیسلام مه‌ترسیی نابێت، ته‌نها ئه‌و کاته نه‌بێت، که ستراکتوری که‌ڕاکته‌ری تاک ده‌گۆڕێت. ئیدیۆلۆگیی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و ناسیۆناڵیزمیش هه‌مانشێوه. ستراکتوری کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئیدیۆلۆگیی کۆمه‌ڵگای ئێمه فۆڕمی خێزانه‌کان به‌رهه‌می دێنن. ئه‌م خێزانانه هه‌رئه‌وه نییه، که فۆرمگه‌لێک له ڕێگای ژیانی ڕه‌گه‌زێکه‌وه فڕێبده‌نه ناو کۆمه‌ڵه‌وه، به‌ڵکوو، به‌رهه‌مهێنه‌ری فۆڕمگه‌لێکیشن، که کاریگه‌رێتیی له‌سه‌ر ژیان و نواندنی منداڵ و گه‌نج داده‌نێن. هه‌ندێک ده‌سته له‌ناو کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا خاوه‌نی ستراکتورێکی خێزانیانه‌ن، که تێیدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردن له ده‌ستی به‌هێزه‌کاندایه، له خێزانێکی ئاوهاشدا پیاو فه‌رمانڕه‌وایه، واته ئه‌گه‌ر هاتوو ڕۆژێک له ڕۆژان تاک له کۆمه‌ڵدا به هۆشیارییه‌کی زۆره‌وه که‌وته ململانێی خێزان یان سه‌رۆکی خێزان، ئه‌وا تێکۆشانی ناگاته سه‌رکه‌وتن، چونکه ئه‌و هێشتا له‌ناو ستراکتوری نواندنه نوێیه‌که‌یدا، که دیسکۆس و هێزی به‌رگریی هێشتنه‌وه‌ی خوده پێنه‌گه‌ییوه. ئه‌مجۆره ده‌ستانه هه‌میشه وه‌ک “ژن” ده‌ڕواننه ململانێکه‌ر، واته بێهێز. ماوه‌ته‌وه بڵێم: که له‌دوای ڕاپه‌ڕیینه‌وه کۆی هه‌موو ئه‌و زیانانه‌ی، که له کورد له باشووردا که‌وتووه ناگاته نرخی ئه‌و زیانانه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی ڕابوورد (٢٠٠٩ هه‌تا ٢٠١١). تێکۆشانی ئێستا پێویسته تێکۆشانیک بێت بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردن له ئازادییدا، لێبه‌ڵێ زیانه‌کانی ئه‌م دوو ساڵه‌ی ڕابوورد له کورد به جیهان ده‌ڵێ: که کورد بوونه‌وه‌رێکه توانای فه‌رمانڕه‌وایه‌تییکردنی نییه، به‌ڵکوو پێویسته فه‌رمانڕه‌وایه‌تییبکرێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: کێ قه‌ره‌بووی ئه‌م زیانه ده‌داته‌وه؟

Previous
Next

Leave a Reply