Skip to Content

Saturday, January 16th, 2021

فه‌نا بوون …. که‌ژوان

Be First!
by June 20, 2011 هۆنراوە

ئه‌جه‌لی فه‌نا بوونی ڕوحێك ..
وا خه‌ریکه‌ من ده‌کوژێ.
چ مه‌حاڵێکه‌..
من تێناگه‌م..
ئێستا بۆنی هه‌ناسه‌ی ئه‌و..
به‌سه‌ر ده‌ڤه‌ری کامه‌ دڵه‌..
سه‌ما ده‌کاو ..داده‌پڕژێ.
له‌ وون بونتا ..له‌ خۆم وونم…
من نازانم..ئێستا…
له‌ کوێ بۆت بگه‌ڕێم..
له‌ نێو ووشه‌ی به‌ڵێنه‌کانتا…
یان..
له‌ نێو جه‌نگه‌ڵ و..ڕیشاڵه‌ …
زامداره‌کانی ناخ و دڵم.
ده‌ پێم بڵێ..
کام ووڵاتی قێزه‌وه‌ن..
ناسنامه‌ی…
داگیر کردنتی به‌تۆ داوه‌..
بۆ کێ بوویته‌ گه‌دا و کۆیله‌..
له‌ ژێر شاپه‌ڕی کامه‌ شا خۆت حه‌شار داوه‌..!!

هه‌موو ڕۆژێك

هه‌موو ڕۆژێك…
تۆ برینی…
به‌ یاده‌کان ده‌کولێیه‌وه‌..
سه‌ری ڕێگای..
خه‌یاڵی منت گرتووه‌و…
له‌ گیانی من نابیه‌وه‌.
هه‌موو ڕۆژێك…
تۆ ئازاری…
به‌ڵام ئازارێکی شیرین..
هه‌موو ڕۆژێك…
تۆ گریانی…
به‌ڵام گریانێکی…
پڕ له‌ بزه‌و پڕپێکه‌نین.
هه‌موو ڕۆژێك…
که‌ به‌یانیان ده‌ژێمه‌وه‌…
له‌تێک له‌ شه‌کری ڕوحت..
پێکێک له‌ نیگای چاوانت…
من ده‌خۆم و ده‌خۆمه‌وه‌..
شه‌وانه‌ش که چاو لێک ده‌نێنم..
هه‌ر شه‌وێک و ..
بؤ ئارامیم..
سووڕه‌تێکی نیگایه‌کت ده‌خوێنمه‌وه‌.
هه‌موو ڕۆژێك…
چاوم بیری بینینی چاوی تۆ ده‌کا..
دار و به‌ردی…
ئه‌م گه‌ردونه‌ له‌به‌ر چاوم…
له‌ ڕه‌نگی قژی تۆ ده‌کا.
هه‌موو ڕۆژێك…
شه‌ماڵێکی له‌ئێواران…
به‌سه‌ر ڕوحم دا دێت و….
وه‌کو ئه‌فیون مه‌ستم ده‌که‌ی…
هه‌موو ڕۆژێك…
په‌ست ده‌بم…
مه‌راق ده‌مکوژێ که‌ به‌ نهێنی..
سه‌ردانی…
ماڵی ووشه‌ی شعرم ده‌که‌ی.
هه‌موو ڕۆژێك…
لای من وه‌کو…
یه‌که‌م ڕۆژی….
یه‌که‌م نیگاو بینینته‌…
لای من وه‌کو…
هه‌موو ڕۆژێ کوشتنی خۆم…
مردنی خۆم..
هه‌موو ڕۆژێك…
روح و گیانم …
دیلی ده‌ستی ئه‌وینته‌.

 

Previous
Next

Leave a Reply