Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
فیدرالییەت ئێرانیش دەگرێتەوە….سالار بابەشێخ

فیدرالییەت ئێرانیش دەگرێتەوە….سالار بابەشێخ

Closed
by February 9, 2009 گشتی

 فیدرالییەت ئێرانیش دەگرێتەوە
 سالار بابەشێخ

 تا پێش راپەڕینی شكۆداری 1991 باسكردنی سەربەخۆیی و دامەزراندنەوەی كۆماری كوردستان بڤە بوو، ئەگەر رێكخراوێكیش ئامانجەكانی لەو چوارچێوەیەدا دیاری بكردایە، ئەوا بە هەڵپەهەڵپ و خەونی گەنجانە و شتی مەحاڵ ناویان دەبرد!! دوای ئەوەی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانیش سیستەمی فیدرالی بۆ عێراقی نوێ پەسەند كرد و باشووری كوردستان ئەزموونێكی سەركەوتووی لەم بوارەدا وێنا كرد، وڵاتانی دیكتاتۆری و تاك دەسەڵاتی و ئایینی و تائیفی .. لە رۆژهەڵاتی ناوێنیش بەر ئەم شەپۆلە كەوتن. هەندێك لەو وڵاتانەش ئەگەر بە رواڵەتیش دژایەتی ئەو سیستەمەیان كردبێت، ناچار خوێندنەوەیەكیان بۆ كردووە و لانیكەم بۆ تەمەندرێژی خۆیان ئەگەر بە باشترین رێگەشیان نەزانیبێ، ئەوا نەیانتوانیوە سەرپۆش بخەنە سەر ئەو واقیعە كە چارەسەركردنی هاوكێشە سیاسییەكان لە وڵاتانی فرەرەگەز و فرە نەتەوە و فرە ئایینیدا سیستەمی فیدرالییەتە و هیچ پێكەوەژیانێكی زۆرەملێیانە تا سەر نابێت. هەر لەم رۆژانەشدا كە كۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو هەڵبژاردنێكی دیكەی سەرۆك كۆماری هەنگاو دەنێ، خاتەمی وەك باڵی ریفۆرم جارێكی دیكە خۆی قیت دەكاتەوە و ئەمجارە باڵی ریفۆرم بە ئاشكرا دان بە سیستمی فیدرالیدا دەنێ بۆ ئەوەی وڵاتی ئێرانیش لە ناوەندگەرایی رزگاری ببێ. ئاشكراترین نموونەی ئەم رەوتە وتەكانی وه‌زیری پێشووی ناوخۆی ئێرانە كە دەڵێت "باشترین چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانی ئێران فیدراڵییه‌ته".
 ‌ عه‌بدوڵڵا نوری وه‌زیری پێشووی ناوخۆی ئێران كە یەكێك لە كه‌سایه‌تییە بەرچاوەكانی ناو باڵی ریفۆرمە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا، له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری (سه‌نعه‌ت) جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دوای 30 ساڵ له‌ تەمەنی كۆماری ئیسلامی ئێران، پێویسته‌ چیدی ده‌سه‌ڵات له‌ ناوه‌نددا كۆ نه‌كرێته‌وه‌ و گوتی "پێویستە ئێمه‌ش وه‌ك وڵاتانی دیكه‌ سیسته‌می فیدراڵییه‌ت له‌ ئێران جێبه‌جێبكه‌ین"، بەڵام بە پەسەندكردنی ئەم سیستەمە پێویستە له‌ پارێزگاكانی ئێراندا هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان ئه‌نجام بدرێت و بێخەوشبوونی ئەم هەڵبژاردنەش سەرەتا پێویستی بە پێش زەمینەیەك هەیە كە سیستمی حاكم بڕوای تەواوی بە دیموكراسی هەبێت و مەودای ئەوە بڕەخسێنێ كە، ئیرادەی میللی نەتەوە جیاكان دوا بڕیاردەر بێت، بەڵام ئایا دركاندنی ئەم دروشمە سەردەمییانە تەنها بۆ تەمەندرێژی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، یان بەڕاستی پۆلیتیكاڵ مەنەكانی ئەو وڵاتە بۆ ریفۆرم و چاكسازی ئاسانكاری دەكەن؟
 بێگومان زەمەن و دادێ، هەردەم وەڵامدەرەوەی ئەمجۆرە پرسیارانە بووە.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.