Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

فیفتی فیفتی…. حه‌مه‌فه‌ریق حه‌سه‌ن

Be First!
by January 14, 2008 گشتی

ئێستا ئیتر ئه‌وه‌ی ساڵانێک بوو له‌بن به‌ڕه‌دابوو‌ که‌تۆته‌ سه‌ر به‌ڕه‌. ئه‌وه‌تا له‌چه‌ند‌ قۆڵێکه‌وه خودی دۆستانی هه‌ردوو سه‌رکرده‌ی کوردی باشوور، به‌ئاشکراو له‌ماڵپه‌ڕه‌کاندا باس له‌پاره‌ی کاشی له‌بانک نراوی هه‌ردوو جوامێر ده‌که‌ن،(خودا بیانپارێزێ بۆ ڕه‌ش و ڕووتی کورد.) دیاره‌ مادام ئه‌و دوو جوامێره‌ وه‌ڵامی ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگادارانه‌ ناده‌نه‌وه‌، که‌واته‌ به‌پێودانگی سه‌رده‌م هه‌واڵه‌که‌ ڕاسته‌!
من قه‌سدم شه‌ریفه ‌و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م لێمه‌که‌ن وه‌ک تاکێکی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریی داوای به‌شی خۆم له پاره‌ی ئه‌و دوو جوامێره‌ بکه‌م و خوانه‌خواسته‌ ده‌رگه‌ی دادگایان لێبگرم! خوا پێمنه‌گرێ‌ ئه‌و دوو جوامێره‌ ئه‌و پاره‌یه‌یان به‌ڕه‌نجی شانی خۆیان په‌یدا کردووه و وه‌ک شیری دایکیان پێیان حه‌ڵاڵه‌‌!! به‌ڵام به‌غیل و حه‌سوود له‌نێو کورددا زۆرن و چاویان به‌رایی نادات مامه‌و کاکه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیی ببینن!
کورتییه‌که‌ی و کوردییه‌که‌ی، ده‌مه‌وێ بڵێم ئینساف شتێکی باشه‌ بۆ مرۆڤ. ده‌بوایه‌ کاکه‌ په‌یڕه‌وی ئه‌و فیفتی فیفتییه‌‌ی. که‌ کاتی خۆی له‌سه‌ری ڕێککه‌وتن بکردایه‌و له‌و ‌ده‌ستوور و یاسا زێڕینه‌ لاینه‌دایه.. هه‌واڵه‌کان ده‌ڵێن کاکه‌ دوو ملیاری هه‌یه‌، که‌چی مامه‌ ته‌نیا چوار سه‌د ملیۆن دۆلاری هه‌یه‌! ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ کاکه‌ پێنج ئه‌وه‌نده‌ی مامه‌ی هه‌یه‌. باشه‌ ئه‌وا منیش قه‌بووڵــم کرد، ئه‌دی جه‌ماوه‌ر چلۆن قه‌بووڵی ده‌کات؟
گۆرانیبێژێکی زێده‌ به‌ڕیز هه‌یه‌ له ‌گۆرانییه‌کی به‌جۆش و خرۆشی خۆیدا ده‌فه‌رموێ ((ویژدانم قه‌بووڵ ناکات گه‌له‌ کراسه‌که‌ی شڕ بێت!))جا له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م ڕسته‌ مووسیکییه‌ جوانه‌دا، له‌و بڕوایه‌دام هیچ کوردێک ئه‌م (( فه‌رقه‌ ته‌به‌قییه))‌ی پێ قه‌بووڵ ناکرێ. ئاخر چۆن ده‌بێ مامه‌، که‌ سه‌رکۆماری عیراقی فیدراڵه‌،‌ ئاوا ڕه‌ش ڕووت بێت؟ بۆیه‌کا به‌نده‌، که‌ برای مه‌سڵه‌حه‌تم، پێشنیاز ده‌که‌م هه‌ردوولا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر فیفتی فیفتییه‌ حه‌یاته‌که‌. با کاکه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ هه‌شتسه‌د ملیۆن دۆلار ته‌حویل بکاته‌ سه‌ر حسابی مامه‌. تاکو هه‌ر یه‌که‌یان ببێته‌ خاوه‌نی یه‌ک ملیار و دوو سه‌د ملێون و ئیلله‌ڵاو بڕایه‌وه‌!
به‌ڵام ئه‌گه‌ره‌کو کاکه‌ نه‌هاته‌ ڕه‌داو به‌قسه‌ی نه‌کردم. ئه‌وا به‌نده‌ی موخلیستان (پلانی بی)م حازر و بزره‌.. ئه‌گه‌رچی پلانی بی نهێنییه‌، به‌ڵام له‌کن خوێنه‌رانی ئازیز ده‌یدرکێنم، که‌ ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌:
ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ کاکه‌ گیان قایل نه‌بوو ئه‌و هه‌شتسه‌د ملیۆنه‌ بۆ مامه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌. ئه‌وا پێشنیازده‌که‌م، ئێمه‌ی کوردی هه‌نده‌ران، که‌ نزیکه‌ی ملیۆنێک ده‌بین، سه‌ری خۆمان بقه‌بڵێنین و هه‌ریه‌که‌ لای خۆیه‌وه‌ ((هه‌زارو شه‌شسه‌د دۆلار)) بجرنگێنێ و بۆ مامه‌ی بنێرێ. بۆئه‌وه‌ی ڕه‌سیدی مامه‌ گیانیش بگاته‌‌ دوو ملیار. ڕه‌فیق که‌می زۆر ناخۆشه‌ یاران.. ئیتر خۆشیتان .. باقی وه‌سسه‌لام..

 

تێبینی: به‌نده‌ له‌ حساب و قیاسات دا کۆڵم.. ئه‌گه‌ر له‌م ڕووه‌وه‌ هه‌ڵه‌م کردبێ، ئه‌وا داوای لێبوردن ده‌که‌م. به‌هیوام گشت لایه‌ک په‌یڕه‌وی ئه‌م گوته‌ بازرگانییه‌ بکه‌ن که‌ ده‌فه‌رموێ ((السهو والغلط مرجوع للطرفین))

 

Previous
Next

Leave a Reply