Skip to Content

Tuesday, October 27th, 2020

فەلسەفەی ئازادیی! …. به‌شی سێیه‌م:

Be First!
by September 23, 2011 فەلسەفە

 

ئازادی، زانین، هه‌لومه‌رجبه‌ندیی

ئێمە ئەو توانستەمان ون کردووە بە سادەیی سەرنجی شتەکان بدەین، بەسادەیی وسروشتی بیانبینین، مێشکمان پڕە لە کێشە و گیرە و کێشمە، لە بیر و لە مەراق و ترس، لە ئایدیا و پێشباوەڕیی ولایەنگیریی.
ئێمە ئەوەمان لە دەست داوه‌ کە بێ ترس، بێ گومان، بێ بەستراوەیی سەیری شتەکان بکەین، ڕاستییە سادەکان بڵێین، کە درۆمان کرد بڵێین درۆ دەکەین، کە خەمبار بووین بڵێین ناشادین، کە ناڕازیبووین بلێین تووڕەین، کە نەمان ویست بڵێین: نا
خۆناسین پێویستی بە رەگەزێکی سۆکراتی گرنگ هەیە: دەبێ بێ فیز و بێ هەوا بی، دەبێ خۆئاسایی و سادە بی، دەبێ هەمیشە نەزان بی: بزانی کە نازانی تا زانا و دانابی.
گەر بڵێی: خۆم دەناسم و دەزانم- گەر بڵێی ئەوە ئاوایە و تەواو! مانای وایە تۆ گەیشتویتە دوا پلەی پرسی فێربوون دەربارەی خۆت، ناسینی خۆت و جیهان و ناتەوێ هیچی تر فێر بی، ناتەوێ بزانی کە نازانی.
گەر خۆت لە خۆت نەکەیتەوە، خۆت لە بیر و بیرەوەری ئایدیا و نەریت و خووی کۆمەڵایەتی نه‌که‌یته‌وه‌ که‌ خۆت له‌  بەراوردی و چاولێکەری کەسانی تردا ببینییه‌وە، ئەوە دیسانەوە تۆ ڕێگە لەوە دەگری خۆت بناسیت. کە لە زانینەوە یان بەخەیاڵی خۆت لە لوتکەی زانینەوە دەست پێ بکەیت، مانای وایە تۆ هەموو شتێکی نوێ لە ڕوانگەی کۆنەوە لێك دەدەیتەوە.
دەزانم- نایەڵێ بیرکەیتەوە، ببینی، دایەلۆگ بکەی، گوێ بگری،
دەزانم- پاڵت پێوە دەنێ بسەپێنی نەك بسەلمێنی،
سەپاندن نە بیرکردنەوەیە، نە عەقڵ، نە دایەلۆگ، نە زانین.
لایەنێکی ‘نازانم رەحەتی گیانم’ بیرکردنەوەیەکی فەلسەفی کوردانەی قووڵ دەردەبڕێ.
زانین: بارکردنی رۆحە، قورسکردنی رۆحە بەو شتانەی ڕەحەت و ئاسوودەیی ناهێڵن.
نازانم: گێڕانەوەی ئاسوودەیی و ڕۆحی تازەیی و هەستیارانەیە بۆ گیان، هۆش، ڕۆح.
نازانم: پێشوازیکردنێکی دۆستانە و خۆشەویستانەی زانینی تازەیە، بیری تازەیە، جوانی تازەیە.
کاتێ تۆ بە ئازایی و ئازادی جادووی هۆش و رۆح دەڕوانیتە شتەکان، شتەکان هەمیشە بە تازەیی دەبینی.
بەڵام چۆن ئەو ئازادییەی چاو، مێشك، رۆح بەدەست دێنین؟
هۆشمان لە لەحزەی بوونەوە تا لەحزەی مەرگ کەوتۆتە ژێر کاریگەری و پڕبوونی ئەو کەلتوور و ئایدیا و باوەر و نەریتانەی تێیاندا یان بۆیان لەدایك بووین.
فێرکردن و پەروەردەی کۆمەڵەکەمان، جیهانەکەمان. سەدان ساڵە دین، نەتەوایەتی، چین، کۆمەڵایەتی، زمان، پەروەردە، زانستەکان، عادەت و نەریتەکان، هەلومەرجی ئابووری، سیاسەت، میدیا، پروپاگەندە، خێزان، کار، هاوڕێ و ئەزموونی جۆراوجۆری ڕۆژانە و بیرەوەری تاك و بەکۆمەڵی.
هەموو ئەمانە رۆژانە مێشکمان پڕ دەکەن و دەیهاخنن و سنوورداری دەکەن، هێلی ڕەش و شین و سووری بۆ دادەنێن و دەیکەنە عەمباری خۆیان، بارهەڵگری کێشەکانیان، ئاراستەکراوی خواستەکانیان.
بۆیە بە دەست خۆمان نییه‌، خواستمان نییه‌، هەموو وەڵام و کاردانەوەیەکمان مەرجدارە.
ئەمە سەرەتایەکی گرنگە.
به‌م فامکرنه‌، به‌م زانینه‌:  خۆ-هوشیارییەکی گرنگ ده‌ردەبڕی.
کەواتە تۆ ئاگاداری ئەوە هەی کە: خواسته‌کانت مەرجدارکراون، که‌ تۆ هەلومەرجبەندکراوی؟
ئایا من هەلومەرج بەندم؟ ئەمە یەکەمین پرسیارە لەخۆتی بکەیت، پێش ئەوەی بپرسی: چۆن ئازادبم؟ چۆن هۆش و رۆحم ئازادکەم؟
چۆن ئازاد دەبی کە نەزانی لەچی ئازاد دەبی، دەبێ لەچی ئازادبی؟
بەڵێ: من هەلومەرج- بەندم.
بەڵێ دەستم بەستراوە، هۆشم داگیرکراوە، هەست دەکەم کۆیلەی هەلومەرج و دەوروبەر و مێژووەکەمم!
چۆن خۆت لە کۆیلایەتی هەلومەرج ڕزگار دەکەی؟
ڕەنگە تۆ قەت لەمانە ئازاد نەبی.
گەر بشڵێی: بەڵێ دەتوانم ئەوە کار بۆ ئەوە دەکەم خۆم لەم کۆست و مەرجانە ڕزگار دەکەم، رەنگە تەنها خۆت بخەیتە ناو تەڵە و تۆڕی شێوەیەکی دیکەی هه‌لومه‌رجبه‌ندیی و کۆیلایەتی یەوە. ئایا تۆ بەراستی گەیشتویتە ئەو ئاکامەی کە: هەموو بیرەکانت، باوەڕەکانت، بۆچوونەکانت، سەرنجەکانت، هەوڵەکانت، بزاڤەکانت، پێوەندیەکانت، ئارەزوەکانت: هەلومەرج- بەندن؟ پیاسە دەکەیت و بەلای باخێکدا دەڕۆی دار هەنار و هەنجیر و دار مێوی ترێی تێدایە، هەنارەکان سوور دەچنەوە، هەنجیرەکان زەرد و پڕ، هێشووە ترێکان شۆڕ بوونەوە، ئایا دەیانبینی یان نایان بینی؟ ئایا تەنیا وەك ئارەزووی خواردن بیریان لێ دەکەیتەوە؟
ئایا هێشتا تۆ لە ناوەوە لەگەڵ خەم و مەراقەکانی خۆت پیاسە دەکەی، نە چاوی دەرەوەت بۆ دەکرێنەوە، نەهی ناوەوە.
ئایا دەیان بینی و دەستی تەمایان بۆ درێژ دەکەی؟
ئایا لێکدانەوەی بیری، زەینیی، زانستییان بۆ دەکەی؟ یان لە لەحزەی ئێستای ئەوان و خۆتدا زەماوەندێکی بینین، سەرنجدانی ئیستاتیکی و پێکەوە بوونی ڕۆحی ساز دەکەی؟
موعجیزەی بوون قەت کۆتایی نایە.
سیحری جوانی قەت سەرەتا و کۆتایی نییه‌.
دنیای هەستییمان ئەوەندە پڕە، ئەوەندە دەوڵەمەندە، ئەوەندە بەخشندەیە، تەنێ داوای چاوی کراوە، مێشکی کراوە، رۆحی بێگەردمان لێ دەکا؟
چ وات لێ دەکا نەتوانی لە ئێستادا بژی؟
هوشیاری تۆ لە هەلومەرجەکان، لە سیستمەکان، لە ترادیشن و کۆنەوارەکان لە بارگرانییه‌کانی مێشک و خەمەکانی دەروون، لە ئەڵقەرێزەکانی ترس و گومان:
ئەم هۆشیارییە سەرەتای هەنگاونانتە بۆ ئازادبوونیان لێیان، سەرەتای گەرانەوەتە بۆ خۆت، بۆ دۆزینەوە و بەکارخستنەوەی وزە بەهێز و توانستە رۆحییە دەوڵەمەندەکانی ناوەوەت.
دەستپێکردنی گەشتی خۆگێرانەوەیە کە بتەوێت هه‌لومه‌رجبه‌ندیی رێگات لێ نەگرێ ئەزموونێکی ئیستاتیکی و ڕۆحی هەنجیر و هەنار و هێشووە ترێکان بکەی: سەرنجیان بدە، دەستیان لێ بدە، لەگەڵیان بژی، هاوبەشی موعجیزەی بوون و فەراهەمبوونیان بە، زەماوەندی وەرزی بەردان و بەخشیشیان بگێرە. بیان بینە، هەستیان بکە، بۆنیان بکە، تامیان بکە، هاودەمیان بە.
ئایا هەلومەرجی خێزان، کۆمەڵ، ئایین، نەریت، ئایدیۆلۆجیا، رێگات لێدەگرێ ئەمانە بکەی؟
رێگات لێدەگرن بە چاوی ئازادی ناوەوەت شتەکان ببینی؟
دۆزینەوە و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستییەکانی خۆت، کۆمەڵ، ژیان جیهان، گەردوون بەهەمان شێوە.
تۆ دەبێ وەك هەن: ڕاستەوخۆ سەرەتایی سادە، تازە ئەزموونییان بکەی نەهێڵی دوێنێت ئێستات هەڵڵوشێ، نەهێڵی رابردوو ئایندەت رەهن کات.
گەڕانەوەت بۆ خۆت، دۆزینەوەت، گەیشتنەوەت بە ئازادی ناوەوەت: ئەرکی خۆڕسکی خۆتە و لە هیچ فەرمانێك و ڕێنماییەکی دەرەوە نایەت.
ئەوانی دی خۆیەتی خۆت لە خۆت دادەماڵن، بە دواکەوتنی رێبەر و پێشڕەوو رێنیشاندەر: چاوەکانی تۆ لە بینینی حەقیقەتی رێیەکان کوێر دەکا.
تینوێتی تۆ بۆ ئازادی: ڕەوشی خۆتە، ڕەوایی خۆتە، ڕێنمایی خۆتە.
کێ پێت دەڵێ: تۆ برسی؟
ئەوە فەرمانی دەرەوە نییه‌ پێت دەڵێ: تۆ برسی.
ئەوە ئایدیۆلۆجیا و سیستم نییه‌ پێت دەڵێ: تۆ برسی.
ئەوە لەبەر ئەوە نییه‌ کە دوێنێ برسی بووی، پێرێ برسی بووی، پار برسی بووی، کە ئەمرۆش ئەم لەحزەیەش برسیتە.
ئەوە حەقیقەتی تاکی ئێستایی بوونی برسییەکەتە کە پێت دەڵێ تۆ برسی.
برسێتیەکە هی تۆیە، تۆ بە حەزی خۆت، خواستی خۆت مامەڵە لەگەڵ برسێتییەکاندا دەکەیت.
ئایا تۆ ڕازی کەسێکی دی کات و سات ڕادە و ئاستی برسێتییەکەتو تێرییه‌که‌ت دیاری بکا؟ بە ئارەزووی خۆی خواردنت بەدەمەوە بکات، پارووت بۆ بکا؟ بڵێ تێری و به‌س بخۆ، ئه‌مه‌ بخۆو ئه‌مه‌ مه‌خۆ؟ ره‌نگه‌ ته‌نیا له‌ کاتی نه‌خۆشیدا ئه‌مه‌ به‌ ده‌گمه‌ن روو بدات،
برسێتی تۆش بۆ ئازادی، بۆ خۆشەویستی بۆ ژیانی خۆش و پڕ هارمۆنی هەروەهایە.
دەسەڵات و تیئۆری و فەلسەفە ناتوانن تۆ فێری ئازادی و خۆشەویستی بکەن.
ناتوانن ئاست و ڕادە و کات و وەختی تۆ بۆ ئازادی و خۆشەویستی سنووردار بکەن.
ناتوانن پێت بڵێن: هەسته‌ ئازاد بە؟ برۆ خۆشەویستی بکە؟ له‌ ئازادی واز بێنه‌، له‌ خۆشه‌ویستی بکه‌وه‌!
ئازادی تۆ ئەوەیە کە خۆت دەتەوێ.
خۆشەویستی تۆ ئەوەیە کە لەناخی خۆت دایە.
خواستی ئازادی تۆ ئەوەیە چۆن پێشوازی لە ئازادی دەکەی، چۆن خۆشەویستی دەبەخشی.
ئەوە هەستیاریی خۆتە، ئەرکی خۆتە، چارەنووسی خۆتە وەك چۆن برسێتیت بۆ نان هەست پێدەکەیت بەبێ هیچ فەرمان و ڕێنماییەکی دەرەوە ئاواش برسێتیت بۆ ئازادی و بۆ خۆشەوستی خۆرسکانە و ڕاسترەوشانە بدۆزییەوە دابینی بکەی. نه‌هێلێ که‌س ئایدیۆلۆجیا ‘به‌ مێشکته‌وه‌. بکات. که‌ ئه‌مه‌ت کرد مادام وایه‌ تۆ نه‌خۆشی عه‌قڵیت هه‌یه‌و خۆت داوه‌ته‌ ده‌ست پسپۆره‌کانی عه‌قڵشتنه‌وه‌وه‌!
تۆ کە دوێنێ ئازاد بووی، مانای ئەوە نییه‌ ئەمرۆش ئازاد دەبی، سبەینێش لەبەر دوێنێ ئازاد دەبیت. تۆ کە سبەینێ هیوای ئازادیت هەبێ یا بدەنێ، مانای ئەوە نییه‌ ئازادی ئەمڕۆت، ئەم ساتەت، ئەم لەحزەیەت کپ کەی، دوایخەی، بیخەوێنی.
ئازادی وەك هەناسە دان هەموو دەمێ دەبێ بۆی بژی، پێی بژی، لەگەڵیا بژی.
خۆشەویستی وەك برسێتی هەمیشەیی یە: دەبێ لە ناوەوەتدا هەستی پێ بکەی، وەڵامی بدەیتەوە، ئەوە بەکاردانەوە و وەڵامدانەوەت بۆ رەوشی برسێتی یە کەتۆ خۆت تێر دەکەی.
تۆ بەپێی هه‌لومه‌رجبه‌ندیی خواستەکانت، وەڵامی هەر وێرانێک و تینوێتییەك و داخوازییەکی فیزیکی و هەستی و رۆحی دەدەیتەوە.

درێژەی هەیە ….

Previous
Next

Leave a Reply