Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فەلسەفەی ئازادیی! ….  به‌شی شەشەم

فەلسەفەی ئازادیی! …. به‌شی شەشەم

Closed
by October 9, 2011 فەلسەفە

حه‌ز، ده‌سه‌لات، دووفاقیی

تۆ دەترسێی؟
ترس بەستراوەتەوە بە بیرکردنەوە، بیرکردنەوە بەستراوەتەوە بە ئارەزووەوە (بە حه‌زه‌وه‌، به‌ بەرژەوەندییەوە).
ناحەقیقه‌تی حەز و ئارەزۆرەکانمان نەزانین، حەقیقەتی ترسەکانیشمان نازانین.
تۆ هەمیشە لەوە دەترسی ئەوەی حەزت لێیەتی و دەیخوازی بە دەستی نەهێنی ئەوەی حەزت لێیە و خۆشت دەوێ و هەتە، لە دەستی بدەی. شتەکان زۆر سادەن بەڵام ئێمە هەمیشە ئاڵۆزیان دەکەین. ترسی ڕاستەقینە ترسە لەبەرەوڕوو بوونەوەی ترس، لە بەرەووڕوو بوونەوەی خودی ترس، لە نەوێران!
بەڵێ زۆر ترس نەوێرانە، نەبوونی بوێری و غیرەتە، وێرانیی وێرانە.
تۆ نەوێری ڕاستی دەربارەی هیچ شتێکی گرنگی خۆت بڵێی، دەربارەی حەزەکانت، دەربارەی خواستەکانت، دەربارەی ئەوەی هەیە، دەربارەی ئەوەی دەیبینی و ئەزموونی دەکەی.
لەوە دەترسی لە کۆمەڵێکدا تا سەر ئێسقان دووفاقە: بڵێی من دەمەوی بژیم، لەوێشەوە بۆ خۆم بژیم. دەترسی بڵێی: ڕاستە من خۆپەرستم.
دەترسی بڵێی: لەوە دەترسم حەزەکانم قەت دابین نەبن، ئارەزووەکانم قەت تێر نەبن، خەونەکانم قەت نەیەنە دی.
دەترسی بڵێی: من ژیانێکی دووفاقی بەڕێوە دەبەم.
هەموو ڕاستییەکان لە زاراوەکان و ڕواڵەتەکان ئەتەکێتی کۆمەڵایەتی ساختەدا پێچەوانە دەکەیەوە، خۆ- خوازی حەقیقەتە حەقیقەتی سروشتی، سایکی بوونیاریە.
بۆ کێ دەژی؟ لە پێشەوە بۆ خۆت بە خۆشی و سەرکەروتنی خۆت، ئەو (خۆ) یەیە کە یەکەمجار تۆ گەورەی دەکەی تا ماڵ و مناڵت، کەس و کارت، دۆست و هاوڕێت، هاونیشتمانیانت بگرێته‌وه‌.
گەر (خۆ) یەك نەبێ (خۆیایه‌تیی) نابێ! یارمەتی دانی تۆ بۆ کەسانی تر ئەوەش هەر خۆ خەریك کردنە، خۆکارییە، خۆ درێژکردنەوەیە، خۆ خوازییە.
کێن ئەو کەس و دۆستانەی یارمەتیان دەدەی؟ نزیکی تۆن بۆ هاوڕێیەتی و هاودەمیت گرنگن، دەتپارێزن و دەیانپارێزی، ناوبانگی چاک په‌یدا ده‌که‌ی، رێزت زیاد ده‌بێ: ئەمە چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ خۆ خوازیی؟
نکولی کردن لەمە بەرهەمی ئایدیۆلۆژیایە، بەرهەمی ستراکتوری سایکۆلۆجی کۆمەڵایەتی یە، بەرهەمی دوو فاقییە، بەرهەمی ترسانە لە خوێندنەوەی دروستی حەقیقەتی خۆت.
بابڵێین لە کۆمەڵی ئێمەدا لوتکەی خەڵکخوازی ، نیشتمان پەروەریی، گەلپەروەریی، پێشمەرگایەتی و بە پێشمەرگە بوونە. چ پێناسەیەکمان – پێناسەیەکی سۆکراتی- بۆ پێشمەرگە هەیە؟
پێناسەیەك کە ریزکردنی کۆمەڵە سیفات و ستایشێك نەبێ، کە ئەفسانە نەبێ، بەڵکو چەند حەقیقەتێکی جەوهەری پێشمەرگایه‌تیی یان پێشمه‌رگه‌بوون نیشان بدات.
گەورەترین و جەوهەریترین پێناسەی پێشمەرگە، به‌ رای من، ئەوەیە کە مرۆڤێکە خۆپەرست نییه‌ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی یان خێزانی یان کەسانی نزیکی پێشمەرگایەتی نەکردووە بەڵکو خەباتی لە پێناو خەباتا و لە پێناوی ئازادی و شەهید بووندا بێ چاوەڕێی سوپاس و پاداشت و دەستکەوت کردووه‌،  ئەو خۆشی خەڵك و وڵاتی پێش هی خۆیو خێزانی دەوێ؟ واته‌ له‌ رووی مرۆڤایه‌تی و ئه‌خلاقیی و ویژدانیی و نه‌ته‌وه‌یی یه‌وه‌ مرۆڤێکی نموونه‌یی یه‌، مرۆڤێکه‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ بکرێته‌ سه‌رمه‌شق بۆ مناله‌کان، نه‌وه‌کان شانازی پێوه‌ بکه‌ن، چاوی لێ بکه‌ن، لێیه‌وه‌ فێر بن. جێگه‌ی متمانه‌و رێزو خۆشه‌ویستی هه‌میشه‌یی بێ. لاپه‌ره‌کانی مێژووی شه‌ره‌ف و پاکیی و دسلؤزیی بڕازێنێته‌وه‌.
ئایا ئەم پێناسە دروستە، حەقیقەتە؟ ئایا دەتوانین بڵیین ئەوانەی لە شاخ خۆبەخش بوون لە شار خۆپەرست نین؟ بەدوای پاداش و هەقسەندنەوەی زیاتریشدا ناگەڕێن؟ ئەی ئەوانەی بیست ساڵە دوای تاڵان و فەرهودی وڵات، دوای شەڕی کورد کوژی، دوای هێشتنەوە و بەهێزکردنی حاڵەتی ئەنفالیی، کەوتوونەتە داگیرکردنی موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتی، دزینی بودجە و سامانی وڵات قۆرخکردنی بازاڕ و وەبەرهێنان و بازرگانی؟ أه‌هراویکرنی هه‌موو چاوگه‌یه‌کی پاکی ژیان و به‌های به‌رز، ئایا ئەوانە پێشمەرگەن، پێشمەرگە بوون؟
ئەمە تا چ ڕادەیەك لەگەڵ پێناسەی خۆبەخشی و نەبوونی خۆپەرستیدا وەك پێناسەی جەوهەری پێشمەرگە دەگونجێ؟ تا چ ڕادەیەك لەگەڵ پرۆژەی دروستکردنی مرۆڤ، نیشتمان، نەتەوەدا یەك دەگرنەوە؟ پرسەکە ئەوە نییه‌ کە نابێ ئەوەی پێشمەرگە بوو یان سەرکردەی شاخ بووە بە دوای بەرژەوەندی و پاداشتدا بگەڕێ.
پرسەکە هێشتنەوەی ئەو دوو فاقیە ئایدیۆلۆجییە/سایکۆلۆجییە/ کۆمەڵایەتییەیە: پرسەکە ساختەکرنیی ڕاستی فەلسەفەی ئەخلاقە؟ پرسه‌که‌ به‌ هه‌ده‌ردانی به‌رده‌وامی سامان و وزه‌و به‌ها و ژێرثیدانی پێوانه‌کانه‌ بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌.
پرسەکە تێپەڕ کردنە لە ئاست و مانای پاداشت و هەقسەندنەوە بۆ خیانەت و گەندەڵی و داگیرکاریی و داوێنپیسی بە ناوی پێشمەرگایەتی یەوە.
ئەگینا هەوڵدان بۆ خۆشی ژیان، بۆ هەبوونی شوێن و دەور و پلە و پایە لە کۆمەڵدا بەشێکی ژیانی کۆمەڵایەتی هەموو تاکێکە گەر ئاگامان لەمە نەبێ ناتوانین مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
بەڵام دەبێ ئاگاشمان لەوەبێ کە ئارەزوو لە دەسەڵات، لە پلە و پایە و شوێن، خۆی لە خۆیدا دەستدرێژییە، دەستدرێژیە بۆ سەرکەسانی تر، هەوڵێکە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەسانی تر، هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ناوەوە بە ئیمتیازی دەرەوە.
ئەم دەستدرێژیکردنە ڕواڵەتێکی ترسی ده‌سه‌ڵاته‌: ترس لە هیچ بوون! هەموو هەوڵێك بۆ دەسەڵات، هەوڵێکە بۆ دەستدرێژی بۆ سەر کەسانی دی، بۆ بەکارهێنانی کەسانی دی: دەستدرێژی کاربەدەست بۆ سەر فەرمانبەرانی، خاوەن کار بۆ کارمەندانی، حیزب بۆ ئەندامانی، خاوەن پرۆژە و سەرمایە بۆ سەر بەشدارانی، ئامیرهێز بۆ سه‌ربازانی، هتد
روویه‌کی هەوڵدان بۆ دەسەڵات ترسە لە نەمانی دەسەڵات، لە بۆشایی کەسێتی و خۆیەتی بێ دەسەڵات.
ئەم ترسە کە بە بەکارهێنانی کەسانی دیکە، ژێردەستکردنی کەسانی دیکە، دەست بەسەراگرتنی کەسانی دیکە پڕ دەکرێتەوە لە هەموو ئاستێکی کۆمەڵدا هەیە. ترسی باوك لەوەی مناڵەکانی لێی هەڵگەڕێنەوە، ترسی مامۆستا لە قوتابیەکانی، ترسی سەرۆکی حیزب لە ئەندامانی، هۆکارێکی خۆهەڵپەساندن بە دەسەڵاتەوە و دەستلێبەرنەدانی، ئەو ترسەیه‌ لە بۆشایی بێ دەسەڵاتی، لە هیچبوونه‌وه‌ی کەسایەتی، لە فشبوونەوەی میزەڵدانی فشه‌کاریی،  لە سڕبوونی هەنگاوی درۆو ساختەیی.
ئەو هۆشەی لە ترسدا بژی هەمیشە لە نادیاری گێژاودا دەژی، لەبەربەرەکانی و ناکۆکیدا دەجولێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێ توند و تیژبێ، شێواوبێ، دەستدرێژکاربێ. ناتوانێ لە بنکار و ڕێکارەکانی بیرکردنەوەی خۆی دووربکەوێتەوە، ئەوەش دوو ڕوویی درووست دەکات، ساختەیی دروست دەکات، ژیانی درۆزنانە دروست دەکات. بە دیوەکەی تریشدا له‌ ئه‌نجامی ئه‌م ترسه‌ی بۆشبوونه‌وه‌ی خۆیدا، ده‌سه‌لات ترس ده‌کاته‌ به‌شی رۆژانه‌ی ژیانی خه‌ڵکیش: بۆیه‌ ژیان لەم کۆمەڵە بەربەری و گەندەڵەی ئێمەدا هەمیشە ترس دروست دەکات، هەموو جۆرە ترسێ: ترسی ژیان، کار، پاشەرۆژ، ئاسایش، خواردن، تراژیدیاکان، تەندروستی، چارەنووسی مناڵ، شەڕ و ناکۆکی، ئەنفال کردنەوە و دەربەردەر کردن، هێرشەکانی سەر سنور، هەرەس، ترسی ناوەوەی ناوەوە و دەرەوەی ناوەوە. ترسی ڕاستەوخۆ لە دەسەڵاتێکی بێ باك لە ژیان و ماف و ئەخلاق.
ئێمە وەك مرۆڤ هەمیشە ترسی فیزیکیمان هەیە کە لەو ڕاستییەوە هاتووە کە ئێمەش زیندەوەرین، جەستەین و بوونێکی ناسك و بەرئازارمان هەیە، هاوبەشی ئەو ترسە سەرەتای فیزیکییەی هەموو گیانلەبەرانین.
هەروا ترسی سایکۆلۆجیمان هەیە کە جێگەی بایەخی ئێمەیە، کاتێ ئێمە لە ڕەگی قووڵی ترسە سایکۆلۆجیە دەروونییه‌کان حالی دەبین ئەوسا دەتوانین لە ترسە فیزیکییە جەستەییەکانیش تێ بگەین. بەڵام گەر تەنیا خەمی ترسە فیزیکیەکانمان بێ ئەوا قەت ناتوانین لەترسە دەروونییه‌کان تێ بگەین. هەر یەکە لە ئێمە لە شتێ دەترسێ. ترس ئه‌بستراکت نییه‌ هەمیشە ترس پێوەندی بە بوونی یان نەبوونی شتێکەوە هەیە.
ئایا تۆ ترسەکانی خۆت دەزانی؟
دەترسی لەکارەکەت دەربکرێی، دەترسی لەوەی خەڵك بە خراپ باست بکەن، دەترسی پلە و پایەت لە دەست بدەی، دەترسی بە سووك سەیر بکرێی، ڕێزت نەگیرێ، هەژار و بێنەوا، بکەویە گۆڕێ، پلانت بۆ بنێنەوە، نه‌توانی ئه‌رکی خۆت به‌رامبه‌ر خێزان و خه‌لک ئه‌نجام بده‌ی.
ترسی ئازار و ژان و نەخۆشی ترسی پیری ومردن، ترسی تەنیایی و نەبوونی کەس و کار و خۆشەویستی، ترسی لەدەستدانی کەس و کارو خۆشەویستان.
ترسی ژیان لە جیهانێکدا پڕە لە کارەسات و هەرا و ئاژاوە و بێکاری و جەنگ.
ترسی خەمۆکی و نەخۆشی دەروونی، ترسی سەرنەکەوتن لە کار و بەرنامەی ژیاندا، ترسی بێ بەرنامەیی و کات بەفیڕۆدان، ترسی پەشیمان بوونەوە و دەستخەرۆیی، هتد
ئایا دەتوانی لە نێوان هەموو ئەمانە و دوور لەمانە: ترسە تایبەتییەکەی خۆت دەستنیشان بکەی؟
چۆن بیر لە ترسەکانت دەکەیتەوە؟

ئایا بۆ کەسانی تریان باس دەکەی؟ چۆن باسیان دەکەی؟
چ دەکەی بۆ ئەوەی بەرامبەر ترسەکانت ببیەوە، یان رزگاربی لێیان؟
ئایا ڕاستییەکەی ئەوە نییه‌ کە تۆ لێیان هەڵدێی؟
بیانوو و بەهانە دەدۆزییەوە دایانپۆشی؟ چیرۆك و ئەفسانە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان دادەهێنی؟
یەکێ لە هۆکارە سەرەکییەکانی ترس ئەوەیە کە ئێمە دەترسین بەرامبەر ترسەکانی خۆمان بوەستین. لەبەر ئەوە نەك هەر ترسمان هەیە، لە ترسەکانیشمان دەترسین و له‌ ئاشکرابوون و سەردەرهێنانی ترسەکانمان بۆ خۆمان و بۆ خەڵك دەترسین.
ترس لە مێشك دایە، لە هۆشیاریماندا.
گەر ئەرکی هۆش ئەوەبێ بۆ ئەوەی زاڵ بێ بەسەر ترسا بیانشارێتەوە، ژێر بە ژێر یان کا، تەرجەمەیان کا بۆ زمانی بەهانە و پاکانە و هەلاتن، ئەوا هەمیشە لەناو مێشکدا گرژیی و لێکدان، ناکۆکی، بەربەرەکانی ڕوو دەدا کە هەموو ئەمانەش بەهەدەر دانی وزەی رۆحی و فیزیکی و نه‌ساغی ده‌روونیی لێ دەکەوێتەوە.
لەبەر ئەوە یەکەم هەنگاو بۆ زاڵبوونت بەسەر ترسدا ئەوەیە لە خۆت بپرسی: ترسەکەت چییە و لەچیەوە هاتووە؟
تۆ لێرەدا: ئەوە دەپرسی ترس چییە؟ نەك لەچی دەترسی؟
ترسەکەت پێناسە دەکەی، ئێستایی دەکەی، شی دەکەیتەوە و هەڵیدەوەشێنیتەوە.
ترسی گەورە: لە هەڵاتن لە ترس، لە نەوێران، لە ڕووبەڕوونه‌بوونەوەی ترس، لە فەرامۆشکردن و پشتگوێخستن سەرهەڵدەدا. شاعیری کلاسیکی ڕۆمان، هۆراس کە لە سالی ٦٥ پ، ز لە دایك بوو
لە شیعرێکدا دەڵێ:
من کەمتر دەترسم کاتێ خۆم لە تەکت ده‌بم
ئەوانەی کە ئامادەی ڕووبەڕوو بوونەوەی نابن، زیاتر لە دەست ترس عەزاب دەکێشن
وەك ئەو دایکەمەلەی کە ئاگاداری بێچووە زەرنەقوتەکانی دەکا
 زیاتر لە خشکەی مار دەترسێ کاتێ هێلانەکەیان بەجێ دەهێڵێ
گەرچی ئامادەبوونی خۆشی یارمەتییەکی ئەوتۆی ئەوان نادا

مه‌به‌ستی هۆراس ئاشکرایه‌، گه‌رچی دایکه‌مه‌ل بێده‌سه‌ڵاته‌ به‌رامبه‌ر مار به‌لام ترسی که‌متره‌ کاتێ چاوی لێیه‌ بۆ بێچوه‌کانی دێ چونکه‌ ئاگاداری ترسه‌که‌یه‌و چی پێ بکرێ ده‌یکا، به‌لام کاتێ بێچوه‌کان به‌جیدێڵێ و نازانی ترسه‌که‌ له‌ کوێوه‌ دێ و که‌ی دێ زیاتر ده‌یترسێنێ.
هەمیشە خشکەی مارێکی ترس لە هێلانەی مێشکماندا بە تەمایە بێچووەکانی هیواو حەز و خۆشیمان هەڵلوشێ.
ئایا پێشتر بەچاوێکی کراوەوە سەرنجی ئەو مارە دەدەین یان لێده‌گەڕێین لە دنیای ناهوشیاری و سڕکرنی هه‌ستیاری ویژدانیماندا هەموو زەرنەقوتەکانی  بەختەوەری و پاشەرۆژیان قوت بدات؟

ترسی گه‌وره‌ ، جه‌وهه‌ری راسته‌قینه‌ ترسه‌ له‌ ترس، ترسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمە لەوە دەترسین کە بەرامبەر ترسەکانمان بوه‌ستین، که‌ ئاشکرایان بکه‌ین، که‌ زه‌ق زه‌ق سه‌یری چزووی ماره‌که‌ بکه‌ین، ئیدی رەوشی بەرقەراری ژیانمان هەرچەند ساختە پۆشیش بێ تێك بچێ، ده‌قی دووبارە بوونەوەی نائازادی نادڵنیایی و گومان لە بنڕا هەڵکەنرێ، خراپتر بێتە گۆڕێ، وەکو خۆمان لێنەیەتەوە! ئەمە سیناریۆی تاکێکی ڕووناکبیری نموونەیی یە ده‌رباره‌ی ژیانی رۆتینی هه‌لومه‌رجبه‌ندیی خۆی و ترسه‌ تایبه‌تییه‌کانێ:
” من ژیانێکی ئاسایی رەحەتی خۆم هەیە، من کارێکم هەیە کە مووچەی باشی لێ وەردەگرم لەوە زیاترە شایستەی زانین و توانای خۆم بێ، بەهۆی حیزبایەتی و پێوەندی حیزبیەوە ئەوەم بەدەست هێناوە و نامەوێ لە دەستی بدەم. من خۆم بە ڕووناکبیر دەزانم، بنکار و رێکاری باوەڕ وبیرکردنەوەی خۆم هەیە، من کۆمەڵە باوەڕ و نەریت و بۆچوونێکم هەن کە رێکاری بیرکردنەوەی هەڵوێستی سیاسی و کۆمەڵایەتیم دیاری دەکەن، ته‌فسیرو پاکانه‌ی عه‌‌قڵی بۆ کارو ره‌فتاری خۆم ده‌که‌م گه‌رچی ده‌شزانم راست نییه‌،  نامەوێ ئەو بنکارەی رۆتینی ژیانم بنکۆڵ بێ ئەو شێوازەی ژیانم بشێوێ. من لەسەر ئەو زەمینەی خۆم هەرچۆنێ بێ رەگم داکوتاوە و نامەوێ هیچ باهوزەیەکی تەوژمێکی گۆڕان هەڵم بکەنێ، من بە عەقڵی خۆم زۆر شت دەزانم و زۆربەی ڕووداوەکان لە ڕوانگەیەکی عەقڵانییه‌وە لێك دەدەمەوە من دەتوانم تەفسیری چاك بۆ خراپترین کار و هەڵوێستی خۆم لەروانگەی خەڵکی ترەوە بکەم، هەر جۆرە هەرەشەیەك بۆ شێواندنی ریتمی ژیانم جۆرە ناڕوونی و نەزانینێکم دەربارەی ئایندە بۆ درووست دەکا، من لە (نەزانین) دەترسم، من دەمەوێ ئەو جۆرە ژیانەی دەیزانم و لێی شارەزام و پێی ئاشنام بمێنێتەوە گەر هەنگاوێك بۆ هەر هەرێمێکی نوێ بنێم دەمەوێ تەواو لێی دڵنیابم لە ڕەگەکانی خۆم دوور نەکەومەوە لە باوەڕ و  رۆتینی خۆم دانەبڕێم، لەبەرژەوەندیەکانی خۆم نەدەم. بەم جۆرە ئەزموونی ڕابردووی هەلومەرجبەندی ژیانم بوونەتە هۆکاری هوشیارییەکی چەق بەستوو، خانەکانی مێشکم ئەو بنکار و رەگ و بناغە و رێکارەیان بۆ درووست کردووم کە رێگە نادەم کاریگه‌ریی لە رێکار و ئاکارێکی تری نادیار وەربگرم کە لێی دڵنیا نەبم، بەرژەوەندیەکانم پارێزراو نەبن. جوڵانەوە لە ڕاهاتن و چەقبەستن و دڵنایی یەوە بۆ گومان و دڵنیانەبوون و نه‌زانین: ئەوەیە پێی دەڵێم ترس!
من ژن و منداڵم هەیە، وەك  وتم کار و مووچەی باشم هەیە، بە ڕاست یان بە درۆ شوێنی کۆمەڵایەتیم هەیە، پێوەندی باشم هەیە، ژیانێکی بەرقەرارم هەیە.
بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییه‌ ترسم نییه‌.
ترسەکەم فیزیکی نییه‌، ترسەکەم بڕینی مووچە نییه‌.
ترس بۆ من جوڵانەوەیە لە یەقینەوە بۆ گومان، لە دڵنیایی یەوە بۆ نادڵنیایی، لە پێ قایم کردن لەسەر زەوی بۆ لەرزینی زەوی لەژێر پێما!
من خزم و کەسم زۆرن، سێ کور و دوو کچم هەن، تائەوان منداڵ بوون بە تایبەتی ئەوکاتە هەموو شتێ نائاسایی بوو، دەچوونە ماڵی مامیان، خاڵیان، ئامۆزایان و بن ئامۆزایان، دەور و دراوسێ، دۆستی کۆن و تازە و نزیك.
هەموو شتێ ئاسایی بوو، هیچ شتێ گومانی نه‌ده‌خولقاند، نا دڵنیایەك نەبوو بچوکترین تارمایی ترس بۆ ژیانم دروست بکا. ڕاستە هەمیشە ترس و ڕوودا و قەزا و قەدەر هەیە، بەڵام وەك مرۆڤ پێیان ڕاهاتووین، هه‌موو شتێکیش له‌ ولاتی ئێمه‌دا قه‌زاو قه‌ده‌ره‌!  بەڵام ئێستا دوو کچەکەم گەورە بوون، جوانن سەرنج راکێشن، لەش و لاریان پێگەیوە، ئەوان وەك جاران لێی دەخوڕن، ده‌یانه‌وێ وەك جاران سەردانی خزم بکەن لە پێوەندییەکانیان کە تا ئێستا هیچ  گه‌ردێکیان لەسەر نەبووە بپارێزن، بەڵام ئێستا ترسی راستەقینەم هەیە، نە لە نەخۆشی نە لە قەزا و قەدەر، نە لە هەژاری و نەبوون:
ترسم لە کچەکانمە، لە هەموو رەفتارێکی کچەکانمە لە هاتوچۆیان بۆ ماڵی خزمان لە چوونە دەرەوەیان، دەترسم دەست لەگەڵ کورێکدا تێکەڵاو بکەن بە راست یان نا ڕاست قسەیەکیان بە دوو بکەوێ، سومعە و کەرامەتم لە بنەوە هەڵتەکێ!
من کۆمەڵەکەی خۆم دەناسم بۆیە ئەو ترسەم هەیە.
من خۆم دەناسم بۆیە ئەو ترسەم هەیە، ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە دەناسم کە من بەشێکم لێی- ئاشنام پێی، به‌شدارم له‌ تاوانه‌کانی، له‌ دروستکردن و هێشتنه‌وه‌ی زێرابه‌کانی، بۆیە ئەو ترسەم هەیە، ده‌زانم کچ، ژن، مێ، گه‌نج له‌م کۆمه‌ڵه‌ی ده‌سه‌لاتی ئه‌واندا چۆن سه‌یر ده‌کرێ، چۆن مامه‌ڵه‌ ده‌کرێ، چۆن له‌ به‌هره‌، بیر، به‌رنامه‌، کار، رۆل نامۆ ده‌کڕێ و خراپبه‌کارده‌هێنرێ.  ئێستا من لەو ترسەدا دەژیم تووشی مۆتەکە و خەونی ناخۆشم دەکا، زۆربەی شەو خەون دەبینم کچێکم هەڵاتووە، داوێنپیسێ ده‌ستی لێداوه‌، خۆم ده‌بینم دەستم ناوەتە بینی، کچەکەی تریشم بەخەنجەر راو دەنێم. لەم کۆمەڵەدا ئێمە یەك کەس نین، پارچە پارچەین، شیزوفرینین، هەر کەرتە لە شوێنێکە هەر خەیاڵە لە دۆڵێکە، نه‌ یاسامان هەیە، نە سیستم، نە کۆبەندی سیاسی، نە دادوەری، نە ئەخلاقی،هێچ سطێک جگه‌ له‌ ته‌ماو هه‌ڵپه‌ی پاره‌و ساخته‌یی، ثێکمانه‌وه‌ نابه‌ستێته‌وه‌. من لە دەرەوە شتێکم، لە ماڵەوە شتێکی ترم، لە بەرگی روناکبیر و مامۆستادا شتێکم لە ده‌وری باوک و پێستی پیاودا شتێکی ترم،  باسی دیمۆکراتی دەکەم و لە ناخمدا دیکتاتۆرم: ئامادە نیم گوێ لە هیچ قسەیەك بگرم جیابێ لە قسەی خۆم، رەخنەی لێ بگیرێ، رێی ترسەکانم نیشان بدا، باسی ئازادی ژن دەکەم، بە ئاسانی ژن کوشتن قبوڵ دەکەم، یان بەرامبەری بێ دەنگ دەبم، دەستم لەسەر خەنجەرەکەمە هەر بەلادارۆیشتنێکی کچەکانم ڕاست بکەمەوە. باسی خۆشەویستی و مرۆڤایەتی دەکەین و دزیی و فەسادو کوشتنمان به‌لاوە ئاسایی یە، باسی جیاوازی بیڕو ڕا دەکەین لە یەکەم کاردانەوەدا بۆ هەر بیرێکی جیا دەست بۆ دەمانچەکانمان دەبەین. پیاوانی شاخ ئێمه‌یان له‌ سه‌ر وێنه‌ی خۆیان کۆپی کردووه‌ته‌وه‌!
ده‌پرسی ترسه‌که‌ت چییه‌ نه‌ک له‌ چییه‌؟ ئەوەتا ئێستا ترسێکی وه‌همیی (؟ نازانم)  هەموو سیستمی ژیانمی هەڵتەکاندووە، هەموو بیرکردنەوەی ناخمی داوه‌شاندووه‌، خەوی لێ حەرام کردووم، ئارامی لێ هەڵگرتووم: ئەوەیە ترسەکەی من! ئەوەتا دەبینی هەست بە شتەکان دەکەم، بە شێوەیەکی عەقڵانی لە کۆمەڵ و یاسای دەسەڵات ده‌گه‌م،  هوشیاریم دەربارەی ترسەکەم هەیە، دەتوانم تیئۆریزه‌شی بکەم، بەڵام ناتوانم لەو هەلومەرجبەندییە رزگارم بێ که‌ من بەشێکم لێی و بەشدارم لەدرووستکردنیدا. هەر نەبێ قاچم لەناو زێرابەکەدایە، ناتوانم خۆم پاك کەمەوە، دەتوانم لە ناوەوە بە ئازادی بیرکەمەوە، بەڵام هەمیشە هوشیاریم لە بەرژەوەندیی و پێوەندییەکانی خۆم هەیە، دەمەوێ هیچ شتێک ناوەوەم نەجوڵێنێ، رۆتینی ژیانم لێ تێك نەدا، گەرچی ئاسوودەنیم، ئاسوودەنیم لەگەڵ خۆمدا لەگەڵ ڕۆحمدا، ئێستاش ئەم ترسە رۆحی داوەشاندوم، من ناتوانم ئارام بم تا بەرامبەر ئەم ترسە نەبمەوە، ناتوانم بەرامبەری ئەم ترسە ببمەوە، تا بەرەو ڕووی هەلومەرجبەندییەکەم،دووفاقییەکەم، بەرژەوەندیخوازییەکەم لەم ژیانە ڕواڵەتیی و ساختەکارییەم نەبمەوە، ناتوانم ئەمەش بکەم تا خۆم نەگۆڕم، بیرکردنەوەم نەگۆڕم، گوفتارم نەگۆڕم، کردارم نەگۆڕم؟
ئەمە دەزانم بەڵام ناتوانم؟ تیاماوم، خۆم داوەتە دەست قەدەر و یاسای بەربەریەت و ژنکوژی دەسەڵات، دەمەوێ ئازادبم: لە خۆم، لە دووفاقیم، لە هه‌لومه‌رجبه‌ندییەکەم به‌لام ده‌ترسم له‌ رزگاربوونه‌که‌م!؟

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.