Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
فەلسەفەی ئازادیی! …

فەلسەفەی ئازادیی! …

Closed
by September 21, 2011 فەلسەفە


بۆ ئەوەی گۆڕان لە تاکه‌وه‌، لە ناوەوە دەست پێ بکات!
   
د. که‌مال میراوده‌لی

به‌شی دووه‌م

خود- ته‌نیایی – راستیی

لە سەردەمی یۆنانییەکاندا لە سەدەی ٥ – ٦ پ، ز، لەسەر دیواری ئۆرەکلی ئەپۆلۆ نووسرابوو: خۆت بناسە!
خۆت بناسە: ئەمە پەیامی شەهیدی فەلسەفە سۆکراتیش بوو بۆ هەموو ئەوانەی دەیدواندن، بۆ مرۆڤایەتی.
خۆناسین: ڕووبەڕووبونەوەی خۆیە، خودی ڕووت، چ دەزانی، چ دەخوازی، چۆن بیردەکەیتەوە، سنوورەکانت چین و تەماکانت چۆنن؟
هیچ ڕێگەیەك بۆ گەیشتن بە حەقیقەتی ناوەوەی خۆت نییە.
هیچ شتێکیش لە حەقیقەتی ناوەوەی خۆت بەولاوە ناتوانێ حەقیقەتی دەرەوەت پێ بناسێنێ.
خۆت نەناسی ناتوانی خەڵك بناسی، جیهان بناسی، خوا بناسی. خۆناسین لە هیچ دەسەڵاتێکەوە نایە، خۆیی بوون بەراوەژوری هەموو دەسەڵاتێکی دەرەوەیە. هەموو هێزێکی دەرەوە: ئایدیۆلۆجیا سیستم: شتێکی شێوێنەرە، هێزێکی ڕوخێنەرە، ئامرازێکی گەندکارە.
تۆ دەبێ مامۆستا و شاگرد و ڕاهێنەر و پەروەردەکاری خودی خۆت بی.
تۆ دەبێ پرسیار دەربارەی هەموو وەڵامەکانت بکەی.
تۆ دەبێ هەموو ئەو شتانە شی بکەیتەوە و هەڵسەنگێنی ئەوانی دی بە گرنگ و بایەخداری دادەنێن و پرسیاری هەموو ئەو شتانە بکەی کە فێریان کردووی و فێرت دەکەن.
ئایا هۆکارن بۆ درووستکردنی خودی خۆت، کەسێتی خۆت و ئازادی و بەختەوەری خۆت؟  یان هۆکارن بۆ کۆنترۆڵ کردنت، بەستنەوەت، سنووردارکردنت، بەکارهێنانت، پاشکۆکردنت، سڕینەوەت؟
ئایا هۆکارن بۆ خۆشەویستی یان بۆ ڕق و دەست درێژی و فێڵ و تاوان؟
 هۆکارن بۆ کات کوشتنت، دواخستنت، دوێنێکردنی ئەمڕۆت، داگیرکه‌دنی سبەینێت، یان بۆ تازەکردنەوە و چالاكکردن و دەوڵەمەندکردنی هەموو چرکەیەکی ژیانت؟
ئایا خۆشەویستیت پێ دەبەخشبن یان لێ دەبڕن؟
رەنگە زۆرجار ئاسایی وا هەست بکەی گەر تۆ بەدوای کەسانی دی نەکەوی، لەگەڵ دەسەڵاتێکدا خۆت رێك نەدەی، لەگەڵ رەوە نەکەوی، لەگەڵ قەومی عەلی شیشدا نەقوقێنی، له‌گه‌ڵ قازه‌کاندا نه‌قیڕێنی، وەك ئەوانی دی هەڵپەی تەما و پارە و پلە نەکەی، لەگەڵ ئەواندا ریز نەبەستی و سرودەکانیان نەڵێیتەوە، ئه‌وا تۆ تەنیا دەبی، دابڕاودەبی، هەست بە تەنیایی و بێکەسییەکی سەخت دەکەی.
پێوانەی تۆ، هەڵسەنگاندنی تۆ، کلیلی تۆ بۆ دەرچوون لەم بیرکردنەوە نەکارە چییە؟
گەر ئەم دابڕانە ئازاددت دەکات، خۆشەویستیت بۆ دەگێرێتەوە، بۆ دانەبڕێی؟
گەر ئەم دابڕانە دەرفەتی دۆزینەوەیەکی نویی خۆتت دەداتێ، دابڕێ! خودا بۆ ئەوەی خودایەتی خۆی بسەلمێنێ تەنیایە و خۆی لەگەڵ کەسی دی هاوجووت نەکردووە و ناکا.
عارفەکان و سۆفیگەران، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ خۆیانداجووت بن  و ئازادی ره‌هایان هه‌بێ: تەنیایی هەڵدەبژێرن.
سۆفیەکان، فەیلەسوفەکان روو دەکەنە ئەشکەوت و گۆشەگیری تا بتوانن پشکوتنی بیرەکانیان ببینن. زانای باسکار جۆزیف کامپیل Joseph Campbell ناوەڕۆکی هاوبەشی پرۆسەی ژیانی زۆر لە پێغەمبەر و عارف و پاڵەوانی ئەفسانەیی دیراسە و دیاری کردووە: کە زەردەشت نموونەیەك بووە لەوانە کە بریتی یە لە جیابوونەوە لە کۆمەڵ قبووڵ کردنی ئازار و ناخۆشی و نارەحەتی وەستان بەرامبەر تەماع و هەوەس و ئارەزوی ماتریالی سەرکەوتن لە ئەزموون و تاقیکردنەوەی سەختی ژیان بەدەست هێنانی دەوڵەمەندی دەروونی و بەرزبوونەوەی رۆحی: ئەوسا گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵ بە زانین و پەیام و بەخشندەیی یەکی نوێوە.
زەردەشت، کۆنفۆشیۆس، موسا، عیسا، موحەممەد، غەزالی، هتد ئەم ڕێبازەیان هەڵبژاردووە.
بۆچی تۆ کاتێ هەوڵی ئازادکردنی خۆت لە خۆت و لە ئەوانی دی دەدەی هەست بە ترس و تەنیایی دەکەی؟
ئایا ئەم ترسە لە دەرەوە دێ؟
ئایا ترس پچڕانی پەتەکانی تۆبەستنەوەیە بە ئەوانی دی؟
نا: هەڵاتنت لە ڕووخان دابڕان نییه‌.
پچڕاندنی ئەو پەتانەی ئازادیت دەبەستنەوە، خۆشەویستیت دەخنکێنن، تەنیایی نییه‌.
ترسەکەت لە تەنیایی و دابڕان نییه‌.
تۆ بە تەنیابوونەوەت سەرەتای بینینی خۆت دەبینی لە کونە دەرزییەکەوە، لە کەلێنێکی گچکەی کراوەوە، لە کڵاوڕۆژنەیەکی لە ناکاوەوە، بۆ ناوەوەی خۆت دەڕوانی: چ دەبینی؟
جەستەیەکی بۆش، بێ رۆح، بێ ئیرادە.
تۆ گوناهکاری، ساختەکاری، بوویەکی بچووکی پەرەوازەی، پاشکۆیەکی پێشێلکراوی.
تۆ چونکە ئازادی خۆت لەدەست داوە، خواستی خۆت لەدەست داوە، خۆیەتی خۆت لەدەست داوە: بوویتە مرۆڤێکی دەستی دوو!
چونکە مرۆڤێکی دەستی دووی، دەترسی نرخی بازاڕی خۆت ون بکەی و دەترسی بە دابڕانت رەواجت نەمێنێ، بەرژەوەندیت بلەقێ.
وەکو هەموو کاڵایەکی دەستی دوو دەبێ لە دوکانێکی موشتەری راکێشاندا جێیەك بۆ خۆت بکەیتەوە، دەبێ دوکاندارێك هەبێ پرۆسەی کڕین و فرۆشتنت بەڕێوە بەرێ.
بۆیە لە دابڕانت دەترسی چونکە تۆ دەموچاوێکی بێ ناسنامەی، ژمارەیەکی بێ کارنامەی.
ئەوەی لێی دەترسی تەنیایی ودابڕان و جیابوونەوە نییه‌: بەڵکو بەرەو ڕووبوونەوەی حەقیقەتی خۆتە!
وەلێ ئەوەش فەرامۆش دەکەی کە جوانترین کۆبوونەوە  کۆبوونەوەی خۆتە لەگەڵ حەقیقەتی خۆتدا، شیرینترین و خواسترین ئەزموون: هارمۆنی و هاوتەبایی خۆتە لەگەڵ حەقیقەتی خۆتدا.
پیرۆزترین ڕاستی: ڕاستگۆیی خۆتە لەگەڵ خۆتدا.
لەبیرت دێ یەکەم جار درۆت لەگەڵ خۆت کرد؟
یەکەم جار بۆ خۆپەرستی، پارەپەرستی، بەرژەوەندی پەرستی، خۆپارێزیی، هەرشتێ بێ بڕیارت دا لە خۆت جیابیتەوە و بەدوای ئەوی دی بکەوی؟ بەلاتەوە گرنگ نەبوو لە دوکانێکی سیاسیدا، لە کارخانەیەکی ساختەکاریدا، لە بارگەی قاچاخچییەکدا، له‌ باره‌گای حیزبێکدا: ببیتە کاڵای دەستی دوو!
لەو کاتەوە تا ئێستات ڕۆژ بە ڕۆژ بەڵگەی زیاتر، بەهانەی پتر، پاکانەی زەبەندتر بۆ درۆکردنت لەگەڵ خۆت دەهێنیتەوە. درۆکردنت لەگەڵ خۆت بۆتە ئاسایی، بۆتە رۆتین، بۆتە خووی سروشتی، بۆتە خودی دووەم، بۆتە ستراتیجی هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵك و خودادا.
دەمێکە و دەمێکە حەقیقەتی خۆت لە بیر نەماوە، لەناو خودێکی دیکەدا خۆت پەنهان کردووە لەبەر ئەوە تەنیا بە بوونت لە دوکانی لەنگەدا، لەگەڵ رەوەدا، بە پاشکۆیی ئەوانی دی، هەست دەکەی لەو ترسە خۆت دەپارێزی کە بە هاتنەوەی خۆت بۆ خۆت یان گەڕانەوەی خۆت بۆ خودی خۆت و ڕووتبوونەوەت لە پۆشاکی دەستی دووەم، دەتداتێ.
جارجارە لە بێ ئاگاییتدا، لە خەوندا، لە تاسەبردنەوەدا وێنەیەکی بروسکەیی حەقیقەتی خۆت دەبینییه‌وە، ڕادەچلەکی، دەترسی، کە هەست دەکەی، دەست لە خۆت دەدەی هەر هەوی دەستی دووی، ئۆخەی دەکەی کە ئەو ئەرکە سەختەت لە ئەستۆ نییە ببیه‌وه‌ نوسخه‌ ئه‌سڵییه‌که‌ی خۆت.
گەڕانت بە دوای خۆتدا، دابڕانی خۆت لە دنیا نییه،‌ (دنیای هەموو) بەشێکە لە دنیای تاك، دنیای تاك گەوهەری دنیای هەمووە.
دنیای تاکانەی تۆ دەشێ ئەوەندە مەزن بێ هەموو دنیای تێدا جێگە بێتەوە.
بەڵام کەس ناتوانێ دنیا بخاتە گیرفانییه‌وە.
کەس ناتوانێ ڕۆژگار بخاتە ناو سەعاتەکەی دەستیەوە، کەس ناتوانێ نە چرکەی کات نە چرپەی بوون بوەستێنێ، تۆ ئەو دنیا هەمووەت بەو شێوە دروست کردووە کە ژیانی ڕۆژانەت دیاری دەکا، داگیر دەکا، دووبارە دەکاتەوە.
هەموو ڕۆژێکی دووبارە بۆوە ڕۆژێکی تازە نییه‌.
هەموو ڕۆژێکی تازە شایانی دووبارە بوونەوە نییه‌.
تۆ لە ڕابردوودا دەژی و ناتەوێ هەنگاو بۆ دیوی ئەو دیوی دیوارەکە هەڵبێنی.
تۆ دەبێ هوشیارییت دەربارەی بوارەکانی ژیان و ئاسۆکانی جیهانەکەت هەبێ.
چاوی تۆ به‌ تارماییه‌کانی سه‌ر دیواری زیندانه‌ ئه‌شکه‌وتییه‌که‌ی ئه‌فلاتۆن راهاتووه‌و ناتوانی سه‌یری حه‌قیقه‌ته‌ خۆرییه‌کان بکه‌ی.
ئاگات لە هۆشیاری تاك و بە کۆمەڵیی کۆمەڵگاکەت هەبێ.
دەبێ لەوانە تێپەڕکەی، لەوانە دەربازبی بۆ ئەوەی بە ئاوێکی نوێ دەموچاوت بشۆی، بە پرشنگێکی نوێ چاوت هەڵبێنی، دنیایەکی ڕەنگاورەنگی تازە ئەزموون بکەی کە هەموو لەحزەیەك بە شێوەیەکی جیاواز لە دایك دەبێ.
گەشتی ناسینی خودی خۆت لە کوێوە دەست پێدەکا، لە کوێ دەوەستێ؟
ڕاستە تۆ بوویەکی رووت و تاکانە و دابڕاو و ئەبستراکت نیت.
ئەوەی لەناو تۆدا ڕوودەدا: خەمەکانت بیرەکانت پرۆژەکانت ترسەکانت، هیواکانت: ئەنجامی شێوە ژیانی کۆمەڵایەتی تۆیە، ئەنجامی پێوەندە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە: خێزان، کۆمەڵ، شار، دەسەڵات، سیستم، تۆ تەنیا بە پێوەندی لەگەڵ شتەکان و خەڵك و ئایدیا و بنسازیەکاندا (ستراکتۆرەکاندا) هەی.
تەنیا بە لێکۆڵینەوە و تێگەیشتنی پێوەندی خۆت بە شتەکانی دەرەوە و ئەوانی دی و بە شتەکانی ناوەوە: دەتوانی لە خۆت بگەی.
تۆ بوویەکی ئەبستراکت نی، تەنێکی بێ گیان نی، دیاردەیەکی دابڕاو نی: لەبەر ئەوە دەبێ خۆت لە ڕاستەقینەیی بوونت دا، لە وابوویی هەلومەرجی ژیانت دا، بناسی، بزانی، تێ بگەی: وەك هەی.
تێگەیشتن پرۆسەیەکی عەقڵی، فەلسەفی، ئایدیۆلۆجی نییه‌.
بە دەستهێنانی زانیاری دەربارەی خۆت و ژیانی خۆت و ناسینی خۆت: دوو شتی لێك جیان.
ئەو زانیاریەی دەربارەی خۆت هەتە، یان کۆی دەکەیتەوە هەمیشە هی ڕابردووە ئەو مێشکەی بارقورسی رابردووی هەڵگرتووە هەمیشە مێشکێکی ماندووی خەماوی یە.
خۆناسین: وەك فێربوونی زمان و تەکنۆلۆجی و زانست نییه‌، تا پێویستی بە خڕکردنەوە و خوێندنەوە و لەبەرکردن بێ.
لە ئاستی سایکۆلۆجیدا: فێربوون هەمیشە دەربارەی ئێستایە.
زانین: هەمیشە دەربارەی ڕابردووە.
ئێمە هەمیشە فێردەبین، هەمیشە، هەموو لەحزەیەك لە ئەزموونی فێربوونداین، ئاستی خوێندەواری و ڕووناکبیرمان هەرچەندێك بێ، ده‌وترێ لە سەدی ‌هه‌شتای ئەوەی فێری دەبین لە ئەزموونەوە دێ، بەلام فێربوون: خڕکردنەوەی زانیاری نییه‌.
زۆربەمان لە ڕابردوودا دەژین و بەو ڕابردووە ڕازین، بۆیە زانین ڕابردووە، زانینی خڕبۆوە، ئەوەندە بەلامانەوە گرنگە کە رکێفی ئێستای دەدەینە دەست، بەڵام ئێمە هەموو دەمێ فێر دەبین لە پرۆسەی فێربوون داین، له‌ سەیرکردن وسەرنجدان و هەست کردن و بیرکردنەوە فێر دەبین. بە پێوەندی کردن و کارکردن فێردەبین.
بە گوێ گرتن و ئاخاوتن کردن فێر دەبین، فێربوون بزاڤێکی بەردەوامە کە ڕابردووی نییه‌، هەمیشە ئێستایی یە زیندووە و چالاکە.
رەنگە زۆر کەس بیرکاتەوە: ئاخ، ژیانم بەهەدەر چوو، هیچ فێر نەبووم!
فێربوون هەڵگرتنی ڕابردوو بۆ ئێستا نییه‌، فێربوون ژیانە لە ئێستادا، ئێستایی بوونی ژیانە خوێندنەوەی ئێستایە بە ئێستا، فێربوون لە ئێستا و ئێستادایە.
فێربوون هەستیارییەکی گەورەی بەرامبەر ئێستا و دەوروبەری ئێستامان هەیە، ئەو هەستیارە نامێنێ گەر بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئایدیایەکەوە، ڕابردوویەکەوە، دەسەڵاتێکەوە.
ناتوانی ئێستات تێ بگەی گەر بە چاوی دوێنێ ئایدیای دوێنێ، بیری دوێنێ بیخوێنییەوە.
ناتوانی ئێستاکەت تێبگەی گەر ئایدیۆلۆجیەتێك، باوەڕێك، دەسەڵاتێك هەم ئێستات و هەم ڕوانینی تۆ، هەستیاری تۆ و خوێندنەوەی تۆی بۆ ئێستاکەت کۆنترۆڵ کردبێ.
لەم ڕەوشەدا هۆش وەك پێویست وریا و چالاك نابێ.
زۆر هەن تەنانەت وەك هەستیاری جەستەییش وریا و سرت و ختووکەیی نین: لەوە زیاتر دەخۆن کە تێریان دەکا، لەوە زۆرتر دەخەون کە پێویستیانە، باکیان نییه‌ چ دەخۆن و چۆن دەخۆن و هەڵدەلوشن، زیاد جگەرە دەکێشن یان دەخۆنەوە، بەدیار تەلەفزیۆن و بەرنامەی بێ ماناوە دادەنیشن. لە ئەنجامی ئەمانەدا، لەش یان پێست یان جەستە هەستیاری پێستی و سایکی لە دەست دەدا، تەوەزەل و تەپلۆس دەبێ.
مادام مێشکی ساغ و وریا، لە لەشی ساغ و هەستیار دایە، چۆن دەبیە خاوەنی زەینێکی ڕوون گەر خاوەنی لەشێکی قورس و تەوەزەل بی؟
ئەوە بەس نییه‌ تەنیا هەستیار بی بەرامبەر ئەو شتانەی کار دەکەنە سەر کەسی خۆت، مەراقەکانی ژیانت ئەوە دەخوازن جیابوونەوە لە نێوان ئۆرگانیزم و دەروون (سایك) دا نەبێ ئەمە زانینێکی گشت گرە.
بۆ ئەوەی لەهەر شتێ بگەی، دەبێ لەگەڵیا بژی.
دەبێ چاودێری بکەی، ناوەڕۆکەکەی بزانی، سروشتەکەی بزانی، ناسکارەکەی بزانی، بنسازیەکەی بزانی، بزاڤەکەی بزانی، ئایا قەت هەوڵت داوه‌ ئەمانە دەربارەی خۆت بزانی؟
ئایا قەت هەوڵت داوە بچیتە ژووری خۆتەوە و خۆت فەحس بکەی؟
ئایا قەت هەوڵت داوە لەگەڵ خۆتدا بژی؟
گەر بەراستی ئەمەت کردبێ بەڕاستی لەم ئەزموونە بزانی هەست دەکەی کە خۆت ڕەوشێکی ڕاوەستاو نیت، بەڵکو بوونەوەرێکی ژیانداری زیندووی بۆ ئەوەی ئەو زیندوویی و چالاکییەکه‌ت بپارێزی، مێشکیشت دەبێ چالاك و کارابێ.
بۆ ئەوەی هۆش بە زیندوویی بە چالاکی بە وریایی سەرەتایی خۆی کار بکات دەبێ ئازاد بێت.
ئازادبێ لە ئایدیۆلۆجیا، لە دوێنێیەکان، لە دەسەڵات.
هۆشت هەستیار و بەکار و دۆزەرەوەیە.
هۆشێك کە لایەنگیرە، کە ئایدیای پێشتری هەن، کە شوێنی ئارامی هەیە نایەوێ جێی بێڵێ، یان لە کۆت و پەتدا هاتووە و ناتوانێ خۆی دەربازکات، ناتوانی ئازادو خودکار بێ.
هۆشێك کە هەرا و شەڕ و ناکۆکی لەسەر وشە و ڕەنگ و دروشم و ناوو ڕابردووی خۆی یان کەسانی دیکە دەکا، هۆشێکه‌ هه‌میشه‌ بۆ دواوه‌ ده‌ڕوانێ، هه‌میشه‌ له‌ دوێنێدا ده‌ژیا.
هۆشی زیندوو چاوێکی ناوەوەی کراوەیە بۆ بینینی نوێ، بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ژیانی نوێ، ڕۆژی نوێ، جیهانی نوێ،
 کاتێ ئەرکی هۆش ئەوە دەبێ شتێ داپلۆسێ و شتێ بپارێزێ، لایەك سەر کۆنەکا و لایەك پێش بخات، ئەو کاتە ئێمە سەیری بوون وەك هەیە ناکەین، پەردە بەسەر شتەکاندا دەدەین، ئەو وێنانە رێگەی ئەوەمان لێدەگرن خۆمان وەك حەقیقەتی خۆمان ببینین.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.