Skip to Content

Sunday, January 17th, 2021

فەلسەفە نا فەلسەفیترین ڕۆژی لە کوردستانا بەسەربرد

Be First!
by December 27, 2013 فەلسەفە

 

 

لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا 

فەلسەفە نا فەلسەفیترین ڕۆژی لە کوردستانا بەسەربرد

 

نیچە، فەیلەسوفە سەرسەختەکەی ڕۆژئاوا، پێیوایە ئێمە پێویستە لە مەترسیدا بژێین.ئەمەی نیچە دەیڵێ جەغتکردنە لە فەلسەفەی ژیان،لەو شتەی ئێمەی کورد لە هەنووکەدا تێیناگەین.چۆن لە فەلسەفەی ژیان تێبگەین لەکاتێکا خودی فەلسەفە لەناو ئێمەی کورد بەردەوام لە قێزەوەنبووندایە؟؟ کوا شوێنێک بۆ فەلسەفە؟ ئەوەتا بەپێی بڕیارێکی یۆنسکۆ لە ساپی 2002 گشت سێهەمین پێنج شەممەی مانگی یانزە، مانگی نۆڤەمبەر، بە ڕۆژی جیهانی فەلسەفە دێتەناساندن، ئەم نەرێتەش وا بۆ 11 ساپە لە جیهانا پیادەدەکرێ کەچی ئەم ڕۆژە لای ئێمە لەکەناری نەبووندایە. ئەم ڕۆژە ئەم ساپ ڕێکەوتی پێنج شەممەی 21 ی مانگی کرد و وەک هەموو جارێک گەلێ چالاکی لێرە و لەوێ لە جیهانا سازکرا لێ ڕۆژی جیهانی فەلسەفە لە کوردستان نافەلسەفیترین ڕۆژی خۆی بەسەربرد. لەمحاپەتەدا پێویستە بپرسین بۆ و تاکەی فەلسەفە لە کوردستان بەم جۆرە ژیان بەسەر دەبا؟؟ لە ڕۆژێکی وادا، لە ڕۆژی جیهانی فەلسەفەدا ، بۆئەوەی مرۆڤی کورد لە فەلسەفە بگا پێویستەپرسیارە میتا-فەلسەفییەکان  Meta philosophical questions (واتە: پرسیاری ئەوەی فەلسەفە چییە؟) لە پرسیارە بنچینەییەکان بن. بەواتاێکی تر ، بایەخدان بەم جۆرە پرسیارە فەلسەفییانە ، کە خۆیان وەک پرسیارگەلێ چارەنووسی و بووناوی دەردەخەن، بۆ نێوەندی ڕوناکبیری کوردی لە ئێستایا پڕمانایە. چونکە تەنیا ئەم شێوە پرسیارانە مرۆڤی کورد بە هەقیقەتی فەلسەفە ئاشنا دەکا. دیارە بیرکردنەوە وەک نەرێتێ فەلسەفیی ڕۆژئاوایی ، کە دواتر دێینەوەسەری ، بابەتێ گفتووگۆی نێودەوپەتیە و لە ڕۆژێ وادا خۆی پتر لە گشت کاتێ تر دەخاتەوەڕوو. 

ئاشکرایە فەلسەفە لە سەرەتادا سەرچاوەی گشت زانستەکان بووە، ئەوی ئەمڕۆ پێیدەڵێن بیۆلۆژی (زیندەوەرناسی) ، بیرکاری، فیزیا، فسیۆلۆژی (کارئەندامزانی) ، کیمیا و فەلەکناسی و هەروەها زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان بەشێ بوونە لە فەلسەفە. ویستیش بۆ فەلسەفەکردن پێویستی بەگەلێ لایەنەوە بووە لەوانە بۆ گەیشتن بە ڕاستی، ڕەخنەکردن و تێگەیشتن لە خودی خۆ. هەربۆیە فەلسەفە لای یۆنانیەکان بەمانای گەڕان و لێکۆڵینەوە لە ڕاستیش هاتووە. ئەوەش کە هاتەسەر سوکرات نیشانەیە لەسەر ئەوە. ئەو دەمە ڕێڕەوی مایۆتیکی سوکرات پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕەوانبێژی سوفستایەکان بووە. ڕێڕەوی مایۆتیک کارلەسەر  ئەوەدەکا فەیلەسوف هەڵگری ڕاستی نییە، لەڕێگای نەزانینیەوە زانین یان ڕاستی بەرهەمدێنێ هەرچی سوفستایەکانە بە فێڵ و گاڵتەجاری ، بەو ڕەوانبێژییەی کاریان لەسەر دەکرد بە ڕاستی یان زانین دەگەیشتن. لە سەردەمی ئەفلاتوون دا کە هێشتا سوکرات مابوو سوفستایەکان هێزی ڕەوانبێژی خۆیان بۆ قەناعەتپێهێنان بەکاردەبرد لێ کاتێ ویسترا سوکرات دەرمانخواردکرێ ئەم بلیمەتە یۆنانییە هێزی ناوبراوی لە داکۆکییەکەی دا بەکارنەبرد و نەشیویست پیاوانی دادگا وا تێبگەن ئەم (واتە سوکرات) لەبەرئەوە حوکم دراوە کە ناتوانێ قسەبکا و ئەو وتارانەشیان بەرگوێخا کە دەکارێ قەناعەتیانپێبهێنێ. سوکرات تەنانەت ئەوەشیانپێدەڵێ: دواتر ئێوە خەڵک چیتانپێدەڵێ کە حەکیمێک لەسێدارەدەدەن، دەشڵێ ئەوە من نیم بەخۆم دەڵێم حەکیم ئەوە خەڵکە وامپێدەڵێ. بەپێیئەوەی من تەمەنم هەیە و پیرم دەکرا لێمگەڕێن مەرگ خۆیبهاتایە. سوکرات بە دادوەرەکان دەڵێ: بۆ ئێوە مەرگی من بردنەوەێ سیاسییە بەس بۆ من مەرگم بردنەوەیە. ئێوە بەم بڕیارەتان کە مەرگ بەسەر مندا دەسەپێنن دەمی ڕەخنەگران دادەخەن چاتر وابوو پێچەوانەکەی بکرێ. 

گومانیشی ناوێ سەرهەڵدانی فەلسەفە لە یۆنان هەنگاوێکبوو بۆ ئەوەی دەوترا تۆمارکرێت. ئەمەش وایکرد تۆمارکردن ببـێ بە بناغە بۆ کەڵەکەبوونی فەلسەفە و بڵاوبوونەوەی لە کۆمەلگە. بەس فەلسەفە لەمحاڵەتەدا وەک شتێ لە دژەگێڕانەوە و لە فۆڕمی لۆگۆسیشدا خۆینیشانداوە. بەمە فەلسەفە خۆی لەوە جیاکردۆتەوە کە هەقایەتە. هاووەخت سەرهەڵدانی فەلسەفە هەنگاوێ بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵی مرۆڤ لەتەک ئەوی عەقڵی نییە. لێرەوە دەشێ هێما بۆ ئەوەشکەین کە مامۆستاکەی مارتن هایدیگەر ، واتە ئێدمۆند هۆسڕەڵ، پێیوابووە فەلسەفە زانستێ یۆنانییە. ئەگەرچی ئەم بینینەی هۆسڕەڵ گەلێ لە بیرمەندانی غەیرە ئەوروپای تووڕەکرد لێ لەناو ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوەشدا ڕەخنەکراوە تاڕادەێک کۆکبوونێ گشتی ئەوروپای لەنێوان بیرمەندانی ئەوروپای لەسەرئەوە هەیە کە فەلسەفە لەدایکبوونێ ئەوروپای هەیە یان دایکی فەلسەفە بەڕەچەڵەک خەڵکی یۆنانە. ئەڵبەتە پاش هۆسرڵیش تەنانەت قووتابیەکەشی ،هایدیگەر، پێیوابووە فەلسەفە یۆنانی دەپەیڤێ. واتە گەرووی فەلسەفە یۆنانییە. زۆربەی ئەوانەش شیکردنەوەی هۆکاری سەرهەڵدانی فەلسەفە لە یۆنانیان کردوە هۆکارەکان بۆ چەند لایەنێ دەبەنەوە کە لایخوارەوە بەکورتی ئاماژەی پێدەکەین.  

دەرکەوتنی شار،شار وەک کیانێ سیاسی،هەروەها دەرکەوتنی بیری ئازاد ، ئەوەی پێیدەپێن گەشەی سیاسی دیموکراسی یان سەرهەپدانی سێستەمی دیموکراسی مانا خۆیان لە دەرکەوتنی فەلسەفە لە یۆنان دی. ئەوەش کە یۆنانی کۆن لەڕووی جوگرافیەوە شوێنێ ئیستراتیژی هەبووە و نە کەوتۆتە ئەوسەری ئەوروپا و نەش ئەمسەری ئەوروپا مانای خۆی بۆ قووتبوونەوەی فەلسەفە لەو وڵاتەدا هەبووە. بۆیە بڵابوونەوەی خاکی یۆنان لەنێوان ئاسیا و ئەوروپا فاکتەرێ گرینگبووە بۆ سەرهەڵدانی فەلسەفە. هاوکات دەرکەوتنی شاریش مانای بۆ کۆبوونە و بیرکردنەوە لە کۆمەڵگە هەبووە.واتە دەرکەوتنی شار مانای بۆ گەشەدان بە هزری تازە و ئازاد هەبووە،ئەمەو پێشئەوەی فەلسەفە لە سەدەی 6 ی پێشزاین و لەسەردەستی تالیس بێتەدونیاوە یۆنانی کۆن پارچەپارچە و دابڕا و پەرت بووە بەس دروستبوونی کیانی سیاسی ئەپبەتە لەشێوەی سەرهەپدانی شار گرینگی خۆی بۆ لەدایکبوونی بیری فەلسەفی هەبووە. وەلێ گەشەی بازرگانی و بڵاوبوونەوەی چەرچیەتی و ئاپوگۆری پیشەسازی و دەرکەوتنی بازاڕ ئەمەش لەوکاتەدا مانای خۆی بۆ گەشەی بیری فەلسەفی هەبووە. ئەپبەتە هاتنەسازاندنی سێستەمی سیاسیش لە شار و بوونی سیاسەت بە مادەێ زیندوو پاپی بە فەلسەفەوەناوە زووتر بێتەمەیدان و کاریگەریخۆی بخاتەوە.

هەر ئەو دەمە یۆنانینەکان بەهۆی دەرکەوتنی فەلسەفەوە لە سەرچاوە و ڕیشەی بوونی مرۆڤ قووپبوونەوە و ویستیان لەوە بگەن بۆ ئەم مرۆڤە هەیە؟ چۆن هەبووە؟ لە کوێ هەبووینە و سەرچاوەی بوونمان چییە؟ دیارە ئەم سەرچاوەیە لە یەک ئاست ڕاڤەنەکراوە بۆنموونە بۆ فەیلەسوفێ وەک لوی ئالتیسێر فەلسەفە لە یۆنان و بەتایبەت لەگەڵ دەرکەوتنی ئەفلاتوونەوە سەردەردێنێ بەتایبەتپاشئەوەی ئەفلاتوون پشت بە ماتماتیک دەبەستێ.ئەفلاتوون پێیواشبووە ئەوانەی قسەلەسەر زانست دەکەن دەبێ لە فەلسەفە سەردەرکەن،واتە دەبێ لە فەلسەفە بچنە ناو زانستەوە. ئالتیسێر پێیوایە بۆئەوەی فەلسەفە هەبێ پێویستە زانست پێشوەخت هەبووبێ بۆئەم مەبەستەش باس لە یۆنانی کۆن دەکا و ئەوەش کە چۆن ئەفلاتوون بۆئەوەی فەلسەفەکەی دەرخا پشتی بە ماتماتیک بەستووە. کەواتە زانست پێش ماتماتیک هەبووە.لەهەمانکاتا ئالتیسێر هەروەک هیگڵ پێیوایە فەلسەفە درەنگتر لە زانست دەردەکەوێ، واتە فەلسەفە کە دەردەکەوێ زانست دەرکەوتوە. هیگڵ وتەنی بەرەبەیان زانست دەردەکەوێ و دواتر فەلسەفە ڕەوەو مەغریب دەردەکەوێ.بەڵام گومانیناوێ بووترێ فەلسەفە لە زانست بواربەرینترە.واتە فەلسەفە کە زانست دەگرێتەخۆی لەو حاڵەتە بەربەرینترە کە زانستی بەخۆیەوە نەلکاندووە. زانست (یان بیرکاری) لای ئەفلاتوون لەناوەوەی فەلسەفەدا ئامادەیە،ئەم لایەنە دواتر لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا بە باشی گەشەیکرد. بۆنموونە دێکارت سوودی لە فیزیای گالیلێ و کانت لە فیزیای نیوتن وەرگرت. بەواتاێتر، کانت لەژێرکاریگەری فیزیای نیوتن شۆڕشێ کۆپرنیکۆسی لە فەلسەفەدا کرد ئەمە لەلاێ بەس لەلاێ تر بەپێی کتێبی””چۆن جیهان دەبینم؟ “” ی ڕاسل بێ ئەفلاتوون فەرمانی سوتاندنی کتێبی ئەو فیزیاناسانەی داوە پێش سوکرات شتیان لەبارەی شتگەلێکەوە نووسیوە کە بەپێی تێگەیشتنی ئەفلاتوون ئەو نووسینانە بناغەیان بۆ زانستێ بێئیمان داناوە .  

ئێمە لایسەرەوە گفتووگۆی گەشەی زانست و فەلسەفەمان نەکرد کە کامیان لەپێش ئەویترەوەیە یاخود ئەو لایەنەشمان نەوروژاند ئایا گەشەی زانست چی بەسەر فەلسەفە دێنێ؟ یان ئایا لەگەڵ گەشەی زانست فەلسەفە نامێنێ؟ هەروەها ئەو دەمەی زانست ناتوانێ چارەسەر نەدات بەدەستەوە فەلسەفە ئەو شوێنە دەگرێتەوە؟ بەڵکو ئێمە بەزۆری ڕۆشنایمان خستەسەر ئەو لایەنە کە دەرکەوتنی فەلسەفە مێژوویێکی خۆی هەیە و ئەو مێژووەش سێرکردنی جیای لەپشتەوەیە بەڵام بەشێ زۆر لە کەسێتیەکان هەقایەتی خۆیان هەیە و کاریگەریشیان بەسەر شێوازی فەلسەفەکردن و بینینیان بۆ فەلسەفە هەیە. هەر تایبەت بەم لایەنە بیرمەندی فەڕەنسی میشێل فوکۆ لە کتێبی””ئارکیۆلۆژیای زانین”” دا، کە هەڵکۆڵین لە دیرۆکی چۆنیەتی بەرهەمهێنانی زانین و ویست بۆ زانین دەکا باس لە کەسێتی یان خودی پێغەمبەرانە دەکات و پێیوایە ئەم جۆرە کەسێتیە بۆئەوەی دروستبێت پێویستە لەتەک جیهانی مەحسووس دا لە دابڕان بێت. ئەم جیهانە مەحسووسە،بەبۆچوونی فوکۆ، مەبەست لێی جیهانی هەڵە و تاریک و  ڕاگوزاری و  نەمان و بەرژەوەندی و ویستیشە. ئەو دەمەی کەسێ لەم جیهانەوە بەرەو جیهانە پێچەوانەکە دەڕوات دەگات بە پلەی پێغەمبەرایەتی و ئەم پلەیەش فوکۆ بەو مانایە وێنایدەکات کە ئەو کەسە دەگات بە هەقیقەت. تەنیا ئەم جۆرە کەسانە ،پێغەمبەرەکان، دەتوانن ڕاستی بڵێن یان بە ڕاستی بگەن. بەس پێغەمبەرەکان بەبۆچوونی فوکۆ ڕۆڵێ وەسیتیان هەیە بۆیە بەناو خۆیانەوە نادوێن. پێغەمبەرەکان قسەکەری خوان و لەنێوان خوا و مرۆڤ وەستاون. کەواتە دەنگیان دەنگی خۆیان نییە و بەناو خواوە دێنەگۆ. بەقەولی فوکۆ پێغەمبەرەکان لە فەیلەسوفەکان ناچن.چونکە ئەوانەی پێیانوتراوە فەیلەسوف ئارەزووی ئەوە ناکەن بەناوی خودی خۆیانەوە نەبێ بێنەگۆ  و ئامادەیشیان تیانییە بەناوی ئەویترەوە بێنەگۆ .ئەمەش بەو تێگەیشتنە دێ کە فەیلەسوفەکان نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن نەک کەسێ تر. هەروەها فەیلەسوف نازانیت چی ڕوودەدات لێ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دێتەڕوودان. ئەم تەماشاکردنە فوکۆییە بۆ کەسێتی فەیلەسوف ئەوەمان پێدەڵێ کە  فەیلەسوفەکان ناتوانن پێشبینی ڕووداو بکەن لێ کار بۆ ڕاڤەکردنی ڕووداوەکان دەکەن.فەیلەسوف نازانێ دواتر چی ڕوودەدا لێ ئەو دەمەی شتێ ڕوودەدا ڕوونکردنەوەی خۆی دەخاتەگەڕ و ئەوی ڕوویداوە لە کۆنتێکستێ پێویست شیدەکاتەوە.بەپێی بینینی فەلسەفی فوکۆ فەیلەسوف وەک پێغەمبەر ناڕوون و بە هێما ناێتەگۆ بەڵکو بەڕوونی و بێ هێما دێتەگۆ. بەمجۆرە بێ فوکۆ دەیەوێ ئەوەمان پێبڵێ کە پێغەمبەرەکان سەرقاڵی نهێنیەکانن،خۆیان بەشێکن لە نهێنی و نەدرکان. ئەمان (واتە پێغەمبەرەکان ) نەوتن دەکەن بە بناغە بۆ وتن و لە وتنی شتەکانیش نوێنەرایتی خۆیان ناکەن و لەبڕی کەسێتر دێنەگۆ

وێرای ئەوی لایسەرەوە وترا میشێل فوکۆ هێما بۆ ئەوەدەکا کە بۆئەوەی خودێ پێکبێت توانای ووتنی ڕاستی فەلسەفی هەبێت پێویستە یۆنانی بێت نەک بێگانە، پێویستە پیاو بێت نەک ئافرەت ، پێویستە کوێخا بێت نەک کۆیلە. بێگانە و ئافرەت و کۆیلە مافی ووتنی ڕاستی فەلسەفییان نییە. کەچی سیاسی توانای ووتنی ڕاستی فەلسەفی هەیە و  هەروەک پێغەمبەر  بەناوی خۆیەوە نادوێت بەڵکو بەناوی شارەوە دەدوێت. سیاسی وەک فەیلەسوف نییە کە تەنیا ئەوە ڕوونکاتەوە کە دێتەڕوودان بەڵکو ئەوەش دەڵێت کە ڕوودەدات. چونکە بەلایەوە شار گرینگە چونکە شار بەرژەوەندی گشتی تیاکۆدەبێتەوە. ئێمە لێرە دەتوانین ئەوە بڵێین کە سیاسی توانای وتنی لەسەر دواتر، داهاتوو ، هەیە و کەچی فەیلەسوف ئەو مافە بەخۆی نابەخشێ. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە ئەوەیە کە بەبۆچوونی فوکۆ مامۆستا وەک کەسێ دەتوانێ دەرکەوێت کە ڕاستی دەبێژێت. ئەم کەسە ڕەنگە توانا و ئەزموونی خۆی هەبێت کە بکارێت بەوانی تری بڵێتەوە. لێ ئەم کەسە پێویستی بەهیچ جوامێریێک نییە تا ئەم ڕاستیە بڵێت. گشت ئەوی وتراش فوکۆ لەم دیتنە کورتیدەکاتەوە :چوار کەسێتی لە سوکرات دا کۆبوەتەوە: پێغەمبەر، سیاسی، فەیلەسوف و حەکیم.

 

 

ئازاد حەمە، مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

سەرنج: بە دوو بەش لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی بڵاوبۆتەوە 

Previous
Next

Leave a Reply