Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
فەلسەفە وتنەوە ….6

فەلسەفە وتنەوە ….6

Closed

 

 

بەپێی ئەوەی ئامانجی فەلسەفە چالاککردنی هزرە ووتنەوەی فەلسەفە لە ڕوانگەیێ پەروەردەییەوە گرینگی خۆی هەیە. “کانت”  یش ،کە بەرچاوترین بیرمەندی ئەڵمانی سەدەی 18 بوو، هەقیبوو پێیوابێت “ئەو مامۆستایانەی فەلسەفە دەڵێنەوە نابێ تەنیا قووتابیەکانیان فێری فەلسەفە بکەن بەڵکو ئەوەش کە چۆن بیربکەنەوە”. ئایا ئێمە ئەمەمان پێڕەوکردووە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر نەک هەر لەبەرئەوەی قووتابیانمان فێری بیرکردنەوە نەکردووە بەڵکو پێشهەمووشتێک فەلسەفە ووتنەوەی ئێمە پڕاوپڕە لە بێ فەلسەفەی و بەشێ زۆر لەوانەی فەلسەفە دەڵێنەوە بەخۆیان پێویستیان بەوەیە فەلسەفەیان پێبووترێتەوە و دواتر فێری بیرکردنەوەش بکرێن. گومانیتێدانییە فەلسەفە لە دونیای زانین پێگەی خۆی هەیە و کاروانی فەلسەفی جیهانیش خۆشبەختانە بەردەوام و کارەیە وەلێ ووتنەوەی فەلسەفە لەئێستادا لە کوردستان لەبەردەم چەندین کێشەی زەق دایە. بەشێ لە کێشەکان کەسیین و ئەوانی دی ناکەسین. بەشێکی پێوەندی بە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردیەوەیە و بەشەکەیتری پێوەندی بە سێستەمی پەروەردە و تێگەیشتنی سیاسی و ئاینیانەی دامەزراوەکانی زانین و خوێندنەوەیە. بەواتاێ تر، ووتنەوەی فەلسەفە لەم ساتەوەختەدا لە کوردستان ڕووبەڕووی گەلێ کێشە دەبێتەوە لەوانە سیاسی و دواتر ئاینی جگەلەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی فەلسەفە لەلایەن ئەدەبدۆستانیشەوە دووچاریدەبێتەوە. ئەمەش وادەکات بڵێیین جگەلەوەی ڕووبەری فەلسەفە لە کوردستانی ئێستادا بێئەندازە بەرتەسکە و خوێندنی فەلسەفە پێویستە بێحێسب بەرینکرێ و بەجۆرێکیش ئەمە بکرێت گشت بوارەکانی زانستە مرۆیی و تەجریبیەکان بگرێتەوە گرینگە کۆنتڕۆلی چۆنیەتی کارکردنی فەلسەفە و شێوازی ووتنەوەی فەلسەفەشکرێت. بۆیشە وادەڵێین چونکە بەکاربردنی فەلسەفە بەتایبەت لە بواری زانستە مرۆییەکان و بەگشتیش لە بواری زانستە تەجریبیەکانا لە زانکۆکانی کوردستان بێئەندازە لاوازە. گەر فەلسەفە لەم دوو بوارەدا کارا نەکرێ چۆن فەلسەفە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت جێیدەکرێتەوە. بۆئەوەی لەم گرفتە دەستکردە بێینەدەرێ فەلسەفە لە زانکۆکانا پێویستە لەگشت بەشێک بخوێندرێت و لە قوتابخانەکانیشا مەرجە زانینی فەلسەفی شانبەشانی زانینەکانی تر ئامادەبن. بۆئەوەی فەلسەفەش بکەوێتە ئامێزی پسپۆڕان لە فەلسەفە و ئەوانەی شارەزای ئەم دیسپلینەن و پارێزەری ئەم زانینەن فەلسەفە پێش بڵاوبونەوە و ستانداریزەکردنی لەناو دەزگاکانی پەروەردە و خوێندن پێویستە وەک دیسپلینێ ئەکادیمی تەماشاکرێ و بشکرێ بە بەشێک لە نێوەندی ئەکادیمی. هاوکاتیش زۆرجار ووتنەوەی فەلسەفە ڕەنگە خۆی لەبەردەم هەندێ ترس و دڵەڕاوکێشیدا ببینێتەوە ئەڵبەتە بۆ ئەوانەی پێشتر بە فەلسەفە ئاشنانەبونە. چونکە لە دەڤەری ئێمە زۆرشتی سەیر لەسەر فەلسەفە ووتراوە و دەووترێ (فەیلەسوف کافرە، فەیلەسوف ئاژەوەگێڕە، فەلسەفە بێئیمانی بڵاودەکاتەوە، فەلسەفە بریتییە لە قسەی زل و زۆربڵێی…) ئەو شتانە وێنەێکی ترسناکیان لەسەر فەلسەفە دروستکردووە و ناوی فەیلەسوفیشان زڕاندووە. بۆیە دەکرێ بپرسین: کێ لە کۆمەڵگەی ئێمە بەرپرسیاری پاراستنی فەلسەفە و فەیلەسوفی لەئەستۆیە؟

ووتنەوەی فەلسەفە لە دەڤەری ئێمە ڕێگا لەبەردەم ئاشنابون بە مێژووی فەلسەفە دەکاتەوە، ئەو مێژووەی ئێمە لێیبەئاگا نیین و هوشیاریێ قووڵ و فڕە جەمسەریشمان لەسەری نییە هەرهیچیش نەبێت لەبەرئەوەی مێژووی ناوبراو بەشێ نییە لە مێژوومان و ،وتاری هزری و ڕوناکبیریشمان فەزڵی بەسەر ئەو مێژوەوە لەهیچ کونجێکەوە دیار نییە. لێرەدا گرفتی گەورەش هەر لەوەدانییە ئێمە هیچمان بەسەر ئەم مێژوەوە نییە بەڵکو ئەوەش کە مێژووی ناوبراو لەناومانا پەسەندکراو نییە و لەتەک کەلەپووری ڕۆشنبیریشمانا ناشیگونجێنین و، تاک و تەراشماننەبێت دەستوپەنجە لەتەک لاپەڕەکانی ئەم مێژووە نەرمناکا و، لەوەش حاڵینییە کە بایەخدان بە فەلسەفە کە لەڕێگای ووتنەوەی فەلسەفەوە زیاددەکات ناواخنی فەلسەفەش وەک زانینێ هزری ئاشکرادەکات و بە بیرکردنەوە جیاوازەکانی بیرمەندانی شارستانیە جیاکانیشمان ئاشنادەکات.

لایەنێکیتری کێشەکە لەوەدا خۆی پووختدەکاتەوە کە بیرکردنەوەی فەلسەفی بیرکردنەوەێ ئازادە ئەمەش چ بۆ سیاسییەکان و چش بۆ لاهوتیەکان هەرسنابێت و لەم حاڵەتەشدا پێویستمانبەوەیە قسە لە ووتنەوەی فەلسەفە بەپێوەندی بە تێگەیشتنی ئاینی و دواتر سیاسی دەڤەری ئێمە بۆ فەلسەفە بکەین. چونکە ترسی نێوەندی سیاسی لە فەلسەفە ترسە لەو ڕاسیۆنالیزمەی فەلسەفە کار بۆ بڵاوکردنەوەی دەکات کە ئەمە ئاینیەکانیش دەگرێتەوە و تابشڵێی قابیلە بە گفتووگۆی وورد.

چ تاک و چ دامەزراوەکانی ئەمئێستای کوردی پێویستە دانبەو هەقیقەتەدا بێنن کە فەلسەفە دەکارێ شۆڕشێ پەروەردەی لەناومانا چێکات و بایەخدان بە پەروەردە لە ڕوانگەی هزرییەوە کاریگەری ئایندەی دەبێ بۆیشە پەلەکردن لە زەمینەخۆشکردن بۆ ووتنەوەی فەلسەفە پێویست و گرینگە بەس بەجۆرێ فەوزای ڕوناکبیری و پەروەردەیی لێدروستنەبێ. هاووەخت ئێمە لەم ساتەوەختەدا کە پێمانوایە پیێمانناوەتە ناو کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێویستیێ زۆرمان بە فەلسەفەیە و ئەو زانینەش فەلسەفە تایبەت بە ماف و ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی و چی و چی  دەمانداتێ لەگەڵ گشت ئەو ویست و ئارەزووانەی تاکی کۆمەڵگەی مەدەنی خەونی پێوەدەبینێ هاوکاتە. وەکیتریش گشت ئەوەش کۆمەڵگەی مەدەنی لێمانی داوادەکات پەروەردەمان بگۆڕین و لەتەک ئەو جۆرە تێگەیشتن و بیروڕایانە خۆمان بگونجێنین کە مرۆڤگەلێ سەردەمی بێزیان و مافخوازمان لێدروستدەکات ئەمەش دیسانەوە بە گەشەی هزری فەلسەفی تاکەکانی کۆمەڵگەی ناوبراوەوە بەستراوەتەوە. بەمجۆرە بیری دیموکراسی کە فەلسەفە کار لەسەر خوڵقانی دەکات بۆ سیاسەت بێئەندازە پێویست و گرینگە و ئەمەش لەو پەروەردە سیاسییەی فەلسەفە لەمێژەوە ووتنی لەبارەوە هەبووە دانەبڕاوە.

گشت ئەو قسانەش لەئێستا لە پەروەردە دەکرێن ناشێ لە دەرەوەی فەلسەفە بکرێن. گەر پەروەردە بە دەڤەری زانینی فەلسەفیدا تێنەپەڕێ و پەروەردە بەپێی تێگەیشتنە فەلسەفیەکان ، کە فەلسەفە دەمێکوەختە کار لەسەر پەروەردە دەکات، سێستەماتیزە نەکرێ پەروەردە شتێ وشک و بێ ئاسۆی لێدەردەچێت. بۆیشە جەغتکردن لە چالاککردنی ڕۆلی پەروەردە لە دامەزراوە ئامۆزشیەکانی کوردستان دەبێت بە چاکترکردنی دۆزی خوێندن و ئەمجار دەستنیشانکردنی شوێنێکیش بۆ فەلسەفە لەم دامەزراوەدا گرێدرێتەوە. گشت ئەوانەش لە بواری فەلسەفە کارابوونە پێیانوایە فەلسەفە دەکارێ شۆڕشێ پەروەردەی لەناومانا چێکات گەر بایەخ بە پەروەردە لە ڕوانگەیێ هزرییەوە بدرێ. جاوابێت فەلسەفەی پەروەردە لە دۆزێوادا شایانی گفتووگۆکردنێ زۆرە بەس بێ دابڕانی لە سیاسەت. چونکە گرێدانەوەی سیاسی بە فەلسەفەوە جەغتکردنە لەسەر گرینگی هزر لە کاری سیاسیدا. ئەم شێوە کارکردنەبۆ هەنووکەی ئێمە بێسنوور مانادارە. واتە وەختیەتی کارکردن  بۆ ڕەتکردنەوەی سیاسەتی نەزان (جاهیل) و پشتگیریکردن لە سیاسەتی پاکڕەوشت و ئەرکی فەلسەفەشە زەمینە بۆ ئەم شێوە کارانە بسازێنێ.

هیچکاتیش نکوڵی لەوەناکەین ووتنەوەی فەلسەفە گرینگە ووتنەوەێ داهێنەرانە بێ ئامانجیشلێی بەپیتکردن و قوڵکردنەوەی هزری تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی بێت و، لە شێوازی ئەزبەرکردنی دید و سێرکردنە فەلسەفیەکانیش دوربێت و ،وانە ووتنەوەی فەلسەفە مەرجیشە بەناو سنوورەکانی گفتووگۆی نەرێتگەری و تازەگەری، کۆنخوازی و گۆرانسازی، ئەساڵەت و نوێکاری تێپەڕێ و ئەمەش بەزۆری لەبەرئەوەی نەوەی نوێ و تاکی ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردی خۆی لەنێوان ئەم جۆرە شەپۆلانەدا دەبینێتەوە و توانای جیاکردنەوەیانی لەیەکدی نییە.

 

آ بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی فەلسەفەوە کە ڕێکەوتی سێهەمین پێنجشەمەی تشرینی دووەم – نۆڤەمبەر- ی گشت ساڵێک دەکات، واتە 15 ی ئەم مانگە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.