Skip to Content

Friday, September 25th, 2020

فەیلەسوف ، ڕۆماننوس ،ڕەخنەگری ئەدەبی ،ڕەمزناس وئاماژەناس

Be First!

   پسپۆڕی پەیوەست بە چەرخەکانی ناوەڕاستی ئیتاڵی
      ئەمبەرتۆ ئەکۆ 
….لەبەردەم 10 پرسیاری خوێنەرانیدا

وەرگێر:عەبدوڵڵا سلێمان(مەشخەڵ)…

"ئەمبرتۆ ئەکۆ" ئەم فەیلەسوفە ئیتالییەی کلتوری پۆپی هەڵوەشاندەوە "سەمیۆتیکس "ی  ناساند و لای خەڵکیی خۆشەویست کرد، قەڵەمەکەی بە بڕشتی خستۆتە گەڕ لە بوارەکانی نوسینی  ڕۆمان و وتار و ….تاد. ئەمبەرتۆ ئەکۆ لەڕێگەی گۆڤاری (Time ) ی ئەمریکیەوە دەکەوێتە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی خوێنەرانی و لایەنگرانی لە سەرتاسەری دونیادا.ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو پرسیار و وەڵامانە وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی و بیخەینە بەردەست خوێنەری کورد.

پرسیار : کاتێک دەنوسیت چۆن بابەت هەڵدەبژێریت؟
                                     جۆی ئۆ دۆناڵ-ئەمریکا

ئەمبەرتۆ : بە نسبەت ڕۆمانەوە لە وێنەی ئەندێشەییەوە دەست پێدەکەم وەختێک دەمپێکێ بە بێ ئەوەی بزانم چی لەدەوروبەری وێنەکە ڕوو دەدات.هەر ڕۆمانێک (6تا8 ) ساڵی خایاندووە تا وەڵامم چنگ کەوتووە.لە ڕۆمانی" ناوی گوڵەکە" وێنە ئەندێشەییەکە دەرمانخوارد کردنی ڕەبەنەکەیە کاتێک کتێب دەخوێنێتەوە.من شەیدای بیرۆکەکە بووم.

پرسیار (2) : ئایا کە وەختێک  دەنوسی خۆت بینیوەتەوە بە ئاگا بی لە خوێنەر ؟ئەشێ نوسەرێک کاتێک کە دەنوسێت بەتەواوەتی خوێنەر فەرامۆش بکات؟
                                ماهکۆت تێکە- ئەدیس ئابائابا

ئەمبەرتۆ : هەموو ئەو دانەرانەی کە دەڵێن بۆ خۆیان دەنوسن درۆ دەکەن.نوسین جوڵەیەکی گفتوگۆییە، جووڵەیەکی خۆشەویستییە، شتێکە دەیکەیت تا لێت تێبگەن.

پرسیار(3) :تۆ چۆن یەکەمجار کەوتیتە سەوداسەری سەمیۆتیکس(لێکۆڵینەوە لە ڕەمز و هێما)؟
                                     ڕامیرۆ گۆمەز-بەرلین

ئەمبەرتۆ : ئەو کاتەی پێیەکانم لەسەر دوو ئاستدا دەبن
             _ کلتورێکی باڵا و کلتورێکی نزم
            _ لە هەوڵی گەڕان بە شوێن نزیکبوونەوە دام کە بتوانێ بچێتە نێو حیساباتی   ڕوخساری کلتوری ژیان.
         بۆ من ئەمە سەمیۆتیکسە.

پرسیار (4): بۆچی کۆمیونیتی ڕۆشنبیری ترادیسیۆیانە ئۆپۆزیسیۆنێکی بە هێزی هەیە بۆ بە جەماوەریکردنەوەی کەلتور؟
                          جین-باپدیست دی بۆرمان – برۆکسل

ئەمبەرتۆ : ئەوە دیاردەیەک بوو لە دەیەکانی پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوو.پاشان هەلومەرجیش زۆر گۆڕا.نەوەی ئێمە(من) یەکەمین نەوە بوو کە کلتوری پۆپ بەرێتە نێو تێڕامانی جیدییەوە.ئێستا من هەندێک جار لە ژێر فشاری ئەو ڕۆشنبیرییە زۆرتر لە کلتور ڕادەمێنم.هەر وەختێک لە کلتوری نزم بگەی ئەوا شەیدای دەبیی و دەبیتە ئەندامێک لەو تیرەیە(میللەتە). تۆ لەو کتێبە گاڵتەئامێزانە ووردبەرەوە کە زمانی تایبەت بە خۆیان هەیە وتەنانەت ئەگەر تۆ پێشتریش ڕۆشنبیر بووبێتی ، ئەوا ئەو کتێبە گاڵتەئامێزانە دەپەرستی.

پرسیار (5) : چ فەیلەسوفێک بە زۆری کاری تێکردووی؟
                                   لوسیللە بەوه – سەنگافور

ئەمبەرتۆ: نامەی دکتۆراکەم لەسەر "تۆماس ئەکویناس"ە کە وەک مۆدێلێکی مەزنی هۆکاری سەرڕاستی ئەمێنێتەوە.لەم دەیانەی دواییدا من زۆر و زۆرتریش لەژێر کاریگەری پراگماتیکی ئەمریکی "چارڵس سەندراس" بووم، کە بلیمەتێکی مەزن و یەکێک بوو لە داهێنەرانی "مۆد ئێرن-سەمیۆتیکس".

پرسیار (6) :ئەوە بۆ 60 ساڵ دەچێت کەپیلانی ئابووری ئەوروپای وێڕانی بوژاندەوە.ئایا کاتی ئەوە نیە بۆ ئەمریکا جارێکی تر کە نازناوی ڕابەری ئەخلاقی هەڵگرتووە، بکەوێتە پیادەکردنی پیلانێکی هاوشێوە لە ئەفریقا؟
                             بیڵ بۆس تێرەیس – کەنەدا

ئەمبەرتۆ :بەڵێ دەشێ تاکە ڕێگای پۆزەتیڤ بێت.کە لەوانەیە زۆر کێشەش چارەسەر بکات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەوروبەری.

پرسیار (7) :ئێوە هەڵەی سەرەکی ئەمریکا لە چیدا دەبینن؟
                              دروو ڕێنەر – ئەمریکا

ئەمبەرتۆ :برادەرانی ئێستای حوکومڕانی ئەمریکا بەپێی پێویست ئاگاداری مێژوو نین.خوویەک هەیە  تەنانەت لە زانکۆکانیش تەرکیز دەکاتە سەر ئەوەی کە مێژوو شتێکی ڕیمۆتییە نەک بەکەڵک.

پرسیار (8) : ئایا دەکرێ هاوسەنگییەک لە نێوان هونەر و سیاسەتدا بەدی بێت؟
                                   نەهوم گێرشۆن – ئەمریکا

ئەمبەرتۆ :با خۆمان زۆر بە فەلاکەت نەبەین.زۆر زانا بیرۆکەی ڕوونی فەلسەفیان هەیە و زۆر مرۆڤ پەروەر و نوسەر و فەیلەسوفیش کێشە و گرفتەکانی زانستیان لا جێی بایەخە.ئەم دابەشکردنەی نێوان هونەر و زانست کە خەڵک بڕوای پێیەتی زۆر بە هێز نیە.

پرسیار (9) :ئایا ئێمە  لە هەوڵی داگرتنی بەهای شارەزایی ڕا و سەرنجین لە میانەی پشت بەستن بە ناوەڕۆکە "بەکارهێنەرە-داهێنەرە"ی وەکو ویکیپیدیا یان بڵۆگس؟
                     لوکا زانزی – ئەمریکا

ئەمبەرتۆ :بەم شێوەیە،بەڵێ.ئینتەرنێت ئێستاش چەکێکی زۆر مەترسیدارە. دەتوانرێ بۆ پارێزگاریکردن لەخۆ بەکاربهێنرێ ، یان لەنێو دەستەکانتدا بتەقێتەوە و کارەسات بخوڵقێت.

پرسیار (10) :جارێکیان تۆ نوسیت کە گاڵتەکردن تەنها ڕێیەکە بۆ دەرخستنی ڕاستی، ئەمە چەند ورد و دروستە؟
                   د.و.یۆنکەر – ئەمریکا

ئەمبەرتۆ : گاڵتە (تەنز) ڕێگایەکە بۆ دەرباز بوون.دەشێ چەکێک بێت ، پارێزگەریش بێت لە فەندەمەنتاڵیزم و دەمارگیری و هەروەها دەتوانێت مونازەرەیەکی(دیبەیتێکی)ڕۆشنبیری دامەزرێنێ بەڵام ناتوانێت گرفتەکانی ژیان چارەسەر بکات.

————————————-
سەرچاوە : Time Magazine
Vol.170، NO.23 Page 4
December 10، 2007
  

Previous
Next

Leave a Reply