Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
قاعیدەو ئایدیۆلۆژیا……. ئومێد مەحمود

قاعیدەو ئایدیۆلۆژیا……. ئومێد مەحمود

Closed
by July 14, 2008 گشتی

  
 بەپێى ئەو هەواڵانەى رۆژانە لە راگەیاندنەكانەوە بڵاودەكرێنەوە رێكخراوى قاعیدە روبەڕووى شكستو پاشەكێشێكى مەرگبار بوەتەوەو رێكخستنەكانى هەموو رۆژىَ زەبرى گورجگبڕیان بەردەكەوىَو فەرماندە سیاسىو سەربازىو مەیدانیەكانى یان دەكوژرێن یان دەستگیرو بەدیل دەكرێن.. شارەكانى ناوەڕاستو موسڵ دواى ئۆپەراسیۆنەكانى سوپاى عێراقو هێزەكانى هاوپەیمانان  رەوشى ئەمنیان بەرەو سەقامگیرىو ئارامى چووەو خەڵكى ئەو شارانە تا رادەیەكى باش دەتوانن بەدوور لە پیاوكوژو جەلادەكانى ئەو رێكخراوەو چەكدارە میلیشیایەكان هەناسەى ئاسوودەیىوسەرفرازى هەڵمژن.
 شارى كەركوكیش بەبەراورد لەگەڵ ساڵى رابردوودا كردە تیرۆریستیەكان تێیدا بەئاستێكى زۆر چاك هاتوتە خوارەوەو نزیكەى 85 -90% رەوشى ئەمنى ئارامتر بووە..
 ئەم رەوشە ئارامو تا رادەیەك سەقامیرە هەرچەندە لە دیدى هەندىَ چاودێرانى سیاسىو رۆنامەگەریدا زۆر جێگاى دڵخۆشىو گەشبینیى نیە، چونكە تا ئێستا بنەمایەكى پتەوو توندو تۆڵى نیە، بەڵكو لاوازو فشۆڵەو ئەگەر حكومەتى مالكى زۆر جدى نەبىَ لە زاڵبوون بەسەر هۆكارو فاكتەرەكانى ئەو رەوشە نائارمەى كە تائێستا بەربینى بە خەڵكى گرتبوو، ئەوا ئەم رەوشە ئەگەرى لەبارچوونو دووبارە سەرهەڵدانەوەى كارەساتەكان لە هەر ساتێكو چركەیەدایە..
 چارەسەرى كێشە سەرەكىو گرنگەكانى نێو كۆمەڵگاى عێراقو پێكهاتە جیاوازەكان لە كوردو شیعەو سوننەو مەسیحىو …تاد، هەروەها كێشە خزمەتگوزارییەكانى وەك ئاو كارەباو .. لەهەمووى گرنگتریش كێشەى بێكارییە كە رێژەیەكى زۆرى گەنجانو لاوانى ئەم وڵاتەیە.. چارەسەركردنى قەیرانە ئابووریەكانى وەك هەڵاوسانو گرانى شتومەكو ..  .. دەردى كوشندەى گەندەڵیى ئیدارى كە بووتە مایەى ناڕەزایىو بێزارییەكى زۆرى خەڵك.. لەهەموویشى زۆر گرنگتر پرۆسەى پەروەردەو فێركردنە كە بەپێى هەندىَ ئامارى رەسمى رێژەى نەخوێندەوارى لەنێو منداڵاندا لەدواى ساڵى2003 ەوە 40% زیادى كردووە.  
  قاعیدەش چ وەك رێكخراوێكى سیاسى پەردەپۆش لەژێر پەردەى ئاینو ئایدیۆلۆژى ئاینیدا، خاوەن كلتوورو فەرهەنگى  تایبەتیی، كە تەنها دەتوانىَ لە بارودۆخێكى سیاسىو ئابوورىو كۆمەڵایەتیى هاوچەشنى عێراق دەتوانىَ ژیانو گوزەران بكات .. توانیوییەتى كاریگەریى بخاتەسەر ئاوەزو دیدو بۆچوونى پانتاییەكى فراوان لە توێژە كۆمەڵایەتیە جۆراوجۆرەكانى كۆمەڵگاو ڤایرۆسى خۆى بگوازێتەوە نێویان .. ئەگەرچى ئەو ڤایۆسە هەڵگرى چەندین نەخۆشى كوشندەو وێرانكەرى وەك خۆكوژىو كۆمەڵكوژىو سڕینەوەى هەموو ژانرێكى جیاوازى بەرامبەرە، توانیوتى خۆى بخزێنێتە نێو پەیوەندییە خێزانییەكانو گەراى خۆى دابنىَ و بپیتێنىَ .. كلتوورى كۆمەڵكوژىو كوشتنى ئینسانى بێتاوان تەنها لە كلتورو فەرهەنگى حیزبى بەعسو قاعیدەو حیزبو رێكخراوەكانى هاوچەشنەكانیانە..
 هەواڵى دڵتەزێنى كوشتنى دڕندانەو ئاوگەرم بەسەرداكردنى(بێریڤان)و خوشكەكانى لەلایەن باوكیانەوە لە شارۆچكەى (دوبز) هەروەها خنكاندنى چەند برایەك بەهەمان شێوە لەلایەن باوكیانەوە لە شارۆچكەى(خورماتوو) دڵى هەمووانى گوشىو تووشى شۆكى كردین، زۆریشمان فرمَسك بۆ ئەو دەستە خوشكو برایانە رشتو نەفرەتمان لەهەموو ئەو كەسانە كرد كە فەرهەنگو رۆشبیریى مەرگ پەرەپێدەدەنو  بڵاوى دەكەنەوە.
 ئایا دیاردەى كوشتنى منداڵ لەلایەن باوكو دایكەوە حكومەتى كەركوكو عێراقو كوردستان راناچەڵەكێنىَ تا سیاسەتەكانى تائێستاى خۆیاندا بچنەوەو بیرێك لەم رەوشە مەترسیدارو سامناكە بكەنەوە.. ئەگەر حكومەت توانیویەتى خۆكوژو تیرۆریستەكانى قاعیدە لەشارەكان دووربخاتەوەو سنوورداشیان بكاتەوە، ئەوا دەبىَ ئەوە روونو ئاشكرا بىَ كە قاعیدە لەپاش خۆى تۆو گەرایەكى زۆرى چاندوەو بیرو باوەڕە كاولكارییەكانى خۆى موتوربەى دواكەوتوترینو كۆنەپەرسترین بیرو باوەڕى كۆنو داڕزیوى بەسەرچووى سەدان ساڵەى ئەم كۆمەڵگایە كردووە.
 هەوڵدانو كۆششكردن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرو بەرنامەڕێژى بەمەبەستى زاڵبوونى بەسەر كێشەو گرفتەكانى ئێستادا ئەركى دەستبەجێى حكومەتو ئەو رێكخراوانەیە كە بەرگرى لە مافى مرۆڤو ئێستاو ئایندەى ئەم كۆمەڵگەیە دەكەن.            
   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.