Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

قه‌ڵه‌م له‌ شوێنی قۆنده‌ره یان پێڵاو له‌ شوێنی قه‌ڵه‌م….فـه‌هـد گـرده‌وانـی

Be First!
by December 19, 2008 گشتی

 قه‌ڵه‌م له‌ شوێنی قۆنده‌ره یان پێڵاو له‌ شوێنی قه‌ڵه‌م

        
 هه‌ر که‌س به‌ شێوه‌یه‌ک توڕه‌یی خۆی ده‌رده‌بڕی .ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان هاوار بۆ مردن و نه‌مانی بۆش ده‌که‌ن و ده‌خوازن که‌ واز له‌ سیاسه‌ت بهێنی ، شێوه‌یه‌که‌ له‌ توڕه‌یی دژی سیاسه‌تی ئه‌مریکا به‌رامبه‌ر جیهان . ئه‌وانه‌ ده‌زانن و هه‌ست  پێده‌که‌ن که‌ بۆش ئه‌مریکای بۆ تاکجه‌مسه‌ری و وێرانی باری ئابووری بردووه‌، بۆیه‌ له‌دژی ده‌ڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و به‌ قه‌ڵه‌م بیروڕای خۆیان ده‌رده‌بڕن . هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ جار جاره‌ توندوتیژی به‌رامبه‌ر پۆلیسیش ده‌نوێن بۆ ئه‌وه‌ی رای جیهان بۆلای خۆیان رابکێشن . ئێمه‌ش له‌ دژی رژێمه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان ،  به‌ هێلکه‌ و ته‌ماته‌ و جارجاره‌ به‌ردیش باڵێوزخانه‌ی عێراق و ئێران و تورکیامان هێلکه‌وته‌ماته‌وبه‌رد باران کردووه‌ و جارجاره‌ش ئاڵای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌مان سووتاندووه‌ . هه‌ندێکیش به‌ قه‌ڵه‌م ئه‌و رژێمانه‌ی ڕیسواکردووه‌ و ده‌ردوو و مه‌ینه‌تی میلله‌تی کوردی به‌ جیهان ناساندووه‌ . سه‌دام حسێن دۆست و به‌کرێگیراوی ئه‌مریکا بوو ، هه‌مووکه‌س وێنه‌ی  رامسفێلدوسه‌دامی دیووه‌ که‌ له‌کاتی جه‌نگی عێراق و ئێران له‌ به‌غدا یه‌کتریان بینی و هه‌مووکه‌س ئه‌و چاوپێکه‌وتنانه‌ی سه‌دام حسێنی بینیووه و خوێندووته‌وه‌‌ که‌ داواده‌کات ببێته‌ پۆلیسی ئه‌مریکا له‌وناوچه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌مریکا پێی رازی بێت و به‌رهه‌می نه‌وتیشی له‌گه‌ڵ دابه‌ش ده‌کات ، که‌چی هه‌ر ئه‌و سه‌دام حسێنه‌ له‌به‌رده‌م یه‌کێک له‌و میوانخانانه‌ی به‌غدا وێنه‌ی بۆشی له‌سه‌ر زه‌وی دروست کردبوو هه‌تا خه‌ڵکی به‌ پێڵاو[قۆنده‌ره‌] و نه‌عل به‌سه‌ری دابڕۆن ، له‌ ئه‌نجامیش به‌ فه‌رمانی جۆرج بۆشی کوڕ رژێمی سه‌دام حسێن روخێنرا و پاشانیش له‌ داردرا و خرایه‌ زبڵدانی مێژوو .ئه‌و په‌یامنێره‌ حه‌زی ده‌کرد ناووناوبانگ ده‌ربکات و  ‌ ناوی بچێته‌ ناو مێژووی شێواوی ڕۆژهه‌ڵات . بۆیه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌م به‌کاربهێنێت که‌ پیشه‌ی خۆیه‌تی بووه‌ که‌وشی به‌کار هێنا و بووه‌ پینه‌دۆز . ئه‌وانه‌ی تا ئه‌مڕۆش بۆ سه‌دام حسێن ده‌گرێن و به‌ شه‌هیدی له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن ، هه‌نوکه‌ قۆنده‌ره‌کانی [پێڵاوه‌کانی منتڤر الزیدی] له‌سه‌ر سه‌ریان داده‌نێن و به‌رزی ده‌که‌نه‌وه‌ . ئه‌وانه‌ی که‌‌ بۆ سه‌رکه‌وتنه‌کانی جیهانی عاره‌بی هه‌ڵده‌په‌ڕین و قونیان باده‌دا وا ده‌زانن ئیتر ئه‌مریکاوئیسرائیل به‌و پێڵاوانه‌ له‌ناوچوون و  ئه‌و زه‌عتووته‌ ژۆڕنالیسته‌ به‌ رزگارکه‌ری فه‌له‌ستین داده‌نێن و قۆنده‌ره‌کانی ده‌خه‌نه‌ سه‌رچاویان . هه‌ربزانن ناوی قۆنده‌ره‌ و کارگه‌ی به‌ناوکرا و له‌ وڵاتانی عاره‌بی وئیسلامی به‌کارده‌هێنن . هه‌ندێک که‌س ناوی منداڵه‌که‌شی ده‌کاته‌ منتڤر. له‌ هه‌ندێک فلیمی دیکۆمه‌نتی پارێزرا و دیاره‌ که‌ [عه‌لی کیمیاوی]عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید پێڵاوی ده‌خاته‌ سه‌ر ده‌می ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی خوارووی عێراق که‌ دژی ئامۆزاکه‌ی ڕژێمی سه‌دام حسین ڕاپه‌ڕین ، هه‌نووکه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مان هیوایان به‌ قۆنده‌ره‌که‌ی ئه‌و په‌یامنێره‌ناشیئه‌یه‌ . بۆیه‌ سه‌مای بۆده‌که‌ن و به‌ پاڵه‌وان ناوی ده‌به‌ن . دیاره‌ جه‌ماعه‌تی مقتدی الێدر[التیار الێدر]ی هه‌ریه‌که‌یان به‌ شێوه‌ی خۆی سه‌مای کرد و که‌وشی [منتڤرالزیدی]یان به‌رزکرده‌وه‌ . له‌ ئایینی ئیسلام به‌رزکردنه‌وه‌ی قۆنده‌ره‌ به‌ گوناح ته‌ماشاده‌کرێت و کارێکی نابه‌جێ یه‌ ، بۆیه‌ موسڵمان که‌وشی له‌به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وت له‌پێ ده‌کاته‌وه‌ و به‌ بێ که‌وش ده‌چێته‌ ناو مزگه‌وت . ئه‌و ێه‌دریانه‌ هه‌رچه‌نده‌ موسڵمانی توندڕه‌ون له‌خۆشیان ئه‌وه‌یان له‌بیرکرد و که‌وشیان به‌رزکرده‌وه‌ و به‌ جیهانیان نیشان دا که‌ دیموکراتیه‌تی نه‌علان یان دیموکراتی قۆنده‌ران له‌ژێر سه‌ری جورج بۆش به‌ڕێ وه‌یه‌. ئه‌وانه‌ له‌کاتی سه‌دام حسێن ئازادی یان نه‌بوو به‌بێ که‌وش و به‌ نه‌عل له‌به‌غداوه‌ به‌ره‌و نه‌جه‌ف وکه‌ربه‌لا بکه‌ونه‌ رێ و له‌سه‌ر گۆڕی ئیمامی عه‌لی و حوسێن کۆستی دڵی خۆیان دامرکێنن ، هه‌نوکه‌ له‌ژێر پۆستاڵی سه‌ربازه‌کانی ئه‌مریکی و به‌ چاودێری ئه‌و [له‌شکره‌ کافرانه‌] به‌ ئازادی خۆیان له‌ عاشورا سه‌ر و گێلاکی خۆیان ده‌کوتن . په‌یامنێر یا ژۆڕنالیست یا ڕۆژنامه‌نووس پیشه‌ی گواستنه‌وی هه‌واڵ و ڕووداوه‌کانه‌ نه‌وه‌کو ڕاوه‌شاندنی پێڵاو . ژۆڕنالیست به‌ هه‌واڵه‌کانی ده‌توانی رووڕه‌شی ده‌سه‌ڵات به‌ جیهان نیشان بدات و جیهان نه‌فره‌تی لێ بکه‌ن .هه‌ر قه‌ڵه‌می بوێر و ئازا بوو توانی چاره‌ی ڕه‌شی شای ئێران و پینۆشیت و سه‌دام حسێن و فرانکۆ خومه‌ینی و مۆسۆلینی و هیتله‌ر …هتد به‌ جیهان نیشان بدات . ئه‌و [منتڤر الزیدی] یه‌ ئه‌گه‌ر حه‌زی له‌ نواندی پاڵه‌وانی یه‌تی یه‌ و حه‌ز له‌ تێکۆشان ده‌کات له‌ دژی ئه‌مریکای داگیرکه‌ر  بۆ له‌گه‌ڵ عه‌سابه‌کانی کۆنه‌ رژێمی پێشوو و القاعیده‌ کار ناکات و ئۆتۆمۆبیلی مینرێژ کراو و قایشی مینرێژ دروست ناکات و خه‌ڵکی سیڤیل بکوژی وه‌کو ئه‌وانه‌ی ناویان له‌خۆیان ناوه‌ [المقاومه‌] که‌ زیاتر عێراقییه‌کان ده‌کوژن له‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریکی و له‌شکری بێگانه‌ بکوژن . له که‌رکوکی بریندار له‌کاتی جه‌ژنی قوربان له‌‌ [چێشتخانه‌ی عه‌بدوڵڵا] چه‌ند ئه‌مریکی بوونه‌ قوربانی ئه‌و جیهاده‌ خۆکوژی یه‌ . کچه‌که‌ی قه‌زافی [عائیشه‌] که‌ که‌س نازانێ چه‌ندی پاره‌ی خه‌ڵکی قوربه‌سه‌ری لیبیای له‌ نه‌شته‌رگه‌ری ده‌موچاوی خۆی سه‌رفکردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌و شێوه‌یه‌ خۆی نیشان بدات ، به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌رم دایبگرێت مه‌دالیای [وسام الشجاعه] پێشکه‌ش به‌ [منتڤر الزیدی] کرد ، که‌چی به‌رامبه‌ر ئه‌شکه‌نجه‌ و سسزا و کوشتنی ژۆڕنالیست وقه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌کانی لیبیا و خه‌ڵکی سیڤیل ده‌می فاق دراوه‌ .هه‌ر ئه‌و عائیشه‌یه‌ به‌بێ شه‌رمیش خۆی کرده‌ پارێزه‌ری سه‌دام حسێن و ئاماده‌بوو له‌و دیکتاتۆره‌ دیفاع بکات. ئه‌گه‌ر سبه‌ی باوکی خرایه‌ ناو قه‌فه‌س و دادگایی کرا ئاخۆ عائیشه‌ کاره‌چاکه‌کانی باوکی به‌یان ده‌کات . ئه‌وه‌ چلوهه‌نده‌ک ساڵه‌ له‌سه‌ر کورسی دیموکراتی لیبیایی هه‌ڵنیشتووه‌  . ئه‌و سعودی یه‌ی ئاماده‌یه‌ به‌ 10 ملیون دۆلار قۆنده‌ره‌کانی منتڤر الزیدی بکڕێت بۆ بیرناکاته‌وه‌ ئه‌و 10ملیون دۆلاره‌ بخاته‌ ناو چنگی ئه‌و فه‌قیر و ده‌رۆزه‌که‌رانه‌ی [سواڵکه‌ر] له‌بن سێبه‌ری که‌عبه‌ی موسڵمانان ده‌ست پانده‌که‌نه‌وه‌ بۆ تێربوونی سکیان ، ئه‌وه‌ خێرتر نی یه‌ له‌وه‌ی ئه‌و پێڵاوانه‌ بکڕێت .ئه‌ی ئه‌وکه‌سه‌ ده‌وێری و بۆی ده‌کرێت ته‌نها له‌ [الملک عبدالله بن عبدالعزیز] بپرسی بۆچی  له‌ترسی شیعه‌ی ئێرانی [ خادم الحرمین الشریفین] له‌شکری ئه‌مریکای جۆرج بۆشی له‌ خاکی پیرۆزی سعودیا داناوه‌ و به‌خێویان ده‌کات . ئه‌و برا سعودیه‌ با ئه‌و 10ملیون دۆلاره‌ بکاته‌ خێر و به‌سه‌ر منداڵانی غه‌زا دابه‌شیان بکات ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشی و برسیاتی بیانپارێزی. ئه‌گه‌ر سه‌دام حسێن له‌ شوێنی [نوری المالکی] بوایه‌ هه‌نوکه‌ عه‌شیره‌تی الزیدی له‌ عێراقدا زینده‌به‌چال ده‌کرا و که‌سوکاری ژماره‌ ده‌یه‌میشی له‌دار ده‌درا ، ئه‌و منتڤر الزیدی یه‌ ئه‌و رێکلامه‌ به‌لاشه‌ی بۆ جورج بوش و ئه‌مریکا کرد و هه‌نوکه‌ خه‌ڵکی داوای ئازادی بۆ ده‌که‌ن . ئه‌و ئه‌مریکایه‌ چه‌ند زاڵمه‌ و چه‌ند به‌ ئازاره‌ که‌چی هه‌ر پیاوه‌کانی نوری مالیکی منتڤریان برده‌ ده‌ره‌و و له‌لای خۆیان گلیان داوه‌ نه‌ک پیاوه‌کانی جۆرج بۆش .ئه‌و قۆنده‌رانه‌ له‌ حاکمه‌کی عه‌ره‌بی بدارابایه‌ له‌به‌رامبه‌ر کامیرا له‌ شوێنی خۆی منتڤر ده‌رایه‌ به‌ر گولله‌ و هه‌نوکه‌ فاتیحه‌ بۆ منتڤر ده‌خوێندرا و که‌ناڵی به‌غدادیه‌ی کۆنه‌به‌عسیاکانیش نه‌ده‌وێرا بکه‌ویته‌ سروود خوێندن و عه‌بدولحوسێن شه‌عبانیش نه‌ده‌وێرا له‌ حاکمه‌ عاره‌بیه‌‌که‌ بپاڕێته‌وه و داوابکات‌ په‌یامنێره‌که‌ی ئازاد بکرێت .گه‌لۆ نوری مالیکی هه‌ستی به‌ ئیهانه‌ نه‌کرد له‌وکاره‌ی ئه‌و منداڵه‌په‌یامنێره‌ ، ئاخۆ ده‌بێت چی به‌ گوێی جورج بوش گوتبێت . که‌ناڵی جه‌زیره‌ له‌خۆشیان هه‌ڵده‌په‌ڕی و [خلیل الدلیمی] پارێزه‌ری سه‌دام حسێن بۆ رێکلامکردنی خۆی دیسان که‌ناڵه‌کانی ته‌له‌فزیونی داگیرکرد و هاواری لێ هه‌ستا   گوایه له‌گه‌ڵ 200 پارێزه‌ری عاره‌ب‌ دیفاع له الزیدی ده‌که‌ن ئه‌ویش له‌دوای له‌ناوچوونی سه‌دام حسین ناوی که‌وتبووه‌ سه‌ر زبڵدان و که‌س باسی نه‌ده‌کرد ، به‌ڵام ئێستاکه‌ بۆ په‌یداکردنی ناوی خۆی و بازارگه‌رمکردنی خۆی به‌یان له‌دوای به‌یان بڵاوده‌کاته‌وه‌ .له‌کاتی خۆی که‌ پرسیاریان له‌و خه‌لیله‌ کرد که‌ سه‌دام مردووه‌ له‌ وه‌ڵامدا گووتی نه‌مردووه‌ وا له‌سه‌ر مانگ ده‌ژی . وێنه‌ی مانگی نیشان دا و گوایه‌ سه‌دام حسین له‌سه‌ری دانیشتبوو . له‌کاتی هه‌وڵدان بۆ کوشتنی  سه‌دام حسین له‌ شارۆچکه‌ی دوجه‌یل ، داروده‌سته‌ی رژێمی به‌عسی وه‌ل بوو به‌ داوای سه‌دام حسین  خه‌ڵکی دوجه‌یل و ناوچه‌که‌شی هه‌تک کرد . ئینجا یه‌کێکی وه‌کو خه‌لیل و چه‌ندانی وه‌ک ئه‌و پارێزگاریان له‌و مرۆڤ کوژ و دیکتاتۆره‌ ده‌کرد . بۆ ئه‌وه‌ی دیموکراسیه‌ت فره‌وان تر بکرێت و رێڕه‌وی خۆی بگرێت و بچه‌سپێت ده‌بێت ژیان و رووحی منتڤر الزیدی بپارێزرێت و ئازارنه‌درێت ، ئه‌گه‌رچی ئه‌و په‌یامنێره‌ ده‌یتوانی به‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی به‌ پرسیاری راسته‌وخۆ جورج بۆش بخاته‌ ژێر که‌وشی دادپه‌ره‌ری و مرۆڤایه‌تی نه‌ک به‌ ڕاوه‌شاندنی قۆنده‌ر وپێڵاوان . قه‌ڵه‌می ژۆڕنالیست وه‌کو ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م به‌هێزترین قه‌ڵه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بێت و ژۆڕنالیسته‌که‌ بوێر و قه‌ڵه‌م سه‌ربه‌رز بێت .

 فـه‌هـد گـرده‌وانـی

18/12/2008 ستۆکهۆڵم       
 

Previous
Next

Leave a Reply