Skip to Content

Wednesday, September 23rd, 2020

قوتوی خەیاڵی قەسیدە و خودا وەک لەدایکبوویەکی شیعریی

Comments
by August 17, 2008 ئەدەب

  قوتوی خەیاڵی قەسیدە و خودا وەک لەدایکبوویەکی شیعریی
 ئیسماعیل حەمەئەمین

 
 – ئەو ڕۆشنایی دەکردە سێبەری زەمەن.. …پاول ڤیریلیۆ*
   
 
 فۆرمێکی  شیعریی بۆ دنیا
 "بەقوڵپە قوڵپی ئاوت دەستپێرم" ئەو قەسیدە داهێنەرانەی "هیوا قادر"ە کە دەکرێت چەندەها خوێندنەوەی بۆ بکەین، هەرجارە و لەگۆشەنیگایەکەوە بیخوێنینەوە، ئەم قەسیدەیە یەکێکە لەجوانترین ئەو قەسیدانەی کە هیوا لەدوای قەسیدەی (ئەو ڕۆژەی باران لەپەنجەرەکەم دەدات) و قەسیدەی (تێرمیناڵ) نوسیویەتی، تێدا هاوکێشە ئاڵۆزە فیکریەکان لە فۆرمێکی باڵای شیعردا خۆیان ڕایەڵ کردووە. فۆرمی شیعریی لەم قەسیدەیەدا بەرهەمهێنی فیکرە، نەک فیکر بەرهەمهێنی فۆرمی شیعریی بێت. ئەم هاوکێشەیەی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک، فۆرم و بابەت، فۆرم و بیرکردنەوە، لەهاوکێشە ئاڵۆزەکانی قسەکردنن لەسەر شیعر. هیواقادر لەم قەسیدەیە و لەقەسیدەی تەرمیناڵ وبەدرێژایی ئەزمونی شیعریی خۆی، بەنێو فۆرمە شیعرەکاندا دێت و دەچێت، بەدووی ئەو فۆرمە شیعریانەدا دەگەڕێت کە خۆیان هەڵگری ڕیتمی جیهانن نەک تەعبیرکردن بێت لە جیهانێکی هەبوو. بەرهەمهێنانی فۆرمی شیعریی پێوەرێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە شیعر، بەهەمان شێوەش گرنگە بۆ جیاکرنەوەی (شیعری مەسلەکی) لە شیعریی داهێنەرانە.  ئێمە لە شیعردا بەرامبەر دووجیهانبینی دەبینەوە، یەکێکیان پێـیوایە کە شیعر بەدووی مانا هەبوووەکاندا دەگەڕێت، بەدووی زمانێکدا دەگەڕێت کە خەڵکی و دنیا پێکەوە ببەستێتەوە، شیعری مەسلەکی  زیاتر بەدووی جەماوەر و قەرەباڵغی کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت، شاعیریش شاعیری گەورەی جەماوەرە، دەربڕینە لەوەی کەهەیە، نەک ئەوەی کە دەخوڵقێنرێت. شیعر لەم گۆشەنیگایەوە دەربڕینە لە پێناسەکانی سەرجادە و کۆڵان و نەتەوە و مۆراڵە فڕیوەکانی نیشتمان و ئازارەکانی شۆڕش. لەم ڕوانگەیەوە دنیای هەبوو جارێکی دیکە خۆی لەنێو شیعردا بینادەکاتەوە، کارەساتەکان جارێکی دیکە لەنێو شیعردا دروستدەبنەوە، شاعیر کاری ئەویە بەدووی ئەو مانا نەتەوەیی و ساتیریی و تراژیدیی وسیاسیی وڕۆمانسییە ناتەواوەکاندا بگەڕێت کە هەیە، لە پەیوەندیەکی تازەدا فۆرم وەک کراسێکی تازە بکاتە بەریان. لەم پرۆسەیەدا فۆرمی شیعریی دەربڕینە لە دنیای هەبوو نەک دنیایەکی دیکە بخوڵقێنێت. دیارە ئەمە مانای ئەوە نیە ئەم شیعرە داهێنەرانە نیە، بەڵام بەڕای من توانای بەرهەمهێنانی ئەو شتەی نیە کەناوی دەنێن (فەلسەفەی شیعریی). شیعریی کوردی تاوەکو ئێستا بەدەست ئەم جیهانبینیە شیعریەوە دەناڵێنێت، شیعر لە زۆربەی کاتدا دەربڕین بووە لەو ناوەڕۆکانەی ڕۆژانە لە هەموو سوچ وپەنایەکدا کەوتوون. شیعر لەم گۆشەنیگایەوە ئەو کۆترە بووە کە بەردەوام بینیومانە، ئەو شاخەبووە هەمیشە لای هەمووان پشت وپەنای کوردبووە. ئەو پاڵەوانەبووە کە لەژیانیدا لە فۆرمی شیعریدا باسمانکردووە و لەمردنیشیدا بۆی گریاوین، ئیدی شیعر لەم مەسلەکیەتەدا هیچ شتێکی لەبوون یان نەبوونی پاڵەوان زیاد یان کەم نەکردووە، پاڵەوان و نیشتمان وسروشت بەردەوام هەبوون وشیعر لەم فۆرمەدا تەنها ڕەنگدانەوەی ئەوان بوون.
  بەپێچەوانەی جیهانبینی مەسلەکی ، شیعری داهێنەرانە خۆی لەم ڕوانینە قوتار دەکات، چیدی شیعر ڕەنگدانەوەی هەبووەکان نیە، ئاوێنەی ئەو پاڵەوانانە نیە کە سبەینێ دەبن بەقەرەقۆز یان گەندەڵ یان لەسەر کورسیەکانی خانەنشینی ژەنراڵەکان خەو دەیانباتەوە. شیعر پەشیمانی دەرنابڕێت بەرامبەر پاڵەوانە نیشتمانیەکان و خۆی بەکراسەکانی ئەوانەوە هەڵناواسێت. شیعر لەم فۆرمەدا خۆی خوڵقێنەری پاڵەوانەکانی خۆیەتی، خوڵقێنەری مانا تازەکانی دنیایە، دوور لەناوەڕۆکە زانراو وجەوهەرە باوەکان خۆی  پێکدەهێنێتەوە. شیعر لەم گۆشەنیگایەوە هەڵگری بیرۆکە و وێنە و نیگەرانی و بەختەوەری و ئەبستراکیەت و سوریالیەت و هیچگەرایی خۆیەتی. لەم گۆشەنیگایەوە زمانی شیعری تەعبیر نیە لە پەیوەندیەکی هەبووی ڕۆمانسیانەی بلانک و پوخت، بەڵکو داهێنەری پەیوەندیەکی نوێیە لەنێو دنیایەکی هەبوودا. ئەمجۆرە شیعرە وەک تەقینەوەیەکی لەپڕ وەهایە کە چاو تەنها ڕووناکی هەمەڕەنگ و پارچەی پەرشبوو دەبینیێت، شیعر لەپارچە پەرشبووەکانیەوە ترس و نیگەرانیەکی لەپڕمان لەلا دەخوڵقێنێت. شیعر لەم فۆرمە تازەیەدا بانگەشەی (نافۆرمی و بێـفۆرمی)  دنیا دەکات، بەجۆرێک کە لەتەقینەودا ئێمەی خوێنەر و تەماشاکار و وەرگر نازانین ئەوی تەقیەوەوەتەوە، ئەوەی ئەم هەموو ڕووناکی و پارچە جۆراوجۆری بەرهەمهێناوە لە ڕەچەڵکدا چیبووە، چەندە ترسناکە ئەوەندەش ڕوناکی جوانی بەرهەمهێناوە. شیعر لەم فۆرمە تازەیەدا کراسێک نیە بکرێتە بەری هەبووەکان، بەڵکو تێکشاندنی هەموو هەبوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی وئایدۆلۆژیە، نەک بۆئەوەی ڕووتیانبکاتەوە لەپێناو گەیشتن بەهەقیقەت ، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەموو هەقیقەتێکی ڕاوەستاو و جێگیر تێک وپێکبشێنێت. چیدی دڵداریەکان وەک خۆیان نامێننەوە، چیدی شتەکان لەم فۆرمە شیعریەدا هەڵگری وێنە چەسپاوەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و کۆڕەوە و ڕاپەڕین نین، چیدی بەباڵای هیچ پاڵەوانێکدا هەڵنایەن، چیدی خۆیان بەحەبیبە و باڵای ئازیز و هیجرانیدا خەریک ناکەن. بەڵکو کاریان تێکشکاندنی هەموو پەیوەندیە پیرۆزەکانی ئەو جەوهەرانەن. شیعریی نوێی کوردی کە لە قەسیدەی نوێدا تەعبیر لەخۆی دەکات، پەیوەندیەکی دیکەی هەیە لەگەڵ جیهاندا، فۆرمێکە هەموو جێگیرێک دەخاتە باری نیگەرانی و دوودڵی و جوڵەوە.        
  هیواقادر ئەو گەڕیدە شێتەیە بەردەوام فۆرمێکی تازە وپەیوەندیەکی تازە و مانایەکی دیکەیمان لەسەر سروشت و دڵداری و نیشتمان پێدەبەخشێت کە لەوەبەر لەنێو هیچ ئەزمونێکی هەبوودا بوونیان نەبووە. هەڵەیەکی گەورە دەکەین لە شیعریی هیوادا، لە ئەزمونی کەسی خۆیەوە بەدوویی وێنەیەکی بەراووردیدا بگەڕێن، یاخود هەوڵبدەین ناوەڕۆکی قەسیدەی لەنێو دنیای هەبوویدا، لەنێو ئەزمونی ژیانی کەسی خۆیدا بدۆزینەوە. قەسیدە لە ئەزمونی هیوادا پەیوەندی نوێیە لەگەڵ دنیا، هەبوو نیە وەک بابەتێکی ئامادە و بیرۆکەیەکی جێگیر، بەڵکو تەنها (لەخەیاڵ بۆکراودا) بوونیان هەیە، خەیاڵگەڕن لەنێو پەیوەندی تازەدا، قومی شەرابن نەک سۆفیانە، بەڵکو کوپەکانی لەنێو ژوورێکی دیکەدان کەژووری قەسیدەیە. ئەو ژوورەی ساتەوەختی دروستبوونی جوانیەکان هەمان چرکەساتی مردنیانە، ساتەوەختی چێژی شەراب هەمان ساتەوەختی ژەهراویبوونی سۆفیە. ئەزمونی هیوا هەمیشە ڕەنگ بەرهەمدەهێنێت، لە هەموو قەسیدەیەکدا جگە لەناوەڕۆکی تازە، نیگەرانی لەپڕ، کە لەوەبەر پێیڕانەهاتووین. جگەلەفیاسکۆ و ناماقوڵی دنیا و کەوتنە نێو ڕیتمێکی تازەی ئەو دیوو پەنجەرەکانی ڕیالیستیەوە، پەیوەندی هەبووی جێگیر بەدیناکەین. بێهودەیە گەڕانمان بەدووی مانایەکی ڕاوەستاودا لە ئەزمونی ئەم شاعیرەدا، ماناکان هیچیان بەڕاوەستاوی و جێگیری نامێننەوە، هیچ شتێک لە ئەزمونی هیوادا وەک خۆی نامێنێتەوە، شیعریی هیوا لەم تەفسیرەوە، شیعر بەرهەمهێنانی فۆرمە نەک ناوەڕۆک، بەمانای هەموو ناوەڕۆکەکان لەفۆرمی شیعریدا خۆیان پێکده‌ه‌ێنن ولەهەمانکاتیشیدا تێکدەشکێن.
 ئیدی جۆرێک لە(فەلسەفاندنی شیعری) یاخود (بەشیعریکردنی دونیا) لە هەموو قەسیدەکانی هیودا خۆی شاردۆتەوە، هاوکێشەکانی ژیان و مردن و پەشیمانی و خودنمایشکرنی جیهان لەم قەسیدەیەدا وەهای کردووە، کە چێژی شیعریی لەنێو بیرکردنەوەی شیعریدا ئامادەبکات. بەجۆرێک چێژی خوێندنەوە، چێژی دۆزینەوەی فیکری شیعریە لە قەسیدەدا، ئەمانەش لەم قەسیدەیەدا لەشێوەی ڕەمزیەت و سمبۆلیزم یاخود وێنەی تەمومژاویەوە خۆیان دەرناخەن، بەڵکو لە ڕێگەی زمانێکی هێمنی ڕاستەوخۆوە توانیویەتی خوێنەر بەئاسانی بخاتە سەر لەپی دەستی. ئەوەی دەمێنێتەوە وەک کۆمەڵێک هەڵماتە شوشەیی وەهان، سەربەستانە ژوورەکانی یاریی بۆخوێنەر جێدەهێڵن. خوێنەر لەم ژوورانەدا خۆی دەتوانێت خود نیگارکێشی بکات، نەک خود پۆرترێکی نەرجسیانەی شاعیر بێت و لەڕێگەی دەسەڵاتی قەسیدەوە بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئەم قەسیدەیە هەناسەیەکی جوانە لە ئازادی بیرکرنەوە و چێژ و نەرم ونیانی، جۆرێکە لەو قەسیدانەی ناوی دەنێم، قەسیدەیەکی دیموکراتخوازە، تاسەر ئێسقان بڕوای بەدیموکراتیەت هەیە، ماناکان لەم قەسیدەیەدا ئەوەندە ئازادن کە زۆر جار فەوزاش ڕێگەی پێدراوە، ئەم قەسیدەیە دەتوانرێت چەندەها خوێندنەوەی تری بۆ بکرێت. لەم گۆشەنیگایەوە ڕێگە بەخۆم دەده‌م بەنێو مانا و وێنەکانی ئەم قەسیدەیە  خۆم ڕابکێشم، چونکە  هەمیشە وتومە خوێندنەوەی قەسیدەی هیوا قادر، چێژی پاڵکەوتنە لەسەر بوونی ئاو.
 
 تەنیایی وەک چارەنوسی تەوباویەک
  گەڕان بەدووی تونێلەکانی تەنهایی یەکەمین پۆرترێتی ئەم قەسیدە نەرمەیە، جۆرێک لە تەنهایی کە لە کامڵبوونی دنیاوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە کەنارەکانی پیربوونی جەستە، بەڵام نا!، ئەوە پیربوونی جەستەیە لەبەرامبەر کامڵبوونی بیرکردنەوەی شیعریدا خۆی نمایشدەکات، گفتوگۆیی لەگەڵدا دەکات ودنیا سەرلەنوێ بینادەکاتەوە. یاخود جۆرێکە لە بەدواهاتنی هەموو دەنگێک کە زۆر جار مەزندەی ئەوە دەکەین بەجێمان هێشتووە، یاوەکو لەشوێنێکدا لەبیرمان چۆتەوە، وادەزانین چیدی پێویست ناکات بەدووی ئەو دەنگەدا بگەڕێین. دەنگێک دەنگی خۆمانە لەنێو ڕابوڕدوودا هێشتا بەگەنجی و هێزەوە سەمای خۆی دەکات، دەنگێک هێزی ڕابوردووە کە نایەوێت نۆستالژیانە بێت، بەڵکو سێبەرێکی هیلاکە و هەرجارەی لە فۆرمێکی  جیاوازی شیعریدا خۆی دووبارە دەکاتەوە.  دەنگێکە منی شاعیر دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆی، دەنگێکە وەهمی ئەوە دەبەخشێت، کە ئەوە پۆرترێتی گەنجیی شاعیرە، هەڵیدەخەڵەتێنێت بۆئەوەی نۆستالژیانە لەو پۆرترێتە بڕوانێت، کە چیدی ئەو نیە و دەیەوێت خۆی وەک ئەوێک لە ڕابوردوودا نمایشبکات. ئەم دەنگە گەڕانەوەیە بۆ دەنگەکانی جاران، بۆ دادگایکردنی سەرجەم ئەو هەموو پێکهاتە ووردانەی (منی شیعریان)   پێکهێناوە، بەڵام چیدی ئەو دەنگانە، ئەو خورپانە، ئەو جۆرە دادگایکردنانه‌ ناگەڕێنەوە بۆ ئێستا. ئێستاش کامڵە بەوەسوەی خۆی، بەهێنان و بردنی ڕۆژانە ژیانی، بەشەڕی لەگەڵ نووسین و داهێنان کە چیدی چێژ وەک جاران نەماوە. منی شیعریی لەم قەسیدەیەدا بەشێکە لەدرێژە پێدانی خودێکی هیلاک لەنێو زەمەنێکی ئەدەبی تایبەتدا. ئەدەبێک لە بەرامبەر منی شاعیردا جەنگێکە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی ماتریاڵی، بەشێکە لەو زۆرانبازیەی، لەدواجاردا ووردەکاریەکانی وێنەی پیاوێکی تەنیا پێکدەهێنێت که‌ لەنێو زەمەنی شیعریدا خۆی ڕادەکێشێت، نەک وەک چۆلەیەکی هەبوو، لەنێو مانا هەبووەکاندا باڵەفڕەی بێت. لەنێو نادیاردا بەدووی گوڵە ئەستێرەدا بگەڕێت، نەک لەبن بەردەکانی ڕۆژە بەماتریاڵیبووەکانمان. لەنێو خەیاڵدا خۆی تەنیا دەکات، نەک لەنێو خەونی سادەی ژن ومێردە ڕۆتین بووەکان… لەدواجاردا ئەم وێنەیە خۆی لە دەرەوەی هەموو هاوکێشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا دەبینێتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیایی شاعیرێکە بەنێو خەوندا دێت ودەچێت… لەزمانی (ئەویتر)وە قەسیدەکە بەشێکمان لەم خود پۆرترێتە بۆ ئاشکرا دەکات.  
  وه‌ک تێڕوانین له ‌چوارچێوه‌یه‌کی به‌تاڵ سه‌یری وێنه‌که‌م ده‌که‌یت،
 هیلاک ده‌بیت له‌ نه‌بینینم،
 ماندووده‌بیت له‌ نائاماده‌یم،
 به‌منداڵه‌کانت ده‌ڵێیت،
 ئه‌و گێژه‌ڵوڵکه‌یه‌ک بوو به‌ فرمێسکه‌کانم خه‌واندم.
 
 هیلاکە ئەم قەسیدەیە بەدەست ژیانەوە لەگەڵ ئەویتردا، زۆر هیلاکە لە چرکەساتەکانی بوونیەوە بەشاعیر تاوەکو نوستنی لەنێو قوتوە دێرینەکانی خەیاڵدا. ئەمە جوانترین ساتی بەریەکەوتنی شیعریە لەگەڵ ژیاندا، ژیانێک لەم قەسیدەیەدا بەسەرسەختەیەوە بە وجودیی شیعریەتەوە بەستراوە، بەجۆرێک ژیان خۆی خەوتنێکە لەنێو قەسیدەیەکی نەنوسراودا، جۆرێکە لە پاڵکەوتن لە نێو فۆرمێکی شیعریدا، کە جێگەی نیە بۆ زۆرانبازی لەگەڵ ئەویتردا .
 ئه‌و پیاوێک بوو به‌ عه‌یاری سه‌رده‌مێک خه‌ونی ده‌بینی که‌ له‌ قتوی هیچ عه‌تارێکدا نه‌بوو،
 ئه‌و چی بوو که‌نه‌یتوانی ببێت به‌ چۆله‌که‌یه‌کی ته‌نها و بفڕێت،
 ئه‌و پیاوێك بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ک ژن.
 منی شیعریی ئەزمونێکە لە ڕێگەی گفتوگۆیی ئەویتری مێینەدا، بەشێک لەپۆرترتی خۆی ئاشکرا دەکات. ئەوەی ئێمە لەم پەیوەندیەدا لەگەڵ (ئەویتر) بەچەمکە وجودیەکەی تێدەگەین، پەیوەندیەکی باو نیە لە زۆرانبازی نێوان من وئەویتردا، سارتەر گووتەنی (ئەویتر بەردێکە منی لەسەر دەشکێت)، یاخود سارتەر چەندەها جار گوتوویەتی (ئەویتر جەهەنەمە). ئەویتر ئەو مێینەیە کە ئازادیمان لێزەوت دەکات، ئەو ئەشقەیە دەمانکاتە کۆیلەی موحەبەت، ئەشق لەم گۆشەنیگا وجودیانەوە، پەیوەندیەکی جەبری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. پەیوەندیەکی جەبریە که‌ منی شیعریی بەتەواوەتی بەلایدا تێپەڕ دەبێت، (ئه‌و پیاوێك بوو ده‌بوو خه‌ون بخوازێت نه‌ک ژن )..  ئەو هاوڕێتیە دەمانکاتە کەسانی مولتەزیم بەئەشقەوە، پەیوەندیدارمان دەکات بەموحیبەتێکەوە بەشێکی زۆری ڕۆحی قەسیدە بۆ خۆی دەبات، گەر هاتوو نەیکوژێت، یاخود لاوازی نەکات. بوونی هەموو پەیوەنداریەک لە نێوان من و ئەویتری ئەشقدا، بوونێکە شتێکی لە جەبریەت وئیمپریڤیەت هەڵگرتووە. چەندە ئەم پەیوەندیانە ڕووبەری ژیان پێکدەهێنن، ئەوەندەش هەڵگری جەبریەتی خۆیانن، ڕۆژەکانمان، ساتەکانمان، تەنانەت خەیاڵ و خەونمان زەوت دەکەن.
  پەیوەندی من و ئەویتر لەفەلسەفەی وجودیدا Existentialismus  لەسەر چەندەها تەوەرە گفتوگۆیی لەسەر کراوە بۆیه‌ له‌م خوێندنەوەیەماندا قەسیدەکە  دووریەکی ترمان بۆ ئاشکرا دەکات، خوێندنەوەیەکی تازەمان پێدەبەخشێت. ئەوەی ئێمە لەم قەسیدەیەدا هیلاک دەکات ئەو پەیوەندیە  نوێیە کە بەشێکی پچڕوای خۆی دەردەخات بۆ ئێمە. پەیوەندی نێوان (من و مێینە) لەم هاوکێشە وجودیەدا پەیوەندیەکی زۆرانبازی نیە لە نێوان من وئەویتر بەمانا وجودیەکەی، بەڵکو پەیوەندیەکە لە پێویستی ئەویترە بۆ من خۆی بینادەکات، نەک لەپێویستی منی شیعریی بۆ ئەویتر، هەر وەک چۆن لەشیعریی ڕۆمانسیدا، بوونی ئەویتری مێیینە یان ئاشق مەرجێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهان.. لەم قەسیدەیەدا هاوکێشەکە پێچەوانەیە، (ئەویتر ، ئەشق ، مێیینە ، جیهان، خودا) پێویستی بە (منی شیعریی)‌ هه‌یه‌ وەک مەرجێک بۆ سەلماندنی خۆی. بۆ ئەوەی لێرەبوونی خۆی بسەلمنێت (ئەویتر/ مێینە/ خودا) پێویستی بەزۆرانبازیە لەگەڵ منی شیعریدا. زۆرانبازیەکەش بەم پێیە، ته‌نها لەیەک لاوەیە، نەک دوولایەنی. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئەم دێڕە ڕوونبکەمەوە دەڵێم: مێینە لەم قەسیدەیەدا هەوڵدەدات منی شیعریی بکات بەچەقی زۆرانبازیەک کە پێویستی مێینەیی ئەو تێربکات، پێویستە من شەڕ بکات لەگەڵ ئەویتردا، بۆ ئەوەی ئەویتر لێرەبوونی خۆی لەجیهاندا بسەلمێنێت. لەسەرێکی دیکەوە پێویستە شاعیر خۆی بکوژێت بۆ ئەی خودا سواڵ نەکات!.
 بابگەڕێنەوە بۆ فیمینیستێکی وجودی وەک ( سیمۆن دۆبۆڤۆار) کەلەوەڵامی ئەویتری سارتەریدا وتویەتی: سارتەر جەهەنمە. ئاوەها ئەویتر لە پەیوەندی نێوان نێر و مێینەدا پێویستی بەو جەهەنمە هەیە بۆ ئەوەی بوونی خۆی نمایشبکات. ئەم زۆرانبازیە لە نێوان ڕاکردن وخۆشاردنەوە ودەرکەوتن و هیجران و بێوەفایی و شکستی و دڵشکان و خیانەت و هەستانەوە و نغرۆبوون و گوماندا، پێکهێنەرەکانی بوون و لێرەبوونی من و ئەویتر دەسەلمێنن. بەڵام لەم قەسیدەیەدا ئەم منە شیعریە نایەوێت ئەو پەیوەندیە جەبریە پێکبهێنێت، نایەوێت وەک چۆلەیەک بەنێو ئەم پەیوەندیەدا باڵەفڕەی بێت، ئەم منە زۆر تەوباویە، تەوباویەک کە دەگاتە کە نارەکانی ئانارشیزی و فەوزەویەت، ئانارشیستی منی شیعریی لە شۆڕشگێڕیەوە نیە، بەڵکو لەوەوە هاتووە کە دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ مێینەدا، پەیوەندیەک نەبێت لەگەڵ ئەویتر!. منی شیعریی لەم قەسیدەیەدا لەم هاوکێشە وجودیە دێتە دەرەوە، دەیەوێت پەیوەندی خۆی لەگەڵ هەبووی کۆمەڵایەتیدا هەلامی و جیوەیانە بەنێو ڕاڕەوەکانی خەیاڵێکی تەوباویانەدا تێپەڕبکات. بۆ ئەوەی لە جەبری ئەو پەیوندیە قوتاری بێت، چیتر منی شیعریی پەیوەندی لەگەڵ ئەویتردا ڕایەڵ ناکات، کە مێینەیە. مێینیەش لەم وێنە شیعریەدا هەوڵدەدات بوونی خۆی لە (مێینیەکی ئەبەدیدا) ببینێتەوە، بەمشێویە هاوکێشەیەکی دیکە لەم قەسیدەیەدا خۆی دەردەخات، هاوکێشەی منێکی شیعری تەوباویی وئانارشیست لەبەرامبەر مێنەیەکی بەهەڵە فیمینیستدا.
 بۆئەوەی ئەم ڕستانە ڕوونبکەمەوە و ئەم پەیوەندیە ئاڵۆزەی ئەم پۆرترێتە شیعریەی ئەم قەسیدەیە ئاشکرابکەم، باسمان لە هاوکێشەیەکی وجودیانەی نێوان من و ئەویتر کرد، لەهەمانکاتیشدا گووتمان کە ئەم هاوکێشەیە بەچەندەها کەناڵی جۆراوجۆر وگفتوگۆیی فەلسەفی و فیکری وکۆمەڵایەتیدا تێپەڕ دەبێت. دەرئەنجامی ئەم زۆرانبازیە سەلماندنی (بوونە) لە فەزایەکی تایبەتی کۆمەڵایەتیدا، وەک مرۆڤ و پەیوەندی بەدەرەوەی خۆی. لەم پەیوندیەدا هەموو یەکێک ئەو بوونە بەکردەیی دەسەلمێنێت، کە ئێمە بە لێرەبوون Dasein  وەک چەمکێکی فەلسەفی بەکاری دەبەین. لێرەبوونی من مەرجێکە بۆ بوونی من لێرە وەک مرۆڤێک، بەڵام لەم هاوکێشە وجودیەدا بوونی ئەویتر لەڕێگەی زۆرانبازی لەگەڵ مندا لێرەبوونی خۆی ئاشکرا دەکات. لەوانەیە چەمکی (ئەویتر) بابەتێک بێت وەک؛ شۆڕش، نووسین، کار کردن، ئەکتیڤیەتی کۆمەڵایەتی یان ئەشق بێت بەهەموو پارادۆکسیەکانیەوە. کەواتە ئێمە لەبەردەم پەیوەندیەکی نوێداین کە ئەویتر لە گفتوگۆیەکی یەکلایەنەدا هەوڵی وێنەکێشانی منێک ده‌دات کە لەهاوکێشەدا بوونی نیە، بوونی ئەو بوونی سێبەرێکە بەنێو هەبووی کۆمەڵایەتیدا ڕێدەکات و بەشدارنیە، ئاپاتیە (نابەشدارە)، بەڵام ئانارشیستە بەخەیاڵە دوورەکانیەوە، ئەو منە لە قوتوی خەیاڵدا دەخەوێت و نایەوێت لەو قوتووە بێتە دەرەوە. بەمەش هەموو ئەو هاوکێشە جێگیرانەی نێوان (من و مێینە) لەم قەسیدەیەدا تێکدەچێت. کەواتە منێک نیە کە بچێتە نێو مێینه‌، نێو خواوەند، بەڵکو ئەوە مێینەیە وێنای ئەو منە دەکات و گلەیی دەکات لەوەی منی شیعریی نایەوێت ئەو  وەک (مێینەیەکی ئەبەدی) وێنا بکات و قبوڵی بکات. لێرەوە ئەو گفتوگۆکارە مێینەیەمان بۆ دەردەکەوێت کە قەسیدەکە لە پەیوەندی پێکهاتەکانیدا دەم و چاوی خۆی بۆدەنەخشێنێت. ئەو مێینەیە ئازاد نیە و داوای ئازادی ناکات، نایەوێت ئازاد بێت و پێویستیشی بەو ئازادیە نیە، ئەمەش پەنجە خستنەسەر قوڵترین برینی مێینەی کوردییه‌، کەلەم وێنە شیعریەدا منی شاعیر بەلاواز تێدەگات، چونکە ئەو نایەوێت ژن بخوازێت وخەیاڵی هێناوە. لەپشت ئەم دێڕەوە ئەو توندوتیژیە بێسنورەی مێینەی کوردی هەستپێدەکەین کە چەندەها سەدەیە لەدژی خەیاڵ مومارەسەی دەکات، ئەم مێینەیە دەیەوێت وەک مێینەیەکی ئەبەدیی بمێنێتەوە و هیچی تر. سیمۆن دۆبۆڤۆار وەک فیمینیستێک لەکتێبی (ڕەگەزەکەی دیکە و بەهاکان و سێکسواڵیەتی ژنان)دا ڕەخنەیەکی توند لەو وێنە ئەبەدیە دەگرێت کە بۆ مێینە نەخشێنراوە، وەک ئەوەی مێینە مەحکوم بێت بەکارەکتەری خۆی وەک زەعیفیەک کەدەبێت لەپلەیەیکی خوار پیاوەوە بێت. باس لەوەدەکات کە زۆربەی فیمینستەکانیش لەشەڕی خۆیاندا بۆ ئازادی نایانه‌وێت ئەم وێنەیە تێکبشکێنن، بەڵکو دەیانەوێت بگەنە ئەو بەهایانەی کە پیاو وەک ڕابەری کۆمەڵگە بۆیانی دیاریکردووە، دەیانەوێت وەک پیاو بن و لەئاستی ئەودا بن، نەک مێینە بن وەک مێینە. دەستەواژەی (مێینەی ئەبەدی) لەبەرامبەر (جولەکەیەکی ئەبەدی) بەکارهاتووە، هەروەک ئەوەی ئەم کارکتەرە لاوازانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەوە بۆ مێینە و جولەکە دیاریکراوە، کاراکتەرێکی ئەبەدین و دەربڕینن لە جەوهەرێکی دەستەلێنەدراو. لەژێر ناوی جولەکەی ئەبەدی کە تائەبەد جولەکەن، فاشیەت و نازیەت ڕایان وەهابوو، بێهودەیە هەوڵدان بۆ گۆڕینی کاراکتەری ئەبەدی جولەکە، تەنها یەک چارەسەر هەیە، ئەویش کوشتنیانە بەگازی ژەهراوی و پاکردنەوەی دنیا لەوان. هەمان کاراکتەری مێینەی ئەبەدی پۆزشە لە بەرامبەر هەموو نایەکسانیەک بەرامبەر ئافرەت دەکرێت، ئەم مێینە ئەبەدیە لە زۆر کولتوردا بۆتە چوارچێوەیەک، کەهەموو مێینەیەک بۆ مانەوەی خۆی، هەوڵدەدات لەو چوارچێوەیەدا جێگەی خۆی بکاتەوە. جارێکی دیکە سیستمێکی چاودێری لەخۆیدا دادەنێت کە ئەو کاراکتەرە بپارێزت، لەبەر ئەوە سەیر نیە لەم قەسیدەیەدا  هیوا بەجیاوازی شاعیرە ڕۆمانسیەکانەوە، وێنەی مێینەیەکی ئەبەدی دەنەخشێنێت، کەبێبسانەوە لەدژی خەیاڵی شیعری دەجەنگێت. مێینەیەکە ڕقی لە هەموو خەیاڵێکە، کەبیەوێت ئەم چوارچێویە تەقلیدیە تێکبشکێنێت.
 فۆرمی شیعریی نوێ لەم قەسیدەیەی هیوادا، ئەو جیهانبینیە نوێیەی لەنێو خۆیدا هەڵگرتووە کە ئەو کارەکتەرە ئەبەدیەی قبوڵ نیە، لەبەر ئەوەی منی شیعریی تەوباویانە پەلاماری ئەو چوارچێوەیە دەدات.  مێینەیە لەم قەسیدەیەدا دژی تەوباویەت و فەوزەویەتی ڕۆشنبیران لەکاردایە، لەدژی خەیاڵ کاردەکات، نایەوێت خەیاڵ بێتە نێو ژیانەوە و بەدەست و بەدگان بەکاراکتەری مێینەی ئەبەدیەتی خۆیەوە پابەندە. سەری لەوە سوڕماوە لەو فۆرمە شیعریەی ناتوانێت مـێینە لەو کاراکتەرە چەسپاوەیدا قبوڵ بکات، لە هەمانکاتیشدا پێدەچێت دوای هەوڵێکی زۆری منی شیعریی بۆ تێکشکاندنی ئەو کاراکتەرە و ئازاد بوون لەو چوارچێوانە، بڕیاری ئەوەی دابێت لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیەوه‌ بەردەوامی بدات بەخەیاڵێک کە هەموو چەسپاوێکی قبوڵ نەبێت، بەڵکو بەردەوام لە گەشتدایه‌ بەنێو گۆڕانکاریو نیگەرانی و فەوزای دنیادا. لێرەوە خەیاڵێکمان هەیە بەبێ کۆت وبەندیەکانی ژن و ئەشق باڵەفڕەیەتی، شاعیرێکی ڕەبەنە، شیعرێکە بەبێ جەبریەتی ئەشق، بەبێ حەبیبە ومەحبوب لەنێو فۆرمی شیعریدا دیوێکی دیکەی ئەشقمان بۆ ئاشکرا دەکات.
 ئەم پەیوندیە لەگەڵ خەیاڵ و مێینەی ئەبەدیدا ئەو پۆرترێتە شارەوایەمان دەخاتە بەر خۆر کەجیاوازە لەهەموو خوێندنەوەیەکی باوی قەسیدەکانی دیکەی هیوا. پۆرترێتی شاعیرێک کە لەنێو سروشت وڕۆمانتیکیەتی جیهانی مێینەدا خۆی بۆ ماناکانی ئەشق تەرخانکردووە. لەم پێچە مەعریفیە شیعریەدا، ئەم پەیوەندیە نوێیە پێمان دەڵێت: پۆرترێتی منی شیعریی، فیگورێکە دەیەوێت دوور لەژن خەون ببینیت، چونکە ژن بەو کاراکتەرە مێینە ئەبەدیەوە دژی خەیاڵە، دژی داهێنانی شیعرییە، ئەگەر هاتوو تێکدەری نەبێت. لێرەوە ئێمە لەبەردەم خودێکی بیرکەرەوەی بابەتی  ئۆبێکتیڤین کە دەرکی بەوە کردووە مێینە و ئەشق لە زۆر کۆڵانی کۆنزەرڤاتیڤدا دژی خەیاڵ کاردەکات. ڕەبەنی و ئانارشیستی گەیشتنە بۆ بەردەم ئەو پەرستگا خومارەی کە ناوی لێدەنێن خەیاڵ، مەرجێکی مەعریفی فۆرمی شیعریە لە قەسیدەی نوێدا. خەیاڵی شیعری لەم پەیوەندیەدا بەڕەبەنی نەبێت توانای تەواوکردنی بازنەی بوونی خۆی نیە، توانای نوستنی نیە لە نێو قوتوەکانی فۆرمی شیعردا.                  
 
 خودنیگارکێشی وەک شاعیرێک لەبەرامبەر دنیا
  هیلاکە ئەم قەسیدەیە بەدەست خودپۆرترێتـکردنەوە، هیلاکە بەدەست خۆنیگارکێشانه‌وه‌، هیلاکە بەده‌ست نەرجسیەتی شاعیرەوە کە مەرجێکی گرنگی کردەی داهێنانە. هیلاکە ئەم شاعیرە بەدەست خود پۆرترێتەوە کە هەمووجارێک سێبەری شاعیرێک دەبینین لەنێو ڕەنگێکی دیکەدا. هیلاکە ئەم قەسیدەیە بەخۆنمایشکردنی لەسەر ڕووبەری ژیان، هەروەک ئەوەی ژیان بەتۆبزی بەئەوەوە نوسابێت!. کەچی ئەوی شاعیر سەرەڕای ئەو ئازارەی بەدەستی ژیانەوە چەشتویەتی، شەڕی دۆزینەوەی بەختەوەریە گچکۆکەکان دەکات. دەیەوێت ئەو فەلسەفە گرنگەی بەردەوامبوون و سەرسەختی و هەناسەدرێژی و بەرگریکردن لەجوانی و دۆزی ئەشقدا کۆبکاتەوە، بەردەوامە ئەم شاعیرە سەرسەختە بەوەی دەیەوێت بمانخاتە سەر کەنارەکانی ئەشق، عینادە ئەم شاعیرە بەوەی دەیەوێت خۆی بکوژێت بۆ ئەوەی خودا سواڵ له‌و نەکات.
 هێلانه‌ له‌ خۆم ده‌رده‌که‌م،
 مار قه‌ف قه‌ف ده‌ئاڵێنم له‌ خۆمه‌وه‌،
 تاپڕێک به‌دڵمدا ده‌ته‌قێنم،
 تا خودا سواڵ له‌ من نه‌کات.
 بۆ ئەوەی هەموو هاوسەنگی جیهان لەئەودا ڕاگیربێت، دەبێت پۆرترێتی شاعیر لە خودی خۆیەوە بۆجاری دووهەم نیگارکێش بکرێتەوە، بۆ ئەوەی جیهان هاڕمۆنیەتی خۆی بپارپزێت دەبێت لەنێو شیعردا (خود دادگایکردن) هاوسەنگی جیهان بپارێزێت، پێویستە شاعیر خۆی بکوژێت، بۆ ئەوەی خودا دەرۆزە نەکات. شاعیر لەم وێنەیەدا ڕزگارکاری خودایە لەخەیاڵ، خوداش لەم وێنەیەدا خودایەکە لەدژی خەیاڵی شیعریی کاردەکات، بوونی خودا بەمردنی شیعر دەستپێدەکات و سواڵکردنیشی بە بوونی شاعیرەوە بەندە. خودا مەرجێکە بۆ  پۆرترێتی شاعیر لەنێو جیهاندا. گەر خودا سواڵ بکات ئەوا هاوسەنگی دنیا تێکدەچێت، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەو هەڵبژاردنە شیعریەیه‌ که‌بەتێکدانی هێلانەکانی خەون،‌ بەدەرکردنی چۆلەکەکانی زمان و خۆشلکردن بۆ مارەکانی مێنینە بۆ ئەوەی ئازادانە بەدرەختی قەسیدەدا هەڵگەڕێن. ئەمانە هەمووی کاتێک ڕوودەدەن کە شاعیر خۆی وەک ڕزگاکاری جیهان و مەرجی هاوسەنگی تەقلیدی شتەکان نمایشبکات، وەک کەسێک کەخودا لەدەرۆزەکردن بپارێزێت. ئایا بەهەقەت ئێمە خوادەیەکی دەرۆزەکارمان هەیە؟. ئەمە ئەم پرسیارە فەلسەفیە، وجودییە، شیعرییەیه‌، کەئەم وێنە شیعریە بەرهەمی هێناوە. ئایا خودا دەرۆزەکاری نوێژەکانی ئێمەیە، دەیەوێت لە ڕێگەی وەفای ئێمەوه‌ خالق بوونی خۆی بسەلمێنێت؟ ئایا کاراکتەری خودا جێگیرە لە هەموو کایەکاندا، یاخود لە زەمەنی قەسیدەدا دەبێتە فیگورێکی دیکە؟. گەر خودا ئەبستراکت و موجەڕەد بێت، لە ڕێگەی شیعریەتی کتێبە پیرۆزەکانەوە بوونی ئەو بسەلمێنرێت، کەواتە خودا مەخلوقێکی شیعریە . کەواتە هەموو ڕووبەرێکی زمانەوانی شیعریی و گێڕانەوەی چیرۆکنوسانە خۆی لە خۆیدا خەڵقکردنی خوداوەندێکە و لەڕێگەی دەقەکەوە لێرەبوونی خۆی دەسەلمێنێت؟.
 لەم وێنە شیعریەیدا وێنەی خالیق و مەخلوق جێگەکەیان دەگۆڕن، ئەمجارەیان خودایە دەبێتە مەخلوقی شیعری، نەک شیعر و شاعیر مەخلوقێکی خودایی بن، ئەمجارەیان خودایە داوا لەئەدەب دەکات جێگای بکاتەوە، نەک ئەو هەڵگری بەهای ئەدەبی بێت. پۆرترێتی نهێنی ئەم دیوو دێڕە شیعرییه‌کان خودنیگارکێشیی خودایەکی شاعیرە لە بەرامبەر خوادیەکی سواڵکەردا، بەڵام خوادایەکی سواڵکەر کێیە؟!  ئەمە ئەم پرسیاریە کەبەکراوەیی لەم قەسیدەیەدا خۆی ڕاکێشاوە.    
 
 
 تێکشکاندنی پۆرترێت و میتابۆلیزمی شیعری
 بەدیوێکی دیکەدا ئەم پۆرترێتە هەر ئاوها بەخودئەشقی و خوادبوون نامێنێتەوە، نایەوێت ئاوەها بەئاسانی یەک وێنەی یەکگرتوومان لەسەر خۆی پێبەخشێت، کەئەمەش خاڵی وەرچەرخانی گرنگی ئەم قەسیدەیە، کە لەئەزمونە شیعریەکانی دیکەی هیوا قادردا خۆی جیادەکاتەوە. لێرەدا بەجیا لە هەموو قەسیدەکانی لەوەوبەریی بەرامبەر پۆرترێتی شاعیرێک نابینیەوە کەدەیەوێت لەدواجاردا دنیا بەمۆراڵ و بەهاکانی خۆی بنەخشێنێت، دنیا بەفەلسەفە ڕۆمانیکیە (فۆرم کلاسیکیەکانی) خۆی ڕەنگاڵە بکات، دنیا بکاتە پارچەیەک لە ئەشقی پلاتۆنی، تێدا ئەشق لەکلاسیکیەتی خۆیەوە بۆ نێو سروشت خۆی پەرشبکاتەوە و لە پشتیەوە وێنەی ئاشقێکمان بۆ دروستببێت کە هەموو مەوجودات لەبندەستی ئەودا دەجوڵێنەوە. ئەمجارەیان بەجیاوازی ئەم جۆرە پشتە وێنە شیعریانە، هێزێکی سەیری هەیە کە دەتوانم بە(میتابۆلیزمی شیعریی) ناوی ببەم. میتابۆلیزم  Metabolism پڕۆسەی دروستبوونەوە و لەناوچوون و وەرگرتن و فڕێدانە، پێکەوە وەک مەرجی ڕاگیربوونی هاوسەنگی بایۆلۆجی بوونەوەرانی سەرئەم زەمینە که‌ لەهەموو چرکەساتێکدا ڕوودەدات، چەندە خانەی لەشمان لەناو دەچن ئەوەندەش جێگەیان دەگرنەوە، چەندە وەردەگرین ئەوەندەش لەناو دەچێت. لە قەسیدەی داهێنەرانەی میتابۆلیزمیدا هەموو وێنەکانی کەدروست دەبن، لە پێچێکدا تێکدەشکێن، لە هەمان چرکەساتی تێکشکانیشیاندا جارێکی دیکە وزەیەکی نوێی شیعریی پێکدەهێنێنن کە چێژی شیعری فەراهەمدەکات. پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی دروستبوونی بیرۆکەی شیعریە و لەهەمانکاتیشدا تێکشکاندنی هەموو قەناعەتێکی جێگیرە بەو بیرۆکەیە بۆ ئەوەی لەدواجاردا خۆمان لە نێو بۆشاییەکی ئێجگار بەتاڵدا بدۆزینەوە. بۆشاییەک چاوەڕوانی پڕبوونەوەی لێناکەین، بەقەد ئەوندەی لە بەتاڵاییەوە هەست بەپڕبوونی خۆمان دەکەین لە بیرۆکەی شیعریدا، کەهێشتا شاعیر لە نەگوتراودا، لە نەنوسراودا بەجێیهشتوون، هێشتا نەینوسیووە کەچی خوێنەر هەست بەموزیکێ دەکات لەنێو ئەودا خۆی دووبارە دەکاتەوە، هێشتا نەیگوتووە کەچی سرپەکانی لێرە و لەوێن. لەنێو ئەم پرۆسەی دروستبوون وتێکشکانەدا وزەیەکی شیعریی پێکدێت، کە قەسیدەی داهێنەرانە لە قەسیدەی مەسلەکی جودا دەکاتەوە. 
 ئەم قەسیدەیەی هیواقادر نەک هەر داهێنەرانەیە بەهەموو پێوەرێک، بەڵکو جۆرێکە لەوەرچەرخانی شیعر بەسەر قوڵبوونەوه‌ی لەنێو ووردەکاریدا. دیارە هەمووان دەزانین کەشەیتان لەنێو ووردەکاریەکاندایە، بەهەقەت هیوا بەدووی ئەو شەیتانە بچووکانەدا دەگەڕێت نەک بۆ ئەوەی وەک لەئەزمونەکانی دیکەی وێنەی ئاشقێک، شاعیرێک، سۆفیەکی سروشت و نەتورالیستێک یاخود مۆرالیستێکی ڕۆمانسیمان بۆ نمایشبکات، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەموو ئەو فیگورانە تێک بشکێنێت کە لەوەو پێش لە پەرستگای شیعریی ئەودا هەبوون. بەمشێوەیە چەندە دروستبوون لەم قەسیدەیەدا ئامادەیە، ئەوەندەش تێکشکاندنی وێنەکان بەپێچەوانەی وێنەکانی دیکەی ئەزمونی شیعریی هیواوە خۆی ئامادە دەکات بۆ تێکدانی هەموو بەهەشتێک کە لەوەوپێش خەونی پێوە بینیوە. میتابۆلیزمی شیعریی ئەو ڕەگەزە سەرکەوتووه‌یە بۆتێگەیشتن لە هەموو وێنەکان، لە هەموو تێکشکاندنەکان، لە سه‌رله‌به‌ری بەها ئیستاتیکایەکانیدا، کەئەم ئەزمونە لەسەر ڕووبەری چێژی خوێندنەوەدا پێماندەبەخشێت. چەندە خودا لەقەسیدەکانی لەوەوبەری شاعیردا بەدەستلێنەدراوی ماوەتەوە، ئەوەتا لەم قەسیدەیەدا خودا دەبێتە قوربانی دەستی هەموو گوناهەکانی ئەشق و هەڕەشەی دەرکردنی لێدەکرێت لە بەهەشتەکانی شاعیر. ئەوەتا خودی شیعری چەندەها ئەزمونی خۆی بۆ خودایەکی شیعریی پاک و بێگەرد و ئاشق تەرخانکردووە، ئێستا لەم قەسیدەیەدا ئەو خودا پاک وبێگەردە لەلایەن خودی شیعریەوە هەڕەشەی دەرکردن وکوشتن، هه‌روه‌ها لەنەرمترین باردا هەڕەشەی دەرۆزەکردنی لێدەکرێت. هەروەک ئەوەی تاوانی شکستی ئەشقی ئەم دنیایە لە ئەستۆی ئەودابێت. خودای ئاشقان به‌ئه‌بستراکتی له‌نێو خه‌یاڵبه‌ندییه‌کانی ئه‌ودا بێــپرسی ئه‌و بوونی هه‌یه،‌ که‌ هه‌ریه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کی جیاوازی نیگارکێشی بۆ ده‌کات. لەم قەسیدەیەدا لەبەردەم تێکشکاندنی ئەم پۆرترێتی خودایەداین، بۆهیچ نا، تەنها بۆئەوەی پۆرترێتی شاعیر لەتەنگەفەسی قوتاریی بێت. کوشتنی خودا لەم قەسیدەیەدا لەسەر لیستی مانەوەی شاعیر دەژمێردرێت.
 
 خودا بمکوژێت، ئه‌و، ئه‌و بکوژێت.
 خودا بیکوژێت، من، من بکوژێت.
 خودا هه‌ردووکمان بکوژێت،
 هه‌ردووکمان خودا بکوژین،
 هه‌موومان هه‌موومان بکوژین،
 ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موومان خوداو هه‌موومان هه‌موومان ده‌کوژین  …
 خودا جارێکی دیکە دەبێتە قوربانی هاوسەنگ ڕاگیرکردنی فۆرمی شیعریی، چونکە شاعیر لەم پۆرترێتەدا دەیەوێت بڵێت: کە خودا خۆی فۆرمێکی شیعریە و وشەکانیشی بەبێ بوونی فۆرمی شیعریی مانایان نابێت، بەو مەرجەی کتێبە پیرۆزەکان خاوەنی زمانێکی شیعریی باڵان کەئەمانیش لەڕێگەی زمانی باڵای شیعریی لێرەبوونی خودا لەجیهاندا دەسەلمێنن.  لەدواجاردا دەگەینە ئەو دەر ئەنجامەی کە خودا تەنها لەفۆرمی شیعریدا بوونی هەیە.بەمانای  خودا له‌ناو ماڵی زماندایه‌، بێ بوونی فۆرمی باڵای شیعریی بوونی خودا کارێکی مەحاڵە. ئەمە ئەم هاوکێشە سەنگین و سەختەیە کە لەپشت ئەم پۆرترتێتەی شاعیرەوە فۆرمولەی دەکەین، ئەم قەسیدەیە تێگەیشتنێکی دیکەیە بۆ خوداوەند نەک وەک خالقێک بەڵکو وەک مەخلوقێکی شیعریی..
 
 هاوسەنگیەک لەگومانەوە
 ئەم قەسیدەیە گومانێکی گەورەیە لەبەرامبەر دنیای هەبوو، گومانێکە لە خەلیقەت و خالیق و ئەشق و سروشت. هەستکردنێکە بەوەی شاعیر گوناهبارە بەرامبەر هەموو شتێک، لەوانەیە گەر شاعیر سەرقاڵی قەسیدە نەبوایە ئەم هەموو جەنگە ڕووینەدایە!. لەوانەیە گەر شاعیر لەنێو قوتوی خەیاڵدا خەوی لێنەکەوتایە ئەم هەموو ناشرینیە ئاوەها بەئاسانی نەڕەوتنایە. لەوانەیە گەر شاعیر بۆ ئەم هەموو ژووانە نەچوایە ئەم دنیایه‌ پڕنەبوایه‌ لەخەڵکی خەوبینه‌ر، ئه‌وسا بەفووی جەنگاوەرێکی دێرینە، سیاسیەکی فێڵزان، مەلایەکی توڕە، قەشەیەکی سەدەی ناوەڕاست، یاخود تەکنۆکراتێکی پۆست مۆدێرن، نه‌بونایه‌ته‌ پەڕی پەڕش بوبڵاوی نێو بۆشاییەکانی پەراوێزگیریی. هاوسەنگیەکە له‌وه‌وه‌ دروستده‌بیت کەپێویستە هەموو ئەم خودایانه‌ ڕزگار بکەین لەتەوقی خەوبینەری شیعریی، پێویستە ئەم پۆرترێتە بشکێنرێت بۆ ئەوەی هەموو شتێک بچێتەوە شوێنی مەسلەکی خۆی، بۆ ئەوەی هەموو زیخێک لە پێی ئاشقەکان دەربهێنرێن، بۆئەوەی وێنەی شاعیر بۆ تەنها یەک شەو بەئاسودەیی بخەوێت، وەک خۆی بمێنێتەوە..
 من زیخێک له‌ پێم ده‌ردێنم که‌ هه‌زاران هه‌زار ساڵ له‌وه‌وبه‌ر کچێکی پێ خه‌به‌رکراوه‌ته‌وه‌ بۆ واده‌ی ژووان،   
  هاوسەنگی دنیا لە هەستکردن بەگوناهـە، لەتێکشکاندنی وێنەوە، لەمیتابۆلیزمی شیعری و گومانکردنکرنێکی وجودییەوە خۆی لەناو زمانێکی شیعریی بێهاواتدا فۆڕمولە کردووە، هەموو ئەمانە ئەو پۆرترێتەمان بۆ نمایشدەکه‌ن، کەچەندە دەیەوێت جیهان لەنێو خەیاڵدا بینابکاتەوە، ئەوەندەش دەیەوێت تێک وپێکی بشکێنێت. ئەوەی بۆ من لەم قەسیدەیەدا جێگەی سەرنجە ئەو پۆرترێتە شیعرییەی خودی شاعیرە،‌ وەک سوبێکتێکی شیعریی، کەلەجاراندا جیهانی وەسف دەکرد و چێژی لە سروشت، ئەشق، ئاسمان، لەمێروو و وەرزەکان وەردەگرت. که‌چی ئەو پۆرترێتە لەم قەسیدەیەدا تێکدەشکێت، دەبێت بەپۆرترێتێک کە دەیەوێت هاوسەنگی دنیا لە خۆیدا کۆبکاتەوە. بۆ ئەوەی خودا سواڵنەکات، دەبێت هەموو چۆلەکه‌کانی خەون تەرەبکرێت، لە دواجاردا بۆ ئەوەی دنیا هاوسەنگی خۆی بپارێزێت، پێویستە خودا لەفۆرمە شیعریەکەی بێبەری بکرێت، پێویستە بۆهیمیەت لەنێو ژیاندا، لەنێو ووردەکایەکاندا مومارەسەبکرێت. ئەم فیگورە چیتر ئاشق نیە بە حەبیبە ئەوەندەی دیۆنیزانە خومارە بەبۆهمیەت لەنێو ووردەکاریە شەیتانیەکانی ژیاندا. ئەم قەسیدەیە فۆرمێکە بۆ دۆزینەوەی ژیان لەنێو ڕەگەزی بۆهیمیەتی خۆیدا…
 
 ئیسماعیل حەمەئەمین
 نورنبێرگ 29. Mai 2008      
 
 
 
   
 سەرچاوەکان
 1. أدونیس : موسیقى الحوت الأزرق, دار اڵاداب بیروت 2002.
 2. پۆل ڤالیری ،ئیستاتیکای دیارنەمان، دەزگای و چاپی مێرڤێ بەرلین.
  1985 Paul Virilio, Ästhetik des Verschwindens, Merve Verlag, Berlin 1986, seite 20.
 3. سیمۆن دۆبۆڤوار، ڕەگەزەکەی دیکە، ئەخلاق و سێکسواڵیەتی ژنان، چاپی ڕۆڤۆلتی ئەڵمانی
 Simone de Beauvoir,  Das andere Geschlecht,Sitte und Sexsus der Frau, Rowohlt Verlag 1951
 
 
     
 

Previous
Next

Leave a Reply