Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قەدەری كەركوك

قەدەری كەركوك

Closed
by August 11, 2008 گشتی

 قەدەری كەركوك
 گۆران فەتحی

 كەركوكو ناوچەى گەرمیان ئەو ناوچانەى بەردەوام لەلایەن رژێمەكانى عێراق تەعریبی تێدا پەێڕەو كراوە، خەڵكەكەشى تووشی چەندین نەهامەتىو نەگبەتىو ماڵوێرانی هاتوون، چەندین رۆڵەیان شەهیدو كوژراونو ماڵیان سوتێنراوەو دەربەدەرى شارانو تەرتەو وەرتەى وڵاتان بوون.
 كەركوك لانی كەم هەشتا بو نەوت ساڵە جێگەى ململانێی توندی نێوان كوردو عەرەبە، هەموو شۆڕشەكانى كوردی عێراق كەركوك تێیدا جێگای تایبەتو قودسیەتى خۆى هەبووەو هەر لەبەر كەركوكیش كورد نەگەیشتۆتە ئەنجام لەكاتى دانوستان لەگەڵ رژێمە یەك لەدوا یەكەكانى عێراق، لەو باوەڕەدا نیم قەت كورد بتوانێ لەگەڵ عەرەبو ئینجا توركمان بگاتە ئەنجام لەسەر كەركوك، چونكە نەك عەرەبو توركمان بەڵكو دەستێوەردانى وڵاتانى دەوروبەریش ناهێڵێت ئاوا بەئاسانى كورد بەكەركوك خۆش بێتو كەركوكیەكانیش بەكوردستانی دایك خۆش بن، لەبەر ئەوەى شۆفێنیەتى عەرەبو شۆفێنیەتى تورانیەكانیش لەسەردەمی كۆنو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دژنو رازی نابن یەك بستى كەركوكو گەرمەسێر بگەڕێتەوە سەر ئەو قەوارەى دواى نەودو یەك هاتۆتە ئارا كە ئەویش هەرێمى كوردستانی عێراقە.
 هەروەكو چۆن قەدەرى كورد تا ئێستا نەیهێناوە دەوڵەتێكى سەربەخۆ  پێكبهێنێ، قەدەرى كەركوكو كەركوكیەكانیشە شارەكەیان بەردەوام بەو شێوە هەڵواسراوییە بمێنێتەوە، دواى ئەوەى چەندەها شەهیدیان لەپێناویدا داوەو بەردەوام ئامادەبوونە ژیانو روحو ماڵى خۆیانى بۆ بكەنە قوربانی، خۆپیشاندانەكەى ماوەی پێشووى شارى كەركوك دژ بەبڕیاری 24ی  پەرلەمانى عێراقی تایبەت بەیاساى هەڵبژاردنی ئەنجومەنى پارێزگاكانو خوێنرشتنیان بەهۆى تەقینەوەو تیرۆرو تەقەكردنى جەبهەى توركمانى  باشترین بەڵگەیە بۆ رەوایى داواى كورد لەكەركوك، وڵامێكیشە بۆ شۆفێنیەكان لەبەغدا كە ئەم شارە ئەگەر نەشگەڕێتەوە سەر هەرێمى كوردستان ئەوا بێگومان تیكەیەكی ئاسانیش نابێت بۆ عەرەب كەلووشی بدات،  راستە قەدەرى كەركوكیەكان بەردەوام نەهامەتىو ناخۆشی بووە، بەڵام قەت كۆڵیان نەداوەو نەیانهێشتووە لە كوردستانی دایك جیا بكرێینەوە، كەركوكیەكان جارێكى تر ملكەچى ئەو قەدەرەش نابنو بەسەریدا رادەپەڕن.
 كێشەكە لەوەدایە سەركردەكانمان ئەوەندە سازشیان كردووە لەسەر مافی كورد، تا چاوی عەرەبو توركمانی توندرەیشیان كردەوە، ئەوەندە یارمەتى سوننەو شیعەى عەرەبیان داو بەهاوپەیمانى خۆیانیان زانی، تا بارى ئەمنی ئەوان باش بوو، كەوتنە كۆكردنەوەى خۆیان، دەنگدانى پەر لەمانى عێراقیش لەسەر یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاكان بەبێ كورد گەورەترین گۆڵ بوو لەپەر لەمانتارانی كورد كرا، ئەوە نەبێت ئەوە تەنها گۆڵ بێت بەڵكو ئەمە چەندین جارە گۆڵیان لێ دەكرێت، ئەگەر ئەوان هەر لەسەرەتاوە توندبوونایە لەسەر راوبووچوونەكانیانو دژ بەعەرەبەكان بوەستانایە ئەوا تەنها ئەو بەناو هاوپەیمانانەش زاتی ئەوەیان نەدەكرد ئیمزایان لەسەر ئەو یاسایە بكردایە، كە توڕەییەكى گەورەى لەشەقامى كەركوكی بەتایبەتو شەقامی كوردی بەگشتى لێكەوتەوەو هەرئەوەش بووە هۆى بەرپابوونى ئەو خۆپیشاندانە گەورەیەى كەركوك كە بەفیتی قاعیدەو عەرەبە شۆفێنیەكانى توركمانى جەبهە تەقینەوەیەكى خۆكوژى تێدا روویداو 26 هاوڵاتى كوردی شارەكەش بوونە قوربانی، ئوباڵى ئەو شەهیدانە سەرەتا دەكەوێتە ئەستۆى سەركردایەتى كورد كە نەیتوانیوە سیاسەت بكات لەبەغداو ئینجا دەكەوێتە ئەستۆى عەرەبی شۆفێنىو جەبهەى توركمانى، بۆیە لەسەر سەركردایەتى كوردە بەهەموو شێوەیەك دژى هەر بڕیارێكى لەو جۆرە بوەستێتەوەو دەبێت كاردانەوەى لەوە گەورەترو  لێكۆڵینەوەی جدیش  بكرێت بۆ تەقەكردنى پاسەوانانى جەبهەى توركمانى لەخۆپیشاندەران كە بێگومان بەپلان بووەو پێش بەرپابوونى خۆپیشاندانەكەى كەركوكیش ئامادەكارى بۆ كراوە، هەروەها لەسەر سەركردایەتى سیاسی كوردە كەركوكیەكان لەو قەدەرە ناخۆشە رزگار بكات بۆ ئەوەى كەركوكیەكان وەكو شارەكانى ترى كوردستان لەژێر سایەى ئەمنو ئاسایشدا بژینو ترسی تەقینەوەو تیرۆریان نەبێت.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.