Skip to Content

Friday, September 18th, 2020

قەرزاری ڕەوشتی و کۆمەلگەی گەندەل:… ئازاد حەمە…به‌شی نۆیه‌م

Be First!
by February 11, 2008 گشتی

گۆڕینی دید و ڕەفتاری ڕەووشتی لە کۆمەلگە…
… (لە زنجیرەی باسی کۆمەلگەی کۆلاپس و گەندەل)..
ئەوی لە دووتۆی ئەم چەند لاپەڕەیە بایەخیدەدەینێ لە فەلسەفەی ڕەووشت(موڕال)ی لۆک، هۆبز، ڕۆسۆ، کانت تادەکاتە ڕاولز و نوزیک و سینگر زێدە جێیبایەخبوونە بەلام ئاوڕدانەوەکەی ئێمە لە شتە ڕەووشتیەکان ، واتە ئەوی ڕەووشتیە و ئێمە مولتەزمین ، قەرزارین ، بەرامبەر بە ئەنجامدانی ، سنووردار و بەرتەسک دەردەکەون. بەمشێوەیە لەم نووسینە کورت و چڕە ئێمە قسە لەو لایەنانە دەکەین لە کۆمەلگەی گەندەل بابەتی تێڕامان و سەرنج خستنەسەر نین و خۆمان لە مشتومڕی تیۆری تایبەت بە ئیلتیزامی (یان قەرزاری) ڕەووشتی و ناوەڕۆکی کردە و هەلسوکەوت (ڕەفتار)ی ڕەووشتی بەدووردەگرین. هۆی ئەوەش  ئێمە گرینگی بە بابەتی ئیلتیزامی (دوتی، پلیکت) ڕەووشتی لە کۆمەلگەی گەندەل دەدەین بۆئەوە دەگەڕێتەوە لەم جۆرە کۆمەلگەیە ،کە ڕۆژ بەڕۆژ قەرزاریە ڕەووشتیەکانی کەسی کۆمەلگەی گەندەل لەزیادبووندایە، ئەم قەرزارییە ڕەووشتییانە لەم کۆمەلگەیە بۆ زۆرینە و بۆ ئەو دەستەبژێرەی بەلایەوە گۆڕاننانەوە لە کۆمەلگە گرینگە  بابەتی لێکدانەوە نییە و یان دۆزی ژیانی کەسەکان بەجۆرێ فۆڕمی وەرگرتووە قەرزاری ڕەووشتی بەرامبەر بە یەک و بە ویتر و سرووشت و دەوروبەر و دیاردەی وەک هەژاری، پەلاماردانی ئافرەت و زەبربەکاربردن لەتەک منال و شێواندی کەش و ژینگە و ستاتۆسی ئازادی ئەوەندە جێیباس و ئاوڕدانەوە نییە. بەلام  لەهەمانکاتیشا پێویستە ئاماژە بەوەشکرێ کە لەدووتۆی ئەم چەند لاپەڕەیە ئێمە کار لەسەر دۆکترینی پەسەندکراوی گشتی ناکەین و هەروەها ناشپەرژینەسەرئەوەی گشت ئەو دید و ئارگومێنتانە بخەینەڕوو تایبەت بە قەرزاری یان ئیلتیزامی ڕەووشتی دەووترێن چونکە بەشێ زۆر لەو پرسیارانەی تایبەت بە مەسەلە ڕەووشتیەکان دەوورژێنرێن پێوەندییان بە پرسیارە فەلسەفیە ئەبەدیەکانەوە هەیە کە مێتۆدێ ڕوون و پەسەندکراو ناکارێ وەلامئامێزیانکا و پرنسیپە ڕەووشتییە کۆنکرێتەکان دەستنیشانکا هەر بۆیە سەرەتا ئەوە بەکورتی ڕووندەکەینەوە چۆن دەشێ قەرزاری یاخود ئیلتیزامی ڕەووشتی بناسینەوە و هەروەها ئیلتیزامی ڕەووشتی لەچی پێکدێ و چۆن دەکرێ شتی ڕەووشتی لە شتی نا- ڕەووشتی جیاکەینەوە هەروەها چۆنیش ڕەووشتیانە دەکرێ ڕەفنارکەین (هەلسەوکەوتکەین). ئەمەو دەمانەوێ ئەوەش بلێین لەبەرئەوەی ئەم نووسینە کورتە بە ئیلتیزامی ڕەووشتی لە کۆمەلگەی گەندەل تایبەتە پاش ئەو سەرەتا پووختە دێینەسەر ئەو لایەنانەی کار بۆ بلاوکردنەوەی نابینای ڕەووشتی و بۆ بێ بەهاکردنی ئیلتیزامی ڕەووشتی لە کۆمەلگەی گەندەل دا دەکەن.   .  .
ئێمە بۆئەوەی دەقی ئەو تێگەیشتنەی لەسەر ئیلتیزامی ڕووشتی باوەڕمانپێیەتی بخەینەڕوو دەچینەسەر تەماشاکردنێکی فەلسەفی ڕەووشتی فەیلەسوفی فەڕەنسی پۆل ڕیکۆر کە پێیوایە ئێمە قەرزاری مردووەکانیین و مولتەزمین بەرامبەر بەوەی چەشتوویانە بەلام لەهەمانکاتا باوەڕێ زۆریشمان بەو دیتنە ڕەووشتیەش هەیە فەیلەسوفی دانیمارکی پێتەر کێمپ پشتگیریلێدەکا و دیتنەکەی ریکۆر  بەرەو ئاڕاستەێ بالاتر دەبا کاتێ بۆئەوەدەچێ ""ئێمە هەر قەرزاری مردووەکان نیین بەلکو قەرزاری ئەوانەشین لەگەلیانا دەژین"" بۆیە وانەکانی مێژوو پێویستە فێری ئەوەمانکەن چۆن قەرزبدەینەوە (پێتەر کێمپ: ریسپوبلیکا ژمارە 11، لا 25) بەدلنیایەوە ئەو قەرزەی لێرە باسدەکرێ قەرزێ (یان ئیلتزامێ) ڕەووشتیە و ستروکتوورێ ئیتیکی هەیە. بەلام بابزانین قەرزاری ڕەووشتی یان ئیلتزامی ڕەووشتی چییە؟ قەرزاری یان ئیلتزامی ڕەووشتی ئارەزوومەندیێ مرۆییە بەرامبەربەویتر، هەستکردنە بەدانەوەی قەرزێ، ئەرکێ، ئەنجامدانی بەرپرسیاریێ ڕەووشتی. ئەلبەتە بەدانەوەی ئەو قەرزەش مرۆڤ دەکارێ بەشداریێ گەورە لە ئەنجامدانی کردارە ڕەووشتیەکان دا بکا کە ئەم کردارە لە کەسێکەوە بۆ ئەویتر و لە دۆزێ کۆمەلایەتی و شارستانیەوە بۆئەویتر جیایە. بۆنموونە ئەو کاتەی جووەکان قەتلوعامدەکران یان ئەو دەمەی کورد بە زیندووی زیندەبەچال و کیمیاباران دەکرا دەبایە نەتەوە و هاوئاین و هاوڕەگەزەکانی جوو و کورد لەڕووی ڕەووشتیەوە بجولانایەتەوە و بەرپرسیاری ڕەووشتی خۆیانیان دەستەبەجێ دەستنیشان کردبایە بەلام ئەمەنەکرا و بگرە هەنگاوی ڕەووشتی چەوتیش لەوبارەیەوە نرا. بۆنمونە گەلێ لەو جوانەی هەلدەهاتن بەرەو هەندێ ولات و شوێن دواتر لەوێ تەسلیم بەهێزە نازیەکان دەکران و یان ئەو هەلوێستە نا- ڕەووشتیەی گەلێ لە ولاتانی کەنداو و عەرەبی بەرامبەر بە کورد نواندیان ئەوەش بە کڕینی ئافرەتی کورد.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ئەوەش دەلێین، ئاشکرایە ئیلتیزام و باوەڕە(دۆکترینە) ڕەووشتیەکان لە گشت سەردەم و کۆمەلگە و کولتوورەکان وەک یەک نین و تێگەیشتن و دیتنی جیا لەبارەیانەوە لەئارادایە بەلام لەهەمانکاتیشا هەندێ پرنسیپی ڕەووشتی هەن کە لە گشت قۆناغ و شارستانیێکا پەسەندکراو و پۆزەتیڤن ( بۆنموونە وەک یارمەتیدانی هەژار و پیر و پەکەوتە و زارۆک و پیسنەکردنی سرووشت و ئاووهەوا و ئەتکنەکردنی ئافرەت).ناشێ فەرامۆشکرێن و گرینگی و ساغکردنەوەیان پێویستی بە بەلگە و فاکتەێ زۆر نییە. واتە هەرچەند قەرزاری ڕەووشتی لەئەمڕۆدا لە  کۆمەلگەکان و یان لە ئەزموونێ کولتووریەوە بۆ ئەویتر جیا و ناهاوشێوە بن و ئەمەش گۆڕان بخاتە شێوەی بەجێگەیاندنی کردە ڕەووشتیەکان و یان چۆنیەتی دانەوەی قەرز و پڕاکتیزەکردنی ڕەفتاری ڕەووشتی بەلام هەمیشە هەندێ ئیلتیزاماتی ڕەووشتی هەن ناشێ تێپەڕێنرێن و پشتگوێخرێن (بۆنموونە یارمەتیدانی نابینا، ناساغ، بێگانە و کەسی کەنەفت یان بەتەنگهاتنی کەسی برسی، نەخۆش و نوقسان ).
بەلام ئەو ئارەزوومەندی و ئەو هەستەی لایسەرەوە باسکرا لە کۆمەلگەی گەندەل بێشوێن و لانەوازە. چونکە کەسەکانی کۆمەلگەی گەندەل لەلاێ گرفتاری ژیانی کۆمەلایەتی دووانەی بوونە و لەلاێتریش هەمیشە لەژێرهەڕەشەی سیاسی و گرفتی ئابووری و کۆمەلایەتی سەیرسەیردان. بۆیە کەسی یان خودی کۆمەلگەی گەندەل بۆنموونە ئەو ئومێدە گەورەیەی پێناکرێ بەشداری لە دروستکردنی فۆندێ جیهانی بکا بۆ کۆکردنەوەی پارە بۆ ئەوانەی دووچاری نەخۆشی ئایدز یان سەرەتان بوونە یان هەولبدا منال لەو بەشەی جیهان هەلگرێتەوە(تەبەنیکا) کە هەژاری و برسێتی شەکەتی کردووە. هەرلێرە ئەوەش دەلێین کە ڕاستە کۆمەلگە (ولاتە) دەولەمەند و  هەبووەکان پتر ئەرکی قەرزاری ڕەوشتییان دەکەوێتە سەر وەک لە کۆمەلگە (دەولەتە) هەژار و نەبووەکان بەلام قەرزاری ڕەوشتی زۆرجار پێوەندی بە توانای ئابوورییەوە نییە و بەلکو شتێ زۆر تاکییە (ئیندڤیدوالە) و پێوەندیێ ڕاستەوخۆی بە ڕەفتار و هەلسوکەوت و ئاستی پەروەردەیی تاکەوە هەیە. ئەوی لەمڕوەشەوە بە کەس و کۆمەلگەی گەندەلەوە گرێدراوە ئەوەیە کە ئاستی ڕۆشنبیری ئەم جۆرە کەس و کۆمەلگەیە بۆ گرفت و کێشە ڕەووشتیەکان جیایە و هەروەها تاکی ئەم جۆرە کۆمەلگەیە ناتوانێ بەوردی ڕەفتاری ڕەووشتی لە ڕەفتاری نا- ڕەووشتی جیاکاتەوە ، یان زۆر دلنیانییە چ شتێ بە ڕەفتاری ڕەووشتی دەزانرێ و چیش بە ڕەفتاری ڕەووشتی نازانرێ. هۆی سەرەکی ئەوەش کە تاکی کۆمەلگەی گەندەل ناتوانێ ئەوەبکا ئەوەیە کە لەم جۆرە کۆمەلگەیە زۆرجار نەرێت یان ئاین دەکرێ بە بناغە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوی ڕەووشتیە و ئەوی ڕەووشتی نییە.
ئەوەش کە لایسەرەوە ووترا بەرەو ئەو تێڕامانەشمان دەبا کە بلێین قەرزاری ڕەوشتی چەند لا و بوارێ (ژینگە ، هەلوێستەکردن لەئاست لەباربردنی منال، یارمەتی کەسی پەکەوتە) دەگرێتەوە کە دەشێ هەریەک بەجۆرێ دووری وەرگیرێ: بۆنموونە ئیلتزامی ڕەووشتی لە هەندێ حالەتدا دەکرێ بەمشێوەیەش ڕاڤەکرێ:، بۆنموونە لە ڕووی ڕەووشتیەوە مولتەزمین ئەو خاوەن دوکانەی شتی لێدەکڕین ئاگادارکەینەوە وا کەسێ شتێکی خستۆتە گیرفانی و خەریکە بیبا. بەلام زۆرجار هەندێ بۆئەوەدەچن کە ئیلتیزامی ڕەووشتی شتێ ڕەها و پێویستە، واتە شتێکە دەبێ ببێ و بکرێ. بۆنموونە ئەو خواردنەی ماوەێزۆری نەماوە بەسەرچێ پێویستە لەلایەن فڕۆشیارەکەیەوە کڕیاری لێئاگادارکرێتەوە. لێرە ئەوەش دەلێین کە گەلێ لە فەیلەسوفانی ڕەووشت بۆئەوە دەچن کە گەلێجار یان کاتێ دەووترێ پێویستە (دەبێ) یان دەکرا ئەو شتە وابێ مانای ئەوە نییە کە ئەو شتە پێویستە یان دەکرا بکرێ شتێ ڕەووشتیە. واتە ڕەووشتیبوونی شتەکە پێوەندی بە پێویستبوونەوە نییە. زێدەڕۆیشناکەین هەر لەمڕوەوە بلێین ئیلتزامی( قەرزاری) ڕەووشتی زۆرجار وەک خۆی و سەد دەر سەد ئەنجامنادرێ. بۆنموونە ئەو کاتەی کەسێ غەدرێ بە چاویخۆی دەبینێ بەلام هیچ هەلوێستێ ڕەوشتی نانوێنێ. بەلام هەندێ شتیش هەیە بەجۆرێ ترە. بۆنموونە دەبێ جیاوازی لەنێوان قەرزاری ڕەووشتی (یان ئیلتزامی ڕەوشتی) و ئازادی تاکەکەس دا بکرێ.باشترین نموونەش لەملایەنەوە ئەمەیە: ئەگەر کارمەندێ لە شوێنی کارەکەی دەزگای کۆپیکردنی کارەکەی بۆ کۆپیکردنی کتێبێک یان چەند دۆکومێنتێ بەکاربەرێ و لەم حالەتەدا گەر کارمەندێتری ئەو کارە چاوی لەو شتەبوو ئایا قەرزاریێ ڕەووشتی لەسەر شانی ئەو کارمەندە نییە خاوەن کارەکە لەوی دیوویەتی ئاگادارکاتەوە یان بەپێچەوانەوە ئەو کارمەندە ئازادە لەوەی ئەوە یکا یان نەیکا؟ گەلێ بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە چەند بەلگە و فاکتەێ جیا دەهێننەوە کە ئەم بەلگە و فاکتانە دەکرێن بە بناغە بۆ جیاوازیکردن لەنێوان قەرزاری ڕەووشتی و ئازادی تاک  بەلام هەندێتر بە هەندێ فاکتە و بەلگە ترەوە دێنەپێشێ و دەیانەوەێ جەغتلەکەن کە ئازادی تاک نابێ سنووری ڕەووشتی تێپەڕێنێ.هەر تایبەت بەم پرسیارە ئەوەش دەلێین کە ، گومانی تێدانییە باسی قەرزاری ڕەووشتی باسی ماف و ڕەوایەتیش دێنێتە پێشەوە. چونکە هەندێ کەس کە لە ڕووی ڕەووشتیەوە قەرزارن فلانە شتبکەن هەندێ تر ڕەوایەتی ئەوە بەخۆیان دەبەخشن ئەوە نەکەن. بەلام لێرە نابێ ئەوەمان لەبیرچێ کە ماف دەبێ ئاکام، ئاکامی باش، بەرهەمبهێنێ، واتە بەکاربردنی ماف دەبێ بەجۆرێ بێ ئاکامی لێبکەوێتەوە و ئەلبەتە ئەم ئاکامە دەب باشیش بێ. بۆئەوەی ئەمەشکرێ پێویستە هەمیشە مافی ئەویتر لەبەرچاوبگیرێ. ئەگەرنا ئەوا ماف تێکدەچێ و بەمەش ئەوەی پێیدەلێن ئیتیکی ماف دەشێوێ.بەلام بەپێی پرنسیپە ڕەووشتیەکان ئەوە ماف زەوتکردن و تێکدانی سنووری ڕێزگرتن لە مافی ئەویتری پێناوترێ گەر ئەو کارمەندەی چاوی بەوەوە بووە کە ڕوویداوە وەک خۆی شتەکە نەخاتەبەرباس.
ئەوەی لایسەرەوە باسکرا ئەوەشمان لایەقیندەکا کە، ئێمەی تاکەکانی کۆمەلگە پێویستە لەوە بەئاگابین ئیلتزامان هەیە  بەلام مەرجە بزانرێ ئەو ئیلتزامانە چین ئەو دەمەش ئێمە لەوە حالیدەبین ئیلتزامەکانمان ئەمانەن و ئەوانە نیین پێویستە دەستبەکاربین بۆئەنجامدانیان. زۆرجاریش لەم حالەتانە کێشەێ دێتە پێش کە لە فەلسەفەی ڕەووشت دا ناودەنرێ دیلێمای (مائزەق، چاشمان) ڕەووشتی. دیلێمای ڕەووشتی ئەو دەمە سەرهەلدەدا کە چاشدەمێنین لەوەی کامە شت بکەین و کامە شت نەکەین، یان کامە شت ڕەووشتیە و کامە شت ڕەووشتی نییە. واتە ئەو کاتەی ناکارین جیاوازی لەنێوان ئەوە بکەین لەکوێ و کەی لەڕووی ڕەووشتیەوە قەرزارین و یان قٌەرزار نیین. بەلام هاتنە دەرەوە لە دیلێمای ڕەووشتیش شتێ گرینگە. چونکە گەلێ دۆزی ڕەووشتی هەیە پێویستدەکا مرۆڤ ڕەفتار هەنووکەی و کۆنکرێت بێ. بۆنموونە ئەو کەسەی نەخۆشی ئایدزی هەیە پێویستە گورج و ڕاستەوخۆ پێیبووترێ.
لەبەرسایەی ئەوی لایسەرەوە ووترا دەمانەوێ بەشێ لەو لایەنانە بەرچاوخەین کە پێوەندییان بە ئیلتیزامە (قەرزارییە) ڕەووشتیەکانمانەوە هەیە: 
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە ژینگە. واتە هاولاتی کۆمەلگە مەرجە بەجۆرێ پەروەردەکرێ ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە ژینگە هەبێ.
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە کەش (ئاو وهەوا) پارێزی، سرووشت پارێزی، ووزەپارێزی. ئەمەش دیسانەوە پێوەندی بە پەروەردە و هوشیاری کەسەکانی کۆمەلگەوە هەیە هەروەها تێگەیشتنیان بۆ چۆنیەتی کەشپارێزی و بەجۆرێ ئابووریانە ووزە بەکاربردن.
*  ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بەوانەی لە کۆمەلگە هەژارن. ئەمەش داوادەکا شێوازی ئابووری جیا و پێشکەوتوو نەک نەرێتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بگیرێتەبەر.
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە پێویستیەکانی ئاژەل هەروەها بەرامبەر یە جۆر و شێوازی ڕەفتارکردن لەتەک ئاژەلا. واتە بەرجەستەکردنی ""مافی ڕەووشتی ئاژەل"" لە کۆمەلگەدا.
* ئیلتیزامی ڕەوووشتی بەرامبەر بە مافی لەباربردنی ئەو منالەی ئافرەتێ پەلاماردراو حامیلەدەبێ پێی بەلام لێرە دوا بڕیار لای ئافرەتەکە خۆیەتی. ئەگەرچی ڕەفتارکردن لەتەک جەستەدا شتێ بێ سنوور نییە و گشت ئافرەتێ قەرزاریێ ڕەووشتی بەرامبەر بەو بوونەوەرە هەیە لە جەستەیا دەژی بەلام ئەو ئافرەتەی لەئاکامی پەلاماردانێ حامیلەدەبێ قەرزارییە ڕەووشتیەکەی جیاترە.
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە بەکاربردنی پارەی باج بەجۆرێ دادپەروەر و ڕاسیۆنالانە.
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە پیر، پەکەوتە و کەمئەندام و نەخۆش و منال لە کۆمەلگە.
* ئیلتزامی ڕەووشتی بەرامبەر بەپاراستنی ستاتۆسی ئازادی تاک و ڕادەبڕین و ئازادی لە جیاوازی ئیتنی و ڕەگەزی و ئاینی.
* ئیلتیزامی ڕەووشتی بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو، بەرامبەر بەوانەی لەتەکیانا دەژین و غەمخوادرن لە دروستکردنی سبەینێیێ تازەی بێ ئاشووب و گەندەل و دادئامێز. واتە ئومێدبەخشین بە ئایندە، بەوانەی دوای ئێمە دێن.
بەلام پێویستە لێرە ئاماژە بەچەند سەرنجێبکەین کە ناواخنی ئیلتزامی ڕەووشتی پتر شیدەکەنەوە لەوانە:
* بۆئەوەی کردارەکانمان ڕەووشتی پووخت بن پێویستە ڕاسیۆنالیبن چونکە هەر ئەوەشە(ڕاسیۆنالیتێی کردار) مرۆڤ لە ئاژەل جیادەگاتەوە.
* شت کە ڕەووشتی دەبێ نەرێتی نییە واتە شتی ڕەووشتی پێوەندی بە عادەتەوە نییە
* گرنگترین شت لە شتی ڕەووشتیدا ئەوەیە کە"" ئەو شتە"" چۆن بکرێ
* کرداری تەواو ڕەووشتی ئەو کردارەیە لە وەختی دیاریکراو و هەنووکەی خۆیدا ئەنجامدەدرێ
پاش ئەو سەرەتا زێدە کورت و پووختەیەش لایسەرەوە لەسەر ئیلتیزامی(قەرزاری) ڕەووشتی لە کۆمەلگە بەرباسخرا بەپێویستی دەزانین باس لەو لایەنانە بەکورتی بکەین بە کۆمەلگەی گەندەلەوە تایبەتە. بۆئەو مەبەستەش لەوێوە دەستپێدەکەین کە  ئیلتیزامی (دوتی، پلیکت) ڕەووشتی لە کۆمەلگە لە باسە گرینگەکانی ئیلتیزامی ئیتیکین و ئەم جۆرە ئیلتیزامانەش لە کۆمەلگەی گەندەلی کوردی بێ سەر و شوێن و بێ بناغەن. هۆیەکان کە زۆر و زێدە فڕە ئاقار و جۆربەجۆرن دەشێ ئەم ئاڕاستانە وەرگرن:
کەسی کۆمەلگەی گەندەل ناپەرژێتە سەر ئەوەی جیاوازی لەنێوان ئیلتیزامی (قەرزاری) ڕەووشتی و شتی نەرێتی (عادەتی) بکا چونکە کەسی کۆمەلگەی گەندەل جارێ بۆی ساغنەبۆتەوە چ جۆرە کەسێکە. ئایا ڕاستە کەسێ نەرێتییە یان کەسێ مۆدێرن و نا -نەرێتییە. هەروەها کەسی کۆمەلگەی گەندەل بەشێ لە ڕەفتار و هەلسوکەوتەکانی سەرچاوەێ ئاینی و جارجارە نا-ئاینی هەیە ئەم تێکەلکردنەش لەنێوان شتی ئاینی و نا- ئاینی پێوەندی بەو ناجێگیریە هوشیارییەوە هەیە ئەم کەسە دووچاریبووە. وەکیتریش دۆزی کۆمەلایەتی کۆمەلگەی گەندەل بەجۆرێ هاتۆتە پێکهاتن لە گشت قوژبنێکەوە ناجێگیری لە کەسەکانا پەروەردەدەکا. بۆیە زۆر سەختە لە کۆمەلگەی گەندەل زۆرینە بتوانێ بەئاسانی دەرکبەوەبکا چ شتێ پرسیارێ ڕەووشتیە و چشتێکیش ئەوە نییە. واتە ڕەووشتی و – ناڕەووشتی بە ئاسانی لێکجیاناکرێنەوە. بەلام هەندێ شت هەیە لە کۆمەلگەی ناوبراو پێشوەخت بڕیاریبەسەرا دراوە کە شتی ڕەووشتین. بۆنموونە ئەو ئافرەتەی بە ئارەزووی کەسوکەری شوودەکا لەو ئافرەتە بە ڕەووشتترە کە بەئارەزووی کەس و کاری شووناکا.یان ئەو زارۆکەی گوێڕایەلی باوکیەتی سەلار و ڕەووشتیترە لەو زارۆکەی بەوجۆرە نییە.
خالێ تر کە لێرە شایانی باسە ئەوەیە سیاسی لە کۆمەلگە قەرزاریێ ڕەووشتی گەورەی لەسەرە بەلام ئەم قەرزارییە ڕەووشتیەی سیاسی لە کۆمەلگەی گەندەل ڕۆژانە بچووک و سنوورداردەکرێ. چونکە لەلاێ سیاسی خۆی لەگەلێ لە بەرپرسیاریە ڕەووشتیەکان دووردەخاتەوە و لەلاێتر ئەوە سیاسیە دروستکەری گەلێ لەو ناتەباییە کۆمەلایەتی و نادپەروەرییە ئابووری و یاسایانەیە لە کۆمەلگە گەشەدەکەن کە دواتر کێشە لەبەردەم گەشەی ئیلتیزامی ڕەووشتی دادەنێن. بەلام تا ئەم لایەنە (واتە ڕۆلی سیاسی لە تێکدانی ئیلتیزامی ڕەووشتی لە کۆمەلگە) لە کۆمەلگەی گەندەل بەرباس و گفتووگۆیڕەخنەی ڕاستەوخۆ و کراوە نەخرێ باری گەشەی ڕەووشتی لەم کۆمەلگەیە ڕوو لە لاوازی و گرژبوون دەبێ.چونکە کاتێ سیاسی بەئاشکرا و بێ پەچە گەندەلی دەکا و ئابووری ولات بەهەدردەبا و مشەخۆر و گەندەلکار بەناوی ڕاوێژکار و پسپۆر و بەرپرسی سیاسی لەدەورخولی خۆی کۆدەکاتەوە بەرینترین ڕێگا لەبەردەم نا-ئیلتیزامی ڕەووشتی دەکاتەوە. هەربۆیشە گەندەلی سیاسی لە کۆمەلگەی گەندەل تابلێی خەتەرناک و بەربەرییە و لە نەشونمای بەپەلەی ڕادەی نابینایی ڕەووشتیش لەم کۆمەلگەیە بەرپرسیارە و ئەم نابیناییە ڕەووشتیە گشت دامەزراوەکانیش بەجۆرێ دادپەروەرانە دەگرێتەوە. ئەم گەندەلیەش کە گەلێ فۆڕمی کۆمەلایەتی خستۆتەوە کارێوایکردووە  ئەو ئیلتیزامە ڕەووشتیانەی لایسەرەوە پۆلکران بابەتی بایەخی نە دەسەلاتی سیاسی بن و نەش زۆرینەی کەسەکانی کۆمەلگەی گەندەلی کوردی. لەبەرئەوەش کە جەوهەری گەندەلی سیاسی ماددیە ئەمەوادەکا ئیلتیزامی ڕەووشتی لە کۆمەلگە شتێکی لاواز و فەرامۆشکراو بێ.
سەرباری ئەوی لایسەرەوە ئەوەشدەلێین کە، هەلەی ڕەووشتی لە کۆمەلگەی گەندەلی کوردی ڕۆژانە لە زیادبووندان و بەشێ زۆر لەو هەلانە بڕیار و تێگەیشتنی سیاسی هەلە دروستکەرین. سیاسیەکانی کۆمەلگەی گەندەل کە دووچاری نابینای ڕەووشتی بوونە خۆیان لەو ئیلتیزامە ڕەووشتیانە بەدووردەگرن کە دەکەوێتە ئەستۆیان و لەبڕیئەوە خەلک بەزۆری بە وتار و هوتافی سیاسی پچڕپچڕ و کەنەفت سەرقالدەکەن. ڕاستە بەو ئابووریەی کورد هەیەتی ناتوانێ بەشدار لە قەلاچۆکردنی برسێتی و هەژاری لە جیهانا بهێنێ بەلام خۆ دەتوانێ داهاتی نەتەوەی کوردی، کە سەرچاوەی جیاجیای هەیە، بەجۆرێ دادپەروەرانە بەکاربەرێ کە لە ڕادەی هەلە ڕەووشتیەکانی ناو کۆمەلگە کەمکاتەوە و ئیلتیزامە ڕەووشتیە سەرەکیەکانی خۆشی ئەنجامدا. لەبەرئەوەش کە هەلە سیاسیەکانی کۆمەلگەی گەندەل بێئەندازە بیمارئامێز و کوشتندەن ناتوانن بەشداری لە داڕشتنی ستراتیژیەتێ چەسپاو و جێگیری سیاسی تایبەت بەگەلێ کێشە بکەن کە لەئێستادا ڕوبەڕووی تاک و دامەزراوەکانی کۆمەلگە دەبنەوە. لەمڕوەشەوە ئەگەر شەپۆلی پەناهەندە یان ڕاکردوان لە دەست تیرۆر لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ کوردستان بەنموونە وەربگرین دەبینین ئەم کێشەیە بەجۆرێ هیۆمانی چارەسەرناکا و بەلکو لەسەر بناغەی هەندێ هەنگاوی سیاسی پڕاگماتی چارەسەردەکا یان ئەو پارە زۆرەی بەناوی باج کۆدەکرێتەوە یان ئەو یارمەتیە دەرەکیانەی دەسەلاتی کوردی لە ولاتانی دۆستی کورد یان دامەزراوە نێودەولەتیەکان وەریدەگرێ یان ئەوی لە حکومەتی ناوەندی عێراق وەریدەگرێ بەجۆرێ دادپەرەرانە بەکارنابرێ و ئەوەش بەدلنیایەوە هەلەی ڕەووشتی دەخاتەوە و لە ڕێژەی نابینای ڕەووشتی لە کۆمەلگە زیاددەکا.
بۆ هەموو خوێنەرانی ئەم چەند لاپەڕەیە ڕوون و والایە کە ڕاستە کۆمەلگەی کوردی ناکارێ بەشدارێ کاریگەر و پۆزەتیڤ لە نەهێشتنی کۆنفلیکت و هەژاری و کەمکردنەوەی ئەو کێشە و ئاشووبە سروشتی و ژینگەییانە بکا لە دەرەوەی کۆمەلگەی کوردی ڕوودەدەن بەلام هیچنەبێ ئەو نەختە توانا و شیاوییەی لەبەردەستە لە چوارچێوەی کۆمەلگەی کوردستان لەو ڕوەوە بەکاری ڕەووشتی و هیۆمانی خۆیهەستێ.  بەواتاێ تر، ئاشکرایە کۆمەلگەی کوردی نە ئەو شیاوییە ئابووری و تەکنەلۆژی و لۆجستیکیەی لەبەردەستدایە لە جیهانا بکەربێ و نەش ئاستی زانین و پەروەردە و لۆژیکی تاکەکانی کۆمەلگەی ناوبراو بەشیئەوەدەکا خۆیان لە کێشەکانی جیهان هەلقوورتێنین بەلام لەناو کوردستان و لەچێوارچێوەی ئەم کۆمەلگەیە تاکەکان دەکارن هەندێ شتی باشبکەن بەلام ئەم لایەنە نەختێ مەرجدار و گرفتاویە چونکە تاکەکانی ئەم کۆمەلگەیە ناکارن هەنگاوی ڕەووشتی کۆنگرێت و پرینسیپی ڕەووشتی بەرچاوی بنێین لەکاتێکا سەرتاپای کۆمەلگە خۆی لە گەندەلنەخا. واتە تا کۆمەلگە بەگشت دامەزراوەکانیەوە کە نووقمی گەندەلییە لە تووخمە کوشندەکانی گەندەلی نەکەوێ تاکەکانی ئەم کۆمەلگەیە ناکارن نە پێکەوە بژین و قەرزی ڕەووشتی یەکتر لەبەرچاوگرن و نەش دەکارن لەتەک ئەویتریغەیرە کورد بژین و قەرزە ڕەووشتیەکانی لەبەرچاوگرن. هۆی سەرەکی ئەوەش کە بەجێگەیاندنی ئیلتیزمی ڕەووشتی لە کۆمەلگەی گەندەل بە ئەستەم و دژواردەزانین ئەوەیە کە لەلاێ گەندەلی دیاردەێ نا-ڕەووشتیە و لەلاێتریش ئەوەی کە ئیلتیزامی ڕەووشتی لەتەک گەندەلی یەکناگرێتەوە. ئیلتیزامی ڕەووشتی کە باوەڕهێنانە بە سبەینێ نوێی ئازاد و پۆزەتیڤ دوژمنی گەورەی دیاردەی گەندەلی و گشت دیاردە نا-ڕەووشتییەکانی ترە. بۆیە ئاساییە بۆئەوەبچین لە گەندەلخستنی ژیانی ڕۆژانەی تاکەکانی کۆمەلگەی گەندەل واتە باوەڕهێنان بە هەلهاتنی سبەینێیێ نوێ. سبەینێیێ نوێ ، ئایندەێ پڕلەمتمانە، هەلنایێ گەندەلسالاری لەناومانا سەروەر و ڕابەربێ. هەروەها سبەینێیێ نوێ ،دوا ڕۆژێ ئاشتیئامێز و ئازادیئامێز ،هەرگیز ناێتەدی گەر سەرچاوەی گەندەلکاری سیاسی بێ و بێدەنگیش لەم دیاردەیە ببێ بە پیشەی گشت توێژەکانی کۆمەلگە. سبەینێیێ نوێ ،داهاتوویێ بەئۆقرە، هەلناێ گەر لە واتای میوانداری و لێبووردەی و هاوسێیەتی و سوپاس نەگەین. بەکورتی دەشێ بلێین ئەوکاتە سبەینێیێ نوێ سەردەردێنێ کە خاوەنی حوکمدانی ڕەووشتی خۆمان بین و ڕەفتار(هەلسوکەوت)ی ڕەووشتی خۆمان بەخۆمان دیاریکەین بەلام بەپشتبەستن بەو پرنسیپ و ڕێسایانەی ماهیەت بەم ڕەفتارە ڕەووشتیانە دەدەن.

Previous
Next

Leave a Reply