Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
قەزا و قەدەر …    نەوزاد بەندى

قەزا و قەدەر … نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

-0- 

هەندێکجار قەزا و قەدەر ، گەدایەک ئەکاتە پاشا ، وەک دەڵێن  بازى شاهانە بەسەر شانییەوە ئەنیشێتەوە ..یان سیخوڕێکى ئەمەریکا ئەگاتە پلەى ڕاوێژکارى سەرۆکایەتى حوکمەتەکەى گۆرباتشۆف ..پشیلەیەک ئەکرێتە پۆلیسى بەشى ناوخۆیى مشکەکان ..پان قالۆنچەیەک لە ناو دەورییەک برنجدا ، باس لە بنەماکانى پاک و خاوێنى و تەندروستى ئەکات ..بینیومانە و ڕویداوە بێ غیرەتترین کەس بوەتە خاوەنى چەندین مەدالیاى ئازایەتى و ..چەندەها پیاوى ئازایش لە تاریکیدا لەناوبراون ..وەک دەڵێن : ئەگەر بە ئەقڵ بووایە ، نیوەى زیاترى مرۆڤایەتى لە برساندا ئەمردن ..

-1-

ئیتر ئەمە قەزا و قەدەرە ..

قەزا و قەدەر..

جوانترین گوڵ ،

لەناو تەنەکەیەکى زبڵ ، ئەڕوێ

 

-2-

ترسنۆکترین

شەڕواڵپیسترین ..

بەرتیلخۆرترین ..

بەدمەستترین

قومارچیترین کەس ،

ئەبێتە دادوەر ..

 

-3-

دڕندەترین کەس ،

ئەبێتە بەرپرسى یەکەمى

ڕێکخراوى مافى مرۆڤ

 

-3-

دەبەنگترین کەس ،

ئەبێتە سەرۆکى لیژنەى

نرخاندنى

ئەدەب و

هونەر و

فەلسەفە..

 

-4-

نەخوێندەوارترین کەس ،

ئەبێتە هەڵگرى بڕوانامەى

ماستەر و

دکتۆرا ..

 

-5-

گەورەترین زانا ،

ئەبێتە نۆکاو فرۆش ،

لە دوکانێکى یەک بە دوو مەتر ،

لەبەرامبەر گوزەرى 

کەوفرۆشەکان ..

 

-6-

بێ قیمەتترین کەس ،

ئەبێتە پارێزەر و

دەنگى زوڵاڵى 

هۆڵەکانى دادگا کاس ئەکا ..

 

-7-

تەمەڵترین

ورگزلترین

خەوخۆشترین

ناشیرینترین کەس ،

ئەبێتە سەرۆکى لیژنەکانى وەرزش 

 

-8-

مولحیدترین کەس ،

ئەخرێتە وەجبەى حەج و عەمرە و

ئەبێ بە حاجى بە تامى ویسکى و گراندى ..

 

-8-

تاوانبارترین کەس ،

ئەبێتە بەڕێوەبەرى پۆلیس ..

دادوەرترین کەسیش ،

لە زیندان توند ئەکرێ

-9-

دزترین

ڕێگرترین

جەردەترین

قورسانترین کەس 

ئەبێتە ئەمین سندوق ..

 

-10-

پاکیزەترین کچ ،

ئەدرێتە بەر بەرد و

حەدى زیناى لەسەر دادەنرێ ..

سۆزانیترین کچیش،

ئەبێتە داکۆکیکار لە ڕەوشت و

لە هەموو کەناڵەکاندا ،

وەکو داڵەکەى جاران ،

دەردەکەوێ ..

 

-11-

شاعیرترین کەس ،

ئەکەوێتە بەر پێ لەقەى پۆلیس و

هیچ ڕۆژنامەیەکیش قبوڵ ناکا ،

لە تەویلەى ئەسپى شاکارنوسە نەخوێندەوارەکانا ،

ڕایگرێ ..

(لەو وڵاتەدا شیعر ئەمرێ ..)

 

-12-

جنێوفرۆشترین

لوتبەرزترین

دەستپیسترین

جڕتکێشترین کەس ،

ئەبێتە ڕۆماننوس و

پانتایى ڕۆشنبیریى میللەتێ داگیر ئەکا ،

بە بێ سەرباز 

بەبێ فڕۆکە

بە بێ تانک

هەر بە قەزا  و قەدەر ..

 

-13-

ناشیرینترین کچ ،

ئەبێتە شاجوان ..

جوانترین کچ ئەبێتە سواڵکەر و

لەناو تونى حەمامدا ئەخەوێ ..

ئیتر قەزا و قەدەرە ..

قەزا و قەدەر …

 

-14-

مڕ و مۆچترین کەس ،

خەڵاتى دارخورماى زێڕین بۆ قسەى خۆش ،

ئەباتەوە ..

 -15-

دوو فەرمانبەر ،

یەکەمیان لە دووەمیان خزمەتى زیاترە ..

دڵسۆزترە ..

بڕٍوانامەکەى بەرزترە ..

سوپاس و پێزانینى زیاترە ..

بەیانیان زووتر دێ بۆ فەرمانگە و

پاشنیوەڕۆ درەنگتر فەرمانگە بەجێدێڵێ ..

کەچى دووەمیان زەوى نیشتەجێى وەرگرتووە و

یەکەمیان : هیچ ..!!

 

-16-

دوو قوتابى داواکارى بۆ خوێندنى باڵا پێشکەش ئەکەن ..

یەکەمیان نمرەى بەکالۆریۆسەکەى : حەفتا و نۆ پۆینت چل و چوارە ..

بڕوانامەى  تواناى زمانى ئینگلیزى و کۆمپیوتەرى هەیە ..

چوارساڵ زیاتر لە بوارى پیشەییدا کاریکردووە ..

دووەمیان نمرەى بەکالۆریۆسى نییە و لە پۆلى سێیەمەوە ،

وازى لە کۆلێج هێناوە ..

بڕوانامەى تواناى زمانى ئینگلیزى و کۆمپیوتەرى نییە..

یەک چرکە لە هیچ بوارێکدا ئیشى نەکردووە ..

یەکەمیان ڕەت ئەکرێتەوە و

دووەمیان لە خوێندنى باڵا وەرئەگیرێ ..

 

-17-

پیاوکوژترین

بێ شەرەفترین

جەردەترین

مناڵفڕێنترین کەس ،

بەر لێبوردنى گشتى ئەکەوێ و

وەکو بەرزەکى بانان بۆى دەردەچێ ..

کەچى

تێوەگلاوێکى بێ تاوان ،

بە دوو پارێزەر و

دوو جار تەمیز کردنەوە ،

هیچ لێبوردنێکى نە گشتى

نە تایبەتى 

نە ناوکێش ..نایگرێتەوە ..

ئیتر قەزا و قەدەرە ..

قەزا و قەدەر ..

چى ئەڵێى لەگەڵ قەزا و قەدەر .. ؟

 

( هەندێک شتى تر ! )

-1-

پارە و

خۆشەویستى و

پێکەنین و

تەندروستى ، خێرا ون ئەبن .

چەند جۆر دەرمان ئەخۆیت و

ئازارێک ون ناکەى ..

ناتوانى خۆت لە نەخۆشیەک بدزیتەوە ..

گیرفانەکانیشت کون بن ،

خەمێکت لێ ون نابێ ..

قەت گریانتان لێ ون بووە ؟

 

-2-

جاران بە شەوان

لۆرییەکى مارکەى سەڵاحەدین ،

بە کۆڵانەکانى شاردا ئەڕۆیشت و

دوکەڵێکى خەستى بڵاو ئەکردەوە ،

بۆ قەڵاچۆکردنى مێشولە ..

ناومان لێنابو : دوکەڵى مێشەکە ..

بەڵام بۆچى بەردمان تێدەگرت ؟

ن ا ز ا ن م .. !!!

چەند جار سەرى شۆفێرەکەمان ئەشکان ..!!

(حەق وایە ،

لە ناوەڕاستى شاردا ،

پەیکەرى دوکەڵى مێشەکە دروست بکرێ :

لۆریەکى سەڵاحەدینى خۆڵەمێشى ..

شۆفێرێکى سەرشکاو ..

دوکەڵێکى خەست و

هەزاران مناڵى بەرد بە دەست ..

جا بنوسرێ :

وەکو درەخت وابن ،

بەردتان تێ بگرن ،

بەریان تێبگرن ..

حەسەن ئەلبەننا .. )

 

-3-

دەرگاکەم کردەوە ..

مریشکێک ڕاوەستا بوو ..

بە موعاناتەوە تەماشاى ئەکردم ..

چاوى نەئەتروکاند ..

ئاوم بۆ هێنا ..

نەیخواردەوە ..

دانەوێڵەم بۆ هێنا ..

نەیخوارد..

بەڵکو هەر بە گومانەوە ،

تەماشاى ئەکردم ..

وەک ئەوەى بڵێ :

بڕۆ خوێڕى ..

بڕۆ دڕندە ..

 بڕۆ بەربەرى !!

کوا دایک و باوک و براکانم ؟

کوا خاڵۆزا و

پورزا و

ئامۆزاکانم ؟

هەموویانت خستە سەربرنج .. ؟؟!

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.