Skip to Content

Monday, May 17th, 2021

قەسیدەی مەستورەی نالی وەک دژەباوی کۆمەڵایەتی و کەلتووری

Be First!
by January 29, 2013 ئەدەب

 

 

 

خوێندنەوەی قەسیدەی (مەستورە)ی (نالی) بۆ خوێنەر یەکێکە لە بنەڕەتەکانی خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی، لەبەر ئەوەی ئەمە داهێنانێکی هەرە گەورەیە لە شیعری کوردیدا. لە زۆربەی حاڵەتێکدا دەتوانین نالی بە شاعیرێکی داهێنەر ناوەزەندی بکەین. بە جیاوازیی ئەوەی نالی لەسەر ئاستی فۆرم و تەوزیفی شیعردا لە دەروازەیەکی دیکەیدا، بەڵام دەبێت بۆ شیکردنەوەی ئەو لایەنە پێویستیمان بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی ئەدەبی دەبێت  کە کەم تا زۆر (مارف خەزنەدار) دەستی بۆ ئەم لایەنە بردووە. جگە لەمە لایەنی کەلتووریش رەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر شیعری نالی هەبووە. ئەمە بەئاشکرا لە کۆی شیعرەکانی دەبیندرێت. دەتوانین نموونە بە عیشقی نالی بۆ مەعشووقەکەی بهێنینەوە، بەوەی ئەو دابڕان و دوور و ئازارانە، زیاتر کۆسپی کۆمەڵایەتین، بەڵام نالی لە ناوەوەی خۆی وێنای ئەو حالەتە جیاوازانەی کردووە. 

هۆکار چییە ئەو قەسیدەیە ئێستاش چێژی ئەو کاتی نووسینی هەیە؟ بەبڕوای من هۆکاری سەرەکی بە زیندوو مانەوەی ئەم قەسیدەیە گەڕانەوەی نالییە بۆ ناوەوەی خۆی، یان خۆ داماڵینیەتی لە کۆی بەربەستە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان. نالی بەم قەسیدەیە گشت لەقەبێکی دینی و کۆمەڵایەتی لە خۆی دادەبڕێت و ڕوو لە خودی خۆی وەک ئەوەی کە هەیە دەکات. لەمەشدا هۆشیارانە دەچێتە ناوەوەی قەسیدە و مەبەستە ئاڵۆزەکانی دەبێت. ئەویش لە رێگەی خەونەوە، کە توانیویەتی بەربەستەکان تێک بشکێنێت. بەڵام ئەوە هیچ لەوە کەمناکاتەوە کە ئەمە تەکنیکێکی نوێشە لە شیعری کوردیدا، بەوەی شاعیر وێنای خەونێکی خۆی دەکات. هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن پاش نووسینی ئەم قەسیدەیە نالی سنووری میرنیشینی ئەردەڵان جێ دەهێڵێت، چونکە مەستورە کە لە بنەماڵەی قادرییەکانی سنەیە و لە کاروباری میریدا دەست ڕۆیشتوو بوون، رەنگە نالی ڕووبەڕووی سزادان بووبایەوە. ئەمەش دەتوانین بە ئاوارەبوون لەسەر مەبەستی قەسیدەکەی لێک بدەینەوە. ئەگەر (متنبی) شاعیری گەورەی عەرەب لەسەر دێرێکی شیعرەکەی ڕوبەڕوو بووەتەوە و کوژراوە، ئەوا هەمان حالەت بە جۆرێکی جیاواز لای نالی دەردەکەوێت، ئەویش جێهێشتنی شوێنە. متنبی لە سەرەتادا هەڵوێستی هەڵهاتنی گرتەبەر، بەڵام دواتر بەهۆی هەستکردن بە کەمی خۆی هەڵوێستی گۆڕی. نالی ئەدەبیانە کێشەکەی هەڵگیرساند، بەڵام دەیزانی ئەگەر نەڕوات کۆمەڵایەتیانە کۆتایی بە کێشەکە دەهێندرێت. مەستورە لە وەڵامەکەیدا نالی پەلکێشی هەمان شەڕی متنبی دەکات، کە دەڵێت: 

(مەرد ئەو مەردەن بەیۆ وە مەیدان

پەلیش بشانۆ بە وێنەی رەندان)

 

واتە

(پیاو ئەو پیاوەیە بێتەوە مەیدان

دەست بوەشێنێ وەکو شێران)

 

لێرەدا مەستورە نەریتی پیاوانەی کۆمەڵگا دەکاتە بنەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نالی. مەستورە گەڕاوەتەوە بۆ ناواخنی کۆمەڵگا و لەقەبەکانی کە ئەویش پیاوەتییە. دیارە نالی خۆی لەو نەریتە کۆمەڵایەتییە دەپارێزێت و ناچێتە ئەو مەیدانەی کە مەستورە ناوی هێناوە، چونکە ئەو بە ئاراستەیەکی جیاوازتر رووبەروو بۆتەوە.

هەندێک کەس  پێیان وایە نالی لە رێگەی ئەم قەسیدەوە دژی دەنگی ئەدەبی ژنانە دەوەستێتەوە و هەوڵی شکاندنی مەستورەی وەک ژنە ئەدیبێک داوە، بەڵام من وای دەبینم ئەمە گەورەکردنی رۆڵی ئەدیبی ژنە، بەوەی نالی بەو ئاستەوە دەکەوێتە ململانێی ئەدەبی لەگەڵ مەستورەدا. خۆ مەستورەش وەڵامی خۆی هەبووە، بەڵام جیاوازتر لە هی نالی کە شەیتانەکەی ناوەوەی دەدوێت، مەستورە نەیتوانیوە بەربەستەکان بشکێنێت و لە چوارچێوەیەکی سنووردار کە وا دەردەکەوێت مێنتاڵێتی خێڵی پێوە دیار بێت وەڵام دەداتەوە. ئەوە هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە مەستورە ژنە ئەدیبێکی هەرە گەورەیە، جگە لەوەی ئەوەندەی من بزانم مەستورە پێشەنگی ژنە مێژوو نووسەکانی جیهانە، چونکە کتێبێکی مێژوویی تایبەتی لەبارەی میرنیشینی ئەردەڵان نوسیوە.

نالی خودە کەلتوورییە باوەکەی خۆی تێپەڕاندووە، ئەو خەونێک وێنا دەکات کە دەتوانین وەکو سەرچاوەیەکیش بۆ دەروونی کۆمەڵایەتی کوردی بیخوێنینەوە. ئاشکرایە کە ئەدەب رەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لایەنەکانی کۆمەڵگایە، لە رێگەی ئەدەبیشەوە دەتوانین بەشێکی زۆری لایەنەکانی کۆمەڵگا تەفسیر بکەین. کاتێ شیعرەکانی (خیام) دەخوێنینەوە، لەوە تێدەگەین کە ئەو لەناو چ کۆمەڵگایەکدا ژیاوە و بیرکردنەوەی خەلک بۆ شتەکان چۆن بووە. یان (سەعدی شیرازی و حافزی شیرازی) بە هەمان شێوە وێنای کۆمەڵگای دەوروبەری خۆیان کردوە. نالی بە هەمان شێوە جۆرێک لە وێنایەکی جیاوازتر بۆ فەرد و کۆمەڵگا دەکات، فەردێک خەونێکی شەیتانی بە ئازادییەوە بۆ دەوروبەر وێنا دەکات. خەونێک دەبێتە خوڵقاندنی وێنەی بەرزی شیعری، خەونێک لەگەڵ خۆیدا وەکو گەردەلوولێک بەخێرایی بەربەستی گەورە دەبڕێت. نالی لە شیعردا شۆرشێکی گەورەی بەرپا کرد، کە هەم ئەدەبی گرتەوە هەمیش لایەنی کەلتوری. ئەمەش تەنیا کەسە داهێنەرەکان خاوەن قودرەتی وەهان. 

قودرەتی نالی لە خوڵقاندنی وێنەی شیعری لە ئاستێکی بەرز دایە، ئەمەش سیفەتی راستەقینەی شیعرەکانی نالییە، بە تایبەت لە لایەنی مجازدا. وێناکردنی جەستەی ڕووتی مەستورە بەو شێوەیە ئیرۆتیکیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کارامەیی نالی لە خەیاڵ و وێناکردندا بێوێنەیە. رەسەنیەتی ئەو قەسیدەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەستە شەیتانییەی کە نالی وێنای کردووە، هەستێک لە گشت فەردێکی خۆرهەڵاتیدا هەیە. نالی ئەو قۆناغەی خۆی تێدەپەڕێنێت کە وەکو مەلاییەکی دینی بدوێت، بەڵکو بە نەفەسی هەرزەکارێکی تازە پێگەیشتو دەنوسێت، کە بەها بۆ هیچ بەربەستێک دانانێت. ئەمە جیاوزە لە شیعری هەجویی، چونکە ئەگەر هەجویی لە قسە و گەپەکانی دەوروبەرەوە سەرچاوەی گرتبێت، ئەوا لای نالی ئەم قەسیدەیە لە نەفەسە شەیتانییەکەیەوە سەرچاوەی گرتوە. بۆ قسەکردن لە بارەی ئەو قەسیدەیە پێویستە لە چەند دیدگایەکی جیاوازەوە هەوڵی شیکردنەوەی بدەین. ئەم لێكۆڵینەوەیە قسەکردنە لە بارەی رەهەندە شاراوەکانی ناخی شاعیر و ئەو دەرئەنجامانە کە قەسیدەکە لە دوای خۆیدا هێناویەتی.

 

سەرەتایەک بۆ تێگەیشتن لە مەعشووق لای نالی

نالی ناوی تەواوی (مەلا خدری کوڕی ئەحمەد شاوەیسی ئالی بەگی میکایەڵییە)، ئەگەرچی ناوی خۆی بە (خضر) دەبات. (مەلا کەریمی مودەڕیس و فاتح عبدالکریم) لە کۆکردنەوەی دیوانەکەی نالی ئاماژە بە ساڵی لە دایکبوون و مردنی دەدات، کە دەکەوێتە نێوان ساڵانی (1800 – 1856)، بەو پێیە بێت نالی (56) ساڵ تەمەنی بووە و بە تەواوەتی نەکەوتووەتە قۆناغی پیری. پێ دەچێت نالی پەی بە تەمەن کورتیی خۆی بردبێت، کە لە ئاست خەونەکانی زۆر کورتە. وەک دەڵێت:

 

هەرچەندە کە عومری (خضر) و جامی جەمت بو

چونکە ئەمەلت زۆرە چ عومرێکی کەمت بو! (1)

 

لەم دوو دێرە شیعرە بۆمان دەردەکەوێت نالی شاعیری خەونە گەورەکانە. لەوە دەچێت نالی لە تەمەنێکی کەمدا عاشق بووبێت. دیارە مەعشووقەکەی نالی وەک لە شیعرەکانیدا تێبینی دەکرێت، ناوی (حەبیبە)یە. هەرچەندە ئەو ناوە پێ دەچێت ناوێکی خوازراو بێت. (حەبیبە) لە زمانی کوردییدا بە مانای (خۆشەویست) دێت. لە زۆربەی شیعرەکانی کوردییدا وشەی (خۆشەویست) بۆ مەعشووق بەکار هاتووە و تەعبیر لە بەرانبەرەکە کراوە. پێدەچێت ئەو وشەیە لای نالی سەرچاوەی گرتبێت و بۆ بەرهەمەکانی پاش خۆی درێژ بووبێتەوە. ناوی (حەبیبە) و (مەحبووبە) بەرانبەرە بە وشەی (خۆشەویست)ی ئێستایە. ئەو سەرنجە بۆمان دەردەخات کە ناوی (حەبیبە) لە شیعرەکانی نالیدا ناوێکی خوازراو و گشتییە. نالی لە بەیتێکدا تەواو خۆی لە خۆشەویستیی مەعشووقەکەیدا دەتوێنێتەوە و دەڵێت:

 

دەستم لە گەردەنت هەڵمەگرە ئەی (حەبیبە)

وابزانە خوێنی خۆمە، یا میننەتی رەقیبە 

 

ئەم جۆرە خۆ تواندنەوەیە لە عیشقدا رەگێکی دێرینی هەیە لە ئەدەبی کوردیدا. ئەمە لای (بێسارانی) و (وەلی دێوانە) تێبینی دەکرێت کە بەپێی مێژووی شیعرەکانیان پێش (نالی) ژیاون. بەڵام لای نالی بە نەفەسێکی هونەریانەتر وێنا کراوە کە بەو جۆرە نەبووە بوونی خۆی بێمانا بزانێت لە دەرەوەی مەعشووقدا. بەڵکو ژیان لەگەڵ مەعشووق ئەو نیگەرانییە ناهێڵێت کە هەیبووە. جگە لەوەی وا وێنا دەکات کە مەعشووق بۆ ئەو هەموو کەسێکە، لە دەرەوەی مەحبووبەکەی هیچ کەسێک بۆ ئەو نابێت بە کەس. وەکو لە بەتە شیعرێکدا دەڵێت:

 

لە کن من با وجودی ناس و ئەجناس

کەسی تێدا نییە ئەم شارە بێ تۆ

 

هەتا تۆم ئاشنا بوی، ئاشنا بون

ئەمێستا مو بە مو ئەغیارە بێ تۆ 

 

لای نالی ئامادەیی مەعشووق سەرچاوەی هەموو خۆشییەکانی ژیانە. وا وێنای مەعشووق دەکات وەک بەشێکی وجود کە لە دەرەوەی ئەودا دەروون و ژیانی نالی تەواو بێمانایە و پڕیەتی لە دژیەکی. هەموو شار دژی ئەوە و ئەویش بێکەسترینانە لە شاردا. بەکارهێنانی دەستەواژەی (شار) بۆ شوێن مانای وێناکردن و بەرجەستەکردنی هەموو دەنگە جیاوازەکانە. بەڵام هەرچەند لە شاریش بژیێت، ئەگەر مەعشووقەکەی لەگەڵ نەبێت، ئەوا هەموویان بە یەک دەنگ دژ بە (نالی)ین. بەڵام لە بەیتێکی پێش ئەوە نالی وێنەی مەعشووقەکەی بە کەسێکی بێزار لە ئەو دەکات. وەک دەڵێت:

 

لە کن تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من

لە کن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ

 

نالی پێمان دەڵێت کە مەعشووقەکەی لێی بێزارە، بەڵام ئەو بە بێ ئەو مەعشووقە ژیانی وێرانەیەکە. پێم وایە لەو دێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە مەعشووقەکەی نالی دەیان ڕووی جیاوازی هەیە. جگە لەوەی خۆشەویستی نالی بۆ مەعشووقەکەی یەک لایەنەیە. ئەم خۆشەویستییە یەک لایەنە دەروازەیەکی گرنگە بۆ دوان لە بارەی شیعرەکانی، چونکە بەو خۆشەویستییە نالی ئومێدی بە مەعشووقەکەی نییە، تەنیا لە ناخی خۆیەوە تەعبیر لە ئازارەکانی دەکات و هانای بۆ دەبات. ئەمەش وا دەکات نالی شاعیرێکی وجودی بێت، واتە تەعبیر لە ناوەوەی خۆی بکات، نەک خۆشییەکانی بەیەکەوەبوون. لە دەرەوەی مەعشووقدا نالی جەستەی خۆیشی لێ دەبێتە دوژمنێکی گەورە. وەک دەڵێت:

(موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ) 

(موژە) بە مانای بژرانگی چاو دێت، بەڵام بە بێ مەعشووق ئەو بژرانگانە دەبنە بزمار و دەچەقێنە نێو چاو. ئەمەیان کوێرکردنی بینینە و جەستە وەک دوژمنە بەبێ یار. ئەم خۆ تواندنەوەیە لە مەعشووقدا سەرەتایەکە بۆ فەنابوون. دەتوانم بڵێم نالی شاعیری فەنابوونە لە مەعشووقدا. دیارە ئەدەبی کوردی نموونەی ئەو جۆرە فانیبوونەی زۆرە، بەڵام لای نالی لە شێوەیەکی دیکەدا بەرجەستە دەبێت. دەتوانین نموونە بە (بێسارانی) شاعیر بهێنینەوە. (بێسارانی 1740 – 1810) لە چەند شیعرێکیدا تەواو خەون و ئارەزووەکانی لە مەعشووقدا دەبینێتەوە و دەڵێت:

 

خوێناو بارانە!

بۆ تۆ خوێناو لە چاوەکانم ئەبارێ

باڵام لە خەم ئاڵاوە

ئێستا کاتی گێڕانەوەی سەرگوزەشتە نیە

هەر ئەوەندە کە نەمردمایە

جارێ گەردون خولی بدایە و کارێکی بکردایە

من و تۆ، شەو تا بە رۆژ، هاوراز بوینایە

لەو شەوەدا خەوم هەر بە تۆوە بدیایە…  (2) 

 

ئەو ئارەزووەی (بێسارانی) بۆ مەعشووقەکەی بەشێکە لە خەونی تاکی کورد لەو کاتەدا. دۆخی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بە ئاسانی دەتواندرێت لە شیعرەکانی (بێسارانی) بخوێندرێتەوە. لەو وێنەیەدا بێسارانی ئامادەیە دەستبەرداری ژیان بێت لە پێناو یەک شەوی هەنگوینی. لە دووری مەعشووقدا بینین لای بێسارانی دەبێتە شتێکی ئازار بەخش. کاتێ ئاماژە بەوە دەدات کە خوێن لە چاوەکانی دەبارێت، ئەوا وێنای بێزاری و پڕئازاریی خۆی دەکات، کە بە هۆی نائامادەیی مەعشووق ڕووبەڕووی بۆتەوە. مەبەستی سەرەکی لە هێنانەوەی ئەو بەشە لە شیعرەکە ئەوەیە کە بەر لە نالییش شاعیرانی کورد وێنای دۆخی کۆمەڵایەتی و تامەزرۆیی خۆیان بۆ حەبیبەکەی خۆیان کردووە.  بەڵام  نالی ناوی مەعشووقەکەیشی شاعیرانە هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئیقاعی شیعرەکانی دێتەوە. (حەبیبە) لە شێوازی گوتن و بەکارهێنان ریتمێکی جوانی هەیە. (نالی)یش هونەرەیانە بەکاری هێناوە. هەر ئەم دێرە بە نموونە دەهێنینەوە:

 

دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی (حەبیبە)

وابزانە خوێنی خۆمە، یان میننەتی رەقیبە  

 

لێرەدا کۆتایی نیوەدێری یەکەم بە ناوی (حەبیبە)یە، هاو ریتمە لەگەڵ کۆتایی نیوە دێری دووەم، کە (رەقیبە). لە رووی رەوانبێژییەوە ئەو دوو وشەیە لە شێوازی خوێندنەوەدا لە یەکتر نزیکن. دەتوانین وەک دوو وشەی لێکچوویان دابنێین. بۆیە نالی لە هەڵبژاردنی ناوی مەعشووقەکەیشیدا ڕەچاوی ریتمی ناو و وشەکانی کردووە. ئەم دوو دێڕە دووبارە تەعبیر لە مەعشووق دەکات، کە شاعیر بەبێ ئەو مەعشووقە لە بۆشاییەکی گەورەدا دەژیێت. خوێنی خۆی هاوسەنگ دەکات بە هەستی مەعشووقەکەی و داوای لێ دەکات، کە بە بەشێک لە خۆی بزانێت. لێرەدا مەعشووق کەسێک نییە لە دەرەوەی خۆی بێت، بەڵکو بە خاوەنی سەرتاپای شتەکانی بوونی خۆی دەزانێت و بە مافێکی ڕەواشی دەبینێت. 

بەڵام لە چەند دێرە شیعرێکی دیکە نالی لە گەیشتن بە مەعشووقەکەی بێهیوایە و پێی وایە ئەوان دوو شتی تەواو پێچەوانەی یەکترن. وەک لەو دێرەدا هاتووە:

 

تۆ نەو شگوفتەی وەردی، من مایلم بە زەردی

تۆ هەمسەرت نەسیمە، من هەمدەمم لەهیبە 

 

نالی لەم دوو دێرەدا وێنای دووریی خۆی و مەعشووقەکەی وەک دوو شتی تەواو پێچەوانە دەکات. مەعشووق گوڵێکی تازە پێگەیشتووە، بەڵام نالی گوڵێکی ڕەنگ زەردی ڕوو لە وەرنە. حەبیبە هەمسەری شنەبایە و نالی وەکو ئاگرێکی گڕگرتووە. ئەوەیان ئاماژەیە دژیەکەی و پێچەوانەیی ئەو دووانە. (مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم) کە دیوانەکەی نالیان لێک داوتەوە، لە تەفسیرکردنی ئەو دێرە شتی دیکەیان بۆ زیاد کردووە. وەک دەڵێن: ( من و تۆ ئەوەندە لە یەک دورین هەر خوامان یەکە). ئەگەر سەرنجە ئەو دێرە شیعرەی نالی بدەین، نالی شتی وای نەوتوە، کە ئەوان تەنیا خوایان یەکە. بە بڕوای من ئەو زیادکردنە لە لێکدانەوەدا بە زیانی شیعرەکە کۆتایی دێت. مەبەستم نییە بە لای ئەو باسەدا بچم، بەڵام لە کاتی قسەکردن لە بارەی قەسیدەی مەستورە ڕووبەڕووی هەمان بەهەڵە شیکردنەوەی دێرەکان دەبین کە هەوڵدراوە بە دیدگایەکی ئاینیانە تەفسیر بکرێت و هەندێک شت لە نالی دوور بخەنەوە. 

نالی ئارەزووی تێکەڵبوونی لەگەڵ مەعشووقەکەی خۆیی هەیە، واتە بەشێکی گەورەی خەیاڵی عەشقەکەی نالی، لە جەستەی مەعشووقدا بەرجەستە دەبێت. وەکو لەو دێرەدا هاتووە:

 

وەفای عەهدە لە من رۆح و ، لە تۆ ماچ

چییە چارەی ئەمانەت غەیری تەسلیم 

 

لێرەدا داوا لە مەعشووقەکەی دەکات ڕێگەی بدات کە ماچی بکات. لە بەرانبەر ماچەکەیدا (نالی) ئامادەیە رۆحی خۆی پێ ببەخشێت، چونکە پێی وایە رۆحی ئەو ئەمانەتێکە و دەبێت بیداتەوە خاوەنەکەی، کە مەعشووقەکەیەتی. لە بەرامبەریشدا ماچی مەعشووق سەرەوەتی نالییە، چونکە یەکێکە لە خەونەکانی. سەرەڕای ئەوەی نالی پیاوێکی ئاینی بووە، بەڵام هەمیشە چاوی لە مەعشووقەکەیەتی. وەکو دەڵێت:

 

ئاوی کەوثەر نۆشی سۆفی بێ کە من

ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم 

 

ئەگەرچی دووبارە (مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم) حوکمی ئەوە دەدەن، کە گوایە ئەو دێرە شیعرە هیی نالی نییە، چونکە نەشیاوە و ناکرێت مەلایەکی وەکو نالی ئەمەی وتبێت، بەڵام من پێم وایە ئەو دێرە هەمان زمانی نالییە و نەشیاویش نییە. نالی خاوەنی قەسیدەی مەستورەیە، کە لە ڕووی دینییەوە پڕیەتی لە شتی نامەحرەم، بەڵام کێشەکە لێرەوە دەست پێدەکات کە بمانەوێت تەفسیرێکی دینی بۆ شیعر بکەین. شیعر دەنگی ناوەوەی شاعیرە و لە دەرەوەی هەر جۆرە تەفسیرێکی دینییە. واتە ناکرێت بە هۆی دینیەوە حوکمی لەسەر بدرێت. نالی لەو دێرەدا مەعشووقەکەی بە گرنگتر لە هەر شتێکی دیکە دەزانێت، تەنانەت قیامەتیش، کە باوەرێکی تەواوی پێیە. ئاوی ئینسان هەر بە تەنیا ئاماژە نییە بۆ لیکی ناو دەم، بەڵکو حەزێکی سێکسیانەی (نالی)شە بۆ مەعشووقەکەی. لێرەدا نالی لە خۆشی و مژدەکانی بەهەشت هەڵدەگەڕێتەوە و پێی وایە هەموو خۆشییەکانی ئەوێ ناکاتە ماچ و ئاوێزانبوون لەگەڵ مەعشووق، چونکە ئەوە تاکە چێژ و خۆشی مرۆڤە. 

ژیانی (نالی) لێوانلێوە لە ئاوارەیی و کۆچکردن و گەڕان. دیارە زۆرجار وێنای ئەو ئاوارەییەی کردووە. وەکو لەو دێرە شیعرەدا هاتووە:

 

کە هاتی تێغی بێزاریت لە سەر دام

سەری خۆم خود بە خود هەڵگرت و ڕۆییم 

 

کاتێ مەعشووق بە بێزارییەوە دێت، ئەوا شاعیر سەری خۆی هەڵدەگرێت. لەو دێرەدا بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەگەر هاتبا شاعیر لەگەڵ مەعشووقەکەی ژیابا و ژیانێکی ئاسایی هەبووایە، ئەوا تووشی ئەو هەموو رۆیشتن و ئاوارەییە نەدەهات. لە کەلتووری کوردیشدا ئەوە باوە کە ئەگەر کەسێک ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنێت، ئەوا ئازادیەکانی کەمتر و سنووردارتر دەبێت، جگە لەوەی بە شوێنەوە دەبەسترێتەوە. هاوسەرگیری هەر ژیانێکی تر نییە لەگەڵ بەرامبەر، بەڵکو کەوتنە ژێر کاریگەری بەرپرسیاریەتیشە. لە ژیانی ئەو کاتدا کشتوکاڵ کردن هۆکاری سەرەکی ژیانی تاکەکان بووە، بۆ کشتوکاڵیش زەویەکی بە پیت پێویستە، بوونی ئەو زەویەش وا دەکات کە مرۆڤ بە شوێنەکەی خۆی ببەسترێتەوە و نەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر شوێن و زێدی خۆی جێ بهێڵێت. لەوە دەچێت زۆربەی کۆچەکانی نالی پەیوەندی بە نەبوونی هاوسەرگیرییەکی درێژخایەنەوە هەبێت. ئەو دێرەمان هێنایەوە کە نالی ئاماژە بەوە دەدات کە هەتا مەعشووقەکەی ئاشنای بووە، ئەوا هەموو کەس ئاشنای بووە، بەڵام کاتێ یار نەما هەموو شار بووەتە دوژمنی. ئەوا مانای ئەوەیە لەوە دەچێت نالی ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابێت بەڵام هاوسەرگیریەکەی کورتخایەن. ئەگەر ئەو هاوسەرگیریەشی پێکهێنابێت لەوە ناچێت بە جیابوونەوە کۆتایی هاتبێت، چونکە ئەوە بۆ مەلا و شاعیرێکی وەکو نالی لەو کاتەدا شتێکی نەشیاو بووە، جگە لەوەی دیاردەی جیابوونەوە لە کۆمەڵگای ئێمە لە دوای نەوەدەکان بووەتە شتێکی ئاسایی، ئەگینا پێشووتر وانەبووە. 

نالی لە دێرێکدا پێمان دەڵێت ئەگەر جارێکی دیکە بگونجێت لەگەڵ مەعشووقەکەی بژیت، ئەوا بەبێ ئەو هیچ ناکات. وەک دەڵێت:

 

نەمردم من ئەگەر ئەمجارە بێ تۆ

نەچم، شەرط بێ، هەتا ئەم خوارە بێ تۆ 

 

دەرونم خاڵییە، وەک نەی دەناڵێ

هەوارێکی چ پر هاوارە بێ تۆ      

 

نالی بەڵین بە مەعشووقەکەی دەدات، کە بێ ئەو هیچ شتێک نەکات و باسی وێرانییەکانی بێ ئەویی دەکات. دەکرێت بڵێن مەعشووقەکەی نالی زیندووە، چونکە وشەی (ئەمجارە)ی بەکار هێناوە. دیارە نالیش بڕوای بە زیندووبوونەوە هەبووە و بە گوێرەی تەفسیری دینی ئەوەی زانیوە کە ئەو ژیانە تاکە جارێکە و ژیانێکی دیکە وەکو ئێستا بوونی نییە. جگە لەوەی پێی وایە بە بێ ئەو دەروونی پڕیەتی لە بۆشایی کە وەک هەوارێکی پڕ لە هاوار وایە. هاواری نالی بۆ حەبیبەکەی هاوارێکی پڕ لە تامەزرۆییە. هاوارێکە بۆ شەربەتی دیداری ماچ و یەکتر گڵدانەوە. نالی لە هەموو جارێکدا پەنا بۆ حەبیبەکەی دەبات و وەکو تاقە هۆکاری رزگاربوون لە پوچیەکانی ژیان وەسفی دەکات. ئامادەیی مەعشووق لە شیعرەکانی نالی بەو شێوەیە پەیوەندی بەوە هەیە کە پێدەچێت ئامادەیی مەعشووق لە ژیانیدا زۆر کورتخایەن بووبێت. غەمگینییەکی ئەبەدی لە شیعرەکانی نالی دەبیندرێت. وەک لەو دێرەدا هاتووە:

 

گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم

من بە برسی قەت مەزانە، غەم دەخۆم

 

ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو

سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم 

 

نالی وا وێنای ژیانی خۆی دەکات کە لێوان لێوە لە خەم و نیگەرانی. لای ئەو خواردن کە پێداویستیەکی گرینگی جەستەییە هێندەی خەم لای نالی ناخورێت. خەم کرۆکی ئەو ئازارانەیە کە نالی لەو شیعرە دەریبڕیوە. خەم هەمیشە لاوازی بۆ جەستە دەهێنێت لەگەڵ ئەوەشدا لە رووی زانستییەوە کاریگەری هەیە لەسەر بەشەکانی کۆئەندامی هەرس و هەناسە و خوێن. بۆیە دەتوانم بڵێم لەرووی زانستیشەوە ئەو دێرەی نالی هاوسەنگە لەگەڵ بارودۆخی جەستە لە کاتی خەمخواردن و کەمخواردن، واتە هەرچەند خەم لای مرۆڤ گەورە بێت هێندە لاوازی و کەمخواردن بۆ مرۆڤ دەهێنێت. فرمێسکی چاو شوێنی ئاو دەگرێتەوە، جگە لەوەی فرمێسک لە یەککاتدا هەم سوێرە و هەم تاڵ، سوێریش لە جیاتی وزەی خواردنەکانە. نالی پێوانەی خەمی خۆی دەکات و دەڵێت:

 

تا سەری زوڵفت لەسەر رۆ حەڵقە دا

من وەکو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم 

 

لێرەدا نالی سەرچاوەی خەمی خۆی بۆ جوانی و کاریگەری زوڵفی یار دەبینێت، کە بەسەر ڕوویدا بڵاو بۆتەوە. تا ئەو کاتەی یار رووخساری خۆی بە زوڵفی جوانیی خۆی لێ دەشارێتەوە. حاڵەتی ماری سەر ئاگر تراجیدیترین حاڵەتێکە کە هەر گیاندارێک پێ دەگات. ئەو وێنەیەی بۆ دۆزەخ هاتووە وەک ئاگردانێکی گەورە، سەرچاوەی لەو ئازارە هاتووە کە مرۆڤ بە هۆی سووتانەوە دەیچێژێت. سوتان مردنێکی هێواش و پڕ ئازارە، مردنێکە تا دواین چرکەکانی ئازار لەگەڵ خۆیت دەبات. نالی هەمیشە شتەکانی دەوروبەرمان تێکەڵ دەکات بۆ ئەوەی مانای دیکەیان لێ بەرهەم بهێنێت. وەک چۆن خەمی خۆی بە ئازاری ماری سەر ئاگر دەچوێنێنێت.

لە دێرێکی دیکەدا رەنگی سوور دەکاتە هێما بۆ خوێنی کە بە هۆی کاریگەری مەعشووقەکەیەوە دەڕژێت. هەر وەک دەڵێت:

 

حەناییی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم

ئەمە رەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم 

 

(حەنایی) بەو رەنگە سوورە دەوترێت کە لە کاتی خۆی وا باو بووە بووک شەوێک بەر لە گواستەوەی، بە هۆی خەنەوە دەستی سوور دەکرا یان رەنگی سووری دەدا. ئەو رەنگە سوورەی لە ئەنجامی خەنەوە دروست دەبێت پێ دەوترێت (حەنایی). نالی ئاماژە بە دەستی مەعشووقەکەی دەدات کە حەنایی کراوە، بەڵام بە هۆی خەنەوە نا، بەڵکو بە هۆی خوێنی خۆیەوە کە لە ئەنجامی بێرەحمی یار و بێباکی بەرامبەری ئەوا بۆتە کوشتەی دەستی دڵدار. ئەو لێکچواندنە بە شێوەیەکی هونەری کراوە، چونکە نالی لە نێوان رەنگی سوور و حەنایی، تەعبیر لە خوێنی خۆی بە دەستی یارەوە دەکات. 

نالی ترسێکی هەمیشەیی لە یارەکەی خۆی هەیە. وەک دەڵێت:

 

مەکە ئیخلافی ئەو وەعدەی کە فەرموت

دەخیلت بم کە خانەی صەبرەکەم سوت  

 

لەو دێرەدا ئەو ترسە بەردەوامەی شاعیر بەرامبەر بە یار وێنەکراوە کە ترسی ئەوەی هەیە بەڵینەکەی بشکێنێت و یارەکەی بێ وەفا بێت. ئەو پەیمانەی لەگەڵ مەعشووقەکەی بەستووە سەرچاوەی سەبر و ئارامی شاعیرە. واتە شاعیر بە هۆی ئەو پەیمانە لە سەقامگیرییەکی بێوێنە دەژیت. لەو دێرەدا جۆرە ئارامییەک بەدی دەکرێت کە جیاوازە لە نائارامییەکانی دیکەی شاعیر لە شیعرەکانی دیکەیدا. لەگەڵ ئەوەشدا نالی ناتوانێت پێ لە گومانەکانی بنێت و ئەو ترسەی بشارێتەوە. بەڵام ئەگەر هاتوو یار پەیمانەکە بشكێنێت، ئاوا پرشکی خەمی شاعیر بە رووی یاردا دەتەقێتەوە، وەکو دەڵێت:

 

لە سندووقی پری سینەم بترسە

کە ئاگر بەر بداتە تەخت و تابوت 

 

لێرەدا شاعیر بە زمانێکی هەڕەشاوی دەدوێت و بە یار دەڵێت کە دڵی وەکو سندوقێکی پڕە و لە ئەگەری شکاندنی پەیمان وەکو ئاگر تەخت و تابوتی دەسوتێنێت. لەو دێرەدا نالی تەواو وێنەی توڕەیی و ترس و نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە مەعشووقەکەی دەکات، چونکە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی شاعیر مەعشووقەکەیەتی.  بەڵام هێشتا لە ئاست جوانی یارەکەی سازشت دەکات و دەڵێت:

 

لەبەر خەندی لەبی لەعلی ئەتۆ بو

کەوا شەککەر دەباری، گوڵ دەپشکوت 

 

کەواتە مەعشووق سەڕەڕای هەموو شتەکان لای نالی سیحری خۆی هەیە و بەردەوامیش وێنای جوانی و کاریگەری مەعشووقەکەی دەکات. 

لێرەوە دەتوانین بڵێن مەعشووقەکەی نالی خەیاڵێکە، کە خۆی لە چەندین شێوەی جیا جیا مانیفێست دەکات. مەعشووق لای نالی لە یەککاتدا هەم بنیاتنەرە و هەم رووخێنەر. دەتوانین تەواوی سوڕەکە بەم شێوەیە وێنە بکەین:

helkary_495744594.jpg

 

بەڵام با بازانین نالی لە قەسیدەی مەستورە چۆن مامەڵە لەگەڵ مەعشووق دەکات، ئایا دەتوانین بڵێن مەستورەی ناو قەسیدەکەی نالی خۆی لە روحی مەعشووق بەرجەستە دەکات؟ ئەگەر وایە بۆچی سەرتاپای وێنەکان بۆ مەعشووق هەڵدەوەشێتەوە؟ ئەگەریش وانییە بۆچی مەستورە دێتە خەوی نالییەوە؟ مەگەر خەونبینین بە کەسێکەوە ئەنجامی شەیدایبوونێکی زۆر نییە؟

 

قەسیدەی مەستورە و تێکشکاندنی وێنەکانە ئازاربەخشەکان بۆ مەعشووق:

 

جیاوازتر لە هەموو شیعرەکانی نالی، قەسیدەی مەستورە ئیشکردنە لەسەر وێنە شەیتانیە ناوەکیەکانی ناخی نالی. لەوێدا وێنەی گشتی و پڕئازاریەکان بۆ مەعشووق تێکدەشکێن و لە جێگەیاندا هەست بە جۆرێک لە سەقامگیری دەکرێت. بەشێکی زۆری ئەو وێنانەی نالی لە شیعرەکانیدا بۆ مەعشووقەکەی دروستی کردوون، لە مەستورەدا بەرجەستەی دەکات. لەوانە (جوانی، نازکی، بێباکی، میهرەبانی، مەکر و … تاد). نالی هەموو وێنەکان بۆ مەعشووق لە مەستورەدا زیندوو دەکاتەوە. بەڵام جیاوازییەکەی ئەوەیە لەجیاتی نیگەرانی و ترسی لەدەستدان، دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ مەعشووق بە دیوە خۆشبەختیەکەیدا. مەعشووق لەو قەسیدەیە چیتر کەسە بێ باکەکە نییە بەڵکو ئامادەیی هەیە و بەو هۆیەوە کۆتایی بە ناسەقامگیرییەکەی دێت. دیارە ئەوە لە ڕێگەی خەونەوە ئیشی لەسەر کراوە، بەڵام خەونیش دیوە شاراوەکەی ئێمەیە کە لە بێئاگاییدا (لاشعور) دێتە گۆ. مەگەر خەون شتێکە لە دەرەوەی بیرکردنەوە و خەیاڵەکانمان بێت؟ بەڵام نالی بۆ ئەوەی خۆی لە کۆمەڵێک نەنگی و گەورەکردنی مەستورە بپارێزیت، وەها وێنەی دۆخەکەی خۆی کردووە کە شتێکی بێ ویستی (لا ارادي) خۆی بووە و ناتوانێت ڕێگەی لێ بگرێت. سەرەتای قەسیدەکە بەو شێوەیە:

 

مەستورە کە حەسناوو ئەدیبە بە حیسابێ

هاتە خەوم ئەمشەو بە چ نازێک و عیتابێ 

 

وەک وتمان سەرەتای قەسیدەکە رووبەرووبوونەوەی دۆخی بێئاگاییە لای شاعیر، لەمەشدا مەبەستی شاراوەی خۆی هەبووە، لە لایەک نایەوێت مەستورە بگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە عاشقی بێت، لە لایەکەی دیکەوە ناتوانێت جوانی مەستورە بشارێتەوە کە خۆی پێی سەرسامە، ئەگینا چۆن دەتوانێت وا وەسفی بکات؟ نالی پێمان دەڵێت کە مەستورە ژنە ئەدیبێکە، بەڵام راستەوخۆ لە دیدی خۆیدا دان بەوە نانێت و دەڵێت بە حیسابێ. لێرەدا وشەی (نازێک) و (عیتاب) وەسفی دۆخی مەستورە دەکەن، کە ئەو دوانە بەشێکە لە جوانی ژن. مەستورە بۆ دێتە خەونی نالی؟ نالی دەیەوێت چی بڵێت؟ دێری بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارەیە. وەک دەڵێت:

 

هاتوم، وتی، عوقدەم هەیە، قەت مومکین وا بێ؟

هیی تۆم، ئەگەرەم مەسئەلە حەل کەی بە جەوا بێ

 

هۆکاری هاتنی مەستورە گرێیەکی تایبەتە کە ئەگەر لای نالی ببێتەوە، ئاوا دەبێتە خاوەنی ئەو. هیی تۆم واتە وەک موڵک دەبێتە هی نالی و نالیش تاکە خاوەنی ئەوە. دیارە نالی لێرەدا هی تۆم-ی وەکو بەشێک لە کۆیلایەتی کۆمەڵایەتی وێنە نەکردوە، بەڵکو وەکو ویستی کەسێک کە دەیەوێت بە هۆی کردنەوەی ئەو گرێیە هەڵیبژێرێت، وێنەی کردوە. ئەمەش مانای زاڵکردنی دەنگی نێرینە نیە، چونکە نالی ئەوەمان پێ دەڵێت کە لە خەوەکەیدا مەستورە بە ویستی خۆی هاتوە، ئەوە نالی نییە داوا لە مەستورە دەکات، بەڵکو مەستورەیە قسە دەکات و دەدوێت. دواتر وا باسی گرێکەی مەستورە دەکات:

 

نوکتێکی ظەریفە بە نەصیبی ظورەفا بێ

تەعریفی دەکەم، بەڵکو لە بۆ دەرد شیفا بێ

 

لێرەدا نالی گەمە بە وشەکان دەکات. نوکتە دوو مانای هەیە، یەکەمیان قسەیەکی خۆشە کە دەبێتە مایەی پێکەنین و خۆشی، دووەمیان خاڵێکە بۆ دەستنیشاکردی شوێنکی تایبەت. نالی هەردوو شێوەیەکەی بەرجەستە کردوە و بۆ هەردوو مەبەست بەکاری هێناوە. وەکو لە سەرەوەش ئاماژەی پێدا نالی لە هەڵبژاردنی ناویش رەچاوی ریتم و مانای وشەکانی کردوە، ئەم قەسیدەیە بە تایبەت نموونەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەو مەبەستە. مەستورە دەکەوێتە باسکردنی گرێیەکەی و ئاماژە بەوە دەدات کە رەنگە چارەسەری دەرد بێ. ئەو دەردە مەگەر هەمان ئەو دەردە نییە نالی لە ئەنجامی دووری و نەبوونی مەعشووق رووبەڕووی بۆتەوە؟ ئایا ناتوانین بڵێین ئەوە ئەو مەعشووقەیە کە نالی لە شیعرەکانی دیکەی وێنای کردوە؟ دەردی هەرە گەورەی نالی وەکو لە شیعرەکاندا دەری بڕیوە، کە بە هۆی مەعشووقەوە ئاوارە، تەنها، نیگەران و … تاد بۆتەوە. لێرەدا مەستورە دێت و گومانی ئەوە دەکات کە ئەو گرێیە چارەسەری دەردەکەی نالی بێت. لێرەدا دەتوانین هەڵوێستە بکەین و بڵێن نالی خۆی ئەو قەسیدەیەی نوسیوە، بە ئاگایشەوە مامەڵەی لەگەڵ وێنەکان کردوە، ئایا ئەگەر لێرەدا مەستورە یەکێک نەبێت لە مەعشوقەکان، ئەی چییە؟ ئایا ئەگەر عەشقێکی گەورەی بۆ جوانی ئەو نەبوایە دەیتوانی وەها وەسفی بکات؟ ئەم وەسفەی نالی زیاتر لەو دێرە دەردەکەوێت:

 

دوککانی توحەف، کانی حەیا، کانیی بەقا بێ

قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپا بێ

 

وشەی (تحفة) واتا نایاب و نەوازە، نالی ئەو گرێیەی مەستورە بە نایاب و نەوازە وەسف دەکات و تا ئاستی ئەو کەماڵیە بەرزی دەکاتەوە کە سۆفی لە پلەیەکی بەرز پێ دەگات. مەبەستی من لە بەکارهێنانی وشەی (نوقەبا) کە نالی بەکاری هێناوە ئەو دۆخەیە کە سۆفییەک دەگات بە پلەیەکی بەرز لە توانەوەی لە عەشقی خوا. نالی ئەو گرێیەی مەستورە دەگەیەنێتە ئەو ئاستە. ئایا دەکرێت بڵێن نالی مەلایەکی تەقلیدی بووە؟ لای نالی مەعشووق لەپێش هەموو شتێکە و سەرچاوەی هەموو شتەکانیشە. ئەو دێرەش نموونەیەکی ترە کە نالی ئەو شتەی مەستورە هەیەتی هاوسەنگ دەکات لەگەڵ ئەوەی سۆفی پێی دەگات. هەر وەک دەڵێت:

 

وەک هیممەتی صۆفی کە لەنێو خەڵوە خزابێ

مەستورە و عەزیزی شەرەف و ریفعەت و جا بێ

 

یان

 

یا کۆمەڵە زیوی بوخەلا دور کە سەخا بێ

مەغلەق بە بەخیلی، مە مەثەل مشتی مەلا بێ

 

ئاشکرایە مەبەستی نالی شەنتووز (ئەندامی دەرەوەی زاوزێی مێینە)ی مەستوورەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو فرە وێنەیەیە کە نالی دێر لە دوای دێر هونەریانە وێنای دەکات. بۆ یەک ئەندامی جەستە چەندن لێکچواند دەدۆزێتەوە و هەمووشی بە پرسیار دەست پێ دەکات. ئەو لێکچواندنانە لەسەر بنەمای بەخشینی فرە وێنەییە لە شیعردا. نالی ئەو حاڵەتە هەستیارە باس دەکات کە تێیدا شەنتووزی مەستورە لێکچواند لەگەڵ شتەکانی دەوروبەر دەکات.

لە دێری یەکەم شەنتوزی مەستورە ئەوە دەهێنێت کە سۆفی بە درێژایی ژیانی هیمەتی بۆ داوە. لەهەمانکاتدا ئەوەندە بەهادارە کە بەدرێژایی ژیان پارێزگاری لێ کراوە. هەرچی دێری دووەمە مەستورەی ناو خەونەکە وا وێنای ئەو شتە دەکات کە مەتەڵێکی چەند بڵێی ئاڵۆزە و تاکو ئێستا نەکراوەتەوە.

نالی لە وێناکردن بەردەوامە و دەڵێت:

 

لەو کانییەدا چوزەرە رێواسێ رووابێ

بەو چوزەرە رێواسە کەمێکی قڵەشابێ

 

لەو وێنەیەدا رۆحێکی شەیتانانە دەدوێت، رۆحێک دوور لە هەر بەربەستێکە. لەنێوان شەنتووز و رێواسێکی قڵەشاو لێکچواندن دەخوڵقێنێت. ئەگەر سەرنج لە رەگی رێواس بدەین، ئاوا روویەکی ساف، لووس و سپی هەیە، ئەو ڕەگە لەناو زەویدا شاراوەیە، کاتێک دەردەکەوێت کە لە رەگەوە دەریبهێنیت. هەرچی شەنتوزی مەستورەی ناو خەوەکەی نالییە، ئەوا خاوەن هەمان ئەو خەسڵەتانەیە کە ڕەگی ڕێواس هەیەتی. هەروەک چۆن ڕەگی رێواس لەژێر زەویدا شاراوەیە، بە هەمان شێوە لە جەستەی مەستورە یان هەر ژنێکی دیکە شتێکی وەکو رەگی رێواس بە هۆی پۆشینەوە پارێزگاری لێ دەکرێت، تاکو مەتەڵەکەی هەڵنەهێندرێت، ناتواندرێت ئەو ڕەگە ساف و لووسە ببینین. بەڵام جیاوازی رێواس لەگەڵ شەنتوز ئەوەیە کە دووەمیان قڵەشاوە، بۆ ئەوەی رێواس تەواو لەو شەنتوز بچێت پێویستە ئەویش قڵەشا بێ. 

نالی لە دێرێکی دیکەدا بەهەمان شێوە  لێکچواندن لەنێون شەنتوز و سرووشتدا دەکات. وەک دەڵێت:

 

یا گردەکی گردێکی کە شیرین هەڵیدابێ

گردی نمەکین، یەئعنی گیای لێ نەرووابێ

 

گرد یان تەپۆڵکە بەرزترە لە زەوی ئاسایی و دابڕان لەگەڵ ئاستی زەوی دروست دەکات. تەپۆڵکەمان هەیە گیای لێ دەڕوێت و هەشمانە لێ ناڕوێت، چونکە پێکهاتەکەی زیاتر بەردە نەک خاک. گیا کۆمەڵێک کەشی تایبەتی پێویستە بۆ ڕواندنی دیارە مەبەستم لە گیای خۆڕسکیشە. بۆ نموونە کوارگ لە شوینە سارد و شاخاویەکان دەڕوێت. تەپۆڵکە نێوەندی چیا و زەویە، واتە ئەو هاوسەنگییەیە کە لە نێوان زەوییەکی تەختایی و چیایەکی بەرزدا هەیە. دیارە ئەوەیان زیاتر لە ناوچە شاخاویەکان هەست پێ دەکرێ. شەنتوزی ژن دەکەوێتە نێوەندی جەستە، لەنێوان سەر کە بەرزترین شوێنی جەستەیە لەگەل سەری تەپۆڵکە کە بەرزترین شوێنی تەپۆڵکەیە، لەگەڵ پێی جەستە کە نزمترین بەشی جەستەیە لەگەڵ تەختایی زەوی کە نزمە لە ئاست تەپۆڵکە نێوەندێک هەیە ئەویش لە جەستەدا شەنتوزە و لە تەپۆڵکە ئەو شوێنەی گیای لێ دەڕوێ. گیا ئاماژەیە بۆ موو، بەڵام ئەگەر گیا لە شوێنە ساردەکاندا لە نێوەڕاستی بەهاردا دەڕوێت، دەشێت ئەوە هێما بێت بۆ ئەوەی کە مەستورە هێشتا نەوبەهارە، هەر وەک چۆن تەپۆڵکە گیای لێ نەڕواوە، بە هەمان شێوە شەنتوزی مەستورە هێشتا بە تەواوەتی مووی نەگرتووە. 

با بزانین ئەو مەتەڵە بە چی هەڵدێت؟ ئایا بۆچی چارەسەرەکەی لای نالییە؟ نالی خاوەن چ شتێکە تاکو ئەو مەتەڵە هەڵبهێنیت؟ لەو سێ دێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەست دەکەوێت:

 

یا رەئیسی یەتیمێکی کە بێ بەرگ و نەوا بێ

غەڵطان و سەراسیمە: نە داکێک و نە بابێ

 

فێسێکی سپی و توندی لە کەللە کەلی نابێ

هێشتاکو لە حەق جێگەیی خاصی نەدرابێ

 

چەسپیدەوو خر هەروەکو بەر لە قاڵبی دابێ

نەختێکی لەبەر توندییو سفتی قڵەشەبێ

 

شەنتوزی مەستوورە وەکو منداڵێکی بێ دایک و باوک وایە کە سەراسیمە و شپرزەیە، ئەو سەراسیمەیە ئاماژەیە بۆ هەستداریی ئەو شوێنە کە کاتێکیش دەوروژێ بێخاوەنە. جگە لەوەی نالی بە هەمان شێوەی پیشووتر پێداگری لە سپیی ئەو شوێنە دەکات. ئەو شوێنە پڕ بە خۆیەتی و چەسپیوە، ئەو چەسپیوەش لە شیوەی بازنەیەکی یان خڕ دایە، دیارە مەرج نییە مەبەستی تەواوی بەشی دەرەوەی شەنتوز بێت، ئەکرێت بڵێن مەبەستی نالی شوێنی جوتبوون یان دەروازەی شەنتوزە. دیارە مەستورەی ناو خەونەکەی نالی ویستی جووتبوونی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی مەتەڵ لە دوای مەتەڵ دەڵێت و راستەوخۆ شتەکان نادرکێنێت؟ هەست دەکەم ئەوە پێوەندی بەو مەکرانەوە هەیە کە لە ژندا هەیە. (نیتچە)ی فەیلەسووفی ئەڵمانی دەڵێت هەموو شتێک لە ژندا مەتەڵە، چارەسەرکردنی ئەو مەتەڵانەش تەنیا سکپڕکردنە. نالییش قەسیدەیەکی بە مەتەڵ دەست پێدەکات و ئەو شتەی کە نیتچە لەبارەی ژن دەری بڕیوە، نالی شاعیرانە بەرجەسەتەی کردوە. چارەسەری مەتەڵەکانی مەستورەش جووتبوونەوە و لە ڕێگەی ئەو کردارەوە سکپڕبوون ڕوودەدات کە هەموو مەتەڵەکان هەڵدەهێنێت. نالی لە رێگەی زمانەوە ئەوی تر دەوروژێنێت و پەلکێشی گەمەیەکی شەیتانی دەکات. 

ئایا ئەو مەتەڵە هەرگیز هەڵنەهێندراوە؟ ئایا گەوهەرێکی هێندە زێڕین خەڵک لێی بێ ئاگایە؟ ئەم دێرە وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەداتەوە:

 

دەعوای ئومەرا چەندە لەسەر تەختی کرابێ

چەند خوێن کە رژابێت و چ خوێنی نەرژابێ

 

ئەو گەوهەرەی مەستورە خەڵک لێی بە ئاگایە و چەندین پێکدادان لەسەر ئەو گەوهەرە روویداوە. بە بڕوای من ئەوە پەیوەندی بە ژیانی راستەقینەی مەستورەوە هەیە. (ماه شرق خانم مەستورە ابوالحسن بەگ قادری) بە پێی زانیارییە کۆکراوەکانی ئیسایکلۆپیدیای ویکیپیدیا بەشی زمانی فارسی ساڵی ژیان و مردنی بەو شێوەیە دیاری کراوە  (1805 – 1848) . مەستورە لە بنەماڵەیەکی خانەدان بووە و بنەماڵەکەیان پلە و پایەی تایبەتیان لە میرنشینی ئەردەڵاندا هەبووە.  ئەگەرچی مەستورە دڵی بە خەسرەو خانی ئەردەڵانییەوە بووە، بەڵام بە هۆی ناکۆکییەوە مەستورە وازی لێی هێناوە. خەسرەو پێداگری کردوە و ویستویەتی بەهەر شێوەیەک بێت مەستورە ببێتە هاوسەری، بەڵام مەستورە ڕازی نەبووە. بەهۆی ئەوەی خەسرەو دەستەڵاتدار و حاکم بووە، چەندین ڕێگەی گرتەبەر، تەنانەت باوکی مەستورەشی خستە زیندان بە بیانوی جۆراوجۆر، جگە لەوەی داوای باجی کردوە بە بڕی (30000 ، سێ هەزار تمەن) کە ئەو کات پارەیەکی زۆر بووە. مەستورە بە ناچاری شوی پێ کردوە،  لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە دەڵێن لەو کاتەدا خسرەو سێ ژنی هەبووە بەڵام مەستورەی لە هەموویان زیاتر خۆش ویستوە. مەستورەش پاش ئەو هاوسەرگیرییە هەستی بە خۆشبەختییەکی زۆر کردوە، بە تایبەت ئەو شیعرانەی بۆ خەسرەوی نوسیوە. (3)

ئەو کاتەی نالی لە شیعرەکەیدا ئاماژەی پێ دەدات هەمان ئەو کاتەیە کە بنەماڵەی مەستورە لەناو کێشەدا بووە. (چەند خوێن ڕزابێت و چ خوێنی نەرژابێ) ئاماژەیە بە ناکۆکی نێوان بنەماڵەی مەستورە و خەسرەو لەسەر مەستورە. مەستورە لەو کاتەدا کچ بووە، ئەو قەسیدەیە پێش شووکردنەوەی مەستورە نووسراوە. هەموو ئەو گومانانەی لەسەر ئەو قەسیدەیە هەیە گوایە پاش شوکردنەوەی مەستورە نووسراوە، بەو دێرە دەتواندرێت وەڵام بدرێنەوە. (چ خوێنی نەرژابێ) ئاماژەیە بە ئەو خوێنەی بە هۆی نەمانی پەردەی کچێنی لە کاتی کرداری سێکسدا لە شەنتوژی کچ دێتە دەرەوە. 

 

ئەنجام:

ئەوەی لەو لێکۆڵینەوەیدا مەبەستمە، خستەڕووی سەرجەم کلیل و لێکچواندن و مەتەڵەکانی ئەو قەسیدەیە نییە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم نالی بەو قەسیدەیە توانای رووبەرووبوونەوەی کۆمەڵگا و نەریتە باوەکانی بوەتەوە. قەسیدەی مەستورە دابڕانی لەگەڵ ئەدەبی پێش خۆی هێنایە کایەوە، بەوەی ئەو قەسیدەیە بە کەرەستە کۆمەڵایەتییەکان بنیاد نەندراوە، بەڵکو بە زمانی خود و ناوەوەی خود تەعبیر لە زیندەخەوەکانی شاعیرێک کراوە. ئەگەر وایدابنێین ئەو قەسیدەیە بە مەبەستی ململانێ لەگەڵ مەستورە نووسراوە، ئەوا هیچ لە بەهاکەی ناگۆڕێت، چونکە یەکەم ململانێی راستەوخۆی نێوان دوو شاعیرە. نالی تەواو وەزیفەی ئەدەب لەو شیعرەدا بەرجەستە دەکات بەوەی کە ئەرکی ئەدەب نییە بەرگری لە کۆمەڵگا و نەریتەکانی بکات، بەڵکو ئەرکی ئەدەب گەیاندنی دەنگی ناوەوەیە بەبێ هیچ بەربەستێک.

خاڵی جەوهەری لەو قەسیدەیەدا تێکشکاندنی کەلتووری باوە، لە جێگەی ئەو کەلتوورە باوە کەلتووری ئازادیی تاک فەراهەم دەبێت و هەموو کەسێک ئازادە لەوەی چی دەڵێت و چۆن تەعبیر لە خۆی دەکات. ئەو زمان ئازادیە لە ئەدەبی کوردیدا بەو شێوەیە لە نالییەوە دەست پێدەکات و بۆ بەرهەمە ئەدەبیەکانی پاش خۆی درێژ دەبێتەوە. نالی کاتێک راستەوخۆ ناوی مەستورە دوور لە هەر بەربەستێک دەهێنێت، ئاوا بێباکە لە چارەنووسی خۆی، ئەوەی نالی دەیکات زمان بەخشینە بە ئاوەزی خۆی. 

مەعشووق وەک ئاماژەم پێیدا زیاتر وێنەیەکی خەمهەژێنی هەیە نەک ئەوەی نالی گەشبینانە بڕوانێتە چارەنووسی خۆی لەگەڵ مەعشووق. پێگەی مەعشووق کۆبوونەوەی هەموو خەسڵەتەکانی ئەوی ترە لە کەسێکدا. ئەوی تریش بنەڕەتی بوونی ئێمەیە. لە قەسیدەی مەستورەدا وێنە ئازاربەخشەکان بوونیان نامێنێت، بەڵکو لەجێگەی ئەو نیگەرانییە خۆشبەختییەکی گەورە ڕوو لە خود دەکات. هەر وەک لە دێری 34ی قەسیدەکەدا هاتووە:

 

دێوانە کە زانی کە دەبێ عوقدە گوشا بێ

هەستاوو گوتی: ئەشکی ڕەوانم بە فیدا بێ

 

دێوانە ئاماژەیە بۆ خودە شێت و شەیدایەکە، کاتێک بەوە دەزانێت کردنەوەی وەها گرێیەکەی کەوتۆتە ئەستۆ، ڕووبەڕووی خۆشییەکی بێوێنە دەبێتەوە و ئاماژە بەوە دەدات کە دەتوانێت وەها گرێیەک بکاتەوە. ئەو دێوانەییەبوونە ئەنجامی ئەو خۆشییە زۆرەوە کە بەدرێژایی مەتەڵەکانی مەستورە خودی بەرانبەر سەرمەستە تا کاتی تەوابوونی هەڵهێنانی ئەو مەتەڵانە، چونکە وەڵامەکەی لایە. ئەو خۆشییە لای ئەو خۆشییەکی ناشایستەیە. واتە بۆیە دیوانە بووە، چونکە باوەڕی نەکردوە وەها ڕووداوێکی گرنگ بێتە بەردەمی و لەگەڵ کەسێک بکەوێتە داوای جووتبوون، کە دەعوای ئومەرای لەسەر تەخت کرابێ (ئاماژەیە بۆ دێرە شیعرێکی نالی لەو قەسیدەیە). 

زمانی نالی لە وەسفدا لە ئاستێکی بەرز دایە. رەخنگەرانی ئەدەبی عەرەبی (د. محمد جواد إسماعيل غانمي و د. سهاد جادري) هەردووکیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەوەی (متنبی) شاعیر لە شاعیرەکانی دیکەی عەرەب و ئەدەبی دەوروبەر جیا دەکاتەوە، زمانە وەسفیەکەیەتی. پێیان وایە متنبی لە ڕێگەی وەسفەوە ماهیەتی شتەکانی دەرخستوە (4). 

لای نالیش زمانی وەسف دەوری سەرەکی دەگێڕێت، چونکە سەرتاپای قەسیدەکەی مەستورە زمانی وەسف تێیدا زاڵە و لە ڕێگەی وەسفەکانەوە دەزانین مەبەستی مەستورە چییە. لە رێگەی ئەدەبەوە زمانیش گۆڕانی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت و دەتوانێت کار لە هەموو پێکهاتەکانی کەلتوور بکات. کە قەسیدەی مەستوورە شکاندنی زمانی باوی شتەکانە. 

قەسیدەی مەستورە نموونەی دەنگی ئازادیی مرۆڤی کوردە لە ئەدەبدا. کاتێک لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی ئازادی زمان لە ئەدەبی کوردیدا بکرێت، دەێت ئاماژە بەو قەسیدەیە بدرێت، چونکە ئازدیی زمان لەو قەسیدەیەدا لە ترۆپک دایە.

 

پەراوێزەکان:

1- سەرجەم دێرە شیعرییەکانی نالی لەم دیوانە وەرگیراون:

– دیوانی نالی/ لێکۆڵینەوە و لێکدانەوەی: مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم/ محەمەدی مەلا کەریم پێیدا چووەتەوە./ چای سێیەم ساڵی 1386ی ئیرانی

 

2- بۆ خوێندنەوەی شیعرەکەی بێسارانی، بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:

– نەوشیروان مستەفا ئەمین/ بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین/ کتێبی یەکەم/ چاپی یەکەم 2012/ لاپەڕە 317 

 

3 – بروانە ئەو لینکە بە زمانی فارسی و ئینگلیزی کە بۆ زانیاری لەبارەی ژیان و مردنی مەستورە سودی لێ وەرگیراوە: 

http://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%87_%D8%A7%D8%B1%D8%AF%D9%84%D8%A7%D9%86?match=en

ئەوەیان زانیارییەکی کورتە لەبارەی مەستورە بە زمانی فارسی: 

میرزا علی اکبر منشی می‌نویسد: «مستوره چون شأن و شایستگی خود را برابر با مردان روزگار می‌دانست از این مواصلت و مزاوجت امتناع داشت تا اینکه خسروخان پدر و جد او را همراه چند تن از بستگان به زندان انداخت و ابوالحسن بیگ را مجبور به پرداخت جریمهٔ سی هزار تومان نمود و شرط استخلاص آنان را منوط به عقد مستوره نمود، مستوره به ناچار بدین مزاوجت تن در داد و جز تسلیم در مقابل استخلاص پدر و جدش راه دیگری نداشت در حالی که خسرو خان پیش تر با حسن جهان خانم بیست و یکمین دختر فتحعلی شاه قاجارازدواج کرده بود و از او سه پسر به نام‌های رضا قلی خان، امان الله خان و احمد خان و سه دختر به نام‌های خانم خانم‌ها که زن اردشیر میرزا برادر محمد شاه قاجار بود و دیگری عادله خانم همسر حسین خان والی شیراز و سومی آغه خانم داشت.

ئەمەش کورتەیەک بە زمانی ئینگلیزی:

Mah Sharaf Khanom Mastoureh Ardalan or Mastura Ardalan(1805 –1848) was a Kurdish poet and writer. She was born in Sanandaj in north-western Iran and deceased in Sulaymaniyah in present-day north-eastern Iraq. She was a member of the feudal aristocracy in the court of the Ardalan principality centered in Senna. She studied Kurdish, Arabic and Persian under the supervision of her father, Abolhasan Beig Qadiri. Her husband, Khasraw Khani Ardalan was the ruler of the principality. Her husband’s death leaves the principality vulnerable to outside interference.

 

4- دکتورة محمد جواد إسماعيل غانمي و دکتورة  سهاد جادري / الاعتداد بالنفس في شعر أبي الطيب المتنبی

 

سۆران ئەحمەد

 

سەرچاوەکان:  

1- د.  مارف خەزنەدار/ دیوانی نالی.. ساخكردنەوە لە سەر تێكستی دەستنووس و چاپكراوی دیوانی شاعیر)/ چاپی دووەم

 

2- نەوشیروان مستەفا ئەمین/ بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین/ کتێبی یەکەم/ چاپی یەکەم 2012

 

3- بڕوانە ئەو لینکە بە زمانی عەرەبی، کە بابەتێکە لە بارەی باکگراوندی کارەکانی نالی:

http://www.ebarzan.com/arabic/naly.htm

4-دکتۆرة محمد جواد إسماعيل غانمي و دکتۆرة  سهاد جادري / الاعتداد بالنفس في شعر أبي الطيب المتنبی

ئەو کتێبە لەم لینکە بخوێنەوە:

http://www.diwanalarab.com/spip.php?article29528

 5- لێکۆڵینەوەی مەلا عبدالکریمی مدرس و فاتح عبدالکریم، کە لە پێشەکیی دیوانەکەی نالیدا بڵاوکراوەتەوە.

6- فریدریش نیچه‌ / وه‌های گوت زه‌رده‌شت/ وه‌رگێڕانی: عه‌لی نانه‌وازاده‌/ ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی/ 2001

7-  لەبارەی کاریگەری زمان لەسەر کەلتوور بڕوانە ئەم کتێبە:

سۆران ئازاد/  گوزارشتی خود/ چاپی یەکەم / ساڵی 2012/ لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری رۆشنبیریی چۆمان، سەنتەری رۆشنبیریی خەون/ چاپخانەی رۆژهەڵات، هەولێر.. سود لەم دوو  بابەتە وەرگیراوە:1.  پێشەکی کتێبەکە/ 2. زمانی رۆشنبیران لە دوای 17ی شوباتەوە

8- مەسعود محەمەد/ چەپکێک لە گوڵزاری نالی/ چاپی یەکەم/ دەزگای ئاراس/ هەولێر ٢٠١٠

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply