Skip to Content

Friday, November 27th, 2020

كاتی هاتووه‌ پارتی ویه‌كێتی به‌لیستی جیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن

Be First!
by April 16, 2009 گشتی

كاتی هاتووه‌ پارتی ویه‌كێتی به‌لیستی جیا به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن
ستیڤان ئه‌حمه‌د "شه‌مزینانی"

چیتر ئه‌و پاساوه‌ ناتوانێت قایلمان بكات: وه‌زعه‌كه‌ ناسكه‌، دوژمنانمان ده‌یانه‌وێت په‌رته‌وازه‌مان بكه‌ن. تائه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی نه‌زانراو پارتی ویه‌كێتی به‌یه‌ك لیستی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی كوردستان به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. وه‌ك ده‌زانرێت به‌هۆی تێكچوونی باری نێوخۆیی یه‌كێتی وئه‌گه‌ری پێكهێنانی لیستێكی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاو هاوكارانییه‌وه‌ له‌كۆمپانیای وشه‌، گۆڕانكاریش به‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتیی هه‌ر دوو پارتی باڵاده‌ستی كوردستاندا هاتووه‌، له‌م ره‌هه‌نده‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاریداوه‌ به‌لیستی تایبه‌تی خۆی بچێته‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌، به‌م پێیه‌ بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شداریی هه‌ڵبژاردن ناكه‌ن، به‌ڵكو لانیكه‌م چوار لیستی به‌هێز "لیستی پارتی، لیستی یه‌كێتی، لیستی كۆمپانیای وشه‌،لیستی چوارحیزبه‌كه‌" كێبڕكێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن، كه‌بێگومان ئه‌وه‌ش له‌یه‌كێك له‌ماناو ره‌هه‌نده‌كانیدا بریتییه‌ له‌خوڵقاندنی كه‌شێكی سیاسیی بۆ له‌دایكبوونی ململانێی دیموكراسیی، كه‌ كوردستان ئه‌مڕۆ زیاد له‌هه‌موو شتێكی دیكه‌ پێویستی پێیه‌تی. جیابوونه‌وه‌ی لیستی پارتی ویه‌كێتی هه‌ر هیچ نه‌بێ له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، نه‌ك هه‌ر زیان به‌ئه‌زموونی حوكمداریی كورد له‌م پارچه‌ ئازادكراوه‌دا ناگه‌یه‌نێت، بگره‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزی گه‌شه‌كردن وپته‌وبوونی پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی وچرۆكردنی مۆدیلێكی نوێ له‌فه‌رمانڕه‌وایی له‌رێی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ رێگریی ده‌كرێت له‌هاتنه‌ ئارای دیكتاتۆرو حوكمی ره‌ها وبێ چه‌ندوچوونی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك به‌بێ بوونی هیچ ئۆپۆزیسیۆنێكی واقیعی. به‌لانیكه‌مه‌وه‌ دابه‌زینی پارتی ویه‌كێتی به‌لیستی جیا له‌په‌نا لیسته‌كانی تردا، وێنه‌یه‌كی سیاسیی وده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ها ده‌نه‌خشێنێت چیتر ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها له‌لای یه‌ك حیزب یان دوو حیزب كۆنابێته‌وه‌، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌موو بارێكدا نه‌ك لاوازیی وپه‌رته‌وازه‌یی نییه‌، به‌ڵكو بنه‌مای حوكمێكی دیموكراسیی ومه‌ده‌نی داده‌مه‌زرێنێت. ماوه‌ی هه‌ژده‌ ساڵی رابردوو هه‌میشه‌ دیموكراسیی قوربانیی سیاسه‌تی ته‌وافقات وپه‌نجا په‌نجاو رێككه‌وتنی هاوبه‌ش وستراتیژیی ولیستی هاوبه‌ش بووه‌، هه‌میشه‌ بۆیه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیوه‌ هیچ پێشكه‌وتن وگه‌شه‌سه‌ندنێك به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت چونكه‌ هه‌ردوو لایه‌نی به‌هێزو كاریگه‌ر "پارتی ویه‌كێتی" له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی خۆیاندا ده‌سه‌ڵات وژێده‌ری ئابووری كوردستانیان به‌بێده‌نگیی وله‌هۆڵی مه‌كته‌بی سیاسییه‌كان دابه‌شكردووه‌، له‌وه‌ به‌ولاوه‌ هیچ هێزو گرووپ وده‌سته‌یه‌كی به‌رهه‌ڵستكاری واقیعی وره‌سه‌ن له‌كاردا نه‌بووه‌ بتوانێت ململانێی ئه‌م دوو هێزه‌ بكات تا به‌و شێوه‌یه‌ هه‌موو شتێك له‌نێوان خۆیاندا به‌بێ حیسابكردن بۆ رای زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك حه‌سم نه‌كه‌ن. به‌ڵام هه‌ر كاتێك پارله‌مانی ئێمه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن سێ یاخود چوار پێكهاته‌ی به‌هێزو تارادده‌یه‌ك نزیك له‌یه‌كتری له‌رووی رێژه‌ی ده‌نگه‌وه‌ پێكهێنرا، ئه‌وه‌ به‌شێك له‌گرفته‌كانی باشووری كوردستان هه‌ر له‌قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات ورامیارییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ گه‌نده‌ڵیی ورۆتین ونه‌خۆشییه‌كانی تری ئیداره‌ به‌ره‌و فه‌وتان وكه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت. بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان زۆرتر له‌هه‌ر چاوه‌ڕوانییه‌ك، چاوه‌ڕێیه‌ هه‌ردوو پارتی سه‌ره‌كیی ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجاریش بووه‌ به‌جیا له‌یه‌كتر، بچنه‌ پای ده‌نگدانی ئه‌مجاره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌قۆناغه‌كانی پێشاندا یه‌كبوون ویه‌كگرتنی ته‌واوی هێزه‌ كوردستانییه‌كان پێویستییه‌كی پله‌ یه‌ك بووبێت، ئه‌وا لێكجیابوونه‌وه‌و به‌جیا دابه‌زینی كیان وقه‌واره‌ رامیارییه‌ كوردییه‌كان له‌حاڵی حازردا باشترین خزمه‌ته‌ هه‌م به‌خه‌ڵكی كوردستان، هه‌م به‌خودی پارته‌كان خۆیان، چونكه‌ ئه‌مڕۆ كاتی ئه‌وه‌یه‌ له‌كوردستان ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات وچۆڵكردنی كورسی فه‌رمانڕه‌وایی ببێته‌ مۆدیل، كاتی ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌كانی تریش شانسی خۆیان له‌ده‌سه‌ڵاتدا تاقیبكه‌نه‌وه‌، دۆڕان ئه‌وه‌ نییه‌ پارتی یاخود یه‌كێتی بۆ چوار ساڵ ئۆپۆزیسیۆن بن، دۆڕان حه‌تمیی وراسته‌قینه‌ قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات وحوكمی ره‌هاو بێ ره‌قیبی هه‌ر كام له‌و دوو پارته‌یه‌. من وه‌ك خۆم له‌و باوه‌ڕه‌دام بڕیاری پارتی ویه‌كێتی بۆ به‌شدارییكردنیان له‌هه‌ڵبژاردن به‌جیا له‌یه‌كتر زیاد له‌یه‌ك ماناو سوودی هه‌یه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ شانازییه‌كه‌ كه‌پێموایه‌ بۆ مێژوویان زۆر پێویسته‌، شانازیی ئه‌وه‌ی نایانه‌وێ هه‌تاهه‌تایه‌ وپشتاوپشت هه‌ر خۆیان له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بن وخه‌ڵكانی تر له‌م مافه‌ زۆر ساده‌و ساكاره‌یان بێبه‌ش بكه‌ن. وا بیرده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پارتی ویه‌كێتی هه‌ریه‌كه‌ به‌لیستێك به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن وبه‌ئاكامی راسته‌قینه‌ی ده‌نگدان قایل بن ودیسان مل نه‌كێشنه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی وه‌ك ئه‌وانه‌ی رابردوویان، دۆخی رامیاریی كوردستان وه‌رچه‌رخانێكی تێدا رووده‌دات هه‌رگیز به‌خه‌یاڵدا نه‌هاتبێت، ئه‌گه‌رنا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ واقیعی ئه‌م هه‌رێمه‌ هه‌روه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌هه‌رگیز جێگه‌ی حه‌سوودیی كه‌س نییه‌.  
  Shamzini79@hotmail.com

Previous
Next

Leave a Reply