Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
كاتێك شار دەبێتە جەنگەڵ

كاتێك شار دەبێتە جەنگەڵ

Closed

عەزیز ڕەئووف…..

 ماوەیەكە شارى سلێمانى هەڵمەتێكى فراوانى كوشتنى بەخۆوە بینیوە. لە خنكاندنى "لەرێ"ى تەمەن هەشت ساڵەوە بۆ كوشتن و دواتر سوتانى ژنێك و فڕێدانى لەسەر زبڵدانێكى شار، دواتر شەڕى كێشە كۆمەڵایەتیەكان كە لە گەڕەكەكانى شارى سلێمانى دا ڕوو دەدەن، دەركەوتەى چەندین قەیرانى كۆمەڵایەتى و بەجەنگەڵكردنى ئەم شارەن. ئەم لێشاوە لە كوشتن و ڕفاندن بێشك دەستى دەبێت لە دروستكردنى دۆخێك لێوانلێو لە ترس و  دڵەڕاوكىَ لەنێو تاكەكانى ئەم شارەدا.
 لە هەر شوێنێك كێشەى كۆمەڵایەتى هەبوو ئەوا دۆخێكى تەواو نائاسایى لەئارادایە. دۆخى ئەمڕۆى كوردستان دۆخێكە لێوانلێو لە نەهامەتى و ژیانى قورس و نەبوونى سەرمایە و نایەكسانى كۆمەڵایەتى. لە دۆخێكى وادا ئیدى تەواو هەست بەو ڕاستیە دەكەین كە تاكەكانى وەها كۆمەڵگەیەك لەڕووى دەرونیەوە تەواو ناتەندروستن، تاكەكانى ئەم كۆمەڵگەیە لە دۆخێكى دەرونى تەواو ناجێگیر و دڵەڕاوكێدا ژیان دەگوزەرێنن كە تۆزقاڵێك دڵیان بەم بارودۆخە خۆش نیە.هەركاتێك مرۆڤ حەزى بەوە كرد كە بكوژرێت، یاخود كەسێك بكوژێت، ئەوا بێشك ڕقێكى گەورەى هەیە بۆ ژیان. هەر كاتێك مرۆڤ ڕقى لە ژیان بوو ئیدى لاى ئاساییە خوێن بڕێژێت. خوێنڕشتن لە گەڕەكەكانى شاردا بەرامبەر بە بەشاربوون گومانمان لا درست دەكات.
 لەگەڵ فراروانبوونى شار و بەرزبوونەوەى بینا و زیادبوونى سوپەرماركێتدا كوشتن و ڕفاندن و ئەتككردن لە شوێنە جیاجیاكانى شاردا هەست پێدەكرێت. چەندە بمانەوێت لەگەڵ عەسرى مۆدێرنە و تەكنەلۆژیادا خۆمان بگونجێنین، بەڵام ناتوانین درۆ لەگەڵ خۆماندا بكەین و ڕەفتارى بەربەرئاسامان ئاشكرا دەبێت. پێیەكمان لەناو مۆدێرنەدایە و پێیەكەى تریشمان لە جیهانى سەلەفیەتدا، بە ڕوخسار لە مرۆڤگەلێكى لێبوردە و تۆلێرانس دەچین، بەڵام لە هەناوى خۆماندا ڕۆحى گورگمان هەڵگرتووە، خۆمان بۆ ئاهەنگى نەورۆز و ڕاپەڕین و جەژنى ژنان ساز دەكەین، لەكاتێكدا دەستمان سورە بە كوشتنى ژنانێكەوە كە ڕەنگە تاوانەكەیان هەر ئەوەندە بووبێت، كە ویستبێتیان بە ئازادى مومارەسەى ژیان بكەن.
 كاتێك شار خوێنى تێدا ڕژا، ئیدى دەبێت بە گومان بین بەرامبەر ئەو دروشمانەى كە كەڵەكەبوونى خانووەكان ناو دەنێن چار. كاتێك شار مافى منداڵانى تێدا پێشێل كرا، كاتێك نێرینەكانى شار مومارەسەكردنى ئازادانەى ژنان بە زیادەڕۆیى لەقەڵەم بدەن، كاتێك كۆڵانەكانى شار لێوانلێو بوو لە چەكدارى خێڵەكان و شەڕە تەقەى كوڕانى عەشیرەت، ئەوا درۆ لەگەڵ خۆماندا دەكەین گەر بڵێین لە شاردا ژیان دەگوزەرێنین.  
 سەربارى كێشە كۆمەڵایەتیەكان شارى سلێمانى تەقینەوەى خۆكوژیش بەخۆوە دەبینێت. لەبەرامبەر ئەو دۆخە نالەبارە كۆمەڵایەتیەى كە ئیستا بەرۆكى تاكەكانى گرتووە، تیرۆرستانیش هێندەى تر بارى سەر خەڵكیان گرانتر كرد و ئیدى سەربارى نەهامەتیەكانى ژیانیش مرۆڤ ترسى لە ڕۆحى خۆیشى هەیە، ئیدى ئەم شارە وای لێهاتووە مرۆڤەكان نەتوانن لە ئێوارەیەكدا بە ئازادى پیاسەى تێدا بكەن.
 بەرامبەر بە دۆخێكى وا نائارام و لێوانلێو لە دڵەڕاوكێ بە دەرەجەى یەك دەسەڵات لێى بەرپرسیارە. دەسەڵاتێك نەتوانێت لەنێوان دیوەخان و هۆڵى دادگادا جیاوازى ڕیشەیى بدۆزێتەوە، دەسەڵات هەر خەریكى خۆ دەوڵەمەندكردن و پڕكردنى گیرفانى هەوادارانى بێت و خەڵك فەرامۆش بكات، ئیدى دۆخێك دروست دەبێت كە خەڵك هیچ ئینیمایەكیان بۆ دەسەڵات نەمێنێت و پێكەنینیان بە دروشم و قسەكانیان بێت كە بۆ یەك چركە بڕ ناكات و جێبەجىَ ناكرێت. ئەو فەسادیە ئیداریەى كە ئۆفیسەكانى ئەم هەرێمەى گرتۆتەوە بێشك دەستى هەیە لە ڕمانى لایەنى ئابورى و كۆمەلایەتى و ئەخلاقى و گۆڕینى شار بە جەنگەڵێكى گەورە كە هەر كەسە و ژن و منداڵى خۆى بكوژێت و یاسایەكیش نەبێت لێیان بپرسێتەوە.
 سەربارى دەسەڵاتیش پیاوانى ئاینى بەرپرسیارى سەرەكین لەم دۆخە نالەبارە. هەر هەوڵێكى كرانەوە گەر لەم كۆمەڵگەیەدا ڕوو بدات ئەوا پیاوانى ئاینى نیگەران دەكات و دەیانەوێت زیاتر بگەڕێینەوە نێو قاوغەكەى خۆمان. سەربارى ئەم تێكشكانە ئەخلاقى و ئابورى و دەرونیە كەچى پیاوانى ئاینى سورن لەسەر ئەوەى كە دەبێت كۆمەڵگە گومان بكات لە هەر هەوڵێك بۆ ئازادى و كرانەوە.
 سەرجەم ڕێكخراوە حكومى و ناحكومى و ڕێكخراوەكانى ژنان و منداڵان بەرپرسیارن لەوەى كە شار خەریكە دەبێتە جەنگەڵێكى گەورە. ئەوان پێویستیان بەوە هەیە ئەو دۆخە نالەبارە هەزم نەكەن و واز لە دروشم و قسە گەورەكانیان بێنن كە تۆزقڵێك دەستى نیە لە گۆڕانى ئەو دۆخە نالەبارەدا.
 كاتێك شار یاسایەكى نەبوو كە لە تاوانباران و گەندەڵچیەكان و پارەخۆرەكان و پیاوكوژان و جاشەكانى دوێنىَ بپرسێتەوە، ئیدى دەبێت چاوەڕێى ئەوە بكەین كە شار یاساى دارستانى تێدا جێبەجىَ بكرێت و تەنها ئاژەڵە گەورەكان دەتوانن كۆنترۆڵى دارستان بكەن و گیاندارە ناسك و دەستوپەنجە ناسكەكان هەمیشە دەبنە خۆراكى دڕندەكان. شار ئیستا تەواو لە دارستان دەچێت. گومان و ترس و دڵەڕاوكێكان تادێت زیاتر دەبێت و دەسەڵاتیش سەرگەرمى ڕازاندنەوەى ڤێلاكان و فراوانكردنى پرۆژەكانى خۆیانن.
 كاتێك شار بوو بە جەنگەڵ ئیدى دەبێت خۆمان بۆ جۆرێكى تر لە ژیان ڕابێنین، ژیانێك لێوانلێو لە خوێن و ترس و دڵەڕاوكىَ.
 
azizrauf2003@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.