Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

كام ئوسامە مەترسیە؟…..عەدنان سەیدحسێن

Be First!
by February 7, 2009 گشتی

 كام ئوسامە مەترسیە؟

 هانی خەڵكی دەدات بۆ توندوتیژی، ناواخنی قسەكانی ئیعلانی جەنگە دژ بە هەمووان، سەری بۆ فتوادان دەخورێت و لە تاوانباركردنی ئەوی تریشدا باكی نیە. سیمبولی عەرەبچێتی وگیانی تۆڵەكاری و خۆبەگەورە زانینە، دژایەتی كورد دەكات بۆ كورد بوونیان، دژایەتی عەرەبی شیعە دەكات لە بەر شیعەن بونیان هانی عەرەبی سوننەش دەدات بۆ گێڕانەوەى مەجدی عروبە. بەهەڵەم لێ تێنەگەن مەبەستم ئوسامە بن لادنی زەعیمی رێكخراوی قاعیدەى تیرۆریست نیە، بەڵكو ئەوەى لەبارەیەوە دەدوێم ئوسامە نەجێفی دەم چەرمووی لیستەكەى عەلاویەو كاندیدی بەشێك لە سوننەكانە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق.
 دوو ئوسامە جیاواز لە پێگەى كۆمەڵایەتیدا، بەڵام نزیك لە رفتارو كردارەوە. ئوسامەى یەكەم هەموو هێزەكانی عیراق بەسوپا و ئاسایش و پۆلیس و دەزگاكانی هەواڵگرییەوە بەهاوكاری هاوپەیمانان بەدووی سەرەداوێكدا دەگەڕێن بۆ گەیشتن بەخۆی یان هاوڕێ و هەوادارانی. ئوسامەى دووەمیش سەربەرز بەناوچەى سەوزدا دەگەڕێت و هەموو هێزەكانی عیراقیش بەهاوكاری هاوپەیمانان دەیپارێزن. هەردوو ئوسامەن، هەردوو سوننەن، هەردوو نێرن و هەردووك شانازی بەعەرەبچێتی و ئیسلامچێتییەكەیانەوە دەكەن و داوای گەرانەوەى سەروەری دەسەڵاتداریی عەرەبی دەكەن بەسەر هەموو نەتەوە ئیسلامییەكاندا. وێنەى دوژمن لای ئوسامەى یەكەم هەموو غەیرە دینێك و غەیرە مەزهەبێك و هاوكارانی غەیرەدینەكانیشە با سڤیلیش بن، بابێتاوانیش بن، تەنانەت با منداڵ یان پەككەوتەش بن دارولحەرب هەر دارولحەربە. وێنەى دوژمن لای ئوسامەى دوەمیش سڕینەوەى كوردو دەركردنیانە لەموسڵ و كەركوك و بەغدا گرنگیش نیە چۆن با هەموویان قەڵاچۆبكرێن یان لەناوببرێن (الغایە تبرر الوسیلە).
 دەستوری عیراق هەموو جۆرە گیانێكی ئیتنی و رەگەزی و هاندان بۆ ململانێی ئیتنی رەتدەكاتەوە، هەربەپێی دەستوری عیراقیش هاندان بۆ جۆشكردنی گیانی ئەتنی و ململانێی مەزهەبی  تاوانە و دەبێت بەپێی یاسا ئەو كەسانە سزا بدرێن كە ئەو جۆرە كارانە دەكەن، بەڵام كوا جێبەجێكردنی بەندەكانی دەستور بەرامبەر ئوسامە نجێفی.
 پرسیارەكە ئەمەیە كامیان مەترسین بۆ سەر ئاسایشی عیراق، ئوسامە بن لادنێك كە لە چیاكانی تۆرابۆرادا خۆی حەشارداوەو  چەند ساڵ جارێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاودەكاتەوە. یاخود ئوسامەیەك لەبەرچاوماندایەو لەناوماندایە رۆژ بە رۆژ كار بۆ بەهێزكردن و بەجۆشكردنی فیتنە تائیفییەكان دەدات رۆژێك دەڵێت " كورد داگیركارە لەكەركوك"  و رۆژێكی تر دەڵێت "ئەوانە عەرەبەكانی موسڵ دەچەوسێننەوە" رۆژی سێیەمیش بەوە تاوانبارمان دەكات "قەڵاچۆی مەسیحییەكان دەكەین" ئەم هونەرنەماییەى ئوسامە نەجێفی و دەرچوون وەك بەرزەكی بانانیش لەلێپرسینەوە دەمانخاتە گومانەوە لەحكومەت و لەدادو لە دەستوری عیراقیش، ئەگەر كورد مەسیحییەكانی موسڵ قەڵاچۆ دەكات دەبا دادگا ئەو كوردە جینۆساید كەرانە بانگهێشت بكات ئەگەر نا خۆ جەنابی ئوسامە نەجێفی لەبەردەستە و لە گرین زۆندایە بۆچ بانگهێشت ناكرێت و لێپرسینەوەى لەگەڵ ناكەن.
 كامیان مەترسین بۆ سەر عیراق و عیراقییەكان ئوسامەى تۆرابۆرا یان ئوسامەى گرین زۆن خۆتان حەكەم بن.
 
 عەدنان سەیدحسێن   
 

Previous
Next

Leave a Reply