Skip to Content

Thursday, December 3rd, 2020

كام به‌رنامه‌ی هونه‌ریی؟ …. ته‌ها ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ

Be First!
by November 25, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

 سه‌روه‌ختێكی زۆره‌، ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كان، كه‌ناڵه‌كان چ لۆكاڵیی و چ ئاسمانیی، به‌رنامه‌ی هونه‌رییان به‌خۆوه‌ بینیووه‌ و ده‌بینن و لێره‌و له‌وێ‌ له‌پێناوی هه‌مه‌ڕه‌نگكردنی په‌خشه‌كانیاندا، ئه‌م لایه‌نه‌ زیندووه‌ به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ڕێیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندان، به‌تایبه‌تیش گۆرانیبێژان و موزیكژه‌نان زیاتر به‌ بینه‌ران و جه‌ماوه‌ر ده‌ناسێنن .. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و ده‌توانین بڵێین به‌ره‌هاییش، سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رنامه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگه‌ هونه‌رییانه‌ بۆ به‌سه‌ربردنی كاتی خۆش و چێژبه‌خشین و به‌چه‌شنی شه‌وچه‌ره‌ و كردنه‌وه‌ی ده‌لاقه‌یه‌ك بۆ وروژاندنی هه‌سته‌كان، له‌ڕێشیانه‌وه‌ ناساندن و ئاشناكردنی زیاتر گۆرانیبێژانی كورد تێده‌كۆشێ‌ و كه‌مترین جومگه‌ و لایه‌ن به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئه‌ویش لایه‌نی هونه‌رییه‌ به‌شێوه‌ زانستیی و ئه‌كادیمیه‌كه‌ی.

  واته‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رنامانه‌ به‌ به‌رنامه‌ی هونه‌ریی ناسراون و خۆیان ده‌ناسێنن، لێ‌ نائاماده‌گیی ڕه‌هه‌ندی هونه‌ریی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو دیاریده‌ده‌ن و هیچ كونجێك و گۆشه‌یه‌كیان بۆ قسه‌كردن و شرۆڤه‌كردنی لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كان پێ‌ نییه‌ و به‌ڵكو مه‌رام و خواستیان جگه‌ له‌و شتانه‌ی كه‌ پێشتر باسمان كرد، لایه‌نی هونه‌ریی به‌هه‌ند وه‌رناگرن و به‌ڵكو ئاوڕیشی لێناده‌نه‌وه‌.

  بێگومان ئه‌وه‌ش له‌به‌ر یه‌ك هۆكار كه‌ دابه‌شده‌بێت به‌سه‌ر چ خاوه‌ن به‌رنامه‌كان و چ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژانه‌ی داوه‌ت ده‌كرێن و هیچ له‌ لایه‌نی هونه‌ریی پێنازانن و به‌ڵكو به‌ته‌رزی شیعر، وه‌ك چۆن شاعیرگه‌لێكمان هه‌یه‌ و شیعر به‌لێشاو ده‌نووسن و كه‌مترینیان ده‌توانن رانان و شرۆڤه‌ی شیعر بكه‌ن و له‌باره‌ی شیعره‌وه‌ بدوێن، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش، گۆرانیبێژان و ئاماده‌كاری به‌رنامه‌كانیش چه‌ند شتێكی سه‌ره‌تایی له‌هه‌مبه‌ر موزیك و گۆرانی ده‌زانن و كاته‌كان به‌ شتی لاوه‌كییه‌وه‌ به‌ڕێده‌كه‌ن.

  هه‌ڵبه‌ته‌ له‌و به‌رنامه‌ هونه‌رییانه‌دا، لایه‌نه‌كانی موزیك و ده‌نگ و رێتم و ئاواز و ستایل و شێوازی كاركردن نایه‌نه‌ به‌رباس و قڕوقه‌پیان لێكراوه‌، له‌بری ده‌نگه‌ژێ‌ و له‌ره‌ی ده‌نگ و هارمۆنیا و هه‌ناسه‌ و خانه‌ ده‌نگییه‌كان، میلۆدی و چینه‌كانی ده‌نگ باسی ساڵانی چۆنێتی ده‌ستپێكردن و كاریگه‌ریی هونه‌رمه‌ندانی دێرین و ره‌سه‌ن ده‌كرێت، له‌و كاریگه‌رییانه‌شدا هیچ باس له‌ شێوازی وتن و ئه‌دا و ستایل و خاڵی جیاكاریی ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێشوو ناكرێت و به‌ پێكه‌نین و قسه‌ی خۆش و نوكته‌ و یاده‌وه‌رییه‌كان قسه‌وباسه‌كان گه‌رمتر ده‌كرێت تا ساته‌وه‌ختی پێشكه‌شكردنی گۆرانییه‌كی دیكه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌.

  ئاماده‌كار و پێشكه‌شكار و خاوه‌ن به‌رنامه‌ وه‌ختێ‌ ئه‌و هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژه‌ داوه‌ت ده‌كات بۆ به‌رنامه‌كه‌ی، لای خۆیه‌وه‌ چ پرسێكی شێواز و پۆلێنكاریی ده‌نگی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ناكات و به‌ڵكو گۆرانیبێژه‌كه‌ش توانستی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌ خه‌سڵه‌ته‌ تایبه‌تییه‌كانی خۆی جیابكاته‌وه‌ قسه‌وباسه‌كان به‌و ئاراسته‌نه‌دا به‌رێت كه‌ پێویسته‌ و ده‌رفه‌تیشه‌ بۆ ناساندن و نمایشكردنیان.

  پرسی دابه‌شكردنی موزیك و سه‌رده‌می ئه‌و ریتم و ئاوازه‌، هاوشانبوونی ده‌نگ و موزیك چ حسابێكی بۆ ناكرێت و پرسی گۆڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ به‌ ده‌نگ و له‌ره‌ی گۆرانیبێژێكی تر به‌و ریتم و ئاوازه‌ نایه‌ته‌ به‌رباس، یان شێوه‌ی مه‌شقكردنی گۆرانیبێژان كه‌ شتێكی یه‌كجار پێویسته‌، پرسی كاتی مانه‌وه‌ و توانستی گۆرانیبێژه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و سه‌حن وه‌ك ئاستێكی خودیی دیسانه‌وه‌ قسه‌یه‌ك نییه‌ بۆ وتن.. یاخود ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌چێته‌ چ خانه‌یه‌كه‌وه‌ و ده‌توانێت چ بۆشاییه‌ك پڕبكاته‌وه‌ له‌ كه‌لتوور و فۆلكلۆر و دیرۆكی هونه‌ریی موزیكی كوردی و چه‌ندین و چه‌نده‌ها پرسیارگه‌لێك كه‌ هێشتاكه‌ گوێبیستی نه‌بووین و به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ك ببه‌خشێته‌ هونه‌رمه‌ندان و وه‌رگری كوردیش كه‌ چۆن و به‌ چ دیدێكی نوێ‌ گوێ‌ له‌ گۆرانی و ئاوازی كوردی بگرێ‌ و بتوانێت ئه‌لفوبێیه‌ك لای خۆی گلبداته‌وه‌.. هه‌موو ئه‌مانه‌ پرسیارن و پرسیاری نوێ‌ به‌دوای خۆدا ده‌هێنن و ئاراسته‌یان ده‌كه‌ین.

Previous
Next

Leave a Reply