كتێبی (ئه‌ستێره گه‌شه‌كان) وه‌ك نمونه كتێبێكی پڕ كه‌موكورتی
گه‌وره‌ترین كێشه‌ی ئێستا سینه‌ما له كوردستان، نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی تیۆرییه و تا ئه‌م كێشه‌یه به‌ره‌و چاره‌سه‌ر نه‌روات سینه‌ما له كوردستان هه‌ر له‌م قۆناغه زۆر لاوازه‌ی خۆیدا ئه‌مێنێته‌وه. یه‌كێك له چاره‌سه‌ره‌كانی ئه‌م كێشه‌یه‌ش هه‌وڵدانه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب (ره‌خنه‌ی سینه‌ما، وه‌رگێران، نوسین، چاپكردنی سیناریۆ، و ..هتد)یه به زمانی كوردی. تا ئه‌وكاته‌ی ئێمه به‌زمانی كوردی نه‌توانین كتێبخانه‌یه‌كی تاراده‌یه‌ك باشی سینه‌ماییمان هه‌بێت، كێشه‌ی مه‌عه‌ریفه‌ی تیۆری سینه‌ماییمان بۆ چاره‌سه‌ر ناكرێت.ئه‌مه رێك پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌و وه‌همه‌یه كه زۆرێك له سینه‌ماكاران توشی بوون و پێیانوایه كه بواری تیۆری و پراكتیكی سینه‌ما دوو بواری جیان و به‌راده‌یه‌ك ئه‌م وه‌همه قوڵ بۆته‌وه كه هه‌ندێكیان له‌وباوه‌ڕه‌دان مه‌رج نیه بۆئه‌وه‌ی سینه‌ماكار بیت ئاگاداری تیۆرییه‌كانی سینه‌ما بیت! و هه‌ر ئه‌مه‌شه كه به‌شێكی زۆریان ژماره‌ی فیلمه‌كانیان زۆر زیاتره له‌و كتێبانه‌ی كه له‌بواری سینه‌ما و بواره‌كانی تردا خوێندویانه‌ته‌وه. به‌داخه‌وه هه‌م له‌ئاستی وه‌رگێران و هه‌م له ئاستی نوسینیش بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب و بڵاوكراوه‌ی سینه‌مایی كه‌مترین گرنگتری پێدراوه. ساڵی واهه‌یه ته‌نانه‌ت یه‌ك كتێبی باشی سینه‌مایش نه ده‌نوسرێت و نه‌وه‌رده‌گێردرێت. به‌ڵام ئه‌م ماوه‌یه كتێبێك به‌ناوی ئه‌ستێره گه‌شه‌كان بڵاوكراوه‌یه، كه ره‌هه‌ندی دووه‌می ئه‌و كێشه‌یه روونده‌كاته‌وه كه له‌سه‌ره‌وه باسكرا. واته جگه له‌وه‌ی كتێبمان له سینه‌مادا به زمانی كوردی نیه، به‌شێكی زۆری ئه‌و كتێبانه‌ش كه هه‌یه شایانی خوێندنه‌وه نین. شایانی ئه‌وه نین وه‌ك كتێب و سه‌رچاوه‌یه‌كی سینه‌مایی ئه‌ژماریان بكه‌ین.
كتێبه‌كه‌ی كاك سیروان ره‌حیم به‌داخه‌وه یه‌كێكه له‌و نمونانه، كتێبێكه پڕ له‌كێشه و كه‌موكورتی گه‌وره له نمونه‌ی چه‌ندین كتێبی ئه‌و بواره. ره‌نگه ئه‌مه حوكمێكی پێشوه‌خت بێت به‌ڵام درێژه‌ی ئه‌م وتاره تایبه‌ته به سه‌لماندنی ئه‌م قسه‌یه:
به‌رله هه‌موو شتێك ده‌ستبردن بۆ نوسینی كتێب له بواری سینه‌مادا خۆبه‌خۆ بانگه‌شه‌كردنه بۆ مه‌عریفه‌یه‌كی وردی سینه‌مایی. نوسه‌رێك كه بیه‌وێت كتێبێكی سینه‌مایی بنوسێت به خۆی و به ئێمه‌ش ده‌ڵێت مه‌عریفه‌ی تیۆری من گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه‌ی كه كتێبێك له‌سه‌ر فیلم و سینه‌ما بنوسم. ئه‌و كتێبانه‌ش كه ته‌نها وه‌ك خستنه‌رووی پێناسی هه‌ندێك فیلم ده‌نوسرێن دیسان هه‌ر پێویستی به ئاستێكی باشی شاره‌زایی ره‌خنه‌ی سینه‌مایی هه‌یه لانیكه‌م بۆئه‌وه‌ی ئه‌و فیلمانه‌ی كه ده‌خرێنه‌روو ئاستی هونه‌رییان به فلته‌ری مه‌عریفه‌ی نوسه‌ردا رۆیشتبێت و شایانی ئه‌وه‌بن كه خوێنه‌ر بكاته بینه‌ر، واته ئه‌وه بهێنێت كه پاش ناساندنی فیلمه‌كه من وه‌كو خوێنه‌ر هانبدات برۆم ئه‌و فیلمه ببینم. له‌بینینی یه‌كه‌مدا ئێمه له كتێبه‌كه‌ی كاك سیرواندا ژماره‌یه‌كی زۆر فیلم ده‌بینین كه هه‌موویان ریزكراون بێ ئه‌وه‌ی بزانین هۆكاری ئه‌م پۆڵێنكردنه چیه! كاك سیروان له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا نوسیویه‌تی ئه‌مانه ئه‌و فیلمانه‌ن كه شتێكیان لابه‌جێهێشتووم و زۆر گرنگیم به‌و فیلمانه داوه كه بۆ خوێنه‌ر/بینه‌ری كورد گرنگی هه‌یه!! ئه‌گه‌ر جارێ له‌م قسه‌یه گه‌رێین ئه‌توانین زۆر به‌ئاسانی له‌سه‌رهه‌ردوو ئاستی ره‌خنه‌ی و خستنه‌رووی پێناسی فیلم ئه‌م كتێبه به شكستخواردوو بده‌ینه قه‌ڵه‌م. له لیسته‌كه‌ی كاك سیروان دا له‌شاكارێكی گه‌وره‌ی وه‌ك (گه‌وره دیكتاتۆر)ی چاپلن و (پیاوێك هه‌ڵهات)ی بریسۆنه‌وه ریزكراوه تا ده‌گاته سه‌ر (پێنج مناره له نیۆریۆرك)ی مه‌حسون قرمزگول و شوێنێك بۆ یاری شه‌وكه‌وت ئه‌مین! ئه‌م لیسته ده‌بێته پركێشه ترین لیست (ره‌نگه له هه‌موو مێژوی سینه‌مادا). چونكه به‌راستی هیچ خاڵێكی هاوبه‌ش له نێوان ئه‌و فیلمانه‌دا نیه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه یه‌ك لیسته‌وه و له یه‌ك خانه‌دا پۆڵێن بكرێت.ئه‌گه‌ر له رووی ژانراوه سه‌یری ئه‌م كتێبه بكه‌ین، له زۆر ژانردا فیلم دانراوه( مێژوویی ئێپیك، وه‌ك فیلمی ترۆی، كۆمیدی ره‌خنه‌یی وه‌ك گه‌وره دیكتاتۆر، ئیقتباسی رۆمان، وه‌ك ئابڕووی له‌ده‌ستچوی كاترینا بلۆم،خوێنه‌ر، پیره‌مێرد و زه‌ریا، خۆشه‌وستی له زه‌مانی كۆلێرا، سینه‌مای دژه نازیزم وه‌ك پیانیست، خوێنه‌ر، لیستی شیندله‌ر، ژیانی ئه‌وانی تر ..هتد، و چه‌ندین ژانری دیكه كه بێ هیچ پاساوێك له یه‌ك لیستدا دانراون. پرسیارێكی تر كه دروست ده‌بێت ئه‌وه‌یه كه ئایا كاك سیروان چۆن فیلمێكی دانسقه و گرنگی وه‌ك پیاوێكی هه‌ڵهاتی بریسۆن (شتێكی لا جێده‌هێڵت) به‌لام چه‌ند شاكارێكی تر هه‌مان ده‌رهێنه‌ر ناتوانن وا له كاك سیروان بكه‌ن له لیسته‌كه‌یدا ریزبه‌ندی بكات، بۆ نمونه چه‌ند فیلمێكی دیكه‌ی وه‌ك (له‌ناكاو به‌لتازار)،(گیرفان بڕ)، (موشێت). هه‌مان كێشه بۆ چه‌ند ده‌رهێنه‌رێكی وه‌ك چارلی چاپلن دوباره ده‌بێته‌وه، چه‌ندین فیلمی گرنگی وه‌ك منداڵ، سه‌رده‌می مۆدێرن، و ..هتد ئه‌م ده‌رهێنه‌ره نه‌یتوانیوه شتیك لای كاك سیروان جێبهێڵێت كه ئه‌مه به‌راستی شایانی سه‌رسورمانه، ئه‌گه‌ر له رووی زه‌مه‌نیشه‌وه ته‌ماشای بكه‌ین، واته ئه‌گه‌ر فیلمه‌كان به پێی ساڵی دروستكردن ریزبه‌ند بكه‌ین دیسان رووبه‌رووی كێشه‌ی دیكه ده‌بینه‌وه، ژماره‌ی ئه‌و شاكاره سینه‌ماییانه‌ی كه له نێوان یه‌كه‌م فیلمی ناو كتێبه‌كه تا دواهه‌مین فیلم( له رووی زه‌مه‌نه‌وه) به‌راده‌یه‌ك زۆرن و له لیسته‌كه‌ی كاك سیروانیشدا دیارنین. كوا فیلمه‌كانی گریفس، هیچكۆك، ئه‌نتۆنیۆنی، بێرگمان، تاركۆفسكی، یانچۆ، فلینی، و ..هتد؟ زۆر سه‌یره فیلمێكی زۆر ئاست نزمی وه‌ك پێنج مناره‌ی مه‌حسون وه‌ك نمونه‌یه‌كی ئاست به‌رزی هونه‌ری بناسێنین به‌ڵام هیچ ئاسه‌وارێك له فیلمه‌كانی ئه‌و ده‌رهێنه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه له‌م كتێبه‌دا بوونیان نیه. ئه‌گه‌ر له رووی سینه‌مای وڵاتێكیشه‌وه لێی بروانین دیسان كێشه‌ی ئه‌م كتێبه زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت: به‌وپێیه‌ی به‌شێكی زۆر له فیلمه‌كانی ناو ئه‌م كتێبه به‌رهه‌می وڵاتی توركیان كاك سیروان ده‌بوو بیزانیایه ئێستا جیهانیترین ده‌رهێنه‌ری موئه‌لیفی توركیا نوری بیلگی جه‌یلانه به‌ڵام هیچ فیلمێكی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره نابینین. له سینه‌مای ئێران‌دا چه‌ند ده‌رهێنه‌رێكی وه‌ك كیارۆسته‌می، ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، جه‌عه‌ر په‌ناهی پشتگوێ خراون و ته‌نها یه‌ك فیلمی سدیق به‌رمه‌ك (ئوسامه) دانراوه، له ناو مێژووی ده‌وڵه‌مه‌ندی سینه‌مای ئیتاڵیادا ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی وه‌ك پازۆلینی، فلینی، ئه‌نتۆنیۆنی، دێ سیكا، رۆسۆلینی، ..هتدی فیلمه‌كانیان نابینین به‌ڵام ته‌نها فیلمی مالینای تۆرناتۆرێ دانراوه كه به‌راورد به ده‌رهێنه‌ره‌گه‌وره‌كانی مێژوی سینه‌مای ئیتاڵی نه‌ك ده‌رهێنه‌رێكی موئه‌لیف نیه بگره دوباره‌كه‌ره‌وه‌یه‌كی پله‌دووی قۆناغی نیوریالیزمه و هیچی تر. له پۆڵه‌ندا ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی وه‌ك كیشلۆفسكی و ئاندرێ وایدا پشتگوێ خراوه و ته‌نها فیلمی پیانیستی پۆلانسكی ده‌بینین كه چه‌ند فیلمێكی وه‌ك تریلۆژی ئه‌پارتمان و منداڵه‌كه‌ی رۆزماری و تێس زۆر گرنگترن. له روسیاوه هیچ فیلمێك دانه‌نراوه. له فه‌ره‌نسا (جگه له بریسۆن) ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌رهێنه‌ری گه‌وره له‌بیركراون. له هندستانیش ساتیاجیت رای و فیلمه‌كانی له كتێبه‌كه‌ی كاك سیرواندا شایانی باسكردن نین! له ئه‌ڵمانیاوه فیلمه‌كانی ویم وینده‌ر، فاشبینده‌ر، و..هتد بونیان نیه. له ئه‌رمیناوه فیلمی ئارارات باس كراوه به‌ڵام سیرگی پاراجانۆف و فیلمه‌كانی نابینین. نازانم ره‌نگه هه‌موو ئه‌م ناوانه بۆ كاك سیروان تازه بن، ئه‌گه‌ر وابێت دیسانه‌وه حه‌قمانه بپرسین چۆن ده‌شێت فیلمی زۆرینه‌ی ئه‌م ده‌رهێنه‌رانه نه‌بینی و كتێبی سینه‌مایی بنوسین. لێره‌وه گومانی ئه‌وه ده‌كرێت كاك سیروان ته‌نها ئه‌و فیلمانه‌ی دیاری كردووه كه بینیویه‌تی چونكه هیچ پاساوێكی هونه‌ری و ره‌خنه‌یی دیكه بۆ ئه‌م كێشانه بوونی نیه كه له‌سه‌ره‌وه هێمامان بۆ كرد.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌توانین بڵێن ئه‌م كتێبه له هیچ ئاستێكدا خزمه‌ت ناكات و بگره زیانی گه‌وره‌ش به‌ر زه‌وقی هه‌ندێك بینه‌ری ساده و ئاسایی ئه‌كه‌وێت كه سینه‌مایان خۆش ئه‌وێت و ئه‌یانه‌وێت فیلمی هونه‌ری باش ببینن و پێویستیان به رێنماییكه‌رێك هه‌یه: به‌ڵام له كتێبه‌كه‌ی كاك سیرواندا باش و خراپ به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی (شتێكی لا به‌جێهێشتوم) ریزبه‌ند وپۆڵێن كراون.
ئه‌م كتێبه به‌راستی شایانی ئه‌وه‌یه به توندی ره‌تبكرێته‌وه و ئه‌وانه‌ی كه خۆیان به خه‌مخۆر و دڵسۆزی سینه‌ما (به‌تایبه‌ت له ئاستی تیۆریدا) ئه‌زانن ره‌خنه‌ی جیدی له‌سه‌ر بنوسن. چۆن ده‌كرێت كه‌سێك به به‌هانه‌ی نا هونه‌ری و نازانستیه‌وه و به بێ هبچ لێكدانه‌وه‌یه‌كی ره‌خنه‌یه‌ی هه‌ندێك فیلم ریزبكات و بیكاته كتێبێك، كتێبێك كه ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه یه‌ك دێر زانیاری به‌سود له‌سه‌ر ته‌نانه‌ت یه‌ك فیلم بخاته‌روو. و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه نوسراون سه‌رجه‌میان به دوو كلیك كردن له گۆگڵ هه‌موو كه‌سێك ئه‌توانرێت ده‌ست بخرێت. كاك سیروان پێمان ناڵێت ئه‌م فیلمانه بۆچی سه‌رنجیان راكێشاوه؟، بۆچی شایانی ئه‌وه‌ن له كتێبێكدا یه‌ك له‌دوای یه‌ك پۆڵێن بكرێن؟ ئاستی هونه‌ری ئه‌م فیلمانه روونناكاته‌وه؟ جیاوازی ئه‌م فیلمه له‌گه‌ڵ فیلمه‌كانی تردا چیه كه واده‌كات وه‌ك به‌رهه‌مێكی گرنگ ده‌ربكه‌وێت؟ زمانی سینه‌مایی و فۆرم و ناوه‌رۆكی ئه‌م به‌رهه‌مانه چۆن كاریان له‌سه‌ركراوه؟ و ده‌یان پرسیاری تر كه وه‌لامێكیان له‌م كتێبه‌دا نیه.
به‌داخه‌وه كتێبی ئه‌ستێره گه‌شه‌كان به هیچ پێوه‌رێك كتێبێك نیه شایانی خوێندنه‌وه، كتێبێك نیه ته‌نانه‌ت شایانی چاپ و بلاوكردنه‌وه‌ش. هیوادارم نمونه‌ی ئه‌م كتێبانه زۆر نه‌بێت و ئه‌وانه‌ش كه ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر فیلم و سینه‌ما بنوسن به‌به‌رپرسیاری و مه‌عریفه‌وه ئه‌و كاره بكه‌ن.