Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
كتێبێكی رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ (سالار تاوەگۆزی) بەزمانی عەرەبی كەوتە بەر دیدی خوێنەران

كتێبێكی رۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ (سالار تاوەگۆزی) بەزمانی عەرەبی كەوتە بەر دیدی خوێنەران

Closed
by December 1, 2012 کتێبخانە

 

تێیدا نووسەر هەڵوەستە لەسەر راگواستن و ئەنفالكردنی گوندەكانی كوردستان و كارەساتی هەڵەبجە دەكات

لەئەم چەند رۆژەی پێشوودا كتێبێكی رۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ (سالار تاوەگۆزی) بەزمانی عەرەبی لەژێر ناونیشانی (بنیە المكان فی روایتی الجحیم المقدس وهێلانە) لە دووتوێی 224 لاپەڕەدا كەوتە بەر دیدی خوێنەران. 

 

ناوەرۆكی كتێبەكە

كتێبی (بنیە المكان فی روایتی الجحیم المقدس وهێلانە – دراسە مقارن) واتە: (بونیادی شوێن لە هەردوو رۆمانی ئەلجەحیمولموقەددەس  و هێلانەدا – لێكۆڵینەوەیەكی بەراوردكارییە)، كتێبەكە لەنووسینی (سالار تاوەگۆزی)یەو لەچاپخانەی (رۆژهەڵات) لە شاری هەولێر چاپكراوە. كتێبەكە توێژینەوەیەكی ئەكادیمییەو ئامانج لێی  زیاتر ناساندنی كارەساتی ئەنفال و جینۆسایدكردنی گەلی كوردە لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعسییەكان لەعێراق و دەرخستنی چۆنییەتی رەنگدانەوەی ئەو كارەساتانە لەناو دوو دەقی  ئەدەبی كوردی و عەرەبیدا، هەروەها یەكێكی دیكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی كتێبەكە دروستكردنی پردی پەیوەندی و دیالۆگی شارستانییە لەنێوان هەردوو گەلی كورد و عەرەبدا. 

   لەكتێبی (بنیە المكان فی روایتی الجحیم المقدس وهێلانە) دا نووسەر بە بەپشتبەستن بە (فەلسەفەی شوێن، زانستی گێڕانەوە، هونەری سینەما، رێبازی بونیادگەرایی و قوتابخانەی ئەمەریكی ئەدەبی بەراوردكاری) و لە ڕێگەی باسكردن لە شوێن، هەوڵی داوە چۆنییەتی بەرجەستەكردنی كارەساتەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و راگواستنی بە زۆری گوندەكانی كوردستان و چەند رووداوێكی دیكەی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە عێراقدا لە هەردوو رۆمانی “ئەلجەحیمولموقەددەس” و “هێلانە”دا بەراورد و شیبكاتەوە و رەهەندە سیاسیی و دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانیان بخاتەڕوو. هەروەها هەوڵی داوە دیالۆگێكی شارستانییانە لەنێوان گەلی كورد و عەرەبدا دروست بكات و بەشداری لە دروستكردنی پردێكی نوی بۆ گواستنەوەی رۆشنبیری ئەو دوو گەلە بكات.

نەخشەی  كتێبەكە لە پێشەكییەك ودەروازەیەك و سێ بەش و كۆتاییەك وچەند راسپاردەو پاشكۆیەك پێكدێت، لە دەروازەی كارەكەیدا نووسەر باسی لەلایەنی تیۆری لێكۆڵینەوەكەی كوردووەو لەو چوارچێوەیەیشدا باسی لە (چەمكی شوێن) لە رووی (زمان، فەلسەفەو ئەدەب)ەوە كردووە.

بەشی یەكەمی كتێبەكە لەژێر ناونیشانی (جۆرەكانی شوێن لەرۆماندا)یە، لە باسی یەكەمی بەشەكەدا نووسەر بەشێوەی دوانەیی (پنائی) باسی لە شوێنی (هۆگر – دژبەر) كردووە، دواتر لە باسی دووەم دا هەر بەهەمان شێوەی دوانەیی باسی لە شوێنی (خەیاڵی – واقیعی) كوردووە.

لە بەشی دووەم دا كە لەژێر ناونیشانی (وەسفی شوێن)ە، نووسەر تیشكی خستووەتە سەر پێناسەو گرنگیی وەسف لە دەقی گێڕانەوەدا، دواتر باسی لە رۆڵی وەسف لەبەرجەستەكردنی شوێندا كردووەو سروشتی وەسفیشی لە رۆمانی (كلاسیكی، واقیعی، رۆمانی شەپۆلی هۆش ورۆمانی نوێ) دا روونكردووەتەوە. لە باسی یەكەمی هەمان بەشدا كە تایبەتە بە قسەكردن دەربارەی (وەسف لەرووی ئەرك)ەوە، ئاماژە بەچەند ئەركێكی وەسفكراوەو لەو نێوەندەیشدا توێژەر (ئەركی جوانكاری، ئەركی راڤەكوردن وئەركی بەهەڵەبردن)ـی لە هەردوو رۆمانی (ئەلجەحیمولموقەددەس) و (هێلانە) دا باس كردووە. هەروەها باسی دووەمی تایبەت كوردووە بە قسەكردن لەسەر (وەسف لەرووی پەیوەندی بە گێڕانەوە)وە.

     هەرچی بەشی سێیەمیشە تایبەتە بە قسەكردن لەسەر (پەیوەندی شوێن بە رەگەزەكانی دیكەی رۆمان)ەوە وەك: (كەسایەتی، كات، رووداو وململانێ)، بەڵام لەنێو ئەو رەگەزانەی رۆماندا، لە دوو باسی جیادا نووسەر باسی لە پەیوەندی نێوان (شوێن و كەسایەتی) و(شوێن وكات) كردووەو، لەمیانی قسەكردنیشیدا دەربارەی پەیوەندی شوێن بەو دوو رەگەزەوە ئاماژەی بەپەیوەندی نێوان شوێن و هەریەك لە رەگەزەكانی (ململانێ) و(رووداو) كردووە. پاشان لە كۆتایی  لێكۆڵینەوەكەی دا دەرئەنجامەكانی خستووەتە روو، پاش ئەوەیش بەخستنەڕووی چەند راسپاردەیەك ودانانی پاشكۆكان كۆتایی بەكارەكەی هێناوە. هەروەها چاوەڕوان دەكرێت كە لەماوەی ئاییندەدا نووسەر (سالار تاوەگۆزی) خۆی بەئەركی وەرگێڕانی كتێبەكە بۆ زمانی كوردی هەڵبسێت تاوەكو وەك سەچاوەیەك لەئاییندەدا توێژەران و خوێندكارانی كورد بتوانن سودی لێوەربگرن. جێگەی ئاماژەیە، سالار تاوەگۆزی خەڵكی ناوچەی (تاوەگۆز)ی نزیك (هەڵەبجەی شەهید)ە. لە ساڵی (1983) لە ناوچەی (شارەزوور) لەدایك بووەو هەر لەوێیش خوێندنی (سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی) تەواو كردووەو پاشان لە ساڵی (2000-2001) بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن چووەتە (هەولێر) و لە ساڵی (2004-2005) بەشی (زمانی عەرەبی) كۆلێژی (زمان)ـی لە زانكۆی (سەلاحەددین) تەواو كردووەو یەكێك بووە لە قوتابییە یەكەمەكان. لەساڵی (2012) بڕوانامەی (ماستەر)ی لەبەراوردكاری ئەدەبی كوردی و عەرەبیدا وەرگرتووە. ماوەی (9) ساڵە لەبواری (راگەیاندن) دا كار دەكات و لەچەندین دەستگەی راگەیاندنی بینراو وبیتسراو خوێندراو وەك پەیامنێر، پێشكەشكار، نووسەر، بەڕێوەبەری نووسین و سكرتێری نووسین كاری كردەووە. ماوەی (4) ساڵ وەك رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی (هەولێر) كاری كردووەو تا هەنوكەش لەكاری رۆژنامەنوسی لە پاشكۆی (هزرو هونەر) ی رۆژنامەی (خەبات) بەردەوامە و خاوەنی دەیان بابەتی وەك: (شیعر، چیرۆك، نامەی ئەدەبی، لێكۆڵینەوە، وەرگێڕان، وتار)ە  كە بەزمانی كوردی و عەرەبی  نووسیونی و لە رۆژنامەو سایت و گۆڤارەكاندا بڵاوبوونەتەوە. زمانی (كوردی، عەرەبی، فارسی) دەزانێت وشارەزایی لەزمانی (ئینگلیزی)شدا هەیە. ئێستا لە بەشی (راگەیاندن) لە كۆلێژی (ئاداب) لە زانكۆی سەلاحەدین مامۆستایە، هەروەها لە (بەشی عەرەبی) لە كۆلێژی پەروەردە – بەشە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سەلاحەدین و (بەشی عەرەبی) لە كۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوەش وانە دەڵێتەوە.

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.