Skip to Content

Friday, October 23rd, 2020

كه‌رنه‌ڤاڵی ته‌نیایی…. ستارئەحمەد

Be First!
by June 4, 2012 هۆنراوە

 

ئه‌مشه‌و خه‌واڵوو . .
گوڵێكم له‌یه‌خه‌ی ،
هه‌ناری حه‌وشه‌كه‌م كرده‌وه‌ .
له‌ده‌رگای ماڵه‌كه‌م هاتمه‌ده‌ر ..
رێگاكان به‌دواما جێده‌مان .
دڵم گۆشه‌یه‌ك له‌شارو
چاوانم چه‌ند چرای ماڵانی ،
به‌ئه‌شكم داگیرسان .
نه‌كاتی نوستنی باڵنده‌و
وێردی شه‌وچه‌ره‌ی شه‌وانبوو .
نه‌ته‌رمی خه‌ونێكم ..
وه‌كوو دیمه‌نی شاره‌كه‌م جوانبوو .
پرشنگ و گوڵاڵه‌ ..
ئاوێزان به‌شه‌نگیی هه‌ور ده‌بوون .
چاوه‌ڕوانی شه‌وێكی نوورانی و
ژوانی تۆیان ده‌پۆشی .
بمبه‌خشه‌ نه‌متوانی بگه‌مه‌ وێستگه‌یه‌ك ..
دارێك شین بكاو
بتوانی له‌پاڵیا ..
به‌كه‌سكی گه‌ڵایه‌ك ،
به‌هارێك له‌ناختا بڕوێنی .
ئه‌ستێره‌یه‌ك بكه‌یته‌ هاوده‌م و
بێیته‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ی ،
یه‌كه‌مجار نه‌خشه‌مان بۆدوا رۆژ كێشا .
تۆبوویته‌ سروودی هاوخه‌م و
من ده‌رگای ئومێدی هه‌نگاومان .
نه‌مزانی كووچه‌و شار بارده‌كه‌ن .
په‌پووله‌و به‌یبوونمان ده‌ژاكێ و
راوكه‌ران بولبولی خۆزگه‌مان تار ئه‌كه‌ن .
ئه‌وه‌تا هه‌موو سات ..
به‌رۆكی تاریكی ده‌گرم ،
هه‌ڵوێستم ده‌كه‌مه‌ رچه‌ڕێ .
نه‌به‌باڵای تۆدا راده‌گه‌م ..
نه‌تیشكێك ده‌بێته‌ نیگات ،
به‌ره‌و خۆی رامكێشێ .
ئه‌و ده‌مه‌ی له‌جه‌سته‌م بیزاربم ..
عه‌شقی تۆ ده‌بێته‌ شیله‌ی هه‌نگ ،
هه‌ڵاڵه‌ی هه‌ناوم ده‌مژن .
ده‌چمه‌ سه‌ر لوتكه‌ی له‌ناوچوون .
ده‌رژێمه‌ جۆگه‌له‌ی فه‌نابوون .
هێند ده‌گریم بۆعه‌شقی بێپه‌روا .
وه‌كوو زاهیدێك تێرنه‌بێت ،
له‌سۆزی پاكی خوا .
سووره‌تی جوودابوون ده‌خوێنم ..
كفنێك له‌په‌ڕه‌ی شیعری ئاڵ ،
له‌زامی ده‌روونم ده‌پێچم .
خه‌و ده‌بێته‌ مۆته‌كه‌و
گه‌رووی بێداریم توند ده‌گرێ .   
ره‌هێڵه‌ی ئازارێك ..
ناخی برینم داده‌گرێ .
به‌ئاهی دڵه‌وه‌ كووچه‌كان ده‌پێووم ..
سه‌رگه‌ردان , په‌شۆكاو ،
رێ به‌ڕێ دێمه‌وه‌ .
نه‌ژووری ته‌نیاییم ..
به‌بوونم دڵشاده‌ ،
نه‌چرای ماڵه‌كه‌م خامۆشی راده‌گرێ .
باڵداری باخچه‌كه‌م هه‌ڵده‌فڕن .
بۆساتێك له‌ژانی ته‌نیاییم گوێ ناگرن .
تابه‌یان رایه‌خی هه‌ودابوون ده‌ژمێرم ..
نه‌تۆ له‌ئاوێنه‌ی ناخمدا ده‌سره‌وی ،
نه‌من له‌توانه‌وه‌ی خۆم ،
ده‌بمه‌ شیعرێكی به‌شكۆ.
هه‌موو شتێك له‌حه‌سره‌تا گڕده‌گرن .
سه‌رجه‌م جوانیه‌كان بۆ كۆچت ..
شوێن په‌نجه‌ی مه‌زاری ..
عه‌شقێ نوێ هه‌ڵده‌گرن .
بمبووره‌ نه‌هاتم هاوڕێكه‌م ..
بمبووره‌ بۆدواجار ناتبینم .
خاچێكم له‌دڵی زه‌مینا .
مه‌رگێكم له‌تابلۆی جه‌بینا .
من و خاك ئه‌سیری لێشاوی سنوورین.
من و خاك كۆرپه‌له‌ی بێنازی شه‌وانی ده‌یجوورین .
بڕۆ خوات له‌گه‌ڵ ..
سه‌فه‌رت سه‌لامه‌ت .
منیش لێره‌وه‌..
مێژووی ئه‌دگارو
ژانی خاك ده‌ژمێرم .
منیش لێره‌وه‌ ..
به‌جوانی سروشتا هه‌ڵده‌زنێم .
له‌زاری سووتان و
نێڵه‌ی گڕ ده‌ئاڵێم .
به‌تێڕامانه‌وه‌ش ده‌پرسم
ئه‌و هه‌موو تاڵییه‌ هی سێوێكه‌ .. ؟

Previous
Next

Leave a Reply