Skip to Content

Tuesday, November 24th, 2020

كه‌مه‌ری‌ وه‌ڵامێك …. ڕۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

Be First!
by June 26, 2011 ئەدەب

كه‌ خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت…        
چه‌ند خۆری‌ نووستوو له‌په‌نجه‌ی‌ گه‌ڵایه‌كا هه‌ڵسێنم,    
هه‌تا بگه‌مه‌ كه‌مه‌ری‌ وه‌ڵامێك‌و
ژوورێكی‌ هیلاك له‌ته‌نیایی‌ بته‌كێنم…
چه‌ند بانگی‌ (با) له‌مناره‌ی‌ سنه‌وه‌به‌رێكا ڕاژه‌نم,
هه‌تا زاهیدیك له‌قه‌دی‌ زیكره‌وه‌,
بگاته‌ ئه‌وجی‌ ئیحا…!
چه‌ند دڵۆپ زه‌وی‌ به‌پێیه‌كانم بكوژم,
هه‌تا له‌تارمایی‌ هه‌نگاوێكا بگه‌مه‌ تخوبی‌ ڕێگا…
چه‌ند ڕاوی‌ خه‌یاڵ‌ بكه‌م, له‌هارمۆنیای‌ هزرما,
هه‌تا بگه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێك نزیك له‌خوا..!!
كه‌خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت..
چه‌ند كاتم ده‌وێ‌, هه‌تا هه‌ڵم له‌قۆزاخه‌ی‌ هه‌وراگرێ‌ ده‌م
چه‌ند هه‌ورم ده‌وێ‌, هه‌تا له‌بناری‌ بروسكه‌دا
باران به‌ ڕاڤه‌ی‌ خۆیه‌وه‌,
له‌تاڤێكدا نه‌خنكێ‌..
چه‌ند نه‌شئه‌م ده‌وێ‌, بۆ سه‌مای‌ چڵه‌گییایه‌ك
مه‌له‌بكا له‌ویژدانی‌ كێڵگه‌یه‌كدا
هه‌تا له‌ غه‌ریزه‌ی‌ ڕه‌شه‌بایه‌كدا
چرایه‌ك به‌قامكی‌ شكاوه‌وه‌,
شكات له‌مه‌عریفه‌ نه‌كا!
كه‌خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت
چه‌ند پێچی‌ شه‌وم ده‌وێ‌, ببپێچم له‌سه‌ر ئێشه‌ی‌ تاریكی‌
هه‌تا له‌سه‌رشانی‌ سپێده‌دا,
به‌گۆزه‌یه‌ك ڕووناكییه‌وه‌, له‌ده‌رگای‌ گزنگ بده‌م
چه‌ند باڵی‌ گزنگم ده‌وێ‌, به‌شه‌پۆلی‌ تریفه‌وه‌
ئاسمان جریوه‌ی‌ بێ‌‌و
به‌زه‌وقی‌ فڕینه‌وه‌, دووبست چۆله‌كه‌ هه‌ڵكه‌م…
كه‌ خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت
قه‌ده‌ر پێڵاوی‌ غوربه‌تی‌ ده‌وێ‌,
نیشتمان له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ بكاته‌وه‌…
قه‌ده‌ر به‌یانییه‌كی‌ چرچی‌ ده‌وێ‌,
به‌تیشكی‌ خۆر پرچه‌كانی‌ نه‌شوا..
قه‌ده‌ر ئێواره‌یه‌كی‌ تووشی‌ ده‌وێ‌,
خۆرنشین له‌خه‌یاڵی‌ مانگدا نه‌نوێ‌…
قه‌ده‌ر چیمه‌نتۆی‌ باوه‌ڕێكی‌ ده‌وێ‌,
له‌جیلوه‌ی‌ مه‌رگا دوا فاتیحه‌ قبوڵ‌ كا..
كه‌خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت..
تۆ له‌وپه‌ڕی‌ قه‌یرانی‌ ڕۆحه‌وه‌,
خۆت به‌تاڵ‌ كرد له‌ناسكی‌…
من له‌مبه‌ری‌ ئینقیلابی‌ ئه‌ڤینه‌وه‌
شه‌ڕێكم پێ‌ نه‌مابوو یه‌خه‌ی‌ گوڵ‌ بگرم ‌وبڵێم:-
بۆ ته‌رمه‌كانی‌ بارانتان ناشت..
بۆ باڵی‌ په‌پووله‌كانتان كوشت…
شه‌ڕێكم پێ‌ نه‌مابوو شه‌پۆلی‌ ده‌ریا سه‌ربڕم و بڵێم:-
بۆ چرپه‌ ته‌ڕه‌كانی‌ نوێژی‌ نه‌وڕه‌ستان ڕشت…
شه‌ڕێكم پێ‌ نه‌مابوو ماندوێتی‌ له‌ له‌شی‌ په‌نجه‌ره‌ بكه‌مه‌وه‌‌و
به‌خشته‌كانی‌ دیوار بڵێم:- مه‌خابن…هونه‌ر
له‌درزه‌كانتانا ڕه‌نگێك ناكێشێ‌
هه‌تا (قیژه‌یه‌كی‌ پیر) له‌ناویا ڕاكشێ‌…!
تۆ له‌وپه‌ڕی‌ قه‌یرانی‌ ڕۆحه‌وه‌,
خۆت خاڵی‌ كرد له‌خۆشه‌ویستی‌
من له‌مبه‌ری‌ ئینقیلابی‌ ئه‌ڤینه‌وه‌
به‌كه‌ندوله‌ندی‌ ئه‌و قژانه‌دا ڕۆشتم,
كه‌ بۆ نخنكێك بوون له‌گریان..
ئینجانه‌ی‌ ئه‌و قژانه‌ چه‌ند بێتاقه‌ت بوون,
كه‌ماچم تیاڕواند..
له‌ناو قسه‌ی‌ ئه‌و قژانه‌دا,
مناڵیم درزی‌ بردوو هاڕه‌ی‌ كرد…
ڕۆحی‌ پاكیزه‌ییم په‌رت بوو,
پڕبوو له‌ پارچه‌ شه‌و…!!
ئه‌ی‌ خۆشه‌ویستی‌ تۆچ شۆڕشێك بووی‌
له‌خه‌یاڵا هه‌ڵم كه‌ندی‌ وتێنه‌گه‌شتم
له‌ماڵی‌ كتێبێكا چاوم پڕبوو له‌گڤه‌ی‌ فرمێسك‌و تێنه‌گه‌یشتم..
له‌ساپیته‌ی‌ ووشه‌یه‌كدا,
ده‌ستم بووه‌ حه‌رفی‌ كاره‌سات‌و تێنه‌گه‌شتم..
له‌فه‌وتانی‌ فه‌نتازییای‌ فاریزه‌یه‌كا,
داوای‌ لێبوردنم لێ‌ كردی‌‌و تێنه‌گه‌یشتم…
له‌بڵندگۆی‌ ڕسته‌یه‌كا, دێڕێكم داگیرساند به‌تۆ‌و
له‌ناحاڵیما ووتم:- ئه‌م شه‌ڕه‌ تامی‌ قورسه‌ لێ‌ گه‌ڕێ‌..
عه‌یامێكی‌ ده‌وێ‌ بۆم ئه‌زبه‌ركرێ‌!
تۆ له‌وپه‌ڕی‌ قه‌یرانی‌ ڕۆحمه‌وه‌,
ئیفلاس به‌نه‌رم بوونی‌ خه‌مه‌ جوانه‌كان..
من له‌مبه‌ری‌ عورفی‌ ئه‌ڤینه‌وه‌
ئه‌م عیشقه‌ له‌خۆما ده‌كوژێنمه‌وه‌‌و ده‌ڵێم:-
كه‌ خۆشه‌ویستی‌ ڕۆشت..
له‌ته‌نیشت خه‌مه‌وه‌ شه‌ڕێكم پێ‌ نه‌ماوه‌
یاری‌ به‌و پرسیاره‌ شڕانه‌ بكه‌م
ده‌نگێكیان بۆ نه‌هێڵامه‌وه‌ گوێ‌ بگرم‌و
به‌كه‌مه‌ری‌ وه‌ڵامێكا خۆم هه‌ڵواسم..
ڕه‌نگێكیان بۆ نه‌هێشتمه‌وه‌
چاوم بۆنی‌ بكاو
له‌كوچه‌ی‌ بێ‌ ڕه‌نگییا نه‌مرم….!!

rozhhalabjay@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply